دڵە جوانەکان …. !!! . حەمید عەزیز

دڵە جوانەکان ئەو کەسە میهرەبان و دەم بەخەندانەن کەهەمیشە بەزەردەخەنەوە پێشوازی لەمیوانەکانی ژیان دەکەن بەتاڵی و تفتیەکانیەوە کۆڵ نادەن بۆیە بۆ خەڵکیی پێکەنین و ڕوباری خەندەن بۆ خۆیان لەودیو خەڵکەوە گریان و کێشمەکێشی ژیان ڕایچەنیون کەچی هەر بەشدارن لەژیان و خەندەکانی سبەینێی باشتر . مرۆڤی ڕاستەقینە کەسی دڵخۆشکەرە بۆ بەرامبەرو پڕهیوایە بۆ ژیان و ماندوە لەمڕۆداو گەشبینە بۆ سبەینێ . بەدڵنیایی یەوە تۆ ئاوا بیت یانا ژیان هەربەردەوامە دەبا وێستگەی شەمەندەفەری ژیانمان هەمیشە لەچاوەڕوانی هاتنی کاتێکی خۆش بێت بۆ گەیشتن نەک بیرو ئەندێشەمان بۆ نائومێدی بێت بۆیە هەمیشە لەدوای ڕۆژە تاڵەکان هەتاوی شیرین و ڕوون هەڵدێت . بەدڵنیایی یەوە دڵە جوانەکانیش پێمان دەڵێن ژیان هەیەو بەشێک لەخۆشیەکانی تەرخانە بۆ ئێوە ئەگەر ئێوە خۆتان بێ بەش نەکەن لەو دابەش کردنە هەموو لاپەڕە جوان و ڕەنگینەکانی مێژو ئێوە دەینەخشێنن و بەهەمان شێوە یەکێکی تریش لاپەڕەی ڕەش و بێ هیوایی دەنوسێتەوە ئێوە لێی دوربن .

جوانترین پێوەر بۆ گەورەیی ڕۆح و ڕەوشت و قەدری خۆتان ئەوەیە کەزۆر هێمن و بەسەبربن بەرامبەر بێ ڕەوشتی و هەڵەشەو توندیی بەرامبەر دڵنیابن زۆر قورسە … !!! . بەڵام کێشەکانی ژیان بۆ مرۆڤی گەورە بچوکن . لەڕاستیداو بێ دودڵیی ئەوە گەورەیی مرۆڤەکانە بەرامبەر بچوکی تاقیکرندنەوەو کەمیی زانیاری ژیانی بەرامبەرو هەستی کەمیی و ناحاڵێتی بەرامبەرە بۆ ئێوەی دنیا دیدەو دڵ گەورەو هێمن و جوان کەبەسەبرەوە بەهێمنی یەوە بەرەو ڕوی ژیان و کێشەکانی بچن . هەمیشە لەسەرخۆیی و بەخشندەیی و دڵ گەورەیی سەرکەوتوو دەبێت بەو شێوەیە ژیان پەشیمانی لەدواوە نابێت و هەمیشە گەش و گەشبین و شادمان دەبن .

جوانترین هەستی مرۆیی ئەوەیە کەژیان دابەش بکەن بەسەر خۆتان و کەسانی تردا کەعەشقی بون یان هەستێکی جوانتان هەیە بۆ کەسێک ، بەواتایەکیترو جوانتر کەبوونی ئێوە بزانێت کەجوانیی ڕۆحی ئێوە هەست پێ بکات کەلەهەمان کاتدا برینەکانتان ساڕێژبکات کەواتایەکی سادەی هەبێت کەئێوە شادبن بەدیداری . بەدڵنیایی یەوە ئاوا بەو جۆرە دڵ و ڕۆحێکمان هەبێت تەواوی دنیا بەجوانی خەڵکیی دەبینین و بەجوانتر خۆمان دەبینرێین .

ئەگەر لەلایەکی ترەوە ژیان بۆتان پێ کەنی و ئاسان شتەکان هەاتە پێشەوە هەموو گیانی خۆتانی تەسلیم مەکەن بۆیە ژیان هەتاسەرو بەردەوام پێ ناکەنێت بۆ کەس … !!! . ئاگاداربن ژیان بەگشتی گریان و تاڵی و پەشیمانیشی تێدایە ، کارەکتەر مەبن لەدنیای خراییدا بۆیە لەئێوە ژیرترو باشتریش هەیە پێویستە هەرکارێکمان کرد بەشی کارێکیتری بۆ بهێڵینەوە یان بەجۆرێکیتر ئەگەر ناخۆشیمان بوو بەشی خۆشیی تیابهێڵینەوەو ئەگەر خۆشی و ئاشتیمان بوو بەشی ناخۆشی تێدا بهێڵینەوە بۆیە مرۆڤەکان هەمیشە قابیلی گۆڕانن بەرەو چاکترو بەرەو خراپتر …. !!! .

لەزۆربەی کاتەکاندا مرۆڤەکان پێویستیان بەخوێندنەوەی ژیان هەیە بۆ زانیاری و خۆشبەختی خۆیان بۆیە هەرچەندە مرۆڤەکان بخوێننەوەو بگەڕێن و هەوڵ بدەن سادەترو جوانترو مەزنتر دەبن بۆیە هەمیشە دەڵێم : ئەی مرۆڤ خۆ تۆ خۆت بەخودات نەوتوە دروستم بکە ئیتر ئەم دەعواو لوت بەرزی یە چی یە کەڕۆژێک هەناسەت لێ ببڕێت بۆگەنت ڕۆژە ڕێگایەک دەڕوات سادە بە گەورەو جوان دەبیت بەدڵنیایی یەوە کەسە خۆبەزل زانەکان زۆر بچوکن .

سیاسەت و خۆشەویستی پەیوەندی بەکاتەوە هەیە مەهێڵن بەرواری بەسەر بچێت بۆیە بەیانی دەنگ و باس جۆرێکی ترە دڵنیابن کاتیش ناگەڕێتەوە ئێوەش بەرەو فەنای پەیمانەکان و ڕاستگۆیی تەمەن دەڕۆن ئەوکات دەڕوخێن کەڕوخان بوونتان نامێنێت ئێوە کەسێکی مردو دەبن ئەوکاتە .

هاودەمێ فەرمووی :
زۆر ئامۆژگاری نزیکێکی خۆمان کرد کەهاوڕێیەتی ئەو کەسە خراپە نەکات کەلەگەڵی تێکەڵ بووە کەچی هیچ سودی نەبوو ئێمە ڕستمان و ئەو گوێی نەبوو ئێمە وتمان و ئەو نەیبیست لەکۆتاییدا کەچوینە بنج و بناوانی بابەتەکە بینیمان خراپەکە زۆر لەنزیکەکەی ئێمە باشتر بوو .

جارێکیتر لەنوسینێکی ترمدا وتومە : دڵ شکان کارەساتی لەدوایە ئاگاداربن دڵە جوانەکان ڕاگرن نەوەکو خۆتان لەلایەکی ترەوە دڵتان بشکیت ئەو کات هیچ شتێک لەبووندا دادت نادات هەموو شتێک کەهەناسەش دەدات دەمرێت لەچاوو ڕۆحی تۆدا هیچ شتێک نامێنێت ناوی ژیان بێت .