پەیامی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران بە بۆنەی:یەکەمین ساڵیادی خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی مانگی خەزەڵوەر

رۆژی ٢٤ی خەزەڵوەری ١٣٩٩ی هەتاوی ساڵێک بەسەر ئەو رۆژەداتێدەپەرێ کە ناڕەزایەتییەکی دیاریکراوی ئابووریی بە خێرایی بوو بە بزووتنەوەیەکی بەرینی جەماوەریی و کۆماری ئیسلامی تووشی تەنگەتاوییەکی جیددی کرد. سەرلە بەیانی رۆژی ٢٤ی خەزەڵوەر ١٣٩٨ی هەتاوی و لە کاتێکدا هەموو خەڵکی ئێران و بە تایبەت دانیشتوانی کوردستان لەگەڵ قەیرانێکی قووڵی ئابووریی چەندین ساڵە دەستەویەخە بوون، بڵاوبوونەوەی هەواڵی چوونەسەری نرخی بێنزین بە رێژەی سەرسوورهێنەری لەسەداسەد کە کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر ژیانی رۆژانەی خەڵک دادەنا، بوو بە هۆکاری سەرهەڵدانی ناڕەزایەتی جەماوەریی لە شارەکانی ئێران و، خەڵکی وەزالەهاتوو بە تایبەت توێژی هەژار و کەمداهات و ژنان و لاوان بە قواستنەوەی ئەم دەرفەتە زۆربەی شارەکان و، بە دیاریکراوی زیاتر لە ١٦٠ شاری گەورە و بچووکی ئێرانیان کردە گۆرەپانی ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە دەسەڵاتی خۆسەپێن و ستەمکاری ئیسلامی.
لەگەڵ سەرهەڵدانی نارەزایەتییە جەماوەرییەکان،کاربەدەستانی رژیم کە لەحاند چارەسەری کێشەکە و بوونی وەڵامێکی گونجاو رووبە جەماوەر دەستەوەستان بوون، بۆ دامرکاندنەوەی ناڕەزایەتییەکان لەرێگای بەکارهێنانی هێزی ئەمنی و نیزامی و لیباس شەخسی و بە پەلامار و هێرشکردنە سەر خەڵکی ناڕازی حەولی سەرکوتکردنی خۆپیشاندان و کپکردنی دەنگی ناڕازییەکانیان دا. بەڵام سیاسەتی زەبروزەنگی حکومەت نەتەنیا سەرکەوتوو نەبوو، بەڵکوو ناڕەزایەتییەکان تەشەنەی سەند و رۆژی دواتر واتە ٢٥ی خەزەڵوەر شەپۆلی خرۆشاوی جەماوەری خەڵک لە شارەکانی کوردستان و باقی شارەکانی ئێران ئەم ناڕەزایەتییە بەرینەی کردە بزووتنەوەیەکی بەهێزی جەماوەری لە دژی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی و بە ئاشکرا و بە شێوەیەکی رۆشن خەڵکی ناڕازی خوازیاری نەمانی کۆماری ئیسلامی و رژیمی دیکتاتۆری ئێران بوون.
پانتایی بەرینی خۆپیشاندانەکان و رادیکاڵبوونەوەی دروشمەکان و ئامانجی رۆشنی بزووتنەوەکە و، بەشداری بەرچاو و کەم وێنەی چین وتوێژە جۆراوجۆرە کۆمەڵایەتییەکانی وەک کرێکاران، لاوان و ژنان،کارمەندان و کاسبکارانی بازار، بە تەواوی مەترسی لەناوچوون و لەبەریەک هەڵوەشانی سیستم وجوومگەکانی حکوومەتی خستە دڵی دەسەلاتدارانی رژیم. هەر بۆیە بە شێوەیەکی زۆر دڕندانە و بە کەڵک وەرگرتن لە ئیمکانات و ئامراز و شێوازی نوێی سەرکوت پەلاماری خۆپێشاندەرانیان دا و لە زۆربەی شارەکانی ئێران وکوردستان ریزەکانی جەماوەریان خەڵتانی خوێن کرد. بە سەدان کەس گیانیان لەدەست داو ژمارەیەکی یەکجار زۆر بریندار بوون و بە هەزاران کەس دەستبەسەر کران و بە پیلانگێریی و بە دەستی تاقم وگرووپەکانی گوشار و گۆپاڵبەدەستەکانی سەر بە دام ودەزگا ئەمنییەتیەکانی رژیم،گەلێک شوێنی گشتی و ناوەندی خزمەتگوزاری و ئیدارە و ناوەندە مەدەنییەکان تاڵان کران و سووتێندران و، زەرەر و زیانی زۆری ماڵیان پێگەیشت و، قەرەبووکردنەوەی ئەم تاڵانی وزەرەر وزیانەیان خستە ئەستۆی ژمارەیەک لە دەستبەسەرکراوەکان.
