بۆ بەربەرکانی لە گەڵ بەرهەمهێنان و فرۆشتنی ماددەی شیشە، هەڵمەتێکی گشتی پێویستە. قادر وریا

ماددە سڕکەرەکان، هەر جۆرێکیان هەڵگری زیان و شوێنەواری ماڵوێرانکەری تایبەت بە خۆیانن.زیانی بەکارهێنانی ئەو ماددانە، هەر بەبادانی سامان و دارایی بەکارهینەران و بنەماڵەکانیان نییە، جەستە و رۆحی تووشبووانیش لە ئاکامی خواردن و کێشان و بەکارهێنانی ئەو ماددانەدا، بەرە بەرە دادەفەتێن و وێران دەبن. شوێنەواری وێرانبوونی جەستە و رۆحی تووشبوانیش بناغەی بنەماڵەکانیان هەلدەتەکینێ.

بەڵام ئەمە هەمووی کارەساتەکە نییە. بوونی ڕیژەیەکی بەرچاو کەسی تووشبووی ماددە سڕکەرەکان لە هەر گوند و شارێک،چوونە سەری ژمارەی بنەماڵە لێکهەڵوەشاوەکان و زیادبوونی ژنان و منداڵانی سەرپەرست لەدەستچوو، دەبن بە هەوێن و ماکەی زۆر کێشەی دیکە. جگە لەوەی زۆر نەخۆشی و کێشەی کۆمەڵایەتی لە سەر زەمینەی بوونی ئەم هەمووە  مرۆڤە لێقەوماوە سەرهەڵدەدەن و گەشە دەکەن، کۆمەڵ لە تەواوەتیی خۆی دا گەشە و نەشە و زیندوێتیی خۆی لە دەست دەدا و ئەگەر ڕەوتەکە بەری پێ نەگیرێ، پاش ماوەیەک کۆمەڵ نەخۆش دەکەوێ.

**

کۆمەڵی ئێران،لە سێبەری دەسەڵاتێکی دیکتاتۆرو توتالیتێر و بە هۆکاری سیاسی، فەرهەنگی، ئابووری و کۆمەڵایەتیی سەرچاوەگرتوو لە دەسەلاتدارەتی و بەڕێوەبەرێتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران،لە ماوەی سێ دەیە و نیوی ڕابردوو دا، ئیستیعدادی سەرهەڵدان و گەشەکردنی قەیران و کێشەی کۆمەڵایەتیی جۆراوجۆری تێدا پێک هاتوە. بەڵام ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ماوەی دەسەلاتدارەتیی ئەو ڕێژیمە دا،لانکە و ژینگەی بزووتنەوەی نەتەوەیی و ئازادیخوازی و مەیدانی بەربەرەکانی لە گەڵ سیاسەتە کۆنەپەرستانەکانی ئەو دەسەڵاتە بووە. ئەم ڕاستییە لە لایەک هۆکار بووە بۆ بوونی وشیاری و بەرزبوونی ئاگایی گشتیی خەڵک بە تایبەتی لاوان و دووریکردنی ڕێژەیی ئەوان لە دیاردە نەرێنییەکان و یەک لەوان بەکارهێنانی ماددە سڕ کەرەکان. بەڵام هەر  بوونی ئەو گیانی بەربەرەکانی و ئازادیخوازییە لە نێو لاوانی کوردستان دا، لە لایەکی دیکەوە بووە بە هۆی ئەوە، دام و دەزگا و دامەزراوە ئەمنییەتی و سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامی بە مەترسییەکی گەورە بۆ دەسەلاتدارەتیی ڕێژیمەکەیانی بزانن و هەوڵی وێرانکردن و نەهێشتنی بدەن. دواخستن وپشتگوێخستنی بە ئەنقەستی کوردستان لە باری ئاوەدانی و تەرخان نەکردنی پرۆژە و بەرنامەی تایبەت بە بەرهەمهێنان و دامەزراندن و دابینکردنی کار و داهات و بژیو، هەوڵێکی ئاگایانە بووە بۆدروستکردنی زەمینەی پاڵپێوەنانی لاوانی کوردستان بەرەو یەک لەم دوو چارەنووسە: ببن بە  چەکدار ومۆرە وخزمەتکاری ئەم دام و دەزگایانە، یا بەرەو ئیعتیاد و نەخۆشییە کۆمەڵایەتییەکانی دیکە بڕۆن و لە نێوەوە وێران بن! تەنانەت کاسپیی پڕزەحمەت و مەترسیداری کۆڵبەری و هێنان و راگواستنی  کەلوپەل لە سنوورەکانیشیان پێ ڕەوا نابینن و بە ئاسانی دەیاندەنە بەر دەسڕێژ بۆ ئەوەی چارەنووسێکی دیکەی جیا لە هەڵبژاردنی ئەم دوو ڕێگایەیان نەبێ.

