نەتەوەی کورد و سەحراروودییەکان. جەماڵ عەڵیاڵی

حکومەتی هەرێم بە پێشوازێکی گەرم و گوڕ میواندارێتی لە شاندێکی داعەشی مەرکزی کرد. حکومەتی هەرێم پێویستی بە پێوەندی گەرم و گوڕ دەگەڵ دراوسێکانێتی، لەوە دا هیچ گومانێک نیە. بەڵام ئەوەی کە بکووژی قاسملوو یەک لە ڕێبەرانی لێوەشاوەی نەتەوەکەمان لە سەردەمی نۆێدا، لە نێو شاندەکەدا بێت ئەوە ئیتر لە کوورتی دانێکی زۆر زەققە!
پاش زیاتر لە ٢٠ ساڵ حکومەتی هەرێم لە باشوور ئیتر لە کەس شاراوە نیە کە هەرێم بۆتە بە پارێزگایەکی تورکی ئێرانی هەر چەند زۆر کەس حەز لەو باسە ناکەن. ئەوەی کە دەگەڕێتەوە سەر کوردی ڕۆژهەڵات پێویستە وەبیرمان بێتەوە کە لە گشت لایەنەکانی ئێستای ناوحکومەت زۆر نەهامەتیمان بینیوە بەڵام هەر لە حکومەتی هەرێم داکۆکیمان کردووە لە بەر ئەوە کە ئەو حکومەتە ببوو بە چقڵی چاوی داگیرکەران. هەڵەی نەک هەر ڕۆژهەڵات بەڵکوو بەشەکانیتریش هەر ئەوە بوو! دەبوایە هەر لە سەرەتاوە وێرای پشتیوانی، شەرت و مەرجمان بۆ حکومەت دانابا، بۆ ئەوەی کە هەر ئەو حکومەتە دواڕۆژێکی ڕوون بۆ نەتەوەکەمان بنیات بنێت. با واز لەو داخ و پشوو هەڵکێشانە بێنین و ڕاستییەکان بەو شێوازەی کە هەن ببینین.
برادەری زۆر بەرێزم کاک قەرەنی قادری لە لاپەری فەیس بووکییەوە نووسیوێتی کە “… ئێران ئامانجەکەی پێکا…” (خۆێنەری بەرێز دەتوانێ خۆی لە لاپەری قادری لە سەر فەیس بووک بیخۆێنێتەوە). بە بڕوای من ئەوە سەر و بنی باسەکەیە. ئێران مەبەستی دڕدۆنگی سازکردن لە نێوان ڕۆژهەڵات و باشووردا بوو و بە ئامانجی خۆشی گەیشت. بەڵام سەرم سوڕە لە سەر هەلوێستی نووسەران، بیرمەندان، ڕۆژنامەکاران، سازەکانی سیاسی و بە گشتی ڕۆناکبیرانی ڕۆژهەڵات. داعەشانی ئێرانی مەبەستییان تەنیا ئەوە نیە کە دڕدۆنگی بخەنە نێوان ڕۆژهەڵات و باشوور بەڵکوو لایەکیتری مەبەستیان ئەوەیە کە ڕۆناکبیران بەو بابەتەوە سەرقاڵ بکەن. فەرموو سەیری مێدیای ڕۆژهەڵات بکە! بەشی زۆری لاپەرەکان بۆ ئەو بابەتە تەرخان کراوە! داعەشەکانی ئێرانی ئەوە دەخوازن! کەواتە بە ڕای نووسەر، ڕۆناکبیری ڕۆژهەڵاتی یەکڕاست کەوتە ناو ئەو داوەی کە یەک لە مەبەستەکانی ئەو شاندە نگریسە بوو. ئەوە لە قازانجی چ لایەنێکە ئەگەر ڕۆناکبیری ڕۆژهەڵاتی (تا رادەیەکیش باشووری) سەرقاڵی ئەو مەسەلەیە بێ؟ بە لای نووسەر، ئەوە مسۆگەرە کە کاتێک ڕووناکبیر زۆر بە گەرمی سەرقاڵی “بابەتێک” دەبێت، هەرکات مەترسی ئەوە هەیە کە بابەتی گرینگیتر وەبەرچاو نەیەت. سەردانی شاندەکە لە کۆتایی گەشتێکی گەورە بوو کە چەند وڵاتی عەرەبی و ئەفریقی لە خۆ دەگرتەوە. مەبەست لەو گەشتانە چ بوو؟ نووسەر ئەوە نازانێ بەڵام دەزانێ کە گەشتەکان بۆ پاڵوودە و شەربەت خواردن نەبووە. کەواتە ڕووناکبیری ڕۆژهەڵات! چاو بەرەو ڕاستییەکان بکەوە! ئەوەی دەیزانی هەر دەیزانی بەڵام ڕووی خۆت لە کاتی ئاوا دا بە شەپەڵاخیش بووبێت هەر سوور ڕاگرە! بۆ لە بیرت کردووە کە نەتەوەی کورد ئەمڕۆ لە جیاتی دوو بەرەکی و چەند بەرکی پێویستی بە یەک بەرەکی هەیە! دۆخەکە لە ناوچەکەمان هەتا دێت و دژوارتر دەبێت. ئەگەر ڕووناکبیر ڕەسمەی لە دەست دەرچێت ئەو کات ئیتر حاڵمان زۆر شڕ دەبێت.
جەماڵی عەڵیاڵی ٣٠/١٢/٢٠١٤