قەیسەری موسڵمان، جیهادی ئاڵمانی و کوردستانی دەرەوەی بازنەکان!؟ برایم فەڕشی
پێشکەوتووترین چەک و کەرەسە بۆ شەڕ و کوشتن بەرهەم هێندراوە، بەڵام بەردەوام چەکی نوێ و نوێتر دێتە بازاڕەوە و بوودجەی نیزامی ساڵ بە ساڵ زیاد دەکرێ. دەوڵەتی ئامریکا بۆ ساڵی ٢٠١٥ بریی ٥٧٧ میلیارد دۆڵار بۆ “بەرگری میللی” تەرخان کردووە.
چین، فەرانسە، ژاپۆن، رووسیە، عەرەبستانی سعوودی، ئاڵمان، هیند، برزیل، کانەدا، بریتانیا، سپانیا، کوریای باشوور و ئیتالیا، لە سەر یەک ٨٣٥ میلیارد دۆڵاریان بۆ مەبەستی نیزامی لەبەر چاو گرتووە. بوودجەی نیزامی ئەم وڵاتانە و ئامریکا بۆ ساڵی ٢٠١٥ گەیشتۆتە ١٤١٢ میلیارد دۆڵار! ئەمە بوودجەی نیزامی ١٤ وڵاتە، گەر بوودجەی نیزامی سەرجەم ١٩٣ ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکان بە مەزندە بەراوەرد بکرێ، بوودجەی نیزامی ساڵی ٢٠١٥ دەگاتە( ١٠٣٦٢ میلیارد) واتە دە تریلیۆن و سێسەدوشەست و دوو میلیارد دۆڵار! کۆی خەڵکی جیهان ٧ میلیارد کەسە و بەو پێیە بۆ کوشتن و پاراستنی هەر تاکە کەسێک ١٤٨٠ دۆڵار تەرخان کراوە!
بە پێی توێژینەوەی ئەنستیتۆی هایدلبێرگ بۆ لێکۆلینەوە لە شەڕ (Heidelberger Institut für Konfliktforschung)، “ساڵی ٢٠١١ لە ٢٠ شوێنی جیهان شەڕ لە ئارادا بووە، ئەم ژمارەیە لە ژانویەی ٢٠١٥ گەیشتۆتە ٣٤”، واتە تەنیا لە ماوەی ٤ ساڵدا ١٤ شەڕی نوێ هەڵگیرسێندراوە، کە ساڵانە ٣٠ ملیۆن ئاوارەی لێکەوتۆتەوە. بە پێی بەراوەردی ئەم ناوەندە، “جیهان زۆر دوورە لە سەقامگیربوونی ئاشتی و دوورنمای هێمنی و بێ شەڕیی بەدی ناکرێ و ژمارەی شەڕەکانی ساڵانی داهاتوو، ڕووی له زیادبوونه”. ئەمەش لە گەڵ ڕێژەی زیادبوونی بوودجەی نیزامی ئەم ١٤ وڵاتە و سەرجەم بوودجەی نیزامی جیهان ڕێک دێتەوە، گەر پلانی شەڕی نوێ و نوێتر لە ئارادا نەبێ، زیادبوون و زیادکردنی بوودجەی نیزامی لە ساڵانی داهاتوو، بێ مانا دەنوێنێ!
زۆربوونی شەڕ و زۆربوونی بوودجەی نیزامی، دووتای یەک تەرازون. میزانکردنی دووتای ئەو تەرازوە بە بێ پلان و بەرنامە سەر ناگرێ. پلاندانەرانی شەڕبۆ ئەوەی هەر شەڕێک جێ بکەوێ، دەبێ زەمینەی بۆ پەیدا بکەن، دەبێ ئیدەی گونجاوی بۆ بدۆزنەوە، دەبێ سناریۆی خەڵک پەسەندی بۆ دابڕێژن، دەبێ کارەسات و ترس و خۆف و وەحشەت لە ناو خەڵکدا بخوڵقێنن، وەک کارەساتی یازدەی سپتامبری ٢٠٠١لە ئامریکا، وەک کارەساتی ٧ی ژانویەی ٢٠١٥ی پاریس و دەیان کارەساتی گەورە و بچووکی تر. وەک کارەساتەکانی موسڵ، شەنگاڵ و کوبانی لە ساڵی ٢٠١٤، کە بووە هۆی بڵاوبوونەوەی ترس و وەحشەت لە ناو خەڵک و تێگلاندنی کورد لە شەڕێکدا، کە شەڕی ئەو نییە!