دەسەڵاتدارانی رژیمی ئیسلامی بەرامبەر بەو بزووتنەوە بەرینە جەماوەرییە بەرادەیەک تووشی ترس و دڵەڕاوکێ ببوون کە لەسەر بڕیاری راستەوخۆی خامنەیی و لە رێگای دەیان هەزارکەس هێزی سەرکوتگەری تەیار بە کەرەسەی پێشکەوتووی سەرکوت و داپڵۆسین هاتنە مەیدانی رووبەڕووبوونەوەی جەماوەری نارازی دەست بەتاڵ و، گۆرەپانی شارە گەورە و بچووکەکانی ئێران وکوردستانیان کردە کوشتارگە و، لە رێگای هەڵبڕینی هێڵەکانی ئێنترنێت و چاودێری پۆلیسی بەسەر پێوەندییە گشتییەکانی خەڵک، لە هەوڵی کپکردن و پێشگرتن بە بڵاوبوونەوەی هەواڵی ئەو سەرکوت و ناڕەزایەتیانەدا بوون، بەڵام سەرەڕای ئەو هەوڵەش لە رێگای جۆراوجۆرەوە بە ناردنەدەرەوەی گرتەی ویدیۆیی و هەواڵ و زانیاریی لە لایەن خەڵکەوە،کۆماری ئیسلامی لە نێو وڵاتانی دەرەوە و ناوەند و دامەزراوەکانی پارێزەری مافەکانی مرۆڤ تووشی ریسواییەکی کەم وێنە بوو.
ئەمرۆ و لە ساڵیادی ئەو بزووتنەوە جەماوەرییەدا،کۆماری ئیسلامی لە گەڵ گەلێک گرفت و قەیرانی قوڵی ئابووری و سیاسی و دیپلۆماتیک رووبەروویە. لە ناوخۆ بارودۆخی داتەپیوی ئابووری و پەلوپۆ خستنی مافیای دزی وگەندەڵی و ئیختلاسی ئابووری لەگەڵ زیادبوون و بەرتەسکبوونەوەی ئاڵقەی گەمارۆکانی ئامریکا و، تەشەنەسەندنی ترسناکی پەتای کۆرۆنا و خاوبوونەوەی رەوتی بازار، زۆر زیاتر لە جاران کۆمەڵگای ئێرانی تووشی قەیرانی ئابووری کردووە و باری گوزەرانی خەڵک دژوارتر بۆتەوە. پەراوێزکەوتنی سیاسی و ئابووری رژیم، دابەزینی نرخی نەوت وکۆنی ولە کارکەوتوویی بەشێک لە کەرەسەکانی هەڵێنجان و بەربەستە نێودەولەتییەکانی بەردەم هەناردە کردنی نەوتی ئێران، هاتنەخوارەوەی بەرچاوی بەهای تمەن، پەرەسەندنی بێکاری و داخران و ئیفلاسی یەک لە دوای یەکی ناوەندەکانی بەرهەمهێنان، چوونەسەری رۆژ لەگەڵ رۆژی نرخی پێداویستییەکانی ژیانی رۆژانە و بچووکبوونەوەی سفرەی خەڵک، دەستەوەستانی رژیم لەحاند پێشکەشکردنی ئیمکانات و خزمەتگوزایی گشتی، پەککەوتنی رەوتی خوێندن و قوتابخانەکان، وڵامدەرەوە نەبوونی بەشی تەندرووستی و پەرەسەندنی گەندەڵی لەو بەشە و بەقاچاغ بردنی داودەرمان و پێداویستی خەڵک، سەرهەڵدانی دیاردە دزێوە کۆمەڵایەتییەکان و بەرینبوونەوەی هەژاریی و پەرەسەندنی ترسناکی ئێعتیاد و لەشفرۆشی و داڕمانی بەها کۆمەڵایەتییەکان وهتد