بەیانی‌یەکی پڕ لە حەسرەت بۆ ( نەسیم عەزیزی)

بەیانی بە دەنگی دەک بمرم و بە گریانی شلێری هاوژینم کە لە ژوورێکی دیکەی ماڵەکەمان قسەی دەکرد و ئارا و قەراری لێ هەڵگیرا بوو، وەخۆ هاتمەوە، بە پەلە چووم و گووتم چی بووە؟ دەستی بە هەنیسک و گریان کرد و قسەی بۆ نەدەکرا، لەوبەری تەلەفوونیش دەنگێکی نزم و نووساو بە وشەی پچڕپچر دەیگووت چم لێدەکەی ماڵمان وێران بوو، چرای ماڵمان کوژایەوە.

دەنگی موژدە و باجە خەجیج بوو، هەودای بیر و خەیاڵم پسا و زانیم کە چ کۆستێکمان لێکەوتووە، زانیم کە خوشکە ژیر و مێهرەبانەکەمان نەسیم کۆچی دوایی کردووە و بەم کۆچە ناوەختە، لەم وەرزە پاییزەی‌یەدا، پاییزی لە ئێمە ڕەنگ زەردتر کردووە.

(( ئازیزێ‌… ئەمن سەدایەکم دەگەیشتێ‌ براینە برادەرینە

گەلێک گەلێک لەمن سەدایەکی گەورە و گرانە

هێندێک دەڵێن بابەکەی بابم ئەوە سەدایە پیرەپاییزێیە

هێندێک دەڵێن نەخەیر بایە، بارانە

هێندێک دەڵێن بەفرە، بولەرزەیە، ئاخری زەمانە))

لەو دیو هێڵی تەلەفوونەوە بە هەنیسک و گریانەوە چەند قسەیەک لە هەناوی تەندوورئاسامان ئاڵوگۆر کردن کە زۆرتر لە ناڵە و هاوار دەچوو، دەبوو خۆم کۆبکەمەوە و دڵخۆشی کەسێک بدەمەوە کە سووڕی زەمان هەر لە سەرەتاوە بە دژی سووڕاوە و لە هەموو خۆشی‌یەکانی ژیاندا، ئەم سووڕە ناڕێکە جیا لە ناخۆشی و نەهامەتی چی پێ نەبەخشیوە و ناعەداڵەتی زۆری لەم ڕۆژگارە دا لەگەڵ کردووە.

لاواندنەوەیەک کە بەندی جەرگ و دڵ دەپسێنێ و هەموو کەس ناتوانێ بەرگەی ئەم لاواندنەوە بە سۆزە بگرێ، لاواندنەوەیەک کە چەند جار پێشتریش لە چەند قۆناخی دیکەدا گوێمان لێ بووە بۆمان ئاشنا بوو.

(( ئەری دە وەرە وەرە بنوو ماڵی بابی من ئازیزە گوڵە گوڵێ‌

ئەمن کەوایەکی لە بۆ ئازیزێ‌ خۆم دروست دەکەم

لە پەلکی دە ڕەشەڕێحانێ‌

پەراوێزانی تێدەکەم لە پەلکی دە سوورەگوڵێ‌

وەستایانی بۆ دێنم لە حیللەی

شاگردانی بۆ دێنم لەوێ‌ قۆجەموسڵێ‌

لەگەڵ هەموو تەقەڵ و تەریبانی ئازیزێکی خۆشی بۆ بڵێ‌، ئازیزێ‌ وەی ئازیزێ …))

خوشکە خەجیج جیا لە ئەرکی دایکانەی، ئەرکی قورسی دیکەی پەروەردەکردن و ئەرکی باوکانەشی زۆر بە جوانی بەرێوەبردووە.

منداڵەکانی گەیاندنە لووتکە، پێی گەیاندن، فێری ئینسانییەت و مرۆڤایەتی کردن، لە سەنگەری خەبات و تێکۆشاندا فێری خۆراگری و ژیری و چاونەترسانی کردن، لە هەموو قۆناخەکانی خەباتی سەختی پێشمەرگانەدا لە ژێر سێبەری خۆی گرتن. لە ژێر تەوژمی بۆمبارانی فرۆکە و کاتیۆشاباران و مووشەک و ڕێژنەی گوللەدا سینگی بۆ کردنە قەڵا و سەنگەر و لە هەموو بێ‌ئیمکاناتییەکانی پێشمەرگانەدا پێیان ڕاگەیشت و ئەرکی خۆی سەد قات زیاتر بۆ کچ و کوڕەکانی بەرێوەبرد.

