کۆنگرەیەک کە سوپای پاسداران قەرارە بۆ چەکدارە کوردەکانی، پێکی بێنێ! نووسینی: قادر وریا
سوپای پاسدارانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران، قەرارە لە مانگی بانەمەڕی ساڵی داهاتوودا،کۆنگرەیەک بۆ چەکدارە کوردەکانی سەربەو ڕێژیمە لە ژێر ناوی “کۆنگرەی ڕێزگرتن لە شەهیدانی پێشمەرگە موسوڵمانە کوردەکانی پارێزگەی کرماشان”پێک بێنێ.
وەک لە لێدوانی دامودەزگاکانی پێکهێنەری ئەم بە ناوکۆنگرەیەڕا دەردەکەوێ، کۆنگرەکە بە بەشداریی چەکدارە کوردەکانی پارێزگەی کرماشانو بنەماڵەکانیانو، بە شێوەیەکی هاوکات لە چوار شاری سەلاسی باوەجانی، پاوه، جوانڕۆو ڕەوانسەر، بەڕێوە دەچێ. دیارە بە وتەی یەکێک لە بەرپرسانی پێکهێنەری ئەم بە ناو کۆنگرەیە، کۆنگرەکە هاوکات کۆنگرەی ڕێز گرتن لە بە ناو شەهیدانی ئەهلی سوننەتیش دەبێ.
بۆچی لە ئیستادا، سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی کەوتۆتەوە یادی بە ناو “پێشمەرگە موسوڵمانە کوردەکان”ی خۆیو ڕێوڕەسمی تایبەت بۆ بە ناو شەهیدانی ئەهلی سوننەتو بە ناو شەهیدانی ئەم چەکدارە کوردانەی خۆی، پێک دێنێ؟
با لە دەلاقەی ولامی ئەو پرسیارەوە بچینە نێو کێشەیەک کە بزووتنەوەی نەتەوەیی کوردستانو گەلی کورد لە ڕۆژهەلاتی کوردستان لە مێژە لە گەڵی بەرەوڕوویە. کێشەیەک کە دەکرێ بە ناوی کێشەی جاشو جاشەتیو، خۆفرۆشی بە دوژمنو، خەیانەت بە گەلو نەتەوە، پێناسەی بکەین.
بەر لە هەر شتێک پێویستە وەبیر بێنینەوە ئەوانەی کۆماری ئیسلامی بە پێشمەرگەی موسوڵمانی کورد ناویان دەبا، لە نێو بزووتنەوەی کوردو خەڵکی کوردستاندا، ناوی پڕ بە پێستی خۆیان هەیە. ئەوانە پێیان دەگوترێ “جاش”و هەر بە جاشیش ناسراون. جگە لە کۆماری ئیسلامی، لەم ساڵانەی دواییدا هێندێک ڕاگەیەن ومیدیاکاری کوردیش،بە هێندێک بیانووو پاساوی بێجێ، خۆیان لە بە کارهێنانی ئەو ناوە بۆ ئەم خۆفرۆشو خەیانەتکارانە دەدزنەوەو پەنا دەبەنە بەر بەکارهێنانی هێندێک دەستەواژەی وەک”چەکداری خۆجێیی”! کە ئەمەیان بە هیچ جۆر ناچێتەی خانەی خزمەت بە خەڵکی کوردستانو بزووتنەوە نەتەوەییو شۆڕشگێڕانەکەیان. لە راستیدا ئەمە هەوڵێکە بۆ داپۆشینی دزێویی کردەوەی خۆفرۆشی و خەیانەتو، خۆبواردنە لە بەڕەسمی ناسینی قەزاوەتی مێژوویی گەلو کۆمەڵگە لە بارەی ئەم خۆفرۆشو خەیانەتکارانە.
کۆنگرە پێکهێنانی سوپای پاسداران بۆ جاشە کوردەکانی سەر بەم ڕێژیمە، لە هەلومەرجێک دایە کە پرسی کورد لەئاستی ناوچەو نێودەولەتیدا،چۆتە ئاستێکی بانتر لە هەمیشە. لە عێراق، کورد جگە لەوەی خاوەن هەرێمو ستاتووسی نەتەوەیی، سیاسیو ئیداریی تایبەت بە خۆیەتی، یەک لە سێ پێکهاتەی بنەڕەتیی دەسەڵاتو دەولەتی ناوەندییشە. جگە لەمە هەرێمی کوردستان لە هاوکێشە سیاسیو ئابوورییەکانی ناوچەدا،ئەکتەرێکی دیارو شوێندانەرەو هیچ هێزێکی ناوچەییو جیهانی، ناتوانێ پشتگوێی بخا. لە باکووری کوردستان، پرسی کورد توانیویەتی دەوڵەتو کۆمەڵگەی تورکیە ناچار بە داننان بەو پرسە بکاو کۆبوونەوەکانی کابینەی دەوڵەتو پارڵمانو شەقام بکا بە گۆڕەپانی هێنانە گۆڕی ئەم پرسە.لە خۆراوای کوردستان، پرسی کورد بە دوای ئەو ڕاپەڕین و بەرهەڵستییە جەماوەریانەی بە دژی ڕێژیمی دیکتاتۆرو دڕندەی ئەسەد دەستیان پێ کرد، چووەتە قۆناغێکی نوێوەو کورد لەم وڵاتە بە تایبەتی دوای پێکهێنانی کانتۆنەکانو خۆڕاگریی بێوێنە بەرامبەر بە داعش لە کۆبانێ، بووە بە فاکتەرێک کە تازە پاشەکشەو گەڕانەوە بۆ دواوە قبووڵ ناکا.