و، بوونی ناڕەزایەتییە کرێکاری و جەماوەرییەکان بەرامبەر بەو بارودۆخە نیشان دەدەن کە ئاخێزی جەماوەریی و بزووتنەوەی کۆمەڵایەتی بەهێزی خەزەڵوەری ساڵی رابردوو دانەمرکاوە و کۆتایی نەهاتووە، بەڵکوو لە ئەگەری دەرفەت و بواری گونجاو و لەباردا زۆر بە هێزتر لە ساڵی رابردوو دێتەوە مەیدان و رژیمی ئیسلامی لەگەڵ مەترسی جیددی بەرەوروو دەکا. دەسەڵاتدارانی حکومەتی ئیسلامی بە هەستکردن بەو راستییە و لەگەڵ نزیکەبوونەوەی ساڵڕۆژی سەرهەڵدانە پرشکۆیەکانی جەماوەر، لە چەند رۆژی رابردووەوە لە حەولدان بە قواستنەوەی بارودۆخی شارەکان بە هۆی بڵابوونەوەی پەتای کۆرۆنا و پێشگرتن لە کۆڕوکۆبوونەوەی جەماوەریی و، بە خزاندنی هێزی چەکدار و ملیتاریزەکردنی شارەکان و دانانی خاڵی پشکنین و چاوەدێری وردی هاتوچۆی جەماوەر،پێش بە ئەگەری سەرهەڵدانی هەرجۆرە نارەزایەتییەک بگرن.
ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران لە یەکەمین ساڵرۆژی سەرهەڵدانی شکۆمەندانەی بزووتنەوەی جەماوەریی مانگی خەزەڵوەردا رێزدەگرێ لە یادی ئازیزی هەموو گیانبەختکردووانی ئەو بزووتنەوەیە و سڵاو دەنێرێ بۆ بنەماڵەی سەربەرزیان. رێز دەگرێ لە ئیرادە و خۆراگریی زیندانیان و دەستبەسەرکراوانی ئەو بزووتنەوەیە و وێرای مەحکوومکردن و بە رەسمی نەناسینی هەر جۆرە سزایەک کە لە بێدادگاکانی رژیم بەسەریاندا سەپێندراوە، بە هەموو تواناوە تێدەکۆشێ بۆ لە قاودانی سیاسەتی دژەمرۆیانەی رژیم و دەستەبەرکردنی پشتیوانی نێودەوڵەتی و وەگەرخستنی کەیسی رووداوەکانی مانگی خەزەڵوەر و پێشێلکارییە ئاشکراکانی مافی مرۆڤ لە لایەن رژیمی ئیسلامییەوە لە هەموو توانا و ئیمکاناتی خۆی کەڵک وەرگرێ. لەم ساڵیادەدا کۆمەڵانی خەڵکی دەرفەت بە دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی نەدەن کە لە گەل دونیای دەرەوە سات و سەودا لە سەر مافەکانیان بکرێ. لەو پێناوەشدا وێرای بەرزنرخاندنی هەوڵەکانی سێ رێکخراوی مەدەنی “پێکەوە لەدژی ئێعدام”، “دادپەروەری بۆ ئێران” و”مافی مرۆڤی ئێران” هاودەنگ لە گەڵ بنەماڵەی گیانبەختکردووانی ئەو نارەزایەتیانە و باقی قوربانیەکانی دەستی تێرۆر و تۆقاندنی رژیمی ئیسلامی تێدەکۆشێ.
ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران
٢٥ی خەزەڵوەری ١٣٩٩ی هەتاوی
١٥ی نوامبری ٢٠٢٠ی زایینی