هەواڵ لە سەر پەنابەری کوردی ڕۆژهەڵات کاک قادر قالەمیری

خۆپێشاندانی کوردان و دڵسۆز و خەمخۆرانی بواری پەنابەری بۆ بەرگری کردن لە ناردنەوەی قادر قالەمیری لە وڵاتی نۆروێژ و سوئێد لە چەندین شوێن کۆبوونەوە و هاوکات داوای ڕاگرتنی یەکجارەکی قادر لە ئیدارەی کۆچ و کۆچبەرانی سوئێد دەکەن و مەترسی‌یەکانی ناردنەوەی قادر دەخەنە بەردەم کاربەدەستانی بواری پەنابەری سوئێد.

ڕێکەوتی ١٠ ـ ٠٤ ـ ٢٠١٤ ئیدارەی پەنابەری بە هاوکاری پۆلیسی سوئێد بە نیاز بوون کە بە بێدەنگی کاک قادر قالەمیری تێکۆشەری پێشووی دێموکرات بەرەو ئێران بنێرنەوە، دوای بڵاو بوونەوەی ئەو هەواڵە بنەماڵەی قادر قالەمیری و دۆستان و ئاشنایان و ئەندامانی حدک و خێرخوازان هاتنە مەیدان و هەر کامەیان لە ڕێگای خۆیەوە بۆ ڕاگرتنی ئەو کردارە دوور لە ئینسانییەی دەوڵەتی سوئێد هەوڵیان دا، بە خۆشیەوە لە هەڵوێستێکی جوامێرانەدا کۆمەڵێک لە مسافیرەکانی نێو فرۆکەکە بە هەستانە سەرپێ و خۆ نەبەستنەوە بە کورسی‌یەکانیان لە فرۆکەکەدا، پۆلیس و فرۆکەوانەکانیان ناچار بەوە کردکە قادر قالەمیری لەگەڵ ئەم فرۆکەیە بەرەو ئێران نەنێرنەوە. خاتوو مالین بیۆرک ژنە تێکۆشەری حیزبی چەپ و بەربژێری ئەندام پارلەمانی یەکێتی ئوروپا لە سەر لیستی حیزبی چەپی سوئێد ئەو کارەی مەحکووم کرد و لەگەڵ مسافیرەکان بە پێوە ڕاوەستان و نەیان هێشت فرۆکەکە بەرەو ئاسمان بفرێ. ئەو هەڵوێستە و بەرهەڵستکاری‌یە جێگای دەستخۆشی‌یە و هیوادارین کە کاک قادر قالەمیری مافی مانەوەی وەک پەنابەر پێ بدرێ .

دوای دابەزاندنی قادر قالەمیری لە فرۆکەکە لە لایەن پۆلیسەوە بەرەو بنکەیەکی دیکە لە شاری یەڤلێ رادەگوێزرێ و ئێستا دەست بەسەرە و هاوکات مەترسی ناردنەوەی هەروا لە سەرە، قادر مانی لە خواردن و خواردنەوە گرتووە و لە پەیوەندی‌یەکی تەلەفوونی دا سوپاسی هەموو ئەو کەسانەی دەکرد کە پشتگیریان لێکردووە و بەردەوامن لە هاوکاری و پشتیوانی‌یەکانیان، جیا لەوە قادر پێیوایە کە ئەگەر ئەمرۆ پێش بە ناردنەوەی کەسێکی سیاسی وەک ئەو نەگیرێ لە داهاتوودا مەترسی لە سەر کەسانی دیکەش دەبێ و ئەوە دەبێتە هۆی کارەسات، جیا لەوە داوا لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات کە خۆ لە کێشەی پەنابەری ئەو بە ساحەب بکەن لەبەر ئەوە ژنێڤ مافی پەنابەری ئەوەی پێشتر قەبووڵ کردووە.

