نا بۆ به‌ئاسایی وه‌رگرتنی توندوتیژی دژ به‌ ژنان

٢٥ی نوامبری ٢٠٢٠ی زایینی ٨٠یەمین ساڵوەگەڕی کوژرانی خوشکانی مێرابڵ بە تاوانی دژایەتیکردنی دەسەڵاتی دیکتاتۆڕی ئەو کاتی دۆمێنیکەن، ڕافائێل تورجیلۆ یە. ئەو سێ خۆشکەی بە بەختکردنی گیانیان بوون بە هێمای بەرخۆدانی خەڵکی و فێمینیستی. ساڵی ١٩٩٩ لە کۆبوونەوەی گشتیی وڵاتە یەکگرتووەکان ئەو ڕۆژە بۆ ڕێزلێنان لە یادی خوشکانی مێرابڵ وەک ڕۆژی جیهانیی بەرنگاربوونەوەی توندووتیژی دژی ژنان دیاری کرا. ئامانج لەو کارە وشیارکردنەوەی ویژدانی مرۆڤایەتی و ناساندنی شێوازەکانی توندوتیژی دژی ژنانە و ڕێگری‌کردن لە تەشەنەکردنی ئەو دیاردە ڕووخێنەرەیە.
دیارە توندووتیژی دژی ژنان تەنیا توندوتیژی فیزیکی بە شێوەی لێدان و ئازاری جسمی نییە. شێوازەکانی دیکەی توندوتیژی وەک توندووتیژیی ڕووحی، کە بۆ وێنە دەتوانێ بە سووکایەتیکردن، هەڕەشەلێکردن و شکاندنەوە و بێحورمەتی خۆی دەرخا، هەروەها توندووتیژی جنسی، واتە بەزۆر تێکەڵبوون لەگەڵ ژنان تەنانەت ئەگەر لەلایەن مێردیشیەوە بێ و تەشقەڵەی جنسی و هەوڵدان بۆ پێوەندی جنسی بە بێ ڕەزامەندی ژن، هەروەها توندووتیژی کۆمەڵایەتی بۆ نموونە پەراوێزخستن و بێبەش‌کردن لە ئیمکاناتی پێگەیشتن، جیاوازیدانان و سەرکوت‌کردن کاتێک بە مەیلی پیاوان هەڵسووکەوت نەکەن، و بەرتەسک‌کردنی چالاکییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی ژنان، هەمووی دەکەونە بازنەی توندووتیژی دژی ژنانەوە.
بە داخەوە کۆمەڵگای کوردستانیش یەک لەو کۆمەڵگایانەیە کە سەرەڕای پێشکەوتنی بەرچاو لە باری خوێندەواری و کراوەیی بەرەو دنیای دەرەوە لەو ساڵانەی دواییدا، ئێستاش مەودایەکی زۆری بۆ گەیشتن بە کۆمەڵگایەکی یەکسان ماوە بیبڕێ. شێوازە ئاماژەپێکراوەکانی توندووتیژی دژی ژنان، بە تایبەت کوشتن بە بیانووی نامووسەوە، لێدان و ئازاری جسمی و سووکایەتی پێکردن و بەکەم‌زانینی ژن و پێشێل‌کردنی ئازادییە تاکەکەسییەکانی ژن زۆر باوە. یاسای پێویست بۆ به‌رنگاربوونه‌وه‌ی دیارده‌ی قێزه‌ونی توندووتیژی دژی ژنان نییه‌ و ڕێگه‌ ئاوه‌ڵه‌یه‌ بۆ تاوانكاری دڵڕه‌ق تا به‌ دڵی خۆی كه‌لكاوه‌ژۆ له‌و هه‌موو مه‌رجه‌ وه‌رده‌گرێ.
جێی خۆیه‌تی وه‌ك نموونه‌یه‌كی نوێ له‌نۆرماڵ بوون و ئاسایی بوونی توندوتیژی دژی ژنان لە كۆمه‌ڵگەی كورده‌واریدا ئاماژه‌ به‌ كه‌یسی گێچه‌ڵیی سێكسی به‌ “سۆلین” بكه‌ین كه‌ ئه‌م ڕۆژانه‌ مێدیای كوردی به‌ خۆوه‌ سه‌رقاڵ كردووه. یاسادانه‌ر بۆ دژكرده‌وه‌ی سۆلین‌ سزای دیاری كردووه‌ و مه‌حكووم‌كردنی سۆلینی زۆر هاسان و ڕه‌وان و به‌په‌له‌ په‌سند كردووه‌، به‌ڵام ئه‌و هه‌ڵسووكه‌وته‌ نامرۆڤانه‌یه‌ی سۆلینی مه‌جبوور به‌ دژكرده‌وه‌ كردووه‌ وه‌ك نۆڕمێكی سه‌قه‌تی كۆمه‌ڵگە ڕێگه‌پێدراوه‌ و ته‌نانه‌ت بە تاوانیش نەناسراوە به‌ڵكوو وه‌ك هه‌ڵسووكه‌وتێكی ئاساییش هاتۆته‌‌ به‌رچاو. ئه‌وه‌ نۆرمه‌ غه‌ڵه‌ته‌ له‌ لایه‌ن ئێمه‌‌‌وه‌، وه‌ك “یه‌كیه‌تیی ژنانی دێموكراتی كوردستان” به‌ توندی مه‌حكوومه‌ و ڕه‌د ده‌كرێته‌وه‌. داواكارین ده‌ستدرێژی بۆ ئازادیه‌تاكه‌كه‌سێكان و گێچه‌ڵی سێكسی وه‌ک كه‌یسی سۆڵین به‌ئاسایی وه‌رنه‌گیرێ وه‌ک تاوان پێناسه‌بكردرێ!
ئێمە وەک “یەکیەتیی ژنانی دێمۆکراتی كوردستان” وێڕای بە گرینگ‌زانین و پیرۆزکردنی ڕۆژی جیهانیی بەرنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، پێمانوایە کە ناسين و ناساندنی شێوازەکانی توندووتیژی دژی ژنان زەروورەتێکی گرینگی کۆمەڵایەتییە و پێویستە هەوڵی زیاتری بۆ بدرێ و ئیمکاناتی زیاتری بۆ تەرخان بکرێ. ئەو کارە پێویستی بە بەڕێوەبردنی چالاکیی فێرکاری و کۆمەڵایەتیی بەربڵاوە. ئەو فێرکاریانە دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی ئاستی وشیاری کۆمەڵگه و یاریدەده‌ر دەبێ بۆ هەنگاونانی کارامەتر بەرەو کۆمەڵگەیەکی یەکسان و تەندرووست کە هەم ژن بۆ خۆی و هەم پیاوان لە مافە یەکسانەکانی تاکەکانی مرۆڤ ئاگادار بن و ڕێزیان لێ بگرن.
ڕاگه‌یه‌ندراوی “یه‌كیه‌تیی ژنانی دێموكراتی كوردستان”
٢٤ی نوامبری ٢٠٢٠