سناریۆی ئەو کارەساتانە لە مێشکی ئاکتۆرەکانی وەک بن لادن و ئەبوبەکر بەغدادی و مەلا عومەرەوە هەڵنەقوڵاوە. ئەوەی توانای زۆرکردنی بودجەی شەڕ و درووستکردنی نوێترین و پێشکەووتوترین چەکی هەیە، پسپۆڕی داڕشتنی ستراتێژی درێژخایەنیشی بۆ مانەوەی خۆی و سیستمەکەی هەیە. سووژەی نوێ و تازەش بۆ وەڕێخستنی شەڕی نوێ و ترسناک پەیدا دەکات و سناریۆی گونجاوی بۆ دادەڕێژێ. بەمەش هەم توانای دەستەڵاتی ماڵی و سیاسی و نیزامی ئەم دەوڵەتانە گەشە دەستێنێ و هەم خاوەنەکانی سەرەکی جیهان سامانیان زیاد دەکات.
بە پێی لێکۆلینەوەی دەزگای(www.oxfam.de)” ٨٥ تاقە کەس سامان و داراییەکانیان بەرانبەرە لە گەڵ سامان و دارایی ٥میلیارد و ٣٠٠ ملیۆن کەس لە خەڵکی جیهان!” لە جیهانێکی وادا، کە کەمتر لە سەت کەس خاوەنی سامان و دارایی نیوەی خەڵکی جیهان بن، دەبێ ترسێکی گەورە بۆ لە دەستدانی ئەم سامانە لە مێشک و دڵی ئەوانە و حەوت ملیۆن کەسی پەیوست بەوان هەبێ! ئەمانە سەرجەم یەک لە سەدی دانیشتووانی جیهان پێکدەهێنن و دەبێ ڕێگا بۆ پاراستنی خۆیان و سامان و دارایی و سیستەمەکەیان بدۆزنەوە، دەبێ نوێترین چەک و تەکنۆلۆژی بۆ مەبەستی خۆیان بەکار بێنن. دەبێ فێڵ و تەڵەکە و مێتۆد و ڕێگای تازە ومودێرن بۆ چەواشەکاری حەوت میلیارد خەڵکی جیهان، تاقی کەنەوە.
بێ خەتەرکردنی ٩٩ لە سەد لە خەڵکی جیهان، دەبێ پڕۆژەیەکی چڕوپڕو و تێکچرژاو و هەمه لایەن بێت و هەموو لایەنە تایبەتییەکانی کۆمەڵانی خەڵک لە بەر چاو بگرن و بەکاریان بهێنن. گەر لە شوێنێک ئایین دەور دەگێڕێ و لە شوێنێکی تر ئیدئۆلۆژی، یان فەرهەنگ و داب و نەریت، یان ڕەنگ و شێوەی زمان و تایبەتمەندی تر، گشتیان دەبێ بەکار بهێندرێن بۆ ئەوەی دەستەڵاتی یەک لە سەدەکان، سەقامگیرتر و بەردەوامتر و بێخەتەرتر بمێنێتهوه و بەردەوام بێ.
ئەم ستراتێژییە لە ڕێگای دەوڵەت و ئەرتەش و دەزگا و سیستمی هەمەلایەنی هەمە جۆری سیاسی، فەرهەنگی، زانستی، کۆمەڵایەتی، پیشەیی، هۆنەریی و سەدان و هەزاران موئەسساتی ناوچەیی و جیهانییەوە، پەیڕەو دەکرێ و تاک و کۆمەڵ لە خۆ دەگرێ ، کە سوودی ڕۆژانەی ئەوانیشی تێدایە، بەڵام زیاتر لە گوزەرانی ژیانی ڕۆژانەیان نییە.
