جۆرەکانی تووندوتیژی لە سەر ژنان کامانەن؟

ژنێک کە دەست لە ئابووری و شوێنی سەرەکی ژیانی خۆی بە مەبەستی ژیانی هاوبەش هەڵدەگرێ و دواتر لە ماوەیەکی کەمدا کاتێک لەگەڵ تووندوتیژی پیاوەکە بەرەوروو دەبێ، لەوە دەترسێ کە ئەگەر ئەو پیاوە بەجێ بێڵێ لە کۆمەڵگادا تووشی نەداری و نەهامەتی بێ. کاتێک بەو ئاکامە گەیشت و وای بیرکردەوە کە پشتیوانی کۆمەڵگا و فەرهەنگی و ئابووری نابێ، ئەوە بە خۆی دەقەبووڵێنێ کە ژیانی ئەو هەر ئەوەیە و دەبێ لەگەڵی رابێ.

تووندوتیژی چیە؟ زۆر و هەڕەشە لێکردن و لێدان چیە؟

بۆچی هەموو پێیان وایە کە بە زۆری لێکردن و تووندوتیژی نیشان دان و هەڕەشە و لێدانی ژن، ئەوە ” ڕەگەزی نێر” ، پیاوەتی خۆی نیشان دەدا و پیاوەتی خۆی دەسەلمێنێ؟

تووندوتیژی بەرامبەر بە ژنان تەنیا لێدان و پێدادانی جەستەیی نییە، بەڵکوو وشەی ڕەق و پڕ لە جنێو، شک و گومان کردن، دڵ‌پیسی و لە ماڵێ دا هێشتنەوە و چاوەدێری بێ‌جێ و خۆگرتن و زۆر شتی دیکەش کە بۆتە نەریتی بەشێک لە پیاوان بە تووندوتیژی ناوی دەبردری. بەداخەوە ئەوەش لە نێو بەشێک لە کۆمەڵگاکان دا بە نیشانەی غیرەتی پیاوەتی چاو لێدەکردرێ. هەر ئەوەش بۆتە هۆی ئەوە کە پیاوان هەمیشە لە وشەی زەعیفە بۆ ژنان کەڵک وەر بگرن.

ئەوانەی لە سەرەوە ئاماژەی پێدراوە لە ژیانی بەشێک لە ژنان دا ڕەنگی داوەتەوە و بە بێ ئەوەی کەس بزانێ ئەو ژنانە بە چ ئازارێکەوە ژیان بەسەر دەبەن و چ ئارەزوو و خولیاییەکیان هەیە و لە لایەن بەشێک لە کۆمەڵگاوە، تەنیا وەک ژیانی بنەماڵەیی سەیری دەکرێ.

بەشی زۆرینەی کۆمەڵگا لەو ژنانە پێک هاتووە کە هیچ لە خۆیان و لە مافەکانیان نازانن و پێیان وایە بێدەنگ بوون، ژنی چاکبوون، دەست ڕەنگینی لە ماڵداری و لە سازکردنی خواردندا و بە منداڵ ڕاگەیشتن و پاک و خاوێنی و شۆردن، نیشانەی ژنی چاک بوونە و ئەوان دڵیان بەوە خۆشە کە خاتوونێکی لە خۆبردوو و دایکێکی باشن و بەهەشت لە ژێر پێی ئەوان دایە.

تووندوتیژی بەرامبەر بە ژنان لە گشت تەمەنەکان دا، لە هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگادا، لە نێو دەوڵەمەند و هەژار و بێکار و کاسبدا دەبیندرێ، تووندوتیژی لە هەموو نەتەوە و ئایین و گشت جیهاندا دەبیندرێ و هەیە. بەڵام لە نێو هەندێک کۆمەڵگادا زیاترە.

تووندوتیژی کردەویەکە کە لە هەست و ناخی بەشێک لە کەسەکان دا خۆی حەشار داوە، تووندوتیژی بنەماڵەیی یەکێک لەو تووندوتیژی‌یە تایبەتیانەیە کە لە نێو بنەماڵەدا زۆرترین زیان و ئازاری جەستەیی و ڕووحی و ڕەوانی بە ژنان و کچان دەگەیێنێ و تەنانەت زۆرجار دەبێتە هۆی دەستدرێژی کردنە سەر کەرامەتی ژنانیش.

ژنان لە هەموو قۆناخەکانی ژیانی خۆیان دا تووشی تووندوتیژی دەبنەوە. لە هەندێک شوێن جیا لە هاوژینە پیاوەکەی، باوک و برا و تەنانەت لە لایەن کورەکەشی‌یەوە تووندوتیژی بەرامبەر کراوە و دەکرێ.

ژنان لە ژیانی خۆیاندا لە زۆر بواردا تووندوتیژیان لەگەڵ کراوە و تەنیا ئاماژە بە چوار جۆرە تووندوتیژی بەرامبەر بە ژنان دەکەم، ئەو چوار جۆرە تووندوتیژیەی بریتین‌لە “جەستەیی ، ڕەوانی، ئابووری و دەستدرێژی” .

