ستراتیژێک بۆ ئافراندنی دەرفەت و پشت بەستنی رۆژهەڵات بە پ‌ک‌ک

پێشەکی: ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە بەراورد بەشەکانی تری کوردستان تا ئێستا نەیتوانیوە دەسکەوتێکی ئەوتۆ بە دەست بێنێت، دیارە هەرکام لە بەشەکانی کوردستان چ لە بواری ژئوپۆلتیکەوە چ لە بواری ڕەوتی مێژوویی و چ کەش وهەوای سیاسی دەسەڵاتی وڵاتی سەردەست، خاوەن تایبەتمەندییەکانی خۆیەتی، بەڵام ئەوشتەی کەگرنگە ئەوەیە کە بزووتنەوەی رۆژهەڵات لە بواری سوبژکتیڤەوە تووشی قەیرانی نەبوونی بەرنامەی ستراتیژیکن. ڕۆژهەڵات خاوەن چەند حیزبی سیاسی و کۆمەڵێک چالاکەوانن کە لە گۆڕەپانی کردەوەداڕۆڵی خۆیان دەگێڕن، حیزبی دێموکراتی کوردستان وەک کۆنترین حیزبی سیاسی کورد لەم بەشەدا لە کوردستان دامەزراوەو لە زۆربەی ناوچەکاندا لایەنگەری خۆی هەیە و لە کاتی خۆیدا بەهێزترین حیزبی کوردستان و لە بەهێزترین ئۆپوزیسیونی کۆماری ئیسلامی بووە، کۆمەڵە وەک رێکخراوەیەکی سۆسیالیستی لە سەردمێکدا توانی وەک بەهێزترین رێکخراوەی چەپی ئێران پێناسە بکرێت ، پارتی ژیانی ئازادی کوردستان وەک باڵی ڕوژهەڵاتی پ‌ک‌ک نوێترین دامەزراوی رۆژهەڵاتە. ئەمانە وەک حیزب و رێکخراو، هێزە سەرکیەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانن، لە ناوخودی وڵاتیشدا کۆمەڵێک چالاکی سیاسی و مەدنی هەن کە خاوەنی بیرو هزرێکی نوێن کە لە ساڵانی ڕابردوودا وەک کۆمەڵگای مەدنی کورد پێناسە ئەکرێن ، ئەمانە زۆربەی هەرە زۆری ئەکتری بواری سیاسی رۆژهەڵاتن، پژاک وەک نوێترین پارتی کوردستان بە پشتیوانی پ‌ک‌ک توانیوێتی لە درێژەی چەند ساڵدا بکەوێتە بەر چاوی میدیاکانی ڕاگەیاندن و خۆی وەک ئاڵترناتیوی حیزبە کۆنەکان پێناسە بکات.

لەم وتارەدا ئەخرێتە بەر باس کە: پژاک رۆڵی لە ئێستادا وداهاتووی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دا چی دەبێت؟ ئاخو دەتوانێت رۆڵی پ‌ک‌ک لە ڕۆژهەڵات بگیڕێت و ببێتە گەورەترین قەیران سیاسی بۆ حکومەتی ناوەندی تاران ؟ بو وڵام دانەوەی ئەم پرسیارانە پێویستە بە کورتی لە سەر رۆژهەڵات و چونیەتی سەرهەڵدانی پژاک دەست پێ بکەین بەڵام بەرلە ئەوە پێویستە ئاوڕێک لە لایەنەکانی تری سیاسی کورد بدەینەوە.

دوابەدوای تێرۆریڕێبەرانی کورد و ئازاد بوونی باشوری کوردستان پارتەکانی ڕۆژهەڵات کوردستان بە ناچاری دەستیان لە خەباتی چەکدارانە کێشا وبنکە ستراتیژیکەکانی وەک قەندیل و چەند شوێنیکی گرینگیتریان چۆڵ کرد کە بە کردەوە خۆیان وەک پرسی سیاسی کوژاندەوە ئەمە خۆی بوو بە هۆی بێ هیواییەک لە ناو چالاکانی کورد ولایەنگەرانی حیزبەکان و بەگشتی کورد لە ڕۆژهەڵاتدا.

