به‌یاننامه له پشتیوانی له خه‌ڵکی کۆبانی و ده‌وروبه‌ریدا
له درێژه‌ی هێرش‌و ده‌ستدرێژییه‌کانی گرووپی تێرۆریستیی ناسراو به داعش یا ده‌وڵه‌تی ئیسلامی بۆ سه‌ر خه‌ڵکی ناوچه کوردنشینه‌کانی رۆژئاوای کوردستاندا‌و به‌تایبه‌تی گه‌مارۆیه‌ک که خستبوویه سه‌ر کۆبانی، له رۆژانی رابردوودا شاڵاوی به‌ربه‌رییانه‌ی ئه‌م گرووپه بۆ سه‌ر ناوچه‌ی کۆبانی چڕتر بۆته‌وه و زیاتر له ده‌یان گوندی ده‌وروبه‌ری ئه‌م شاره کوردستانییه که‌وتوونه ده‌ستی ئه‌م گرووپه.
ئه‌و په‌لاماره نوێیه‌ی “ده‌وڵه‌تی ئیسلامی” بۆ سه‌ر خاکی کوردستان ئه‌گه‌ر له‌لایه‌ک به چه‌شنێک بۆ قه‌ره‌بوو کردنه‌وه‌ی ئه‌و شکست‌و پاشه‌کشانه‌یه که به هیممه‌ت و فیداکاریی هێزی پێشمه‌رگه‌ی کوردستان و به پشتیوانیی نیزامیی نێوده‌وڵه‌تی له باشووری کوردستان تووشی هاتووه، هه‌ر له‌و کاته‌دا درێژه‌ی ئه‌و ستراتیژییه نیزامییه توندوتیژ‌و فره‌وانخوازه‌یه که ئه‌و گرووپه به‌مه‌به‌ستی پێکه‌وه گرێدرانه‌وه ناوچه‌کانی ژێر کۆنترۆڵی خۆی‌و بۆ ده‌ست گرتن به‌سه‌ر شاڕه‌گه‌کانی پێوه‌ندی له ناوچه‌کانی جێگای مه‌به‌ستی له هه‌ردوو وڵاتی سوریه‌و عیراقدا گرتوویه‌ته پێش.
تاکتیکه نیزامییه‌کانی “ده‌وڵه‌تی ئیسلامی” هاوشان له‌گه‌ڵ ئامانجی ئیدئۆلۆژی‌و ئاجێندای سیاسیی ئه‌و گرووپه که هه‌م به‌رهه‌می یارییه لێڵ‌و گوماناوییه ئیقلمی‌و ناوخۆییه‌کانه‌و هه‌م به‌تایبه‌تی ئێستا هه‌ڵقووڵاوی خه‌ونه تاریکپه‌رست‌و دژه مرۆییه‌کانی تایبه‌ت به‌و گرووپه خۆیه‌تی، به‌شێوه‌یه‌کی سروشتی کوردستان و گه‌لی کوردی کردۆته ئامانجی هێرش و دژمنکارییه‌کانی ئه‌و گرووپه.
حیزبی دێموکڕاتی کوردستان هه‌روه‌ک له‌پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ هێرشی داعش بۆ سه‌ر هه‌رێمی کوردستاندا هه‌ڵوێستی نواند و ئاماده‌یی خۆی بۆ پشتیوانی له باشووری کوردستان راگه‌یاند، سه‌باره‌ت به‌م ده‌ستدرێژییه تازه‌یه‌ی ئه‌و گرووپه‌ش بۆ سه‌ر خوشک‌و براکانمان له رۆژئاوای کوردستان، به‌تایبه‌تی خه‌ڵکی کۆبانی و ده‌وروبه‌ری، له‌گه‌ڵ گه‌لی کورد له‌و به‌شه‌ی کوردستان‌و خه‌ڵکی ئه‌م ناوچه‌یه هاوخه‌می و هاوپێوه‌ندیی خۆی راده‌گه‌یه‌نێ و چڕبوونه‌وه‌ی په‌لاماری ده‌وڵه‌تی ئیسلامی بۆ سه‌ر کۆبانی و هه‌موو ئه‌و ره‌فتاره دژه مرۆییانه‌ی ئه‌و گرووپه له په‌راوێزی ئه‌و هێرشه‌دا ئه‌نجامی داوه مه‌حکووم ده‌کا.
حیزبی دێموکڕاتی کوردستان هه‌ر له‌و کاته‌دا له‌سه‌ر یه‌کڕیزیی هێزه‌کانی ئه‌و به‌شه له کوردستان‌و هه‌موو هێزه‌کانی سه‌رجه‌م کوردستان له دیفاع له خاک‌و خه‌ڵكی کوردستاندا‌و بۆ فره‌وانکردنه‌وه‌ی بازنه‌ی پشتیوانیی نێوده‌وڵه‌تی بۆ کورده‌کانی رۆژئاوای کوردستانیش جه‌خت ده‌کا و ئاماده‌یی خۆی ده‌رده‌بڕێ که ئه‌وه‌ی له توانا و ده‌ره‌تانیدا هه‌یه بۆ پته‌وکردن‌و به‌کرده‌یی کردنی ئه‌م هاوڕیزی‌و هه‌ماهه‌نگییه درێغی نه‌کا.
حیزبی دێموکڕاتی کوردستان
ده‌فته‌ری سیاسی
٢٠ ی سێپتامبری ٢٠١٤
29ی خه‌رمانانی 1393