تووندوتیژی جەستەیی لە ناوەکەی را دیارە، شێوەکانی لێدان، ئازاری جەستەیی، پاڵ پێوەنان، قژ ڕاکێشان، سوتان و لە ژوورێ دا حەپس کردن و شکاندنی ئەندامانی جەستە، دەرکە لەسەر داخستن، لە سەر سفرەی خواردن دەرکردن، لە ماڵەوە دەرکردن، شکاندن و فرێدانی کەل و پەلی خواردن و ئەشیای نێوماڵ و دەرکە پێکدادان و زۆرێکی دیکە لەو چەشنە بۆ بەشێک لە ژنان لە هەموو توێژ و تەمەنێک دا روویداوە و لە زۆربەی کۆمەڵگا پێشکەوتووەکان و دواکەوتووەکان ڕوو دەدا.

تووندوتیژی زمانی و ڕەوانی جۆرێکی دیکەی تووندوتیژی‌یە کە لە بەشێک لە بنەماڵەکان دا بەرامبەر بە ژنان دەکرێ. بۆ نموونە دەتوانین بڵێین کە جنێودان، وشەی زبر و ڕەق و ناخۆش، بەهانەگرتنی دائیمی، هاتو هاوار و بەدخوڵقی، بێ ڕێزی، ئەمرکردن و دەستووردانی بێ جێ، هەڕەشەکردنی جۆراوجۆر، بە کەم گرتن و قسە لەگەڵ نەکردن و نەهێشتنی بۆ دەرەوە بۆ لای هاورێ و هاوکار و دۆستەکانی و زۆر شتی دیکەش لەخۆ دەگرێ. ئەو جۆرە تووندوتیژیانە ئیرادەی ژنان و باوەربەخۆ بوونیان کەم دەکاتەوە و هەمیشە تووشی دڵەڕاوکێ و خەمۆکی و تەنیایان دەکا.

تووندوتیژی‌یەکی دیکە بەرامبەر بە ژنان، مەسەلەی دارایی و ئابووری‌یە. دابین نەکردنی خەرجی تایبەت بە ژنان، خەراپ کردن و تێکدانی کەل‌وپەلی تایبەتی ژنان و کەڵک وەرگرتنی بێ جێ لە شتوومە و داراییەکانی ژنان بە تووندتیژی ئابووری ئاژمار دەکرێ. لە هەندیک بواردا ژنان تەنانەت مافی ئەوەیان نییە کە لە دارایی و لە شتوومەکەکانی خۆیان بۆ گەشەی خۆیان و منداڵەکانیان کەڵک وەر بگرن.

دەستدرێژی کردنە سەر کەرامەت و جەستەی ژن یەکێکی دیکە لە تووندوتیژی‌یەکانە کە بەرامبەر بە ژنان دەکرێ. بە زۆر خەوتن لەگەل ژن بە بێ ئەوەی ڕەزایەتی ژنەکە هەبێ، داوای منداڵ بوون و یا پێشگیری لە منداڵ بوون بە بێ ئەوەی ژنەکە مەیلی هەبێ و یا خوازیار بێ و چەندین نموونەی لەم چەشنە لە لایان پیاوانەوە، وا لە ژنان دەکا کە بەرامبەر بە هاوژینەکەی سارد و سڕی بنوێنێ و ئەوەش دەبێتە هۆی نەخۆشی و زۆرجاریش دەبێتە هۆی خۆکوشتن و خۆسووتاندن و یا ژن تووشی داڕمان و نەهامەتی دیکە ببێ.

پسپۆڕان و شارەزایانی بواری ڕەوانی دەڵێن: پیاوانێک کە بە منداڵی شاهیدی لێدانی ژنانی بنەماڵەی خۆیان بوون، دواتر زۆربەیان تووندوتیژی بەرامبەر بە ژنەکانیان دەکەن. کەسانی کەم ئەزموون، بێ تاقەت و یا ئەوانەی کە ناتوانن لە سەر پێی خۆیان بە باشی ڕاوەستن و ئارەزووەکانیان ناتوانن وەدی بێنن، زۆرتر تووشی تووندتیژی بەرامبەر بە خێزانەکانیان دەبن.

بە پێچەوانەی هەندیک کەس کە باسی ئازادی و دونیای پێشکەوتوو دەکەن، تەنانەت دونیا پێشکەوتووش نەیتوانیوە تووندوتیژی بەرامبەر بە ژنان کەم بکاتەوە و لە هەندیک بواردا تووندتیژی زیادیشی کردووە. تەجارەت و بازەرگانی و لەش فرۆشی، فرۆشتنی کچانی گەنج و کەم تەمەن لە لایەن هەندێک باوکی نەدار و هەندێک مافیای خۆحەشاردەر و گەیاندنیان بە بنکەکانی درووست کردنی فیلمی غەیرە ئەخلاقی لە دونیای پێشکەوتوو، ناحەزترین تووندوتیژی‌یە بەرامبەر بە ژنان کراوە و دەکرێ.

