سەردەشت و هەموو شارەکانی کوردستان لە مەترسیەکی جیددی دان. موحسین مەسرووری

سەردەشتی جاران و ئێستا:

بابەتێک بوو کە لە دو وتاری دڵسۆزانەی جیاوازدا بە دەستی دو دڵسۆز و بە پەرۆش و وڵات پارێزی کوردستان لە سەر سەردەشت هاتە ناو مێدیای کوردی.

هەر چەند هەر دوو بابەت لێواولێوبون لە خۆشەویستی ئەمەگناسی بۆ ئەم شارە و هەوڵدراوە دوو رووی جوان و ناشیرینی جاران و ئێستای بخەنە بەر رووی خوێنەران.

بەڵام بە داخەوە هەر دوو نووسەر خۆیان لە قەرەی هێندێ کێشەی بنەرەتی نەداوە کە بەرۆکی ئەم شارە خنجیلانەیان لەمێژە گرتوە و بونەتە هۆی خولقانی لایەنە ناشیرینەکە و کەلوپەلی دامەزراندنی شارێکی لە ناوەرۆکدا سووتاو رووخاو و نەخۆشیان خستۆتە بەردە دەستی، ناحەزان و نەزانان، بۆ دارشتنی پلانێکی رەنگە نەخواستوو! بەرەو هەڵدێربەر و خاپورکەری ئەم شارە.

منیش هەوڵ دەدەم هەروەک هاورێیان و مامۆستاکانم، پەردە لەرووی هەندێک ئێش و ئازاری هەستپێکراو هەڵدەمەوە بۆ دەربرینی وەفا و خۆشەویستم هەروەک کاک حەمەرەسول حەسەنپوور* و کاک حەمەرەسووڵ کەریمی* بۆ سەردەشتی سەرسەوز و هاوشاریانی بەرێزی خۆشەویستم بسەلمێنم و نیشان بدەم.

ساڵانێکە سەردەشت بە دەست بێ‌کەسیەوە دەناڵێنێ،راستە . بەڵام وا وێدەچیت سەردشت ساڵانیکە بەدەست کەسانێکەوە دەنالیت کە چ لەرووی خۆشەویستیەوە،ناشارەزایەوە، نەزانیەوە و هەڵپەرەستییەوە، چ لە رووی دوژمنایەتیەوە بێتجەستەی ئەم شارەیان بریندار کردوە وئێش ئازار ونەخۆشیەکی بەناو کۆمەلایەتیەوە یان دەرونیەوە بۆ خولقاندبێت، یانروخسار و دیمەن و کەژ و کێویان داتاشیبێت ئاسەواریکیان لە دیمەنە دڵرفینەکان نەهێشتبێت.!

” سەرم لەوە دەرناچێ کە چۆن ئەم شارە نارێکە هەمان شارە خۆش و دڵرفێنەکەی جارانە.” کاک حەمەرەسول حەسەنپوور

خۆ ئەوەی بەسەر سەردەشت هاتوە زۆر کۆن نیە ئەوەی پەیوەندی بە میژووی ناوچەکەوە بێت وەک چۆن کومەڵگای سەردەشت خۆی نەکردە خاوەنی ئاتەشکەدەکانی، ئەم ئاسەوارە مێژوویانە ئاسەواریان وا کەم رەنگ بووە کە جێگای باوەر کردن بۆ کەس نەماوە شارستانیەتێکی تریش لەم شارەدا بێجگە لەوەی ئەمرۆ هەیەتی تێدابووبێت.

شارەکەی دوێنێ پاک بوو ، خەڵکەکەی سادە و ساکار بوون. بەڵام ئەمرۆ لە پاش تێپەرینی چەندین ساڵ بەسەر ئەم شارەدا،،، سیمای ئەم شارە بەتەواوی گۆراوە.

با سەرەتا لە ناوەوەی شارەکەوە دەست پێ بکەم دوو شەقامی سەرەکی و زۆر پێویستی ئەم شارە کە بەتایبەت لەو سەردەمەدا بۆ هاتووچۆی دانیشتوانی زۆر گرینگن بونەتە قوربانی هەر لە رابووردوەوە لە حکومەتی حەمەرەزاشا داخراون لە ناوەندی شەقامەکاندا خانوبەرەیان تێدا سازکراوو تەنگیان بە خەلکی هەڵچنیوە و ناچاریان دەکەن بە جیاتی بەسەر بەناو پیادەرەو دا برۆن بچنەناو شەقامەکان و رێگا بەخۆیان و ئوتۆمبیلەکان تەنگ کەن، دووکاندارەکان و کریارەکان توشی هەل و مەرجێک بکەن کە بە زەرەری هەر دولادا شکاوەتەوە کاریگەری زۆر خراپی لەسەر داهاتی گشتی شارەکە داناوە. ئەو شەقامانە ، شەقامی نێوان ئیدارەی بەرق و پادگان، و شەقامی نێوان مزگەوتی سوور و پارکی ناو شار. دەبێت بۆ چی هەرچەند لە پلانی دارێژراو بۆ شاردا وەک شەقام <خیابان> دیاری کراون دواتر بەستراون؟

