بە سزا گەیاندنی گەورە تەخریبکاری کۆماری ئیسلامی ئێران لە ڕۆژی هەینی ڕەش دا

ڕۆژی ٢٧ی نوامبر کە بە هەینی ڕەش لە دونیادا ناوبانگی دەرکردووە و خەڵک لە دونیای دەرەوە لە شەوی پێشترەوە لەبەردەم دووکان و پاساژە گەورەکان دەخەون و ڕادەوەستن بۆ ئەوەی شتوومەکی هەرزان بکرن، ڕۆژی ٢٧ی نوامبر بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران ڕۆژی ڕەش و ناخۆشتر بوو، چوونکە زۆر بە هەرزانی و زۆر چاوەروان‌نەکراو بە وتەی خۆیان گەورە زانای بەرنامە ناوەکی‌یەکانی کۆماری ئیسلامی ئیران و جێ متمانەی خامنەیی لە دەستدا.

موحسین فەخرزادە یەکێک لە گەورە زانایانی بواری درووستکردنی چەکی ناوەکی و بەرنامەدارێژەری مووشەک و ساروخ بوو کە بە باوکی چەکی ناوەکی ئێران دەناسرا و یەکێک لەو ٥٠٠ کەسە بە ناوبانگەی جیهان بوو و هاوکات بە سندووقی ڕەشی ئێران ناوی دەبردرا. ناوبراو لە وەزارەتی بەرگری کۆماری ئیسلامی ئێراندا کاری دەکرد، ئەو لە ماوەی تەمەنی خۆی دا و لەو پۆستە گەورەیەدا بە دەیان چەکی جۆراوجۆری بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران درووست کردن و بەرنامە و تەرحەکانی بوونە جێگای باوەری خامنەیی و سوپای پاسداران و درووستکەرانی چەکی ناوەکی و گەورە لە ئێران. چەک و تەقەمەنی‌یەکانی ناوبراو ماڵی زۆر کەسی وێران کردن و بە گشتی دونیای ڕۆژئاواش لەو جۆرە چەکانە زۆر نیگەران و زۆر بە پەرۆشن و هەربۆیەش مەسەلەی ناوەکی و بەرجام‌ و ڕەوتی وتووێژیان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران پێکهێنا.

بە خۆشیەوە گەورە تەخریبکاری کۆماری ئیسلامی بە سزای کردەوەکانی خۆی گەیشت و تۆڵەی هەزاران کەس کە بە مووشک و ساروخەکانی سوپای پاسداران ماڵوێران و ئاوارە بوون لێکرایەوە.

دوای ئەوە کە موحسین فەخریزادە گەورە تەخریبکاری کۆماری ئیسلامی بە سزای کردەوەکانی خۆی گەیشت، بە خۆشیەوە هەر لە هەینی ڕەش دا دادوەری گشتی دادگای برۆکسێل لە بلژیک دوو کەسی دیکە لە تیرۆریستەکانی سەر بە کۆماری ئیسلامی ئێرانی کە ژن و میرد بوون، بە ناوەکانی ئەمیر سەعدوونی و نەسیمە نەعامی کە بە ٢٠ کیلۆ تی‌ئێن‌تی‌یەوە گیرا بوون بە حوکمی ٢٠ و ١٨ ساڵ مەحکووم کردن، ئەو دوو تیرۆریستە لە هاوینی ساڵی ٢٠١٨ دا بە نیاز بوون کە کۆبوونەوەی گەورەی ساڵانەی موجاهدینی خەڵقی ئێران لە فەرانسە بکەنە ئامانجی تیرۆریستی خۆیان و پێش ئەوە کە بە ئامانجی خۆیان بگەن هەر یەکەی لە وڵاتێک گیران و دوای دوو ساڵ موحاکمە و لێکۆلێنەوە لە ڕۆژی ٢٧ی نوامبر هەینی ڕەش دا حوکمەکانیان پێ ڕاگەیاندن و کۆماری ئیسلامی زیاتر ڕوورەش بوو ، هاوکات گیرانی ئەسەدوڵڵا ئەسەدی لە ئاڵمان کە یەکێک لە بەناو دیپلۆماتکارەکانی کۆماری ئیسلامی لە وڵاتی ئوتریش بوو دەنگۆی زۆری لێکەوتەوە.

