یەکێتی نەتەوەیی لە هەمبەر پیلانەکان! جەماڵ عەڵیاڵی
لەو ڕۆژانەدا، عەبادی سەرۆکوەزیری عێراق گەیشتە ئانکارا، ئەردۆگان داوای لێدەکات کە هاوشێوەی داعەش هەڵسووکەوت دەگەڵ پە کە کە بکات. ئاشکرایە کە پەکەکە، یەک لە پشتیوانانی ڕۆژئاوایە و سەرجەمی نەتەوەی کورد بە زۆرینەی سازە سیاسییەکانییەوە لە حەماسەی ڕۆژئاوا وەکوو تەجرەبەیەکی سەرکەوتووی نۆێ لە ژیانی کۆمەڵایەتی سیاسی گەلان پشتیوانی دەکات. هەر لەو سۆنگەیەدا سەرۆکی پەرلەمانی داعەشەکانی ناوەندی لە تاران دەگاتە سڵێمانی و دەگەڵ هێندێک لایەنی کوردی، کۆ دەبێتەوە، لە هەمان کاتدا، داعەشەکانی ئێرانی دەچنە ناو کەوڵی مەڕ و بانگەشەی پشتگیری لە هەرێمی کوردستان دەکەن. ئەمانە گشتیان لە کاتێکدان کە ماوەیەکی کوورت لەمەو بەر هەر سێک لایەنی بە هێزی داگیرکەر پێکەوە کۆبوونەوەیەکیان هەبوو، رەنگە باسی پاراستنی ژینگە و مافی مرۆڤیان کردبێ!
داگیرکەرانی کوردستان پێکەوە نالێکن، ئەوەندەی کە تەنانەت خواشیان یەک نیە جگە لە یەک خاڵ: کۆکی لە سەر نەهێشتنی نەتەوەی کورد واتە گشتیان لە سەر ئەوە کۆکن کە ئەوەی کوردی “بێ مەترسییە” مافی مانەوەی هەیە! ڕاستییەکیش ئەوەیە کە ئەگەر داگیرکەران پێکەوە کۆبوونەوە و دژی نەتەوەی کورد ڕاوێژکاری دەکەن، سیاسەتوانانی نەتەەی کوردیش دەتوانن دەگەڵ لایەنیتر کۆبوونەوە و ڕاوێژکاری بکەن! لەو ناوەدا ئەوەی کە هێشتا بە تەواوی بۆ بەشێک لە سازەکانی کورد ڕوون نەبۆتەوە ئەو ڕاستییە تاڵەیە کە ناوچەکە ئێمڕۆ بە زەقی چاوی تێبڕیوە.
ئەگەر بێتوو سیاسەتوانانی کورد ئەوڕۆ، لە دۆخی هەنووکەییدا، بەو گشتە سیگناڵانەوە کە لە گشت لایەکەوە دێت هەستیان بە ئاستەمی دۆخەکە نەکردبێ ئەوکات ئیتر دەرفەتێکی لەبار، لە کیس چووە! دەرفەتێکی مێژوویی کە تا ئێستا بێ وێنە بووە، دەرفەتێک کە ئیتر لەو رەنگە و لەو حاڵە، هەرگیز هەڵناکەوێتەوە.
لەو ناوەدا بەشێک لە سازەکانی سیاسی نەتەوەی کورد هەر لە هەوڵی پێکهێنانی “کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان” دان. بە تایبەت خودی کونگرەی نەتەوەیی کوردستان، ئەوە دەڕوات بۆ ١٦ ساڵ کە زیاتر لە گشت لایەنێک بەو پێداویستییە پشووسوارە. با ئەو دۆخە نەخوازراوە زۆر بە کوورتی لێک بدەینەوە. لە سەر جەمی لایەنەکانی سیاسی نەتەوەی کورد تەنیا چەند لایەنێک بە هۆکاری نارەزایەتی ناحەزانی کورد، رزایەتیان بە پێکهاتنی کۆنگرەی نەتەوەیی نەداوە. باشە ئەی بۆچی زۆرینەی لایەنەکان خۆیان ئەو کۆنگرەیە نابەستن؟ بەپەلە بوونی ئەو پێداویستییە لە کەس شاراوە نیە و نەتەوەی کورد خۆی باشتر لەو بارەوە دادوەری دەکات و لە لاپەڕی مێژوودا دەینووسێ. کەواتە با چیتر “ئەودەست ئەودەستی” لە سەر نەکرێ، و پێویستە هەرچی زووتر کۆنگرەی نەتەوەیی بگیردرێ ویەک وتاری و یەک گۆفتمانی نەتەوەی کورد لە سەر “مان و نەمان” مسۆگەر بکرێ. ئەو هەلەی کە ڕەخساوە ئەگەر لە دەست بڕوات ئەوسا گشت لایەنەکانی سیاسی و بەتایبەت سیاسەتوانەکان و ڕۆشنبیران شەرمەزاری نەوەکانی داهاتوو دەبن. ئاخۆ خۆێنەری بەرێزی ئەو چەند دێڕە چ هەڵوێستێکی دەبێت؟
جەماڵی عەڵیاڵی ٢٧/١٢/٢٠١٤