لەم نێوە دا، تەنیا ڕێژیمی ئێرانە کە وەک ٣ دەیەو نیوی رابردوو، هەر وا خۆی لە داننان بە ڕاستییەک کە بندەستیی نەتەوەی کورد لەم ولاتەیە، دەبوێرێو ئامادە نییە سەرەتاییترین مافەکانی کوردی ڕۆژهەلات بە ڕەسمی بناسێو دابینیان بکا.ئەمەش لە کاتیک دایە کە سەرەڕای ئەم سیاسەتەی کۆماری ئیسلامی، وشیاریی نەتەوەیی و پێداگری لە سەر مافی نەتەوەیی، لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ساڵ بە ساڵو جار بە جار زیاتر بووە. تاکی کورد لە رۆژهەلاتی کوردستان، هەست بەم بێمافیو بندەستییە دەکاو خۆی بە ئەندامێک لەو نەتەوەیە دەزانێ کە خەڵکەکەیو سەرزەوییەکەی دابەش کراون،بەلام پرسەکەی لە گەشەکردنو بەرەوپێشچوون دایە. چالاکیو کۆبوونەوەکانی پشتگیری لە ئاوارەکانی شەنگال و کۆبانی لە شارەکانی ڕۆژهەلاتی کوردستان لەم دوایانە دا،ئەم راستییەیان بۆ جارێکی دیکە دەرخستەوە. لە لایەکی دیکە تاکی کورد لە رۆژهەلاتی کوردستان دەزانێ کە بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد لە بەشەکەی خۆشی، خاوەن هێزی پێشمەرگە و خەباتکاری چەکدارەو، ئەم هێزە هەر وەک لە باشوورو باکوورو خۆراوای کوردستان، هەر ئیستا لە پارێزگاری لە مانو مەوجودییەتی نەتەوەکەو دەسکەوتەکانیدا دەور دەبینێ، لە ڕابردووی بزووتنەوەی کورد لە ڕۆژهەلاتی کوردستانیشدا، دەوری جێگای شانازیی هەبووە. لە داهاتووشدا، دەتوانێ بێتەوە مەیدانو لە بەرامبەر دەسەڵاتی سەرکوتکەرانەو جەهەننەمیی ڕیژیمی ئێراندا، وەک فاکتەرێک ڕۆڵ ببینێتەوە. کۆماری ئیسلامی کە دەیەوێ لە یارییە سیاسییەکانی ناوچەدا خۆی وەک دۆستی کورد لە بەشەکانی دیکە، نیشان بداو بەم جۆرە یاری بە کارتی کورد بکا، نەک هەر شتێکی ئەوتۆی بۆ کورد لە وڵاتەکەی خۆیدا نەکردوە، کارنامەیەکی ڕەشیشی لە سەرکوتو دژایەتیکردنیان دا هەیە. هەر بۆیە بە وەڕێخستنی بە ناو کۆنگرەیەک بۆ جاشە کوردەکانی سەر بەو ڕێژیمە، دەیەوێ هاوکات چەند مەبەست بە جارێک بپێکێ:
یەکەم: بە دنیا بڵێ کورد لە ئێران نەک هەر کێشەیەکیان لە گەڵ ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی نییە بەڵکوو ئامادەن بە چەک بەرگری لەو ڕێژیمە بکەن و ئەوەتا ئیستاش، بۆ ئەم مەبەستە لە مەیدان دان!
دووهەم: ئەوانەی چەکی جاشەتیان بۆ دژایەتیی خەباتی ڕەوای نەتەوەکەی خۆیان کردوەتە شانو خزمەت بەو ڕێژیمە کوردکوژە دەکەن،نەک تاقمێک مرۆڤی نزم وجینایەتکار، بەڵکوو کەسانی سیاسیو ئاگاو، خاوەن ڕێکخراوو کۆنگرە و پێگە و جیگەی سیاسی و کۆمەلایەتین!
سێهەم: بەو چەکدارە کوردانەی خەیانەتیان بە نەتەوەکەی خۆیانو خزمەتیان بەو ڕێژیمە کردوە دەڵێ: خزمەتی ڕابردووی ئێوە بە خۆمانمان لە بیر نەچۆتەوە. ئیستاش کە پرسی کورد بە گشتی و وشیاری نەتەوەییو تێکۆشان بۆ مافە نەتەوەییەکان لە نیوخۆی ڕۆژهەلاتی کوردستان لە هەڵکشان دایە، جارێکی دیکە کارمان پێتان دەبێتەوە.
**
لە سەر هەموو تاکێکی دلسۆزو نیشتمانپەروەری کورد پیویستە بە وشیارییەوە لە گەڵ دیاردەی خەیانەتو خۆفرۆشیو کێشەی کورد بەکورد بەکوشتدان، بەرەوڕوو بێتەوە. خەڵکی کوردستان، هێزو ڕێکخراوە سیاسییەکانو تەنانەت بنەماڵەو کەسوکاری ئەوچەکدارە کوردانەش کە کۆماری ئیسلامی بە “پێشمەرگەی موسولمان” ناویان دەبا، لە ڕووبەڕوو بوونەوە لە گەڵ نیازو بەرنامەکانی ئەو ڕێژیمە بە دژی بزووتنەوەی نەتەوەیی کوردستاندا، ئەرکیان لە سەر شانە. لە داهاتوو دا، لە سەر ئەم ئەرکانە پێکەوە پتر دەدوێین.