مرۆڤە بچوکەکان … !!! . حەمید عەزیز

عەشق بەدڵ و جوانی بەچاوو مرۆڤە ناسکەکان بەویژدان و خودا بەعەقڵ ئەدۆزینەوە ئەمە پرۆسەی بیرو هزری هێمنانەی مرۆڤە گەورەکانە لەئەندێشەو بیرو تێڕاماندا … !!!! .

ئەو کەسەی حەزی پێ نەکردی و بەبێ هۆ پەیوەندی لەگەڵدا پچڕاندی بەدڵنیابەوە کێشەکە لای ئەوەو خۆی لەئاستی تۆدا نابینێتەوە . ئەوەی لەژیانی ڕۆژانەتدا دەیبینیت و بێ ڕێزیت پێ دەکات و ئازارت دەدات ئەوە هەست بەکەمیی کردنی خۆیەتی و هیچ نیگەران مەبەو پەیوەندی ڕاستەوخۆو ناڕاستەوخۆی بەتۆوە نی یە .
ئەو کەسەی تۆو دنیاو ژیان و خۆشەویستی بەڕەش دەبینێت لەڕۆحی خۆیەوە تەماشا دەکات و ناو هەناوی جیهانێکە لەوێرانەو کەلاوەیەکە لەدڵ ڕەشی و پێکهاتەی مەعدەنێکی ژەنگ هەڵگرتوە لە بونەوەرێکی بچوکی عەقڵ و ماڵ پەرەستی .
مرۆڤە ژیرو هێمن و هۆشمەندەکان ئاژەڵ و دارو درەخت و بێگیانەکانیشیان خۆش دەوێت بۆیە ئەگەنە دنیای عەشق و ژیان پەرەستی و عاشق بوون و بەدەست هێنانی ئەو ژیانە جوان و پاراوو سادەیەی کەلێوان لێو بەختەوەری یە .
عەشق بەدڵ و جوانی بەچاوو دەنگی مرۆڤە ناسکەکان بەویژدان و خودا بەعەقڵ ئەدۆزینەوە بۆیە هەردوکیان هیوای گەورەن لەژیانی مرۆڤەکاندا بەردەوامی و بەختەوەری و ڕوباری پاکژیی بوون و مرۆڤبوونیی لەم ڕێگەیەوە پەیدا دەبێت ، کەعەشقی خودا بوویت واتای وایە مرۆڤەکانیشیت خۆش دەوێت و ئەگەر عەشقی مرۆڤیش بیت بەهەمان شێوە عەشقی خودا دەبیت کەمرۆڤەکانی چەندە بەجوانی دروست کردون ئەگەر خۆیان نابوت و ناشرین نەکەن بەدەستی خۆیان بۆیە ئەوەی واتایەک بەژیان و بونمان دەدات هەم خۆشەویستی مرۆڤ و هەم خۆشەویستی و بونی خودای تاقانەیە کەهیوا بەخش و هەموو ساتەکانی ژیانی مرۆڤایەتی هیوادارو ڕۆشنتر دەکاتەوە کەهەموو بەگەشبینی یەکی زۆرەوە بەرەو ڕوی دەچین و ژیانمان زیاتر خۆش دەوێت و خودای خۆشەویستی و عەشق و پێکەوە ژیان پەی پێ دەبەین … !!! .
بەدرێژایی هەزاران ساڵە ئاینەکان بەهەڵەو دیندارەکان بەهەڵەی گەورەتر پەروەردەیان کردوین بۆیە هەتا دێت نەوەی نوێ و گەنجەکان دوردەبن لەئاینەکان و کتێبە ئاسمانی یەکان و ماڵی خودا . هەمیشە ئێمەی مرۆڤ کەناوی ئاین و خودا دێتە پێشمان خۆفێک و ڕاچڵەکینێک لەگیانماندا دروست دەبێت کەئەویش کاری دیندارەکانە لەمنداڵی یەوە درۆو خورافات و ترسیان لەناو هەناوماندا ڕواندوە بۆیە لەڕاستیدا ئێمەی ئادەمیزاد نابێت لەخوداوەندی تاقانە بترسین دەبێت خودامان خۆش بوێت بۆ ئەوەی عەشقی بین بەدڵنیایی یەوە ئەگەر لەهەر شتێک ترسایت عەشقی نابیت …. !!!! .
