گۆڕانکاری لە ڕۆژهەڵاتی ناوین. جەماڵ عەڵیاڵی
دوو ڕۆژ لەمەوبەر هێزەکانی ئاسمانی سعوودیا هێرشیان کردە سەر حەوسییەکانی یەمەن. ئەو گرووپە لە لایەن ئێرانەوە دامەزراوەو پشتیوانی لێ دەکرێ. هێزەکانی ئێرانی هەر ئێستا لە ناو حەوسییەکاندا هەن و ئەو وڵاتە بە موڵکی خۆیان دەزانن هەر وەکی لوبنان و عێراق بە موڵکی خۆیان دەزانن. کۆمکاری عەرەبی کۆبوونەوەیەکی خێرای لە سەر بابەتەکە پێکهێنا، یەک لە بڕیارەکانی ئەو کۆبوونەوەیە پێکهێنانی هێزێکی سوپایی هاوبەشی عەرەبییە. گرینگی ئەو بڕیارە لەوەدایە کە ئەوە یەکەمجارە کۆمکاری عەرەبی بێ یێک و دوو ئەو بڕیارە دەگرێ و سەرکۆی کۆبوونەوەکە لە لایەن وڵاتانی ڕۆژئاواوە پشتیوانی لێدەکرێ. ئەو ئاڵووگۆڕە کتوپڕە گوزارە لە گۆڕانکاری لە هاوکێشەکانی سیاسی ناوچەکەدەدات بەڵام ئەو گۆڕانکارییانە چ خێرێکی بۆ کورد و کوردستانیان دەبێت ئەوە ئیتر بابەتێکە کە پێویستی بە شڕۆڤە هەیە. بۆ ئەو مەبەستە و لە ڕێگەی ئەو نووسراوەیە هەوڵی نووسەر ئەوەیە کە تیشک بخاتە سەر گەڕێکی گرینگ کە دەتوانێ لە دەستی نەتەوەی کورددابێت.
ئێران ماوەیەک لەمەوبەر دەستی پێکرد بە نەرمی نواندن لە مەڕ کێشەی وزەی ناوکی لە دانیشتنەکاندا دەگەل زڵهێزەکان. ئەوە بوو بە هۆکاری کات کڕینەوە بۆ ئەوەی کە کێشەی یەمەن بەرەو ئاراستەیەکیتر هان بدات. ئەو سیاسەتە سعوودییەکانی وەخەبەر هێنا و ئاکامی هێرشی ئەوانی بۆ سەر پێگەی حەوسییەکان لێکەوتەوە. ئێران تەنگاو بوو، لە ڕۆژی یەکەمدا سێ جار بە فەرمی داوای ڕاگرتنی هێرشەکانی کرد کەواتە ئەوە خاڵی لاوازی ئێرانە. تورکیا لە هەر دوو بەری جۆگەکە دەخوات، لە کاتێکدا کە ئیخوانوالموسلمین پشتیوانی لە هێرشەکەی سعوودیا کرد. لێکدانەوەیەک دەتوانێ ئەوە بێت کە هەل و مەرجی نۆێ ڕەنگە ببێتە بە ئیمکانێک بۆ نزیکبوونەوەی ئێران و تورکیا. ئەوکات تەواوی هاوکێشەکانی ناوبەین هێزەکانی کوردی تێکدەچێت و بە کوردی دەبێتە بە چێشتی مجێوری. پرسیار ئەوەی ئایا هێزەکانی کوردی چ پڕۆگرامێکیان بۆ ئەو ئاڵووگۆڕە هەیە؟
هێڕشی سعوودیا بۆ سەر حەوسییەکانی یەمەن دەتوانێ دەرفەتێکی زۆر باش بۆ کورد و کوردستانیان بخووڵقێنێ ئەگەر بێتو هێزەکانی سیاسی لەو دەرفەتە تێبگەن و بتوانن بە هاوئاهەنگی بیقۆزنەوە. دەڵێن سیاسەت هونەری مومکیناتە، هونەری “پێکهێنان و سازدانی گشت شتێک لە هیچە”، با بزانین ئەو وتەیە ڕاستە؟ بەر لە ئەوە، با بزانین کورد و کوردستانیان دەتوانن ئەو وتەیە بۆ جارێکتر بسەلمێنن؟ بە هیوای ڕۆژانێکی خۆشتر بۆ کورد و کوردستانیان.
جەماڵی عەڵیاڵی