ئەمرۆ هەینی کۆمەڵێک لە دڵسۆزان و خەمخۆرانی بواری پەنابەری و بنەماڵەکەیان و بەشێک لە ئەندامانی حدک لەبەر دەرگای شوێنی ڕاگیرانی قادر قالەمیری کۆبوونەوە و بە درووشم و بە پلاکاردەوە داوا لە کاربەدەستانی باڵای سوئێد دەکەن کە لە ناردنەوەی قادر قالەمیری خۆ ببوێرن و دیپۆرت کردنەکەی ڕابگرن و مافی مانەوە و پەنابەری پێ بدەن، شایانی باسە کە هەڵوێستی دوێنێ مسافیرەکانی نێو فرۆکەکە بۆتە هەواڵی گرینگی ڕۆژنامە و رادیۆ و تەلەفزیۆنەکانی سوئێدی و بە دەیان ڕۆژنامەنووس و هەواڵنێر بە دوای هەواڵی نوێ دا دەگەرێن. هاوکات بە دەیان کەسی سوئێدی لەبەردەم شوێنی قادر قالەمیری لەگەڵ کوردانی نارازی لە ئاست ئەو بریارە دا کۆبوونەوە، لەگەڵ ئەم کۆبوونەوەیەش دا پارێزەری قادر قالەمیری ڕایگەیاند کە ئیدارەی کۆچ و کۆچبەرانی سوئێد سوورە لە سەر بەرێوەبردنی بریارەکەی و ئاماژەی کرد کە ئەو لەو بریارە نارەحەتە و هەوڵەکانی خۆی هەروا بە بێ دڵساردبوونەوە دەدا. ئەو هەواڵە لە زمان پارێزەرەکەیە زیاتر بنەماڵەکەی قادر و دۆستان و خەمخۆرانی نیگەران کردووە.

قادر قالەمیری هاوسەرگیری کردووە و دوو منداڵی لە هاوسەرەکەی هەن و هاوکاتیش هاوسەرەکەی و منداڵەکانی هاووڵاتی سوئێدین. چەند کەس لەو کەسانەی کە زۆر بە پەرۆشەوە هەوڵ بۆ رزگارکردنی قادر قالەمیری دەدا و بەردەوامه لە سەر مانگرتن هاوسەر و منداڵەکانی قادر قالەمیرین. جێگای ئاماژەیە کە هەواڵی ناردنەوەی قادر قالەمیری وێرای ئەوە کە کوردانی نیگەران کردووە هاوکات بە دەیان و بە سەدان کەسی سوئێدی و غەیرە کوردیشی نیگەران کردووە و ئەوە بۆتە هۆی ئەوە کە رێژەی خۆپێشاندەران لە بەردەم شوێنی ڕاگیرانی قادر هەر بەرەو زیادبوون بچێ.

هاوکات لە وڵاتی نۆروێژیش دەستەیەک لە کوردانی دڵسۆز بۆ پاشەکشە بە ئیدارەی کۆچ و کۆچبەران لە بەردەم بالوێزخانەی سوئێد کۆبوونەوە و داواکاری خۆیان لە ڕێگای بالوێزخانەی سوئێدە دەنێرنە ئیدارەی کۆچ و کۆچبەرانی سوئێد و ڕێ.

زۆر بەداخەوە ماوەیەکی پۆلیسی سوئێد لە سەر بریاری ناعادڵانەی ئیدارەی پەنابەری خەریکە کەسانی تێکۆشەر و سیاسی و غەیرە سیاسی بە زۆر بەرەو ئێران دەنێرنەوە و ئەوەش بۆتە مایەی نیگەرانی ئەو کەسانەی کە کار بۆ ئازادی و دێموکراسی دەکەن. ناردنەوەی ئەو جۆرە کەسانە نیگەرانی لای هەموو مرۆڤێکی ئازادیخواز درووست کردووە.

شایانی باسە کە ئەو ڕاگرتنە کاتی‌یە و پێویستە کوردانی دڵسۆز پشتیوانی لە کاک قادر و بنەماڵەکەی بکەن و پێش بە ناردنەوەی ئەو مرۆڤە بێ پەنایە بگرن.