عەشق واتایەک بەژیان دەدات ئەگەر مرۆڤەکان عەشقی مرۆڤ و خاک و خودا نەبن ژیانیان واتایەکی نابێت هەمیشە هەناسەکان ساردوسڕن بێ عەشق بونەکان بێ واتان بێ عەشق ژیان تاریک و نابوتە ئەو عەشقانەی کەمرۆڤەکان خۆشحاڵتر دەکات لەنەنگی و ئازارو بێ تاقەتی عەشقی ئادەمیزادەکان خۆیان بۆ خۆیان و خۆیان بۆ خاک و خۆیان بۆ نەتەوەو خۆیان بۆ خودای تاقانە بەرهەمێکی ناوازەی جوان و ناسکە لەچاندنی تەمەن و دورینەوەی ژیان .
وشەی تاڵ و بیری سەقەت و دڵی ڕەش و هەناوی تاریک ماڵی کەسە داڕماوو دۆڕاوو ناسروشتیەکانن بۆیە ئەم جۆرە کەس و هەست و نەستە ناڕێکانەی بەناو لەژیاندا عەشق و ژیان و خۆشەویستی دەمرێنێت ، نائاستی و بێ دەربەستی و ڕەفتاری بازاڕیانەی ئادەمیزاد نەگبەتی و دڵ شکانی پێوەیە . هەر ئەو کەسەی بێ منەتی خۆی ڕادەگەیەنێت لەخۆشەویستی و عەشق و پێکەوە ژیانی تۆ سبەینێ پێویستی پێتەو کاری بەیارمەتی و دڵ نەوایی تۆیە هەربۆیە ئێمەی مرۆڤ ئەگەر ناخۆشیمان بوو بەشی ئاشبونەوەی تیابێڵینەوەو خۆشیشمان بوو بەشی ناخۆشی و تێکچونی تیا بهێڵینەوە بۆیە نەئەوەندە رق و کینەت لەبەرامبەربێت کەهەناسەی بتکوژێت و نەئەوەندەش بەرامبەرت خۆش بوێت کەلەدوای نەمانی ئەو خۆت بمریت ، ئەمانە پێچەوانە بکەرەوە خۆشبەختی بەدەست دەهێنیت جوانی دەدوریتەوە کاتێک عەشق و خۆشەویستی دەچێنیت ژیان و بوون و گەورەیی دەدوریتەوە .
ویستم لەسەر عەشق و خۆشەویستی مرۆڤەکان شتێک بنوسم وێنای سنوری جوانی و فەنتازیای خۆشەویستی ئادەمیانەو سەردەمیانەی نوێ دیاری بکەم ، ویستم شتێ بڵێم دەربارەی ئەم وشە جوانەی کەژیان و بوونی مرۆڤایەتی بەگشتی ڕاگرتووە کەوشەی عەشقە بەڵام مخابن دڵنیابووم لەوەی کەپێکەوە ژیان و نزیک بوونەوەی مرۆڤەکان لەیەکتری و زانینی نهێنی و ئاشکرای بەرامبەر خۆشەویستی دەمرێنێت عەشق دەکوژێت بۆیە بەداخەوە هیچێکی وام نەنوسی کەشایانی باس بێت لەسەر عەشق و خۆشەویستی نمونەم زۆر لەلایە کەنەزانی و ناڕێکی و خۆشەویستی زۆربەی مرۆڤەکان بۆ ماڵی دنیاو نەگونجان لەسەر شتی زۆر سادەو هیچ و یان دڵ گۆڕینی مرۆڤە بێ وەفاکان و .. هتد .