لە سەر ئەم زەمینەیە، جگە لەوەی ژمارەیەکی زۆر لە لاوانی کوردستانیش تووشی داوی ئیعتیاد بوون، ماوەیەکە رۆژهەڵاتی کوردستان بە تایبەتی  ناوچەی سەردەشت و چەند ناوچەیەکی دەوروبەر،بوون بە مەڵبەندی بەرهەمهێنان وسادرکردنی پڕمەترسیترین جۆری ماددەی سڕکەر کە بە “شیشە” ناسراوە. ژمارەیەکی بەرچاو مرۆڤی هەلپەرست و بێویژدان خۆیان بۆ بەرهەمهێنان و فرۆشتن و بڵاوکردنەوەی ئەم ماددە خەتەرناکە تەرخان کردوە.زۆرماڵ و ئەنبار و خانووی نێوباغ و مووچە، تاقیگە و کەلوپەلی دروستکردنی ئەم ماددەیەیان تێدا جێگیر کراوە. چۆنیەتیی هاتنی ئەو دەرمان و ماددانەی”شیشە”یان لێ دروست دەکرێ، شێوەکانی بڵاوکردنەوە و بەڕێکردنی بۆ شار و ناوچەکانی دیکەی کوردستان و ئێران،داهاتی سەرسوڕهێنەری ئەم بازرگانییە ماڵوێرانکەرە،ڕۆڵ و دەستتێداهەبوونی کاربەدەستان و دامودەزگا ئیتلاعاتی و سەرکوتکەرەکان لەم بازرگانییە دا،ڕادە و ژمارەی قوربانییەکانی پەرەگرتنی مەسرەفی ئەم ماددەیە و خەسارە کورتخایەن و درێژخایەنەکانی مەسرەفی ماددە سڕکەرەکان و بە تایبەتی ماددەی شیشە،هەڵ دەگرێ هەڵمەت و کاری هەرەوەزیی لە ئاستی حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و راگەیەنەکانیان بە تایبەتی تەلەڤیزیۆنەکانیان و دامەزراوە و چالاکانی مەدەنیی نیوخۆ و دەرەوەی کوردستانی لە سەر بکرێ.

**

غافڵبوون و بێتەفاوەتبوون لە زیانەکانی ئەو دیاردەیە و  نەبوونی بەربەرەکانییەکی گشتی و هەمەلایەن لە گەڵ نیازی چەپەڵی کردنی کوردستان بە کارگەی بەرهەمهێنان و سادرکردنی ماددە سڕکەرەکان،کەمتەرخەمییەکی گەورەیە. کەمتەرخەمییە لە ئاست ئێستا و داهاتووی کۆمەڵ وخەڵکێک کە خەریکە دەبن بە نێچیر و پارووی بازرگانانی فرمێسک و خوێن. لە سەر هەموو حیزب و ڕێکخراوێکی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و لە سەر گشت لایەن و تاکێکی وشیار و بەرپرس لە نێوخۆی ڕۆژهەڵات پێویستە بەرامبەر ئەم هەڕەشە و مەترسییە،وەدەنگ بێن.هەڵویست هەبوون وهاتنە مەیدان بەرامبەر بەو  هەڕەشە و مەترسییە، ئەرکێکی ئینسانی و ئەخلاقی و نەتەوەییە. کاتی ئەوە هاتوە بە هەموان ئیرادەیەک دروست بکەین بۆ وەڕێخستنی هەڵمەتێکی  گشتی لە دژی  دوژمنان و سووتێنەرانی سڵامەتی و زیندوێتیی خەڵکی ۆژهەڵاتی کوردستان.

qaderwirya@yahoo.com