مکانیزم بۆ یەکگرتنەوەی دوو دێموکرات، حدک و حدکا! ئێقباڵ سەفەری

لە رۆژانی رابردودا پرسی یەکگرتنەوەی دوو حیزبی دێموکرات زۆر لە جاران زیاتر گەرم بووە و بۆتە رۆژەڤی کاری کۆمەڵێک لە چالاکانی ئەم پرۆسەیە و تەنانەت کۆمەڵێک لە چالاکانی سیاسی و ئەندامانی دوو لایەن کە پێشتر زۆریان خۆ بەم باسە گرینگەوە ماندوو نەدەکرد.

دەگەڵ ئەوەی کە من خۆم یەکێک لایەنگرانی ئەم حەرەکەتم و لەسەرکەوتن و داشکانی ئەم حیزبەدا خۆم بە شەریک و بەشدار بوومە ، بەڵام ناتوانم ئێشارە بەمە نەکەم کە گەرمی بازاری ئەم باسە بەشێک لە بەرپرسانی ئەم دوو حیزبەشی هێناوەتە لێدوان بە جۆرێک کە  نەگ هەر لە لێدوانەکانیاندا پێشداوەری دەکەن، بەڵکو دەکرێ بڵێم تارادەیەکیش خۆش باوەریان تێدایە. بەشێک لەم بەرپرسانە چوارچێوەشیان بۆ دیاری کردوە ، بەڵام خۆیان لە وردەکاری و ئەسڵی باسەکە دزیوەتەوە و بە هێندێک شتی گشتی و عامەپەسەندەوە نوساون و سەروگوێی ئەم باسەگرینگەیان قرتاندوە. ئەوەی راستی بێ تاکوو ئێستا سەرەڕای ماندووبوون و هەوڵی زۆری خەمخۆران و دڵسۆزانی بزوتنەوەی نەتەوەیی لە رۆژهەڵاتی کوردستان، دوو دێموکرات نەگەیشتونەتە ئاکامێکی روون و دڵخۆشکەر و واقیعبینانە. هۆکاری ئەو بەئاکام نەگەیشتنەش زیاتر پێشداوەری و پێششەرتەکان لەلایەک و خۆدزینەوە لە ئاستی چۆنیەتی رۆداوەکان و هۆی ئەم لێکترازان و لەت بوونانەن. من هیچ لەمبروایەدا نیم و ئاواشم بیر نەکردۆتەوە کە دەبێ برینان لێک بکولێنینەوە و یەکتر ئازار بدەین، بەڵام ناکرێ تێکەڵ ببنەەوە بەڵام نەزانین بۆچی لێک دابڕان. ناکرێ جارێکی دیکەش تێکەڵ ببنەوە، بەڵام نەزانین و لێی نەکۆلینەوە کە بۆچی تێکەڵ بوونەوەی کۆنگرەی دە کە بەرهەمی دابڕانی کۆنگەری هەشت بوو، سەرکەوتوو نەبوو؟ ناکرێ خۆ لەمە بدزینەوە کە چ بکرێ کێشەکانی پاش تێکەڵ بوونەوەی دابرانی پێشوو سەر هەڵنەدەنەوە. بۆ ئەوەی دوو دێمۆکرات تێکەڵ ببنەوە و دەفکری دابران و کۆتلەی دیکەدا نەبن، دەبێ کێشەکان لێکۆلینەوەی بەرپرسانەی بێدەمارگرژیان بۆ بکرێ.
هەر بۆیەش مەبەست لە نووسینی ئەم بابەتە هەڵدانەوە و کولاندنەوەی برینە کۆنەکان نییە و لەروانگەی خۆمەوەو بەسەرنجدان بەشارەزابوونم لە کێشە و گرفتەکانی دابڕان و تیکەڵبوونەوەکانی پێشوو، دەچمەسەر بابەتی مکانیزمە پێشنیاریەکە بۆ پیکهاتن و یەکگرتنەوەی دوو دێموکرات.