کێ هەیە لەو بەرپرسانە پرسیار بکات بۆ ئەم شەقامانە وایان بەسەر هات.؟

تۆ بلێی سەردەشتی ، سەردەشت بە هی خۆیان نەزانن.؟

سەیرانگەکانی:

{ رەزی جۆڵا ، گامۆڵە ، کانی سێو ، رەزەکانی دامێنی شار و زۆر شوێنی دڵ گیر و دڵ رفێن .} کاک حەمەرەسول حەسەنپوور

لە بەر ئەوەی کە کەس خۆی نەکردۆتە خاوەنی ئەم شوێنە دڵرفێنانە بە تایبەت بەرێوەبەران کاربەدەستان دەسەلاتدارەکانی شار و بە گشتی بەشێکی زۆر لە هاووڵاتیان ، خاوەنداریەتیان نەکردون ، لە یاد کراون و کەس نیە بە ئەسپی نەخشێندراو و رازاوە بە گولینگەی رەنگاورەنگ رمبازێنیان لە سەر بکات ودەنگی دەهۆل زورنا رایان چلەکێنیت و و گۆڤەندیان لە تەنیشت بگرێت . یا فەوتاون یا خەریکە دەفەوتێن. لە جیاتی ئەو دابونەریتە ساف و ساکارە ، دوکەلی لامبۆگینی” پۆرشە”یان بە گەرو دادەکەن. بۆتە کێبەرکێی شاباشدانی زیاتر لە گۆڤەندەکان و پۆز بە ئوتۆمبیلی جام رەش و تایە پان و شاسی بلیندەکانەوە لێدان.

کێ هەیە لەو بەرپرسانە پرسیار بکات بۆ ئەم کانیاوانە کە ملکی هەمو تاکێکی کۆمەلگان وایان بەسەر هات؟

لەو شارەدا هیچ گەرەکێک شک نابەی بێ مزگەوت بێت ، مزگەوتی سوور، قیبلە ، شێخ مەولانە ،حەزرەتی رەسول ، حەزرەتی عوسمان ، دارولسەلام ، کانی مەری ، حاجی رەسول ، سەرچاوێ ، کێبەرکێیە لە مزگەوت سازکردن کە رەنگە بەقەت قامکەکانی دەست نوێژکەریان نەچنی.

بەڵام مناڵدەکان و کە جیلی داهاتووی ئەم شارەن لە بێجیگاو رێگایی بۆ خوێندن ، قوتابخانە و وەرزیشگاکان بۆ وەرزیش کلوپەکانی راهێنان بۆ بەسەر بردنی کاتی بەتالیان بێ بەهرە . ساز کردنی قوتابخانە و باخچەی ساوایەن بە ئەرکی حکومەتی ناوەندی دەزانن ، ئەوەی حکومەتی ناوەندیش دەیکات بەهێندیک هەلپەرەست بە هی خۆیانی نازانن و خوا نەکات ترسیان لە سەر نەبێت دارتێلەکانی سەر شەقامەکانیش وەک هاورەگەزەکانمان لە کوردستانی باشور هەراج فرۆش دەکەن.

لە گەرەکی دۆلتانچک، لە پارکی لالە، لە رەزی جۆلا ، لە ، …. تا شارەداری بە خۆی زانی کابلەکانی بەرقیشیان دەرهێنانەوە و بردیانن ئەوەی هەبوو روخێندراو وێران کرا.؟!

کاک حەمەرەسول کەریمی دەنوسێت:

ئەوە بەو مانایە نییە کە کەسی دڵسۆز و نیشتمان پەروەری تێدا نین، بە پێچەوانە مرۆڤی دڵسۆز و نیشتمانپەروەر و خەمخۆر یەکجار زۆرن، بەڵام بەداخەوە نە یەکگرتوون و نە کاری بە کۆمەڵ بۆ شار دەکەن، بەڵکوو بە تاک زۆر کاری جوان و باشیان کردووە بەڵام لەبەر ئەوە کارەکە بە کۆمەڵ نەبووە نەچۆتە بازنەی گشتی‌یەوە.