ڕاهێنانی ٩٩ لە سەد له خەڵکی جیهان بۆ هەڵسوورانی ئەم سیستمە، هەر لە منداڵییەوە دەست پێدەکات و بە قۆناغی جیاوازدا تێدەپەڕێ و تاکەکەسەکان خۆشیان ئەو هەل و ئیمکانە دەقۆزنەوە بۆ ئەوەی شوێنی خۆیان لە ناو سیستمەکەدا بکهنهوه. درێژهی کاری ڕاهێنان به مێدیا سپێردراوه، مێدیای سهردهمی ئێمه سیستمێکه کە دەم و ساتهکانی مرۆڤ هەڵدەلوشێ و ڕاستهوخۆ کاردهکاته سهر ههست و مێشک و ڕهنگه بیرکردنهوه له مرۆڤ وهربگرێ و بیکاته گوێڕایهلێکی بێ ئیراده و بێ خهتهر. مێدیا بۆ مهبهستی پرۆپاگەندەی نیزامی، سیاسی، دینی، فهرههنگی و ئیدئۆلۆژیک بهکاردههێندرێ و بۆ ئهو مهبهستانه خهرجێکی بێ سنوور دهکرێ. بە پێی بەراوەردی (www.internetworld.de) ساڵی ٢٠١٥ بری ٦٠٠ میلیارد دۆڵار خەرجی تەبلیغاتی کاڵا دەکرێ، واته بۆ ههر تاکه کهسێک نزیک سهت دۆڵار. ئەمە جیاوازە لە بوودجەی هەر وڵاتێک بۆ مێدیا و پرۆپاگهنده. بە پێی بەراوەردی (http://winfuture.de/) خەرجی ئیمەیل، مەسیج، فەیسبووک و تویتر لە ساڵدا ٥٨٠ میلیارد دۆلارە و ئهم ڕێژهیه بهردهوام ههڵدهکشێ. مێدیا و کۆنسێرنهکانی نیزامی زۆرترین بوودجهی جیهان بۆ مهبهستی هاوبهش ههڵدهلووشن، یهکیان بهناوی بهرگری له گیان و ژیان، ئهوی تر بهناوی زانیارییبهخشین!
خەڵکی جیهان به درێژایی شهو وڕۆژ ئاگاداری ڕووداوەکان دەکرێن، له گهڵ ڕووداوهکان هاتوچۆی ههموو قوژبنی جیهانیان پێدهکرێ، تێکهڵ ڕووداوهکان دهکرێن و له بیری کارناس و پسپۆرانی مێدیادا نوقم دهکرێن و دهکرێنه زمانی حاڵی مێدیا، دهکرێنه ڕاگوێزهری بیری مێدیا، گهر وانهبێ سیمای جیهان به ئاگاداربوون له ڕاستییهکان، دهگوردرێ.
مێدیای سهردهمی ئێمه گرێدراوی ئهو سیستمهیه، که له ماوهی ٤ ساڵدا ١٤ شهڕی به سهر خهڵکی ئهو جیهانهدا داسهپاندووه، ئهرکی ئهو مێدیایه خاپاندنی ٧ میلیارد مرۆڤه له پێناو بهرژهوندی ٧ ملیۆن کهس! ئهو مێدیایه پهرده له سهر کارەساتەکانی نێوان ساڵانی ١٩٧٩ هەتا ٢٠١٥ لا نادات، به خهڵک ناڵێت هۆی شەڕهکانی ئێران و عیراق، کویەت، شەڕی خەلیج، شەڕی ئەفغانستان، شەڕی عیراق( ٢٠٠٣)، شەڕەکانی دوای بەهاری عەڕەبی لە لیبی، ئەلجەزایر، سوریە، چ بوو. ئەو مێدیایە هۆی قوتبوونهوهی کۆماری ئیسلامی ئێران، تالیبان، ئەلقاعیدە، حزبوڵا، داعش، دەوڵەتی ئیسلامی، بوکوحەرام بۆ خهڵک ڕوون ناکاتهوه، یازدەی سپتامبری ٢٠٠١ ی ئەمریکا که سهرهتای دهستپێکردنی ستراتێژییهکی نوێی شهڕ و ئاڵۆزی بوو، بۆ ئهو مێدیایه، تهنیا ههواڵ و کارهساتێکی دڵتهزینه که گرووپێکی ئیسلامی قهوماندیان و هیچی تر! ههروهک چۆن تیرۆری ٧ی ژانویەی ٢٠١٥ی پاریس له دوو پهردهدا کۆتایی پێهێندرا. پهردهی یهکهم قهومانی کارهسات، پهردهی دووههم خۆپیشاندانی ئیدانهکردن. ئەوەی پێش ڕووداوهکه و دوای ڕووداوهکه چی کراوه و چی دهکرێ و چ گۆڕانکارییەک پێک دێنێ، پرسیاری بێ وڵامە.