جێگای ئاماژەیە کە لە دوای هاتنی دەوڵەتی رێفۆرمخوازن، جموجۆڵێکی گەورە لە ئێران و کوردستان دەستی پێ کرد، هەرچەند زۆربەی هەرە زۆری خەڵکی کورد هیچ کاتێک دڵیان بە دەسەڵات دارانی تاران خۆش نەدەکرد کە لە سەرهەڵدانەکەی زستانی ١٣٧٧ بو شەرمەزار کردنی دەسبەسەر کردنی عەبدووڵڵا ئوجەلان بە روونی ئاشکرا بوو.کە لە دوای مەجلیسی شەشەم هەموو هیواکانی کە بە ڕێفۆرم و دەوڵەتی موحەمەدی خاتمی هاتووە گوڕ، هێدی هێدی کەم بووەوە و بڕێک لە چالاکانی کوردستان هیوایان بە گوڕانکاریەکانی ناو خۆیش بە گشتی نەما و پەنایان برد بەرەولای پ ک ک.

سەرتای ئەم بێ هیواییە گەورەیە کە رۆژهەڵاتی گرتەوە هاوکات بوو لەگەڵ دەسبەسەرکردنی عەبدوڵڵا ئۆجەلان سەرووکی پارتی کرێکارانی کوردستان لەلایەن تورکیاوە کە بوو بەهۆی ئەوەیکە کوردی رۆژهەڵات زۆرتر بیر لە ناسینی پ‌ک‌ک بکات. لە دوای ئەم قۆناخە، نزیکبوونەوەی پ‌ک‌ک و کۆماری ئیسلامی وای کرد پێوەندییەک لەنێوان ئەندامانی پ‌ک‌ک و بڕێک لەچالاکانی کورد دورست بکات ئەمەش خۆی هاوکات بوو لە گەڵ گواستنەوی بنکەی سەرکردایەتی پ‌ک‌ک لە شام و لوبنانەوە بۆ قەندیل.

بوێە ئەندامانی پ‌ک‌ک توانیان لە بڕێک لەو چالاکانە خۆیان نزیک بکەنەوە، لەقۆناخی دواتردا بڕێک لە لاوانی کورد وەک پێشمەرگە ببنە ئەندامی پ‌ک‌ک لە بەر ئەوە لە سەرەتای دامەزراندی پژاک مەترسی کەمتر بوو لە سەر لاینگرانی ئەو حیزبە تا لایەنگەرانی حیزبی دێموکرات وکۆمەڵە، دەبینرا کە بە ئاسایی ئەندامانی پ‌ک‌ک بۆ چالاکی هاتووچوی شارەکانی کوردستانیان ئەکرد ئەمەش بوو بە هۆی ئەوە کە زۆر کەس بە بێ ترس لایەنگەری لە پ‌ک‌ک و پژاک بکەن.

ئەم ئەندامانە پاشان توانیان لەنێو پ‌ک‌ک ببنەهێزیکی بەرچاوو داوای چالاکی بۆ رۆژهەڵاتی کوردستان لە پ‌ک‌ک بکەن، ئەمە هاوکات بوو لەگەڵ هێرشی ئەمریکا بۆسەر ئەفغانستان ولە دووایداعێراق . زۆربەی زانایانی بواری سیاسەت پێیانوابوو کە ئەگەری ئەوە هەیە، ئەمریکا لەهەنگاوی سێهەمدا هێرش بکاتە سەر کۆماری ئیسلامیی ئێران، کوردی رۆژهەڵاتیش بەشێوەی باشوور رێگای چەند ساڵە بە یەک شەو دەپێوێت.