هەندێ ڕای جیاواز هەیە لەلایەن نوسەران و هۆنەرانی دنیای ئەدەب و نوسینەوە کەبۆچوون و وتەیان وەکو یەک نین لەسەر خۆشەویستی و عەشق و شەیدابون . بۆ نمونە لەدنیای عەشقدا زۆر سەوداسەری هەیە بۆیە ئەو کەسەی کەسێکی خۆش دەوێت لێی نزیک نەبێتەوە باشە لەکۆتاییدا بەرهەمی خۆشەویستی و جوانیی دەچنێتەوە هەتا هەتایە عاشق دەبێت دێوانەی ژیان و مرۆڤ و خۆشەویستی و دەوروبەردەبێت بەواتایەکی دی ژیان بەدەست دەهێنێت و جوان دەژی و جوانتر دەمرێت بۆ هیوایەک دەژی و بۆ لەوە گەورەتر دەمرێت بۆیە چەندە پێویستە مرۆڤەکان بەجوانی بژین سەد ئەوەندە پێویستە کەبەجوانتر بمرن واتایەک بدەن بەبوون بۆ ئەوەی بەردەوامی بەژیان بدەن هەربۆیە پێکەوە ژیانی دورودرێژ هەموو ڕۆڵ و هەستە جوانەکان لەمرۆڤدا دەمرێنێت بۆیە دڵ شکانی تێدایە بەرزو نزمی و عەیبەکانی یەکتر دەردەکەون و بێزاربوون و لێکترازان دروست دەبێت .
سەدساڵ ژیانی خۆشەویستی و عەشق و بەختەوەری و پێکەوە ژیان بەوشەیەک دەمرێت بۆیە پێویستە خۆمان ڕابێنین لەسەر ئەوەی بەرامبەر بەگەورە ببینین و ڕێزی لێ بگرین بۆیە کەس موڵکی کەس نی یە و ناتوانین کەسێک کەخۆشمان دەوێت یان بەپێچەوانەوە داگیری بکەین بۆ خۆمان .
ڕای زۆربەی ئەدیب و فەیلەسوفاکان وایە لەسەر عەشق و خۆشەویستی کەسروشتی زۆربەی مرۆڤەکان بەم شێوەیەیە کەهەمووشتێکی بەرامبەری زانی زوو لێی زویر دەبێت و دوردەکەوێتەوە لێی بۆیە مرۆڤ کەهەموو شتێکی دەربارەی کەسی بەرامبەری زانی یان گیان و لاشەی بەڕوتی بینی ئیدی عەشقی نابێت بۆیە لای زۆربەی نوسەرو هۆنەرو فەیلەسوفەکانی دنیا وایە کە : عەشق مەزنایەتی خودایە دەبێت لێی دوربیت نەیبیستیت ئەوە هەستێکی نادیارە لەم گۆی زەمینەدا هەیە کە تاکە ، شازە ، بێ وێنەیە . عەشق شتێک نی یە ببینرێت شتێک نی یە دەستی لێ بدرێت بۆیە هەستی پێ دەکرێت ئەم بەدڵ و خودا بەعەقڵ دەدۆزرێنەوە . کەواتە عەشق و مەزنایەتی خۆشەویستی لەوەدایە کەپێی نەگەیت کەنەیبینیت کەگوێت لێی نەبێت هەربۆیە ئەم کەناڵی بەدبەختی یەی مرۆڤ یان خۆش بەختی یە وەکو عەشقی مرۆڤ و مەزنایەتی خودا وایە خۆشی و ناخۆشی زۆر بەدوای خۆیدا ڕادەکێشێت .
لەوانەیە ئەو ڕاو بۆچونەی سەرەوە لای هەندێک کەس ڕاست نەبێت و بڵێت ئەوەتا من عەشقەکەمم خۆش دەوێت و بەیەکەوە بێ کێشە ماوەیەکی زۆریشە بەیەکەوە بەخۆشی دەژین . لەڕاستیدا ئەو نمونەیە زۆر کەمەو یان لەدوای ئەم قسەیەوە کێشەکان بەڕێوەبن و ئێمەش لێرەدا بەگشتی باس لەم بوارەی نوسین و ئەدەبە دەکەین .
لەڕاستیشدا وایە سروشتی مرۆڤەکان ئاوایە کەچەندە دوربن لەیەک زیاتر کلپەی خۆشەویستی و بەیەکتر عاشق بوون پتر دەبیت بەهەمان شێوە سروشتی مرۆڤەکان ئاوایە کەلەنزیک بونەوەدا لێک تێنەگەیشتن و بەرژەوەندی و هەندێک شتیتر کاردەکاتە سەر پێکەوە ژیانیان و جیابونەوە دوری دروست دەبێت بۆیە بەڕێژەیەکی زۆر ئەو خێزانانەی جیابونەوەیان تێدا دروست دەبێت هەر ئەو کەسانەن کەیەکتریان خۆش ویستوە پێش ئێستا .