“زه‌ماوه‌ند” ڕ۰پ۰چه‌کۆ

ئێواره‌یه‌کی ئارام پۆلێک پێشمه‌رگه‌ی باڵنده‌، به‌ په‌له‌ خۆیان به‌ گوند داکرد. وه‌ک بریسکه‌ له‌ ناو خه‌ڵک دا بڵاو بۆوه‌ که‌ “شاناز”یشیان ده‌گه‌ڵه‌. شه‌پۆله‌کانی گه‌ڕانه‌وه‌ی شاناز مامۆستای قوتابخانه‌شی ڕاچڵه‌کاند.

مامۆستا ئه‌و ڕۆژه‌ پڕ له‌ هه‌ڵپه‌ڕین و گریانه‌ی هاته‌وه‌ بیر که‌ شاناز چۆن گوازرایه‌وه‌و چۆنیش وه‌سه‌ر ماڵی بابیان کرده‌وه‌. زایه‌ڵه‌ی ئه‌و ته‌وس و توانجانه‌ ده‌ گوێی دا ده‌زرینگایه‌وه‌ که‌ به‌ شانازیان ده‌گوت:
….. که وات ده‌زانی بۆ مێردت ده‌کرد… ده‌کرد…!
….. کچ نه‌بی و له‌ ڕوشت بێ… بێ…!
…. گۆڕی گیانت بێ… بێ…!
شانازکچێکی ده‌م به‌ پێکه‌نین و ڕوو خۆش بوو۰ده‌ست ڕه‌نگین و کار جوان.
مامۆستای قوتابخانه‌ کوڕێکی سوورکاره‌ی به‌خۆوه‌ بوو. زۆر حه‌زی له‌ ڕاو و شکار بوو. جار و بار دوور له‌ چاوی ئاوه‌دانی قه‌بره‌ کۆنه‌کانی دپشکنین و شوێنه‌ مێژویه‌کانی هه‌ڵده‌دانه‌وه‌.
مامۆستا نێوانی ده‌گه‌ڵ مام باییز باوکی شاناز زۆر خۆش بوو.مام باییز ته‌نیا “شاناز”ی هه‌بوو ئه‌ویش له‌ ته‌مه‌نی خوێندن دا نه‌مابوو.خه‌ڵکی به‌ چاوێکی تر له‌ هه‌ڵسوو که‌وته‌کانی مامۆستایان ده‌ڕوانی.
پێشمه‌رگه‌کان هێشتا نه‌حه‌سابوونه‌وه‌ که‌ خۆیان پێچایه‌وه‌! به‌ڵام شاناز دیار نه‌بوو!
فه‌رمانده‌ی توڕه‌ لێکدا لێکدا به‌ بێسیمه‌که‌ی به‌زمانی خۆی قسه‌ی ده‌کرد.
یه‌ک یه‌ک و دوو دوو له‌ گوند وه‌ده‌ر که‌وتن.
هێشتا گوند ئاخر پێشمه‌رگه‌ی به‌ڕێ نه‌کرد بوو که‌ شاناز و مامۆستا به‌ په‌له‌ گوندیان به‌سه‌ر خه‌ڵک و خوا دا به‌جێهێشت.