ستراتێژی درێژخایەنی کلوبە نادیارەکانی ماڵی، نیزامی،سیاسی، ئیقتیسادی، عیلمی(دانشگاکان)، نیزامی، سیاسی، دینی، فهرههنگی و ئیدئۆلۆژیک و مێدیایی جیهان و سناریۆ ڕهنگاوڕهنگهکانیان، له چاوی خهڵک دووره و دوور ڕادهگیردرێ! یەکێک لەم سناریۆیانە، ١١٧ ساڵ لهوه پێش دارێژرا و ١٠٠ ساڵ دواتر له لایهن نووسهری ئاڵمانی “ماتیاس کونتسل”هوه پهردهی له سهر لادرا.
ئەو سەردەمە لە ناو هەموو وڵاتانی ئیسلامی و لە ناو کورددا، دهنگۆی ئهو بڵاو کراوه، کە قەیسەری ئاڵمان بۆتە موسڵمان و ناوی خۆی ناوە محەممەد. کوردەکان قهیسهری ئاڵمانیان به ناوی ئیمامی غایب(ئیمامی زهمان) ناو بردووە! ئەمە باوەری زۆرێک لە موسڵمانانی ئەو سەردەمە بوو. “ماتیاس کونتسل” لە کتێبەکەیدا بە ناوی” ئاڵمان و ئێرانییەکان” مێژووی ئەم ڕووداوە ئاوا دەگێڕێتەوە:” :” سەرەتای گەڵالەبوونی سیاسەتی ئیسلامی ئاڵمان، دەگەڕێتەوە بۆ سەفەری قهیسهری ئاڵمان، ویلهێلمی دووهەم بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. یەکەمین مەنزڵی قەیسەری ئاڵمان لە ساڵی ١٨٩٨ شاری کۆنستانتین پول(ئەستانبوڵ) بوو، کە پێشوازییەکی گەرمی لە لایەن خەڵکەوە لێکرا. قەیسەری ئاڵمان لە ٢٩ی ئۆکتۆبری هەمان ساڵ گەیشتۆتە شاری ئورشەلیم. دوامەنزڵی ویلهێلمی دووهەم، شاری دمێشق بووە، لەوێ چۆتە سەر مەزاری سەلاحەددینی ئەیووبی و سەری ریزی لە حاند دانەواندوه له بهر ئازادکردنی شاری ئورشەلیم لە ساڵی ١١٨٧.”
قەیسەری ئاڵمان لە کۆتایی سەفەرەکەی خۆیدا ئەم پەیامە بۆ هەموو موسڵمانانی جیهان دەنێرێ:” ٣٠٠ ملیۆن لایەنگرانی محەممەد(موسڵمان) بزانن و ئەرخایەن بن،کە لە هەموو کات وزەمانێکدا، قەیسەری ئاڵمان دۆستی ئەوانە.”
هەر لەو کتێبەدا ئیشارە بەوە دەکرێ، کە خەڵکی موسڵمان قەیسەری ئاڵمانیان وەک محەممەد و ئیمامی زەمان زانیوە.