سەرکردایەتیی پ‌ک‌ک بەدامەزراندنی “پارتی ژیانی ئازادی کوردستان” لەڕاستیدا دیەویست هاوکات دووخاڵ بپێکێ:

یەکەم و سەرەکەی‌ترین هۆی ئەمە بوو کە ئەگەر ئەمریکا هێرش بکاتە سەر ئێران پ‌ک‌ک بتوانێ شوێن پێیەک لە ڕۆژهەڵات بەدەست بێنێت. چونکە بە هۆی ئەوەیکە لەباشوور کەس (پ‌ک‌ک)ی نەدەناسی لەسەرەتای ساڵەکانی ١٩٩٠ نەیتوانی لەباشوری کوردستان زیاتر لە چیای قەندیل بەدەست بێنێت ئەویش بەشەڕێ خوێناوی لە گەڵ پارتی و یەکێتی.

هەروەها جورێک وڵامی داخوازیەکانی ئەندامانی ڕۆژهەڵاتی بداتەوە چونکە ئەگەری ئەوە هەبوو کە ڕۆژهەڵاتیەکان وەک ئەندامانی نۆێ ئاڵوزی بخەنە ناو پ‌‌ک‌ک.

حیزبەکانی کوردستان بەکردەوە پیشانیان داوە کە ناتوانن لە بەشەکانی‌تری کوردستان دەستێوەردان بکەن لە بەر ئەوەی هێزی یاری سیاسیان لەناو چەکە بەرتەسک ئەکاتەوە ئەبێتە هۆی یەکگرتوی نێوان دەوڵەتانی ناوچەکە دژی ئەوحیزبەو بەگشتی کوردیش.

جگە لەمە خەباتی کوردستان پیشانیداوە کە رێکخراوە کوردی‌یەکان بەبێپشتگیری وڵاتانی‌تر نەیانتوانیوە خەباتی چەکداری بکەن.

دوای ئاڵۆزیەکانی سوریە پ‌ک‌ک پێویستی بە ئێران زۆرتر بوو، بوێە، پژاک ئیتر وەک جاران ڕۆڵینەما و زۆر بەهێزەکانی پژاکیش گوێزرانەوە بۆ رۆژئاوای کوردستان و ئەگەری ئەوە هەیە ئیتر نەگەرێنەوە بۆ قەندیل.

تورکیاش باش هەست بە زەختی هاوپەیمانی پ‌ک‌ک و ئێران دەکات، بۆیە لە دووساڵی ڕابردوودا دەوڵەتی ئۆردوگان، بە خێرایی زۆرتر، تێدەکووشێ بڕێک پوان بە کوردی باکور بدات و وتووێژەکانی لە گەڵ پ‌ک‌ک دەستپێ بکاتەوە ، واتە گومانێ تێدا نیە کە هەر ئەو جۆرە هاوپەیمانی پ‌ک‌ک و ئێران لە درێژماوە دا بە سوودی کوردی باکورە، پشتبەستنی کوردی ڕۆژهەڵات بە پ‌ک‌ک تەنیا کورد لە ئەم بەشە دا دەکاتە ئامرازی گەمە سیاسی هیچ قازانجێکی بۆڕۆژهەڵات نیە و ئەمە راستییەکی حاشا هەڵنەگرە لە سیاسەتی کورد لە هەر بەشێک لە کوردستاندا.

بەڵام پاشان زۆرتر لەیەک دەیە دەر دەکەوێ کە کوردی ڕۆژهەڵات هێشتا نەگەیشتووەتە ئەو قەناعەتەی کە پشت بەستنی بە هێزەکانی بەشەکانی‌تری کوردستان شتێکی وەهمیە و تا ئێستا لەلایەن پ‌ک‌ک و یەکێتی و پارتیەوە وەک ئامرزازێک ئێستفادەیان لێکراوەو ە هیچ هەنگاوێکیشی بۆ هەڵنەگراوە، پ‌ک‌ک باش دەزانی کە شەڕی هاوکات دژی دوو وڵاتی تورکیا و ئێرانی پێناکرێت و دوای کەمبوونەوەی ئەگەری هێرشی ئەمریکا بوسەر ئێران بەکردەوە ڕۆڵی پژاکیش کاڵ دەبێتەوە و تا بگاتە ئاستێکی زۆر لاوازتر لەحیزبەکانی تری ڕۆژهەڵات.

