داعش داوای هونەرمەند هۆزان ئالین لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکات.

دوای هێرش و ڕاودوونان و کوشتاری بێ‌بەزەییانەی تیرۆریستانی داعش و هێرش بۆ سەر ناوچە جۆراوجۆرەکانی کوردستان و بەرگری قارەمانانەی کوڕان و کچان و پێشمەرگەکانی کوردستان، کۆمەڵێک لە هونەرمەندانی کورد و غەیرە کورد لە وەسفی قارەمانەتی و لەخۆبردوویی کچان و کوڕان و پێشمەرگەی کوردستان گۆرانی و سروودیان چری و یا بە نووسین و هۆنراوە و پەخشان هەستی خۆیان دەربری.
یەکێک لەو کەسانەی کە سروودی بۆ پێشمەرگە و شەرڤانی کورد چرێوە خاتوو هۆزان ئالین کچە هونەرمەندی ڕۆژئاوای کوردستانە کە ئێستا لە وڵاتی ئاڵمان نیشتەجی‌یە. ئەو خاتوونە چەندین گۆرانی و کلیپی جۆراوجۆری هەن، لە ماوەی شەڕی نێوان داعش و پێشمەرگەدا خاتوو هۆزان ئالین دوو سروودی تایبەت بە پێشمەرگەی چریون و بە دروست کردنی ئەو کلیپە خاتوو هۆزان ئالین زیاتر لە کوردستان ناسراو و هاوکات لە لایەن خەڵکەوە پێشوازی چاک لەو دوو کلیپەی ناوبراو کراوە. دوای بڵاو بوونەوەی ئەو کلیپ و سروودانە داعش داوای لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان کردووە کە ئەگەر هۆزان ئالین ڕادەستی ئەوان بکات، داعش هەموو ئەو پێشمەرگانەی لە لای ئەوان بە دیل گیراون ئازاد دەکات.
دوای بڵاو بوونەوەی ئەو هەواڵە خاتوو هۆزان ئالین گووتی: لە هەڕەشەکانی داعش و تیرۆریستان ناترسم و هەوڵ دەدەم کە مانگانە و بە پێی توانا گۆرانی و سروود بۆ پێشمەرگە بڵێم و هەرشەی ئەوان ناتوانێ پێش بە کارە هونەریەکان و خەباتم بگرێ. خاتوو هۆزان ئالین گووتی: هاوکات هەوڵ دەدەم کە قارەمانەتی و هێرش و بوێری پێشمەرگە بکەمە هەوێنی کار و کلیپە نوێیەکانم و بەم شێوەیە منیش بەرگری لە کەسایەتی خەڵک کورد و پێشمەرگەی کوردستان دەکەم.
لە ماوەی دەستپێکی شەڕی داعش و هێرش بۆ سەر گوند و شارەکانی کوردستان، هونەرمەندانی کورد بە دەیان سروود و گۆرانیان لە سەر لەخۆبردوویی و گیان فیدایی پێشمەرگەکانی کوردستان چریوە، بابەت نووس و شاعێران بە دەیان بابەت و هۆنراوە و پەخشانیان نووسیوە و هۆنیوەتەوە، مامۆستایانی ئایینی چەندین وتاریان لە مزگەوت و شوێنە گشتی‌یەکان خوێندۆتەوە و میدیاکانی کوردستان بە دژی داعش دەیان بەرنامە و راپۆرت و هەواڵیان بڵاو کردۆتەوە، ئەوانە هەموویان لە وەسفی پێشمەرگە و هەیبەتی پێشمەرگە و خۆراگری کوڕان و کچانی کورد و دایکانی جەرگ سووتاو و منداڵانی بێ باوک و شەهیدانی ئەو قۆناخەی بەرگری بڵاو کراونەوە کە جێگای دەستخۆشی و جێگای پێزانینە و لە کۆیتایی دا ئاواتی سەرکەوتن بۆ هەموو ئەو کەسانەی کە کەیانی کورد دەپارێزن دەخوازم.
بژی پێشمەرگە، بژی ئازادی و بمرن دوژمنانی ئازادی