چەند ساڵ دواتر لە سەروبەندی شەڕی یەکەمی جیهانی قەیسەری ئاڵمان موسڵمانەکان بە دژی روسیا و بریتانیا هان دەدا. لە کتێبی کونتسل دا هاتووە:” لە ڕۆژی ٣٠ ژوئیە ساڵی ١٩١٤ چەند ڕۆژ بەر لە دەستپێکی شەڕی یەکەمی جیهانی لە لایەن حکوومهتی ئاڵمانهوه، قەیسەری ئاڵمان داوای لە هەموو موسڵمانانی جیهان کرد، بە دژی بریتانیای نیفرەتلێکاراو و درۆزن و بێویژدان و تاڵانکەر، ڕاپەڕن. لە پاش ئەم داوایە لە ١٥ی ئاگۆستی ساڵی ١٩١٤ ویلهێلمی دووهەم لە پەیامێکدا بۆ ئەنوەر پاشا، فەرماندەی هێزەکانی عوسمانی لە شەڕی یەکەمی جیهانی، ئاوەهای نووسی:” بەڕێز! جەنابی سوڵتان دەبێ داوا لە هەموو موسڵمانانی ئاسیا، میسر، هیندوستان و ئافریقا بکات بۆ بەشداری لە جیهاد لە پێناو ڕێگای خەلیفەی موسڵمانان.
نووسەر لە درێژەدا دەنووسێ:” لە ١٤ی نوامبری ساڵی ١٩١٤ پاش پەسەندکردنی “تئۆری ئۆپێرمان” لە لایەن قەیسەری ئاڵمانەوە، کە باس لە بهڕێوەبردن و جێ بەجێکردنی سناریۆی جیهاد دەکات، لە شاری ئەستامبوڵ ساڵی ١٩١٤ باڵاترین مەرجەعی دینی و ئایینی ئیمپراتۆری عوسمانی بە پێی فەرمانی سوڵتانی عوسمانی فەتوای جیهادی دژی ڕووس و بریتانیا ڕادەگەیاند. هاوکات لەم فەتوایەدا هەڕەشە لە دوژمنانی ئیمپراتوری عوسمانی و ئاڵمان و ئوتریش(نەمسا) و مەجارستان کراوە کە ڕەوانەی دۆزەخ دەکرێن. ئەم فەتوایە یەکەمین فەتوای ئایینییە کە بۆ مەبەستی سیاسی لە مێژووی نوێی جیهاندا دەرکراوە.”
به پێی وتهکانی کونتسل کۆمەڵێک لە ڕابهرانی مهسیحی ئاڵمان دژی ئیدە وسناریۆی قەیسەری ئاڵمان و تئۆری (ئۆپێرمان) بوون، بەڵام دەنگیان بە هیچ کوێ نەگەیشتووە. دواتر بە پێی ئەم تئۆری و سیاسەتە لە زانستگاکانی ئاڵمان بەشی”زانستی ئیسلامی” دامەزرا و بەوەش ئیسلام گوێزرایهوه بۆناو بازنەی دانشگاکانی ئوروپا. بەڵگەکانی ناو ئەو کتێبە، نیشانی دەدا کە لە سەروبەندی شەڕی جیهانی یەکەم و دووهەم، دەوڵەت و دەزگاکانی ئەمنییەتی و جاسووسی ئاڵمان پێوەندی نزیکیان لە گەڵ مەلاکانی شیعەی ئێران و عێراق و ناوچەکە هەبووە، کە ئەم پێوەندییە دواتریش بەردەوام ماوەتەوە.
دەوڵەتی ئاڵمان بۆ جێ بەجێکردنی فەتوای جیهادی سوڵتانی عوسمانی دژ بە ڕووسیا و بریتانیا و هاندانی موسڵمانانی ئاسیا، میسر، هیندوستان و ئافریقا، پڕۆژەیەکی گەورەی تەبلیغاتی وەڕێخست، دامەزراندنی ڕادیۆ بە زمانی خەڵکانی ئەم وڵاتانە، بڵاوکردنەوەی بە ملیۆن بڵاڤۆک تەنانەت بە زمانی کوردی و بڵاوکردنەوەی لە ڕێگای تەیارەوە، بەشێک لەو پرۆژەیە بوو، کە تا ئەو کات گەورەترین پرۆژەی تەبلیغاتی مێژووی ئاڵمان بوو. خەڵکی بەتەمەنی وڵاتی ئێمە کە شاهیدحاڵی ئەم ڕووداوە بوون، گێڕاویانەتەوە کە تەیارەیەکی ڕەش بە سەر ئاسمانی کوردستاندا سوڕاوەتەوە و نووسراوەی بە زمانی کوردی بڵاوکردۆتەوە. چیرۆکی تەیارە ڕەشەکەی ئاڵمان لە ساڵانی شەڕی یەکەمی جیهانی، ئیشارە بەو ڕووداوەیە.