یەکەم: کێها یەکدەگرنەوە؟
پێش هەموو شتێک دەبێ وڵامی ئەم پرسیارە روون بێ، کە ئەوانەی یەک دەگرنەوە کێن؟ ئەگەر  خۆمان لە وڵامی ئەم باسە گرینگە لابدەین ، هەرلەسەرەتاوە پرۆسەکەمان شکستی هێناوە. بۆیە دەبێ بڵێین کە زۆر سرووشتیە دوو دێموکرات یەکدەگرنەوە کە بۆ هەشتساڵ دەچێ هەردوولا چالاکیان بووە و هیچکەسیش ناتوانی رۆڵی هیچکام لەو دوو حیزبە لەپاش دابڕان ئینکار بکا. کەوابێ یەکەم هەنگاو ئەوەیە کە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ئەوە قبووڵ بکا کە لەگەڵ حزبێک یەکدەگرێتەوە کە ناوی حیزبی دیموکراتی کوردستانە و خاوەن هەموو ئەو هێز و سامانە سیاسی، تەشکیلاتی، ئورگانی، پرینسیپی..، کە بۆ خۆی هەیەتی. ئەمە یەکەم هەنگاوە و ناوی دەنرێ قبوولکردنی ئەو راستیەی کە دانپینێراوەو لە گۆڕەپانی خەباتدایە.
دوهەم: بۆچی یەکدەگرنەوە؟
مەبەست لە یەکگرتنەوە دەبێ روون بێ، حەزفی یەکترە؟! تواندنەوەیە؟ یان خۆ بەهیز کردن و وڵام بە نیازی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانە بۆ پێکهێنانەوەی حیزبێکی بەهێز ، وەک کەسەرەسەیەکی کارا بۆ بە ئامانج گەیاندنی داوخوازەکانی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان. دەبێ ئەوە بزانن و قبوڵیان بێ کە لەبەر ئەوەی ئەرکێکی نیشتمانی و نەتەوەیی بۆ رزگاری خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستانیان لەسەر شانە و هەست بە بەرپرسایەتی لە ئاست ئەو پرسە گەورەیە دەیانهێنێتە سەر ئەو باوەڕە کە بڵێن: حیزب لە کەرەستەیەک بەولاوەتر نییە و ئامانج رزگاری گەل و وڵاتە  و یەکگرتنەوە بۆ بەدەستهێنانی پۆست و مەقام و کورسی لەسەر عەرزی بێدەسەڵاتی و بێ وڵاتی نییە. لێرەیە هەردوولا داوای لیبوردن لە خەڵکی کوردستان ،لە بنەماڵەی گیانبەختکردوان، زیندانیانی سیاسی بزاڤی نەتەوەیی و بنەماڵەکانیان، هەموو ئەندامانی حیزب بە تێکڕا دەکەن و دەڵێن بمانبورن.
سێهەم: ئەو بۆشاییانەی کە ملمالانێ و ساختاری سانترالیستی دروستیکردون چۆن پڕبکرێتەوە؟
بەسەرنجدان بە رەوتی رۆداوەکان و ئەزمونوەرگرتن لە تێکۆشان و چالاکی سێ دەیەی رابردوو، ئاڵوگۆڕەکانی سیاسی- ئایدولۆژی، هزری  و ناکارامەیی سانترالیزمی دیموکراتیک، پێرەوپیروگرامیکی نوێ دەنووسنەوە کە لەگەڵ رەوتی رۆداوەکان و سەردەمی نوێ بڕواتە پێش و بتوانێ وڵامدەری ئیدارەی ئیستای ئەم حیزبە بێ و دەگەڵی تەبا بێ. بۆ ئەم مەبەستەش پێویستە ساختاری تەشکیلاتی حیزب و شیوەی بەڕێوەبەری لەسەر بنەمای گەشەی کۆمەڵ و دێموکراسی تەوافقی دابنرێ. واتە گرتنی کۆنگەری تەقلیدی و ناکارامە، ساختاری کۆمیتە ناوەندی و دەفتەری سیاسی تۆڕ بدرێ و سیستمیکی نوێ ببێتە جێگرەوەی.