ڕاستە.

ساڵانێکە سەردەشت بە دەست بێ‌کەسیەوە دەناڵێنێ،

با چاوێک بە سەر بەرێوەبەرانی کۆمەلگای سەردەشتیشدا بخشەنینەوە .

شارەدارەکانی رابوردوی سەردەشت بەناوی چی شەقامەکانی ناوشار و باشترین بەرپانترین و بەکەڵکترین شوێنی شاریان داوەبە جێگای شوێنی نیزامی ، پادگان ، مۆلگەکانی نیزامی گەرەکی گردەسوور ، ژاندارمەری . کە هەمویان مڵکی شارەدارین ، بۆ چی لە پیناو چی وایان بەسەر هێناون هەر خوا دەزانێت؟

دەبێت نوێنەرانی ئەم کۆمەلگایە!! شایانی نوینەرایەتی کردنی کۆمەلانی خوێن گەرمی ئەم شارە بووبن؟ چەندیان تەجروبەی کاری ، سەواد، زانیاری ، تێگەیشتووی لێهاتوویی لێوەشاوەیی هەبووە، تا کارێکی وابکەن لە کاتی بەرپرسیاریەتیاندا و لە داهاتوشدا ئەندامانی ئەو کۆمەلگاییەی نوێنەرایەتیان دەکەن لە بەرهەمی کار و چالاکیەکان وخزمەت پلانەکانیاندا بحەسێنەوە، تا ئەمرۆ توشی ئەو ناهامەتیەی نەبن کە ئێستا کۆمەلگای سەردەشتی گرتۆتەوە.

تا لە هەر گەرەک و کۆلانێک قوژننێک ئاشپەزخانەیەکی بۆبەرهەم هێنانی مادە هۆشبەرەکانی تێدا ساز ناکریت نەبێتە مایەی ماڵوێرانی هێزی خاپورکەر رورەشی سوک کردنی تاکی سەردەشتی تا لە مەهاباد سواری تاکسیەکانیشمان نەکەن. چۆنە ئەوەی باسی مافی کورد بکات قۆلبەست دەکرێت بێ سەر و شوێن. تراکتێکی مافخوازانەی سیاسیان لێون نابێت بۆنی دەکەن و دەیبیننەوە بەڵام نازانن پارەو سەرمایەی ملیارد دۆلاری { کە هەرخۆیان کۆیانکردەوە خواردران} ئەو هەموو پۆرشەو لامبۆرگینی و شاسیبلیند لە شارێکی چوکی وەک سەردەشت لە کوێوە هاتوە.

لەم شارەدا چ بەرهەم دێت چەند کارخانەی تێدان چەند پالاوگەی و چن معدەنی هەن.؟

بیمارستانی شارەکەیان بۆ و چۆن گواستەوە بۆ سێ رێیان؟ خاڵە پۆزیتیوەکانی چین کەس هەبوو بپرسێت بۆ؟ ئەم خەستەخانەیە تەواو بوونی بۆ وا دواکەوت؟ بۆ دووپشکی تێدان؟ ، کەس هەیە بپرسێت لەو خەستەخانەیەدا (بیمارستان) دا بۆ بەشی دڵیی لێ وەرێناگیرێت.؟ چەند پسپۆری دڵ تێیدا کار دەکەن. کادیرەکەی شارەزایەی تەواویان هەیە بەشە پێداویستیەکانی هەموو هەن.

ئاوی شارەکە بە دەیان بەڵگە و سەنەد لەناو لەشی تاکەکانی کۆمەلگادا بەرد ساز دەکات ، چ رێگا چارەیەکیان لەبەر دەم ئەم خەڵکە بێدەرەتانە دا داناوە .

کێ هەیە لەو بەرپرسانە پرسیار بکات بۆ؟ و کێ ؟ سەردەشتی بەرەو ئەو هەلدێرە کوشەندانە بردوە و دەبات.؟

بۆ کەس نیە لە مەلاکان وتارخوێنەکان بپرسیت بۆچی لە وتارەکانی مزگەوتەکانیان ئەگەر لە لوتی ئەندامیکی ئیخوانولموسلیمینی میسرخوێن بێت باسی دەکەن و مەحکومیشی دەکەن. بەڵام باسی حەرامی مادەهۆشبەرەکان چ فرۆشتن وچ سازکردنی ناکریت.