پ‌ک‌ک بو ئەوی بتوانێت بەئامانجەکانی خۆی لەباکوری کوردستان بگات ناچارە لەگەڵ وڵاتانیتری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێوەندی بکات و پەیمان سیاسی ببستێت، دیارە گرنگترین هاوپەیمانی پ‌ک‌ک دەتوانێ کۆماری ئێسلامی ئێران بێت، لەساڵانی ڕابردودا وەک سیاسەتێکی کاتی نێوانی پ‌ک‌ک و ئێران- بەهۆی دامەزراندنی پژاک لەلایەن پ‌ک‌ک وە – ئاڵۆزبوو، کە بووە هۆی دواخستنی پرۆسەی ئاشتی لەباکور بەڵام دیارە کە ئەوە بەشێوەیەکی کاتی بووەو دیسان پ‌ک‌ک پێویستی بەپشتگیری ئێران هەیە، ئێرانیش بۆ بەربەرەکانێ لەگەڵ تورکیا پێویستی بە پ‌ک‌ک هەیە.

دوای جەنگی ناخۆ لەسوریە، ریزبەندی نێونەتەویی بە شێوەیکی زەق خۆیی ئاشکرا کرد لە لاێکەوە دەوڵتی بەشار ئەسەد و ئێران بە پشتیوانی روسیە ببوونە یەک لاین و ئوپوزیسیونی سوریە و تورکیا بە پشتیوانی وڵاتانی رۆژئاوایی و ئەمریکا لە لاینی ترەوە ئەم ریزبەندیە بوون. لەبەر بەرەکانی تورکیا و ئێران لەو وڵاتە، ئێران، روسیا و بەشار ئەسەد بەباشی توانی کە لەگەڵ پ‌ک‌ک رێک کەوێت و حکومەتی هەریم و بە تاێبەتی پارتی دێمۆکراتی کوردستان چوونە رێزی وڵاتانی رۆژئاوایی و ئەمریکاوە.

هەر چەندە سپای پاسدارن لەهاوینی ٢٠١١ هێرشی بەرفراوانی کردە سەرپژاک و بڕێک ناوچەکانی لە دەست پژاک دەرهێنا وپ‌ک‌کەی ناچار کرد کە پژاک کونترۆڵ بکات و تا ڕادەیەکی زۆر پژاک لاواز بوویەوە بەڵام ئەم هێرشە بوو بە دەسپێکی پێوەندیکی ستراتژیک لە نێوان ئێران و پ‌ک‌ک.

لە لایەکی ترەوە گۆڕانکاری سەرکردایەتی ناو خۆی پ‌ک‌ک لە گەرماوگەرمی گوڕانکاریەکانی سوریە و رۆژئاوای کوردستان وهەروەها وتووێژەکانی دەوڵتی تورکیا و پ‌ک‌ک زۆر سەرنج راکێش بوو، موراد قەرایلان وەک باڵی نەتەوەیی‌تری پ‌ک‌ک جێگەی خۆی دا بە جەمیل باییکی باڵی چەپ و نزیک بە ئێران ، ئەم گۆڕانکاریە هاوکات بو لە گەڵ گواستنەوەی زۆربەی هێزەکانی پژاک بو رۆژئاوای کوردستان.

ئەمە لە راستیدا وا نیشان دەدا کە پژاکیش بەکردەوە وردە وردە بەرەرو پەراوێز ئەکشێتەوە و پژاکیش وەک هێزێکی ناسەربەخۆ وگرێدراوی بەشەکانی تری کوردستان لە کەش و هەوای ئاسایی ناوچەکە ناتوانێت رۆڵێکی ئەوتۆ و دەسکەوتێکی بۆ رۆژهەڵات هەبێت.