نەسیم کچی گەورەی باجە خەجیج و یادگاری شەهید حەمەعەزیزی عەزیزی، لە منداڵەکانی دیکەی گەورەتر بوو، هەر بۆیە لە هەڕەتی منداڵی دا ئەرکی پێراگەیشتنی خوشک و براکانی وەئەستۆی خۆت گرتبوو، ئەو لە نازی باوکی فەرماندەی بێ‌بەش بوو، هەربۆیەش بۆ منداڵەکانی دیکە جیا لە خوشکی گەورە، دایک و باوک و هاورێی تا سەریان بوو.

کچ و کوڕەکان حەقیانە جیا لە شانازی کردن بە نەسیمی جوانەمەرگەوە، هاوکات بۆی خەفەتبار بن و بۆی بە پەرۆش بن، چوونکە دەزانن کە چ گەوهەرێکی گەورەیان لە دەستداوە، بەڵام هەر لەو کاتەدا کچ و کوڕ و خوشک و براکانی دەبێ ئەوە بزانن کە نەسیم بە تەنیا موڵکی ئەوان نییە بەڵکوو موڵکی هەموو ئەو کەسانەیە کە لەگەڵی بوون و ناسیوویانە.

لەو کاتەوە کە وەک خزم و تێکەڵاوی بنەماڵە ناسیوومن و دواتریش لە سەنگەری شۆڕش و خەبات لە ریزەکانی دێموکرات دا بە یەکەوە هەنگاوی پێشمەرگانەمان هەڵێناوەتەوە، ئەوان بۆ من و بۆ هەموو پێشمەرگەکان خوشک و کەس و کار و هیوا و ئومێد بوون.

بەشی ژیانی نەسیم وەک قسمەت لە ژیاندا کورت بوو، بەڵام ئەم بەشە کورتە لە ژیانی نەسیم پڕ بوو لە سەروەری و گەورەیی، پڕ بوو لە مێهرەبانی و هەست و سۆزی نیشتمانپەروەری، پڕ بوو لە وەفاداری و خۆشەویستی، مرۆڤێک بوو تەژی لە جوانی و لە ئەوین بە بنەماڵە و بە گەل و نیشتمان، ئەوەی جارێک دیبێتی و یا ڕێی لە ماڵی کەوت بێ، دەزانێ کە مەرگ و نەخۆشی چ غەدرێکی گەورەی لەو مرۆڤە هەست ناسکە کردووە، باوەر کردن بە کۆچی دوایی نەسیمی جوان و لەبەردڵان بۆ زۆرێکمان زەحمەتە و هەر بۆیەش هەموومان بە گشتی تاساوین.

بنەماڵەی گەورەی عەزیزی و مەحموودی و بایزیدی و خزرنیا و درەختی نرخی زۆر گەورەیان بۆ ڕزگاری گەلەکەیان پێشکەش بە بارەگای نەتەوەی کورد کردووە و دەگمەنن ئەوانەی وەک ئەو بنەماڵانە خزمەتیان بە گەل و نەتەوەی خۆیان کرد بێ.

ئەوەندەی لە سەر نەسیمی هەردەم پێشمەرگە بنووسم هەر کەمی دێنم و ناتوانی وەسفی ئەو خاتوونە ڕەنگ پەمەیی و خاکەڕایی و پێشمەرگەیە بکەم، هەر بۆیە جیا لە سەر دانەواندن بۆ خزمەتەکانی خۆی و بنەماڵەکەیان هیچ شتێکم نییە کە بارتەقای لقێکی چووکە ئەم شۆڕە بی‌یە پڕ لق و پۆپە بێ.

بە بۆنەی کۆچی دوایی خوشکی ئازیزمان نەسیمی جوانەمەرگ، لە ناخی دڵەوە سەرەخۆشی لە باجە خەجیج و کچ و کوڕەکانی، لە کاک محەممەد بایزیدی هاوسەری نەسیمی خۆشەویست و کوڕ و کچە ژیرەکەی و بنەماڵەی گەورەی عەزیزی ( مام و پوورەکانی) ، بنەماڵەی مەحموودی ( خاڵ و پوورەکانی) ، بنەماڵەکانی بایزیدی و خزرنیا و دەرختی و هەموو خزمان لە نێوخۆی وڵات و لە دەرەوەی کوردستان دەکەم و خۆم بە شەریکی خەمی گشت لایەک دەزانم.

ڕووحی شاد و یاد و ناوی لە دڵان دا هەردەم زیندوو بێ.

٠٦ ـ ١٠ ـ ٢٠٢٠

حەمەرەسووڵ کەریمی