نهێنییەكانی پشت 3 ساڵ رفاندنی مەولوود ئافەند. هاوار بازیان

بوو بە 3 ساڵ كە رۆژنامەنووس مەولوود ئافەند لە هەرێمی كوردستان بێ سەروشوێنە. خەریكە سەرجەم گومانەكان لە یەك راستیدا كۆ دەبنەوە كە ئەویش هەمان رفاندنی ئافەند و رادەستكردنی بە پیاوانی كۆماری ئیسلامی لە هەرێمی كوردستانە كە هەر لە رۆژانی یەكەمی رووداوەكانەوە “لەژێر ئەشكەنجەی هێزە ئەمنییەكانی ئێرانیدا گیانی لەدەست دا”بی. رووداوەكان بەجۆرێك خێرا بوون كە رفێنەرانی ئەو رۆژنامەنووسە تەنانەت مەبەستی سەرەكیی خۆیان لەو رفاندنە نەپێكا كە هەمان بەكارهێنانی ئافەند و بەتاڵكردنی زانیاریییەكانی بوو! كۆمەڵێك نهێنی هەن كە لێرەدا بە روون و كورتی باس دەكرێن تا هەندێكی راستی دیكەمان بۆ ئاشكرا بن.
1. زیاتر لە 10 مانگ پێش رووداوی دیارنەمانی ئافەند، كۆماری ئیسلامی لە رێگەی یەكێتیی نیشتمانی كوردستانەوە دەزگای ئیسرائیل-كوردی ئاگادار كردەوە كە ئەگەر ئەو ناوەندە واز لە بڵاوكردنەوەی گۆڤار و چالاكییەكانی تریان بێنن، “باشترین خەڵاتی مادی و مەعنەویان پێشكێش دەكرێ كە پێشتر بۆ كەس نەكرابی”. بەواتایەكی تر بەرامبەر ئەو خەڵاتە، ئەو پەیامەش بە بەڕێوەبەرانی دەزگاكە گەیشت كە ئەگەر واز نەهێنن، “خراپترین سزایان دەدرێ”. وەك بینیمان 12 ژمارە واتە یەكساڵ بەسەر ئەو هەڕەشەیەی ئێراندا تێپەڕی و گۆڤاری ئیسرائیل-كورد یەكسەر كۆماری ئیسلامی دڵنیا كردەوە كە واز ناهێنێ. ئەو ركابەری و كێشەیە بەردەوام بوو و تا رادەیەكی باش پارتی دیموكرات حەزی بە بوونی “سەر ئێشەیەك بۆ كۆماری ئیسلامی” دەكرد. ئەگەر تێبینیمان كردبێ ئەو گۆڤارە هەرچەندە لە هەولێر دەردەچوو، بەڵام پرسەكەی كەوتبووە نێوان یەكێتی و كۆماری ئیسلامی، هەروەك چۆن لایەنی ئێرانی لە رێگەی نازم دەباغ نوێنەری هەرێم لە تاران بەڕەسمی داوایان لە د. بەرهەم ساڵح سەرۆكوەزیرانی ئەوكاتی هەرێم كرد ئەو گۆڤارە رابگرن كە هەریەك لە دەباغ و ساڵح سەر بە بەدەسەڵاتی یەكێتین، ئەوە جگە لە هەوڵە ژێربەژێرەكانی تری یەكێتی.