جگە لە ئەمانە لە بواری رێزبەندی نێونەتەوییەوە دەوڵتی تورکیا هاوپەێمانی وڵاتانی روژئاوا و ئامریکا و پ‌ک‌کیش وەک ئۆپۆزسیۆنی ئەودەوڵەتە ناچارە بۆ دوزینەوەی هاوپێمان بە دوای وڵاتانی رەقیبی رۆژئاوا بێت، بویە باشترین هاوپێمانی وڵاتانی وەک ئێران و روسیاو چین و ئەرمەنستان و سوریایە،و ئەگەریش کرا لە ناکۆکیەکانی کاتی نێوان تورکیا و وڵاتانی تری ناوچەکە کەڵک وەر بگرێت لە بەر ئەمە کە گووتاری پ‌ک‌ک لە هەنبەر بارۆدوخی سیاسەتەکانی تورکیا و هاوپێمانەکانی ئەو وڵاتە دارێژراوە.

ژئوپۆلتیکی کوردستان و وڵاتانی سەر دەست وا دەخوازێ کە ئەو وڵاتانە هاوپێمانی کوردی بەشەکانی تری کوردستان لە دەرەوەی سنورەکانی خۆیان بن، لە درێژەی خەباتی کورد ئەم راستیە دەرکەوتوە کە ئێران هەمیشە هاوپەێمانی کوردی باشور و کوردی باکور بێت، سوریە هاوپەێمانی کورد باکور بێت و تارادەی کەمتر لەگەڵ کوردی باشور بێت، تورکیاش هەرچەند لە ڕابردودا بە هوی سیاستی دژی کوردی پشتگیری راستەوخۆی لە کوردی بەشەکانی تری کوردستان نەدەکرد بەڵام دەزانین ئەوڕو پێوەندیکی زۆر بەهێزی لە گەڵ کوردی باشور هەیە.

لە لێکدانەوێکی گووتاری پ‌ک‌ک “بێلە بەر چاونەگرتنی کێشە تیوریەکانی لەم مژارەدا”ئایدۆلۆژیکی داڕژراوە بۆ باکوری کوردستان ، لە بەر ئەوی جووڵانەوەکانی کورد لە سەد ساڵی ڕابڕدوو دا پیشان دەدا کە پارچەکانی کوردستان خاونی تاێبەتمەندی و ڕەوتی مێژووی جێاوازن ، پ‌ک‌ک لە باکوری کوردستان و تورکیا خاوەنی پێگەی جەماوەری و کۆمەڵایەتیکی بە هێزە، بەڵام ئەو شێوازە خەباتە و ئەو ئایدۆلۆژییە لە درێژماوە دا ناتوانێت لە ڕۆژهەڵات وڵام دەرەوە بێت ، لە بەر ئەوە کە گووتاری ‌پ‌ک‌ک هەڵقوڵاوی شەق نێوان کوردی باکور و تورکیایە و ناتوانێ نوێنەرایەتی کوردی ڕۆژهەڵات بکات، لە بواری ژێئۆپۆلتیکەوە کوردی باکور پێویستی بە هاوپەێمانی ئێران هەیە ناتوانێت دژی ئێرانیش جەنگ بکات.

