کۆمەڵەی منداڵانی کورد . لە نەرویج : خەندەق . تەواکەری دیواری تورکیایە

ئێمەی کارگێڕ و ئەندامانی کۆمەڵەی منداڵانی کورد لە نەرویج . بە توندی ناڕەزایی و نیگەرانی خۆمان لە دژی هەڵکەندنی خەندەقی نێوان باشوور و رۆژئاوای کوردستان دەردەبڕین .

ئەمە بە کاریکی قێزەوەن و دژ بە خواستەکانی گەلی کوردمانی دەزانین .

بەداخەوە، ئەوەی کە هەرگیز بە بیرماندا ناهات و چاوەڕوانمان نەدەکرد، ئەمەیە کە لەلایەن لایەنێکی کوردییەوە، کە خۆیان بە پێشڕەو بە داکۆکیکەری مافەکانی گەلی کوردمان دەزانن و . گوایە دژی سنوورە دروستکراوەکانی داگیرکەرانی کوردستانن . بەڵام بەم کارە ناشیرینەیان دژی قسە و دروشمەکانی خۆیانن. بەم کارەیان هەستی هەموو کوردێکیان لە هەموو کوردستان و دەرەوەی کوردستاندا بریندار کرد . دڵی هەموو دوژمنان و ناحەزانی کورد و کوردستانیشیان خۆش و شاد کرد . ئێمە هیوای یەکگرتنی کوردستانی گەورە دەخوازین و دژی سنوورە دەستکردەکانی داگیرکەرانی کوردستانین . کەچی لە قۆناغیکی ناسک و هەستیاری چارەنووسازی بزووتنەوەی رزگاریخوازی کوردا ، لە جیاتی ئەوەی ئەو لایەنە کوردییەمان هەست بەم قۆناغە هەستیارە بکات و نەکەوێتە خەندەقی داگیرکەرانی کوردستانەوە، کە چی بە دەستی خۆیان خەندەق لە ناوماڵی خۆماندا هەڵدەکەنن . سنوور دەخەنە نێوان باشوور و رۆژئاوای کوردستانەوە . ئەی بۆ خەندەق لە دامێنی جەبەل حەمرین هەڵناکەنن . ؟؟

کۆمەڵەکەمان، پێشتر بە توندی لە دژی دیوارەکەی تورکیا وەستاینەوە و بە دیوارێکی رەگەزپەرستی داگیرکەرانی کوردستانمان ناومان برد و بە دیوارەکەی ئیسرائیلمان شوباند . ئەی بەم خەندەقەی ئێوە بڵێین چی .؟؟ ئایا مەبەستان لە خەندەقێکی وا لە نێوان رۆژئاوا و باشووری کوردستاندا چییە ؟ ئەمە خەندەقە لە بریندارکردنی هەستی نەتەوەیی کورد زیاتر، چ خزمەتێک بە کورد و کوردستان دەگەیەنێت .؟ ئایا ئەمە بە کارێکی تاکڕەوانەی نادەستووری نازانن ؟ ئەی لە خۆتان زیاتر کێ و چ لایەنێکی تری کوردستانی ئاگایان لەم کارەتان بووە و رازی بوونە لە جێبەجێکردنی .؟  تەنانەت زۆرینەی سەرکردەکانی خۆشتان ئاگایان لەم کارە نییە .؟! بەم کارە ناشیرینە خۆتان دەخەنە ژێر گومان و پرسیارەوە . ؟! هیوادارین تا زووە پەشیمان ببنەوە و ئەم کارە قێزەوەنەتان رابگرن و، دەست لە تەواکردنی ئەم خەندەقە هەڵبگرن و گوێ بە نیگەرانی و ناڕەزایی و تووڕەیی جەماوەری کوردستان بدەن و داوای لێبووردنيش لە گەلی کوردمان بکەن . ئەگینا جەماوەری کوردمان لە کوردستان و لە هەندەراندا زیاتر شەرمەزارتان دەکەن و، دەبێتە پەڵەیەکی شەرمەزاری بۆتان .

پاڵپشتی و دڵسۆزی خۆشمان بۆ شۆڕشی ئازادی و رزگاریخوازی گەلی قارەمان و خۆڕاگری کوردمان لە رۆژئاوای کوردستان و لە هەموو شوێنەکانی تری کوردستانی شیرینمان دووپات دەکەینەوە .

بژی کورد و کوردستان

مردن و رسوایی بۆ داگیرکەرانی کوردستان

کۆمەڵەی منداڵانی کورد / لە نەرویج

١١ / ٤ / ٢٠١٤