2. جیاوازی مەولوود ئافەند لەگەڵ سەرجەم رۆژنامەنووسانی دیكەی نەیاری كۆماری ئیسلامی لە باشوور تەنیا یەك شت بوو! مەولوود زانیاری باشی لەلا بوو و ئێران پێیوابوو ئافەند و بەڕێوەبەرانی ئیسرائیل-كورد “زانیاری وردیان لەبارەی بوون و چالاكییەكانی ئیسرائیل لە كوردستان و تەنانەت پەیوەندیی ئەو وڵاتەی نەیاری ئێران لەگەڵ حیزب و كوردانی رۆژهەڵاتیدا هەیە”. ئەو بۆچوونەی كۆماری ئیسلامی هاندەرێكی باش بوو تا دوو شت بكەن: یان مەولوود و گۆڤارەكە بخەنە ژێر ركێفی خۆیان و نەك هەر كۆنترۆڵی بكەن، بەڵكوو ئەوجار ئەوانیش بەخواستی خۆیان یاریی پێبكەن. دووەم ئەوەی ئەگەر گۆڤارەكە خۆی بەدەستەوە نەدا و حكوومەتیش هیچی نەكرد یان بۆی نەكرا، ئەوە كۆماری ئیسلامی بەدەست و پێوەندەكانی خۆی راستەوخۆ دەزگا و گۆڤارەكە نابوود بكا! وەك دیار بوو پیلانی دووەم سەری گرت.
3. بەپێی زانیاری زۆر ورد و باوەرپێكراو، كۆماری ئیسلامی لە رفاندنی مەولوود ئافەنددا دوو مەبەستی سەرەكی هەبوو كە یەكەمیانی زۆر باش پێكا، ئەویش ریشەكێشكردنی دەزگای ئیسرائیل-كورد بە گۆڤار و هەموو شتێكەوەی بوو. لایەنی ئێرانی بەنیاز بوو تێچوویەكی زۆر هەم لە زەمەن و هەمیش لە رووی مادی بۆ ئەو مەبەستەی تەرخان بكا، بەڵام وەك دەركەوتووە بەهۆی چەند كەسێك و نێزیك كردنەوەیان لە دەزگای ئیسرائیل-كوردەوە زۆر بە ئاسانی هەم دەزگاكە نابود كرا و هەم بەڕێوەبەرانی دەزگاكە پەرتەوازە بوون و لەنێوانیاندا بە پیلانێكی زۆر سادە مەولوود ئافەندیش بێ سەروشوێن كرا. لە هەمووى سەیرتر پێكهاتەی “دۆستانی نێزیكی مەولوود” بوون كە دواتر دەركەوت بەشێكی زۆریان هەر كوردی رۆژهەڵاتی بوون و بەشەكەی دیكەش سەر بە دەزگا هەواڵگرییەكانی كوردی و ناكوردی بوون كە ماوەیەكی زۆر بوو بەمەبەست دەوری مەولوود و دەزگایان گرتبوو.
4. وەك باس كرا ئامانجی یەكەم لە نابودكردنی گۆڤار و دەزگای ئیسرائیل-كورد خێرا و بێدەنگ سەری گرت، بەڵام مەبەستی دووەمی كۆماری ئیسلامی سەری نەگرت كە بۆ ئەو وڵاتە زۆر گرینگ بوو. پاش رووداوەكانی كوژرانی زانایانی ئەتۆمی لە ئێران و تۆمەتباركردنی ئیسرائیل بەو كارە، ئێران تینووی ئەوە بوو هێزی تۆڵەی خۆی بە ناوچەكە و توانای ئەمنیی خۆی بە دۆست و دوژمنانی لە دەرەوە و ناوەخۆی وڵاتیش پیشان بدا. ئەویش بە بەستنەوەی گۆڤاری ئیسرائیل-كورد بەو رووداوانە و گرتن و هێنانی كەسێكی وەك مەولوود ئافەند كە بەرپرسێكی باڵا لە دەزگایەك بەناوی ئیسرائیل-كورد بوو. پیلانەكەی ئێران كە بەداخەوە هێزە ئەمنییەكانی یەكێتی تێیدا بەشدار كران ئەوە بوو پاش هێنانی مەولوود ئافەند بتوانن سەرجەم زانیارییەكانی پەیوەست بە ئیسرائیل لە كوردستان و چالاكییەكانی لێوەربگرن و دواتریش وەك كەرەستەیەكی خاوی سیاسی بە دانپێدانانی زۆرەملێ كە رۆژانە لە ئێران لەگەڵ گیراوان دەكرێ، لایەنی ئێرانی ئافەند ناچار بكا بەپێی ویستی وەزارەتی ئیتلاعات قسە بكا و فەزایەكی باشی میدیایی پێ داگیر بكەن، بەڵام ئەو بەشە لە پیلانەكە سەری نەگرت و مەولوود بەر لە بەتاڵبوونەوەی زانیارییەكانی لەدەست چوو!