هەر چەند کە کۆماری ئیسلامی بەردەوام گەورەترین ئامرازی بۆ حوکمڕانی سەرکوت و زبر و زەخت بووە بەڵام شیوەی ئەندامگیری و چالاکی لایەنگەرانی پژاک بیانویەکی زۆر باشی بە دەستی حکومەت داوە کە سەرکوتی کورد دەسپێکی سەرکوتەکانی دوایی تری لە ئیران بەگشتی بوو. زۆربەی ئەوانە وا بەسیناریۆی باکور گەشبین بوون لەباتی کاری مەدەنی دەستیانکرد بە چالاکی مەترسیدار بەشێوەی ساڵەکانی ١٩٨٠ و ١٩٩٠ باکوور بەڵام زۆر بەلاوازی، دوابەدوای دەسپێکردنی شەڕی نێوان پژاک و هیزەکانی ئێران پەلاماری هێزەکانی ئاسایشی ئێران بۆ سەرچالاکانی مەدەنی کورد بەگشتیی لێ کەوتەوەو لە سێدارەدانی کەسانێکی زۆر لەلایەنگەرانی پژاک و بڕیک لە ئەندامنی پارتەکانی تر کە جێگەلە دەست چونی زۆر کەسانێکی بەنرخ، زیانێکی زۆر قورس بوو چونکەلە بواری سایکۆلۆژیەوە بوو بە هۆی چاوترسانی کورد.

هێزی لاوی کورد کە زۆربەیان لایەنگەرانی دوێنی حیزبەکانی تربوون هێندێکیشیان کەسانێک بوون لە جەماوەری بێدەنگی کورد ڕۆژهەڵات، لەجیاتی ئەوەدا ڕەخنە و داخوازی توند لەپارتەکانی ڕۆژهەڵات بگرن، یان بیر لە خولقاندنی رێبازێکی نوێ بکەنەوە چوونە ریزی پارتی کرێکارانی کوردستان بەخەیاڵی دەسکەوتەکانی کورد لەباکوور سەرخۆشبوون، ئەمە بوو بە هۆی لاوازی و شپرزەبوونی زیاتری بەرەی کوردی چی لە ئاستی ئیشی مەدنیدا لە ناوخۆ چی لە ئاستی حیزبەکانی تردا.

تەنیا رەوتگەڵی لە ئەم هەڵە ئێستفادەیان کرد یەکم پ‌ک‌ک بوو کە توانی بە ئەم شێوە خۆی بە هێزێکی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بناسێنێت، هەرچەند کە زیانیشی بۆ پ‌ک‌ک هەبوو،ئەویتریش کۆماری ئیسلامی ئێران بوو، دیارە کۆماری ئیسلامی کە بە جوریک توانی ئەو شپرزاییە بخاتە ناو کۆمەڵگای کوردی و بە بیانوی ئەمنی و ئاسایشی کۆمەڵگای مەدەنی کورد زۆرتر سەرکوت بکات. ئەم سەرکوتیشە لە بەر ئەوەی وەک سیاسەتێکی کاتی بووە درێژەی پێ نادرێت لە ڕاستیدا تەنیا ئەبێتە کێشەێکی دەروونی بو کۆمەڵگای کوردی.

بەڵام ئەمانە شتێکیان لەبیر کردووە کە پارتی کرێکارانی کوردستان لەڕاستیدا هاوپەیمانی ستراتیژیکی کۆماری ئیسلامیە، بۆ گەیشتن بەئامانجەکانی لەباکوور پێویستی بەم هاوپەیمانیە هەیە، جا ڕەوتێک کە هاوپەیمانی ئێرانە کە وەک دوژمنی کوردی ڕۆژ هەڵات دەناسرێت چۆن ئەتوانێت خەباتی رزگاری خوازی بۆڕۆژهەڵات بکات.بویە کوردی ڕۆژهەڵات تەنیا وەک سوتەمەنی پ‌ک‌ک گەمەی پێ کرا، وەک سود وەرگرتن لە کوردی ڕۆژهەڵات بۆ شەڕی چەکداری و هەر وەها بەرین کردنی قووڵایی ستراتیژی خۆی لە ناوچەکە.