چارم: ناوی حیزب چی لێدێتەوە؟
حەتا قەرەی قەیامەت لەسەر سفرەی رابردوو خواردن، کۆتایی بە تەمەنی هاتووە و ناکرێ بە کفری بزانین ئاڵوگۆر دەخۆمان و ناوماندا پێک بێنین. بۆیە ناوی حیزب دەگۆڕدرێ بە یەک لەم ناوانە. حیزبی دێموکراتی یەکگرتو، حیزبی دێموکراتی رۆژهەڵاتی کوردستان، حیزبی دێموکراتی کوردستان. هەرسێکی ئەم ناوانە مۆرکی نەتەوەیی و شۆڕشگێڕی و مێژوویان هەڵگرتوە.
پینجەم: ئامانجی دواڕۆژ و ستراتیژی حیزب چی بەسەر دێ ؟
ئەم حیزبە هەوڵدەدا بۆ رزگاری خەلکی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئامانجی دوارۆژی رزگاری نەتەوەیی و نیشتمانییە و لێرە ئیتر هیج تیێینیەکی پێ زیاد ناکرێ. لەبەر ئەوەی کە لەم درۆشمەدا مەجالی مانۆردان زۆر بەربڵاوە و لە فیدرالیسمەوە دەگرێتەوە تاکوو کۆنفیدرالیسم و سەربەخۆی یەکجاریش.
ئەم پینج خاڵە کە لەسەرەوە ئاماژەیان پێ دراوە، خاڵی بنەڕەتی و جەوهەرین. بۆیە ناکری بەسەریاندا باز بدەین. هەرکاتێک ئەم دوو حێزبە لەسەر ئەم پینج خاڵە جەوهەریە کەێشتنە رێککەوتن، ئەوجار نۆرە دەگاتە سەرخان و بابەتەکانی تکنیکی دەبنە رۆژەڤی کاری یەکگرتنەوە.
یەکەم: سەرخان و بەبەتەکانی تکنیکی یەکگرتنەوە:
– دوو رێبەری چۆنیەتی رێککەوتنەکە دەبەنە نێو ریزەکانی خۆیان و پاش دراسەکردن، سەرنج و پێشنیاری لەش یان بەدەنەنی حیزبی خۆیان لەسەری وەردەگرن. بەکورتی ئەو رێککەوتنە دەبێ تەفهیم بکرێ و رادەی دژایەتیکردنی هێندە لاواز بێ کە سۆچیکی بۆشایی بۆ کاسبکارانی سیاسی نەمینێتەوە.
– لەپێش هەموو شتێک بەدەنەی دوو دێموکرات پێکەوە کۆ دەبنەوە و چۆنیەتی تیکەڵبوونەوە و زەرورەتی یەکگرتنەوە و قۆناخەکانی یەکگرتنەوەیان لە رۆانگەی جۆراوجۆرەوە بۆ شی دەکرێتەوە.
– پرۆسەی یەکگرتنەوە دابەشدەکرێتە سەر ئەم قۆناخانەی خوارەوە، کە زیاتر تکنیکین و دەکرێ بەجۆریکی دیکەش بێ:
یەکەم: دەزگاکانی راگەێاندن بە تێ ڤێ، رۆژنامە، ماڵپەڕ و …، تیکەڵ دەبن و دەستەی وەشاندنی بۆ دادەنرێ.
دووهەم: یەکیەتیەکانی لاوان، ئافرەتان، خوێندکاران، زیندانیانی سیاسی…، لەسەر ئەساسی نوێ و دوورلە دەستێوەردانی حیزبی، ئامادەکاری دەکەن بۆ گرتنی کۆنگرەی هاوبەشی خۆیان. بەڵام تاکاتی گرتنی کۆنگرەی هاوبەشیان،هەر رێکخراوێک دەستەیەکی بەڕێوەبەری کاتی بۆخۆیان هەڵدەبژێرن.
سێهەم: کۆمیسیوەنەکانی کۆمەڵایەتی بەهەموو دامودەزگاکانی پەیوەندیداریانەوە تێکەڵ دەبنەوە.
چارم: کۆمیسونەکانی ئابوری یان دارایی، خەدەمات و کۆمیتەی ئەمنیەت تیکەڵ دەبن.
پینجەم: کۆمیسونەکانی تەشکیلات و پێشمەرگە تێکەڵ دەبن. لێرە نابێ لەسەر بنەمای کاری تەشکیلاتی و نیزامی کۆن ریکبخرینەوە، بەلکوو دەبێ لەیەکەم هەنگاودا کۆمیسونی پێشمەرگە بە جیا رێکبخرێ و تەنیا کاری بارهێنان و پەروەردەکردنی چالاکی لەشکری (نیزامی) بێ.