١٠١ ساڵ لە یەکەمین فەتوای جیهادی ئیسلامی(Med in Germany) تێپەڕیوە، هەر بەوپێیە ١٠١ ساڵ تەجروبە لە وڵاتانی جیهادی درووستکەر، زیاد بووە. ئێستا زیاتر لە دووجینێک گرووپی جیهادیی کە کۆمەڵێکیان ڕۆژئاوایی و کۆمەڵێکی تریان موسڵمانی لە دایکبووی ڕۆژئاوان، لە ئاسیا، میسر، هیندوستان و ئافریقا چالاکن، کە هەموویان بە شێوەیەکی ترسناک پۆشتەن و نوێترین چەک بهکار دههێنن و به مودێرنترین شێوه ڕاهێندراون بۆ تێرۆر و کوشتن و ترس و خۆف بڵاوکردنهوه. هەموویان خۆ وەک دژی ڕۆژئاوا و ڕۆژئاوایی بوون دەنوێنن، بهڵام زۆرترین سوود به سیاسهت و بهرژهوندی وڵاتانی ڕۆژئاوا دهگهێینن. لە هەموو حاڵەت و بە هەر پەیامێک، ئەم گرووپانە چالاکی بنووێنن، نابنە هۆی ڕاوەستانی چەرخی ئابووری، نیزامی، سەنعەتی، ماڵی و مێدیای دەوڵەتانی ڕۆژئاوا و بە پێچەوانە هەتا ئەو گرووپانە ژمارەیان زۆرتر و چالاکیان بەرینتر بێتەوە، چەرخی ماشێنهکانی ئهو سیستمه باشتر دەخولێتەوە و وێرانی و کوشتاری خەڵکانی ئەم ناوچانەی جیهان، زیاتر دهبێ و ڕەونەقی بازاڕی شەڕ دەچێتە سەر و نەوتی ئەو وڵاتانە هەرزانفرۆشتر دەکرێ. فرۆشتنی ئەم بارودۆخە وەک شەڕی دێموکراسی بە خەڵکانی ناوچە و جیهان، جگە لە چەواشەکاری، مانایەکی نییە! لەم شەڕەدا نە مافی مرۆڤ، نە دێموکراسی جێگایان نابێتەوە و هیچکام لهو شهڕانهی که به ناوی دێموکراسی سازدەکرێن، ئاکامی دێموکراسیان لێناکەوێتەوە، ئهوانهش که بۆ بهشداری لهو شهڕانه بانگهشهی دێموکراسی دهکهن، خۆیان بهرههمی شهڕن!
کورد له لایهن وڵاتانی ناوچه و جیهانهوه وهک ههمیشه له دەرەوەی هەموو بازنەکانی سیاسی وهستێندراوه، بهڵام ئێستا کێشراوهته ناو بازنهی شهڕێکی ناوچهیی و جیهانی. تا ئێستا نزیک 1000 پێشمهرگه کوژراون، دهیان ههزارکهس ئاواره و بێ ماڵ و حاڵ کراون، هێزهکانی نیزامی ئێران و تورکیا و وڵاتانی ڕۆژئاوا خزاونهته ناو کوردستان، جگه له کورد وڵاتانی ئێران و تورکیا و دهوڵهتانی ڕۆژئاوا، ڕازی دەنوێنن. کورد که دەبوو شەڕی خۆی بکات، وەک وهزیری بهرگری ئاڵمان له سهردانهکهی بۆ باشووری کوردستان درکاندی:” پێشمهرگهی کورد بۆ بهرگری له ئێمه شهڕ دهکهن”. گهلۆ پهیامی قهیسهری ئاڵمان، تازه گهیشتۆته کوردستان؟!
برایم فەڕشی
ژانویەی ٢٠١٥