لە پاییزی هەمانساڵ دا لە ساڵی ٢٠١٨ دا پۆلیسی دانمارک دوای راودوونانی کەسێک و بەستنی هەموو سنوورەکانی دەریایی و هەوایی و ئیشکانی توانی تیرۆریستێکی ئێرانی دەستبەسەر بکا و لە یەکەم لێدواندا هەر ئەو کات وتەبێژی پۆلیسی دانمارک رایگەیاند کە ئەو کەسە بە نیاز بووە کە کەسێکی ئوپوزسیۆنی ئێرانی دژبەری کۆماری ئیسلامی لە دانمارک تیرۆر بکا و خەریکی جاسووسی و کۆکردنەوەی زانیاری دیکە بووە بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران.

جیالەوە کوشتنی دوو کەسی ئێرانی لە هولەند کاردانەوەی زۆری لە نێو ئوروپای‌یەکاندا لێکەوتەوە و ئوروپای‌یەکان شەرت و مەرجی زیاتریان بۆ دانوستانەکان لەگەڵ ئێران دانان .

ئەو ریزە گیران و ئاشکرابوونانەی تیرۆریستەکانی کۆماری ئیسلامی لە ئوروپا، بوو بە هۆی نیگەرانی دەوڵەتانی ئوروپایی و هەر بۆیەش ئوروپای‌یەکان و دەوڵەتە زلهێزەکان زیاتر لە پێشوو بەرامبەر بە دەوڵەتی ئێران هاتنە دەنگ و بە تایبەت دانمارکی‌یەکان دوای گیرانی تیرۆریستە ئێرانی‌یەکە ، بەرپرسی باڵوێزخانەی خۆی لە ئێران بانگ کردەوە و بە گشتی باڵوێزخانەکەی داخست و دەرکردنی دوو بەناو بالوێزی ئێرانی لە هولەند لە ساڵەکانی پێشوو دا، کردەوە تیرۆریستی‌یەکان و ئامانجە تێکدەرانەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانی لە ڕۆژئاوادا زیاتر دەرخست.

جێگای خۆیەتی لێرەدا ئاماژە بەوە بکەم کە بە سزا گەیاندنی گەورە تەخریبکاری کۆماری ئیسلامی ئێران موحسین فەخرزادە ئەگەرچی درەنگ بوو، بەڵام لە جێگای خۆیدا بوو، هەر بۆیەش کوژرانی فەخرزادە بوو بە هۆی خۆشحاڵی دونیای دەرەوە بە گشتی و خەڵکی ئێران و کورد بە تایبەتی.

لە دونیای مەجازی دا لە سەر ئەو گەورە تەخریبکارە زۆر نووسراوە و نامهەوێ بابەتەکەم درێژ بکەمەوە و تەنیا ئەوە ئاماژە پێدەدەم کە هەموومان ١٧ی خەرمانانی قەڵای دێموکراتمان لەبیرە و دەزانین کە ئەو سارووخ و مووشەکە بالستیکیانە چ زبەرێکی قورسیان لە پەیکەری حیزبی دێموکراتی کوردستان دا، دەزانین کە کاردانەوەی ئەو مووشەکانە چی بوون، هەر بۆیە کوشتن و بە سزا گەیاندنی موحسین فەخرزادە دەبوو زۆر زووتر لە ئێستا بایە و دونیا لە دەستی گەورە تەخریبکاری لەو چەشنە زووتر پاک ببایەوە. قاسم سولێمانی و موحسین فەخرزادە بە سزای کردەوە تیرۆریستەکانی خۆیان گەیشتوون و هیوادارم کە کەسانی لە چەشنی ئەو گەورە تیرۆریستانە هەرچی زووتر بە سزای خۆیان بگەن.

حەمەرەسووڵ کەریمی

٢٨ ـ ١١ ـ ٢٠٢٠