شەشم: ماباقی ئورگانەکان قۆناخ بەقۆناخ تیکەڵ دەبنەوە و ئەم تێکەڵبوونەوە نابێ لە ساڵی ٢٠١٥واوەبچێ.
هەوتم: لەو ماوەیەدا کە قۆناخ بەقۆناخ بەرەوە یەکگرتنەوە دەچن، دەبێ دەستەی ئامادەکاری کۆنگرەی شازدە هەڵبژێردرابێ و هەموو ئامادەکاریەکی بۆ کۆنگرەی داهاتو گەڵاڵە کردبێ.
تێ بینی: لەو کۆنگرەدا لەسەر خاڵێکی زۆر گرێنگ و جەوهەری کە زۆر جار وەک پێششەرت و جێگای ناکۆکی ئاماژەی پێدەکرێ، تێگەێشتنێکی تایبەتی هەبێ و بە پەسندی کۆنگرە بگا. ئەویش ئەوەیە کە هیچکات و هیچلایەنیکی رەکەبەری ناوحیزب، ناتوانن گەرەنتی جیابوونەوە، دابڕان و درۆستکردن یان دامەزراندنی حێزبیکی دیکە لەو حیزبەدا بکا. ئەگەر وایە، ئەو خاڵە گرێنگەش کە جۆریک لە گەرەنتی و پرینسیپ دروست دەکا ئەوەیە کە لەوەوبەدوا هیچ کەس و لایەنێک مافی ئەوەیان نییە ناوی ئەم حیزبە لەکاتی جیابوونەوە یان دابڕاندا لەخۆیان بنێن یان هەڵبگرن.
دوایین وتە:
بێشک کەسانیکیش هەن کە خاوەن بیر و هزرن و رابردو و ئەزموونی باشیان هەیە لە پیکگەێاندن و تەبایی لەناو ڕیزی خەباتکاران و شوێن پەنجەیان بە بزۆتنەوەی رزگریخوازی گەلەکەمانەوە دیارە. ئەمانیش ئەرکی نەتەوەیی، نیشتمانی و مرۆڤییان لەسەرە کە یارمەتیدەری پرۆسەی یەکگرتنەوە و یەکریزی ناوماڵی کورد بن. بەڵام گرینگتر لەهەموو شتێک، بوونی ئیرادەی یەکریزی و تەباییە کە نابێ هیچکات لێی خافڵ بین.
وەک کەسێک لە پتر لەنیوەی ژیانم لە ریزەکانی دێموکراتدا تێپەڕاندوە و لەنیزیکەوە شاهیدی کێشەو ناکۆکیە ناوخۆیەکانی ئەم حیزبە بوومە، هەموو ئەو ناتەبایی و دڕدۆنگی و دابڕانانە دەگێرمەوە بۆ شیوەی پەروەردەی خۆمان. چونکە شیوەی پەروەردەی ئێمە لە مناڵیەوە ولە بنەماڵە، لە قۆتابخانە و خوێندنگاکان، لە جەرگەی کۆمەڵگا و تادوایی، پەروەردەی دەست و دەسەڵاتی باڵادەستانە کە تووی کولتۆرێکی نەخۆش و سەقەتی بۆ چاندوین. دەبێ دان بەوەدا بنێین کە پەروەردەی سیاسیشمان دەستخۆشی هەمان نەخۆشینی باڵادەستانەیە، کە تۆلرانسی نییە و هەرکات خۆی بەهێز دیت، ئاغایانە و باڵادەستانە بەرەوڕووی کێشە سیاسی و ناکۆکیە  ئایدولۆژی و کۆمەڵایتیەکان دەبێتەوە. بێشک تاکوو ماڵئاوایی لەو کولتۆرە سیاسیە سەقەتەی داسەپاو نەکەین، تەنیا میژوو دووپات دەکەینەوە و ئەو هەموو گوتارە نۆستاڵژیانەش، لەو هەورازە وەسەرمان ناخەن.
بەروار: ٢٠١٥/٠١/٢٢  ئێقباڵ سەفەری