دەبینرێت کە هەر لە ئێستاوە پارتی ژیانی ئازادی کوردستان ئێتر وەک جاران بوونی نیە ئەو گوڕانکاریە کە بە ناو کۆدار دەناسرێت لە راستیدا تەنیا بۆ بێدەنگ ڕاگردنی ئەندامان و لاینگرانی رۆژهەڵاتی پ‌ک‌ک و پژاکە هیچ روانگەێکی رووناک بەدی ناکرێت. لە بەر ئەوە کە ئەو رێک خراوە نە ئیتر ئەتوانێت بەشێوەێکی سنور دار چالاکی چەک داری بکات و نە ئیتر ئەتوانێت وەک جاران سرنجی خەڵک بولای خۆێ رابکێشێت تەنیا کاری ئەندامان و لاینگرانی پ‌ک‌ک و پژاک لە رۆژهەڵات پڕوپاگەندە بۆ دەسکەوت یان گوڕانکاریەکانی باکور و رۆژئاوایە نە شتێکی دیکە.

کوردی ڕۆژهەڵات پێویستە لە هەموو بوارەکانی کۆمەڵگادا واتە چە لە بواری سیاسەتدا و چە لە بواری کولتوری و ئابووری و تەنانەت ئەدبی و هونەریەوە ئەکتیڤ بن و چالاکیەکانیش پێویستە خاوەن ستراتیژیەکی ئاکام دار بێت، واتە کارێک کە بەرهەمێکی دیاری کراوی نەبێت ئەوە کارە هەڵەیە ، ئەمەش پێویستی بە لە خۆبوردەیی و پسپوری هەیە ، واتە چوون لە ئاستی خەبات و بەرخۆدانیەت بویە لە خۆبوردەیی یەکم هەنگاوە بو خۆلقاندنی وهەروەها هەبوونی شارەزایی و پسپۆڕیش دەبێتە هۆی ئەوەیکە دەرکەوتی هەرکردەوەیەک بەسوود و گونجاو بێت ، دیارە ئەم کارانە پێویستی بە ئەوە هەیە کە داخوازیەکانی کورد لە ئاستێکی خەێاڵی بێتە سەر داخوازیگەلێکی هەست پێ کراوە واتە کورد بزانی بە کردوەوە چی دەوێ.

بوێە لە ئاکامدا ئەتوانین بڵێن، قەیرانی کەمتەر خەمی حزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە بووەتە هۆی رووکردنی کوردی رۆژهەڵات لە پ‌ک‌ک، کە خۆی هەڵەێکی مێژووی بووە.ئەو رێگایەش لەبێ سیاسەت‌ترین و بێ‌ستراتیژی‌ترین ڕێگایەک بوو کە لە بەری گرتوون. و هەروەها کوردی ئێران بە م شێوەیە دەرگای تورکیای لە روی خۆیدا داخست لە بەر ئەوەی لە بواری ژیئوستراتژیک کوردستانی ئێران ناچارە لەگەڵ ریزی وڵاتانی رۆژئاوایی و ئەمریکا و تورکیا بێت کەهێشتا کوردی رۆژهەڵات. نەیتوانیوە وەک هاوپەێمانێک کەڵکی لێ وەر بگرێت. بوێە کوردی ڕۆژهەڵات پێویستە بە زووترین کات پێداچونەویەکی گەورە و خێرا لە کردەوەکانی خۆی بکاتەوە و لە سەر ئاستی واقعی خۆی ژێرخانێکی بەهێز بۆ خەباتی خۆی دورست بکات.ئەگەر کوردی ڕۆژهەڵات نەتوانێت هاوکات لە گەڵ پارچەکانی تری کوردستان دا دەسکەوت بە دەست بێنێت ، توانای سەرکۆتی گووتاری لە لایەن گووتاری ئێرانیەوە زۆرە و ئەبێتە ئاستەنگێکی زۆر زەحمەت لەبەر ئەوەی کە گووتاری ئێرانی بەردەوام ویستوویەتی ئەمە بسەلمێنیت کە پرسی کورد لە ئێران جیاوازە لە پارچەکانی تری کوردستان و پرسی کورد لە بەشەکانی تری کوردستان درزێکی واقیعە و لە ئێران ئەم راستیە بوونی نییە.