5. مەولوود زیندووە یان نا؟ وەڵامی ئەو پرسیارە بە گێرانەوەی سەرچاوەیەكی باڵا و ئەمنی لە ئاژانسی پاراستنی كوردستان دەسپێرم كە دواجار بە كەمپینی بەهاناچوونی مەولوود ئافەندی راگەیاند: مەولوود بۆ چەند سەعاتێك ( 5-6 سەعات پاش رفاندنەكەی) لە ماڵی بەپرسێكی باڵای یەكێتیی نیشتمانی راگیراوە تا ئەوەی خێرا رەوانەی زیندانێكی تایبەتی هێزەكانی زانیاری لە سلێمانی كراوە. رۆژی دواتر هێزێكی ئەمنی ئێران تایبەت بە لێكۆڵینەوە گەیشتوونەتە لای مەولوود و بەر لەوەی دەست بە لێكۆڵینەوەی بكرێ، زۆر بە نەرمی لەگەڵیدا هەڵسوكەوتیان كردووە، بەشێوەیەك كە بەڵێنی زۆر گەورەشی پێدراوە ئەگەر هاوكار بی، بەڵام پاش ئەوەی مەولوود بە خواستی ئەوان رەفتاری نەكردووە و قسەی رەقی كردوون، زیاتر لە 2 رۆژ بە دڕندانەترین شێوە ئەشكەنجە دراوە و هەر لە رۆژەكانی سەرەتای رووداوەكەدا ” مەولوود ئافەند لای هێزەكانی یەكێتیی نیشتمانی لە سلێمانی لەژێر شكەنجەدا گیانی لەدەست داوە”. ئەو گومانە راستە تا ئەو رۆژەی دەسەڵاتێك یان لایەنێكی دادوەری و ئەمنی بە بەڵگە رەتی دەكاتەوە یان شتێكی پێچەوانەی ئەوە بۆ هەمووان دەسەلمێنێ و سەفەری بێ گەڕانەوەی ئەو رۆژنامەنووسە نەیارەی ئێران بۆ سلێمانی بۆ رای گشتی روون بكاتەوە.
بنەماڵەی مەولوود ئافەند و بەتایبەت دایكی ئافەند لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا لەگەڵ كەمپەینی مەولووددا دەستی هاوكاری بۆ هەموو كوردێك درێژ دەكەن كە هەواڵی كوژران یان زیندوومانی كوڕەكەیان بۆ یەكلا بكەنەوە كە 3 ساڵە بێ سەروشوێنە، بەڵام كێ خۆی بەرپرس دەزانێ؟
6. دەرنەكەوتنی مەولوود پاش 3 ساڵ لە بێ سەروشوێنكرانی، گومانی ناخۆشمان بۆ پشتراست دەكاتەوە. كۆماری ئیسلامی لە ماوەی رابردوودا پێویستییەكی زۆری بە وەرگرتنی دانپێدانان لە كەسێكی وەك مەولوود ئافەند لە دەزگای ئیسرائیل-كورد هەبوو تا چەند شەڕێكی پێ بكا. ئێران بەنیاز بوو مەولوود لە دانپێدانانێكی تەلەڤزیۆنیدا بڵێ: پارتی دیموكراتی كوردستان پشتگیریی ئێمەی دەكرد تا بە درووستكردنی پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل بتوانین سەرئێشەیەك بۆ ئێران درووست بكەین و تەحەددایەك بین لە كوردستان، جگە لەوەی پردی پەیوەندیش بووین لەنێوان هەر حیزب و كەسێكی رۆژهەڵاتی و ئێرانی كە حەزی بەكار و چالاكی لەگەڵ ئیسرائیلدا دەكرد!