کاک حەمەرەسول کەریمی دەنوسێت

جێگای خۆیەتی بە هەموومان لە ڕێگای جۆراوجۆرەوە و یەکگرتووانە بە گژ ئەو پیلانە ناوجوامێرانەیە دا بچێنەوە.

هەڵوێستێکی زۆر بە جێیە شایانی دەست خۆشی‌یە، بەڵام ئەوەی لە مێدیاکانی کورد چاوەرێدەکرێت وەک پێشەنگی کاروانی خەباتکاران زۆر زۆر کەمتر لە وەبووە کە تا ئیستا چاوەروان دەکرا.

بە تایبەتی حیزبی دێموکرات چەند کاتی مێدیاکانی خۆی تەرخانکردوە بۆبەربەرەکانیەکی جدی و شارەزایانە ، چەند تیمی پسپوری سازماندهی کردون ، چەندە بە تیمەکانی تەشکیلاتی سپاردوە بۆ ناساندنی و بینینەوەی سەرچاوەکانی بەرهەمهێنەر، بۆ هەوڵ نادات بۆ رسواکردنی ئەو کەسانەی سەرچاوەکانی > کانی فەقێیان ، کانیە مەڕی ، کانی سارد ، کانی درۆزن ، کانی دەروێشە کەلە ، کانی مەتکە ، کانی شێخ شەرەفیان، کانی کاکڵاوە ، سەرچاوە جوان و دڵ گرەکەی نێو شار ، سەرچاوەی نێزەرۆ کانی مەلا ئاوارە {لە نوسینەکەی کاک حەمەرەسول حەسەنپور وەرگیراوە} لێل و قوراو دەکەن. بە خەڵک بناسێنیت .

ئەگەر دوژمنان لە چاندنی تۆوی دوبەرەکی ، لەم شارەدا ، خەڵکەکەیان مرچ و مۆن و لە یەکتری دڕدۆنگ و بەشک کردوە، ئەوە بەڵگەیە کە بۆ لاوازی هێزە سیاسیەکانی گۆرەپانی خەبات بۆ وەدەستهێنانی مافە رەواکانمان لە بۆشایەک کە بە دەستی دوژمنان ناحەزان لە نێوان خەڵک و رۆشنبیرانی هێزە سیاسیەکانی دروستکراوە تا بنچینەکانی کۆمەلگا وا ویران بکرێت کە لە گرێژەنە دا نەمینیت و ئاژاوە لێک زویری لەخۆبایی بوون بە جێگای ئەسپەکان رمبازینی تێدابکەن.

ئەگەر حیزبە سیاسیەکان تا ئێستا پلانێکی دارێشتراویان بۆ بەریوە بردنی کۆمەڵگا بێجگە لە سەر کاعەز و ئەساسنامەکانیان دا نەبووە ئەوە ئەم دوژمنە تۆپ خۆمپارە و گوللە نیە بەربەرەکاننی لەگەڵ بکرێت. ئەوە بنەماکانی کۆمەلگایان کردۆتە هەدەف خۆیان، ئەو ویرانیە چی وا کەم مەترسیتر لە چێرنۆبیل تەقینەوەکەی ئەتۆمی نیە ، باشتر وایە حیزبەکان کە خۆیان دەکردە خاوەنی کێشیەکی کۆمەلایەتئ وەک ژن بەژنە خۆ لەو نەخۆشیە بکەنە خاوەن و نەهێڵن کۆمەڵگاکەمان ئاداری بە سەر پاداریەوە نەمینیت.

جا جێگای خۆیەتی سپاسی کاک حەمەرەسول حەسەنپور و کاک حەمەرەسول کەریمی بکەم بۆ وروژاندنی ئەم بابەتە گرینگە و هەر لەو رێگایەوە داوای لێبوردن لە کەمو کۆریەکان دەکەم و داوای یارمەتی لە هەمو تاکێک بکەین بۆ بەرەنگاربوونەوە لەگەل ئەم دوژمنە ناسراوەی کۆمەلگاکەمان ، داواش لە هەمو بەرپرسانی شار بکەین بۆ دۆزینەوەو بە دواداچوونی سەرچاوەکانی ئەم نەخۆشیە بەهەمان شێوە لە هەمو کوردێکی بە وەفا بە ئەمەک بۆ وڵاتەکەی.

لە هەمو مێدیای کوردیش بەهەمان شێوە داوادەکەین لە ئاست پەرەئەستاندنی کرین و فرۆشی مادە هۆشبەرەکان چی تر بە شیوازی خۆیان بێدەنگ نەبن.

موحسن مەسرووری