بەشێک لە پیاوان پێشگیری لە سەربەخۆیی دارایی ژنەکانیان دەکەن و لە زۆر بواردا هەڕەشەی تەلاق و جیابوونەوەیان لێدەکەن و تەنانەت هەڕەشە دەکەن کە ژنی دیکە دەهێنن و بەم شێوەیە ژنان لە ماڵێ دا بە بێگاری دەگرن و ناچاریان دەکەن کە بە مەیل و خواستی پیاوەکان هەڵس و کەوت بکەن و جاری وایە کە بە زۆر خزمەتی دایک و باوکی خۆیان پێدەکەن و هەوڵ دەدەن ژنان لەگەڵ ئەو ژیانە بە مەیلی خۆیان ڕابێنن.

ئەو ژنانەی کە لە بەرامبەر کردەوە و تووندوتیژی‌یەکانی پیاوەکانیان دا بێدەنگی هەڵدەبژێرن، گۆیا لە وجوودی خۆیان دا هاوار دەکەن و دەڵێن: ” لەگەڵ من وەک بەردە هەڵس و کەوت بکە، لێم بدە، داوات لێدەکەم هەندێک پارە و پووڵم پێ بدە، ئەمن بەردە و کەنیزی تۆم!” ئەو ژنانەی کە هەموو ناعەداڵەتی و تووندوتیژی مێردەکانیان قەبووڵ دەکەن و ئەوان بە جێ ناهێڵن، ئەوە لە دەروونی خۆیان دا شەڕیکی قورس لەگەڵ خۆیان دەکەن و ئەو وتانەی سەرەوە بە دائیمی دووپات دەکەنەوە.

کاتێک لێیان دەپرسی ” بۆچی بە جێی ناهێڵی و لێی جیا نابیەوە؟” وەڵامت دەداتەوە: ” ئەمن مێردەکەم خۆش دەوێ”. ئەو مەسەلەیەش دەگەرێتەوە بۆ نیاز و هەستی پێداویستی و بە گشتی لە دونیادا لە پەیوەندی لە هەر دوو ڕەگەز دا دەبیندرێ.

ژنێک کە دەست لە ئابووری و شوێنی سەرەکی ژیانی خۆی بە مەبەستی ژیانی هاوبەش هەڵدەگرێ و دواتر لە ماوەیەکی کەمدا کاتێک لەگەڵ تووندوتیژی پیاوەکە بەرەوروو دەبێ، لەوە دەترسێ کە ئەگەر ئەو پیاوە بەجێ بێڵێ لە کۆمەڵگادا تووشی نەداری و نەهامەتی بێ. کاتێک بەو ئاکامە گەیشت و وای بیرکردەوە کە پشتیوانی کۆمەڵگا و فەرهەنگی و ئابووری نابێ، ئەوە بە خۆی دەقەبووڵێنێ کە ژیانی ئەو هەر ئەوەیە و دەبێ لەگەڵی رابێ.

پسپۆرانی بواری ڕەوانی دەڵێن: لە هەموو خەراپتر ئەوەیە کە ئەو جۆرە ژنانە نازناوی ” ژنی بە سەبر و تەحەموول و ژنی سازانیان” لە خۆیان ناوە. ئەو ژنەی کە بە هۆی تووندوتیژی ئازاری بەرکەوتووە، وەک شێرێک دەچێ کە بۆ خۆی قەفەسێکی ئاسنینی بە مەیلی خۆی بەو بەهانانەی کە بۆ خۆی دەیانهێنێتەوە درووست کردووە. ئەگەر ئەو ژنە کەسێکی باوەربەخۆ بێ و لە ئیرادەی خۆی کەڵک وەربگرێ و ئەو قەفەس و ئاسنانەی دەوری خۆی بشکێنێ، زۆر زوو دەزانێ کە ئەو چەندە بەهێزە و پێشتر چەندە زوڵم و زۆری بەرامبەر کراوە، ئەگەر زانی کە چەندە بەهێزە، گۆڕان لە خۆی و دەوروبەری دا درووست دەکا و باوەر بە توانایەکانی خۆی دەکا و دەبێتە نموونە بۆ ژنانی دیکەش.

لە کۆتایی دا ژنان پێویستە کە چیدی بۆ خۆیان قەفەسی ئاسنین بە بەهانەی جۆراوجۆر بۆ خۆیان درووست نەکەن و بەڵکوو ببنە ژنێک کە نەک لە ڕۆژی ٢٥ی نوامبری هەموو ساڵێکدا بەڵکوو هەموو ڕۆژێکی ساڵ بە دژی تووندوتیژی بەوەستنەوە و ببنە ڕزگاریدەر و یارمەتیدەری ئەو ژنانەش کە تاکوو ئێستا لە داو و بەند و قەفەسی خۆیان و پیاوەکانیان دان.

وەرگێران بە دەستکاری‌یەوە

حەمەرەسووڵ کەریمی

٢٥ ـ ١١ـ ٢٠٢٠