ئێران بەدوای ئەو قسانەوە بوو تا هەموومان بە دەمی مەولوود ئافەندەوە بیبیسین، كە لە راستیدا هیچیان وا نەبوون و ئەساسیان نییە و نەبووە.
7. هەر لە یەكەم رۆژانی ئەو رووداوە وەك بەڕێوەبەرانی كەمپینی بەهاناچوونی مەولوودەوە پەیوەندیمان بە دەزگا ئەمنییەكان لەوانە راستەوخۆ سەرۆكی دەزگای زانیاری-یەكێتی و بەرپرسانی باڵای ئاژانسی پاراستنەوە كرد، بەڵام بەكورتی لەو هەمووە هێنان و بردنەدا لە هەركامیان تەنیا یەك وەڵاممان وەرگرتەوە:
لە دەزگای زانیاری و هێزە ئەمنییەكانی یەكێتی بەگشتی تێگەیشتین كە ئەوان هەرجۆر باسی ئەو رووداوە بكەن دەبێ دژی خۆیان قسە بكەن، بۆیە بە بێدەنگبوون و حاشاكردن و قسەنەكردن لەسەر ئەو بابەتە زۆر بە سووك و ئاسانی خۆیان لێ دەبوارد. چونكە مەولوود لە شاری سلێمانی و بە رۆژی رووناك بەبەرچاوی دەیان كامێرای شاراوەی شاردا رفێنراو، كەچی هێزە ئەمنییەكانی ئەو شارە دەڵێن “ئاگامان لە هیچ نەبووە و نییە و هیچ رووی نەداوە”.
لەبارەی ئاژانسی پاراستن- پارتی، سەرەتا بەڵێنێكی زۆری هاوكاری بە كەمپینەكە درا، بەڵام دواتر لەسەرخۆ كۆتایی بەهەموو شتێك هات و تێگەیشتین كە پاراستنی پارتی زیاتر خۆی بەرپرس دەزانێ لە دەزگای زانیاری و یەكێتیی هاوپەیمانی! ئەگینا دڵنیا بووین و ئێستەش دڵنیاین ئاژانسی پاراستن زۆر لەوانە وریاترە و ئاگاداری سەرلەبەری رووداوەكە بووە بە بەڵگەوەش. ئەو خۆی دزینەوەی پارتی و پاراستن هاوكات بوو لەگەڵ ئەوەی كەمپینی مەولوود ئافەند لە نامەیەكدا كە ئیمزای 208 كەسایەتی و رۆژنامەنووسی لەسەر بوو داوای لە مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان كرد لە رووداوەكەوە بكۆڵێتەوە و بێدەنگ نەبی، بەڵام وەڵامی ئەو داوایە تا ئێستەش هەر بێدەنگییە!
بەكورتی
ئەو رۆژەی مەولوود ئافەند دەستی رفاندنی بۆ درێژ كرا و بێ سەروشوێن كرا (2012.6.8)، ئیقامەی سیاسیی ئاسایشی گشتیی حكوومەتی هەرێمی كوردستانی لە گیرفانیدا بوو، بۆیە نەك پاش 3 ساڵ، بگرە پاش دەیان ساڵی دیكەش هەر ئەو حكوومەتە بە پارتی و یەكێتییەوە دەبێ وەڵامی بزربوونی ئەو نەیارەی كۆماری ئیسلامی لەسەر خاكی خۆیان بدەنەوە و كەیسی مەولوود ئافەند هەروا بە كراوەیی دەمێنێتەوە و فەرامۆش ناكرێ.
سەرچاوەی پەیوەست:
http://penusakan.com/gshty/babaty-halbzharda/8087-2012-09-16-19-41-41.html
http://www.kurdpa.net/index.php?besh=dreje&id=8752
http://www.awene.com/opinion/2014/06/04/32870
https://www.youtube.com/watch?v=Ca3F6s-KRl8