بەڕێز: کۆمیسیۆنی باڵای نەتەوەیەکگرتوکان/ ڕێکخراوی UNHCR و نووسینگەی یۆنامی لە هەریمی کوردستان

بابەت / داواکاری
بەرێزان، ئێمەی ئاوارە و پەنابەرانی ئێرانی ( ڕۆژهەڵاتی کوردستان) کە لە ماوەی چوار دەیەی ڕابردوودا لە لایەن ڕێژیمی دیکتاتۆر و تیرۆریستی ئێرانەوە، لە وڵات و زێدی خۆمان دەرکراوین و بە ناچاری لە کەمپ و شارە جیاجیاکانی باشووری کوردستان نیشتەجێ بووین. هاوکات لە ماوەی ئەو چڵ ساڵەدا بەهۆی ڕاوەدوونان و کردەوەی تیرۆریستی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران، دەیان جار کەوتوینە بەر هێرشی تیرۆر، تۆپباران، ژەهرخواردوو کردن، مووشەکباران و تەقینەوە و، بەم هۆیەوە سەدان کەسمان لە قولایی خاکی عێڕاق و باشووری کوردستاندا شەهید کراون و ئێستاش ئاسەواری برینی کۆن و نوێ و هەروەها شوێنەواری دەروونی ئەو تیرۆرانە بە جەستە و دەروونمانەوە دیارن.
سەرەرای ئەم بارودۆخە نالەبارە، لە عێراق و هەرێمی کوردستانیش، لە سەرەتایی ترین مافی ژیانی وەک هاوڵاتییەکی ئاسایی بێبەشین و دەیان کێشەی ئیداری و ژیان، تەنگی بە ئێمە هەڵچنیوە و لە بارودۆخێکی خراپدا دەژین. بۆیە ئێمە پەنابەرانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئەمرۆ لە بەردەم نوێنەرایەتی کۆمیسیۆنی باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان لە هەرێمی کوردستان کۆبووینەتەوە و داخوازیەکانمان لە نۆ خاڵدا پێشکێشی ئێوەی بەڕێز دەکەین و هیواخوازین لە لایەن خۆتانە وە هەوڵ و هەنگاوی جیدی و بەپەلە بۆ چارەسەرکردنی ئەو داوکارییە ڕەوایانەمان بۆ بدرێت.
داواکارییەکانمان بریتین لە:
١ – لەیەک جیاکردنەوەی کەیسی پەناخوازان و پەنابەرانی سیاسی لە گەڵ پەناخوازانی کۆمەڵایەتی کە هاتوونەتە هەرێمی کوردستان و هاتوچووی ئێران دەکەن.
٢- یەک لاکردنەوەی کەیسی پەناخوازانی سیاسی کە بە پێی یاسای UNHCR دەبێ لە ماوەی نێوان سێ تا شەش مانگدا چارەنووسیان بۆ وەرگیران بە پەنابەری سیاسی یەک لا بکرێت .
٣ -پێداچوونەوە بە مکانیزمی دابەشکردنی یارمەتییە مرۆییەکان و ڕێکخستنی سیستەمێکی دادپەروەرانە و بێ فەرق و جیاوازی کە پێوەری دیاریکراوی هەبێت . بەداخەوە لەم پەیوەندییەدا تا ئێستا هیچ دادپەروەرییەک ڕەچاو نەکراوە و بەشی زۆری پەنابەران لە وەرگرتنی یارمەتی مانگانە و پارەی تەرخانکراو بۆ سووتەمەنی بێ بەشن.
٤ -چارەسەرکردنی کێشەی فۆڕمی خۆراک بۆ ئەو کەسانەی ئیقامەی هەرێمی کوردستانیان هەیە.
٥- چارەسەرکردنی کێشەی پەنابەرانی نەخۆش و کەمئەندام، بەتایبەتی ئەو نەخۆشانەی کە نەخۆشیی دڕێژماوەیان هەیە و توانای ماددیان نییە.
٦- دابین کردنی دەرمان و پێداویستییە پزیشکی و مرۆڤییەکان بۆ بنکە تەندروستییەکان لە کەمپەکانی پەنابەرانی رۆژهەڵات .
٧- چارەسەری کێشەی ئیقامە بۆ ئەوانەی کە بە پاسپۆرت هاتوونەتە هەرێمی کوردستان و توانای دابینکردنی ڕسووماتی نشینگەیان نییە .
٨- چارەسەری کێشەی خۆێندن بۆ خۆیندکاران و قوتابیانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و دابینکردنی برە یارمەتییەکی مانگانە بۆیان، بەتایبەتی ئەوانەی کە دوای تەواوکردنی قۆناخی زانکۆ، بە هۆی پێنەبوونی بەڵگەنامەی باری کەسایەتی عێراقی، شەهادەیان نادرێتێ و دانامەزرێندرێن .
٩ -ڕەخساندنی هەلی کار بۆ ئەو پەنابەرانەی کە هیچ پیشەیەکیان نیە و توانای دابینکردنی بژیوی ژیانیان نیە .
لە لایەن ئەنجومەنەکانی پەنابەرانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، نیشتەجێی هەرێمی کوردستان
دووشەممە ڕێکەوتی ١٨-٠١-٢٠٢١