کۆلبەر و مان و نەمان . ڕەحمەت مەحموودپور

کۆلبەر ئەو کرێکارەیە کە لە رێگەی گواستنەوەی کاڵاوە بۆ ئەو دیو سنورەکانی وەڵاتێک ڕۆژگار دەگوزەرێنێت. وەک لە ناوەکەیەوە دیارە کۆلبەر شتەکان بە کۆل دەگوێزێتەوە، ئەو شتومەکانە دەکرێ بە قاچاغ یا بە یاسایی بێ.
لە ئێران ژمارەیەکی زۆر لە خەڵک لە کوردستان و بەلووچستان خەریکی کۆلبەرین و سالانە ژمارەیەکی بەر چاو لە کۆلبەران بە گوللەی ھێزەکانی رژیم دەکوژرێن و تا ئێستا ھیچ کارێکی بەر چاو و ئەوتۆ نەکراوە کە پێش بەو کارە قیزەوەنەیان بگرێ.
حەفتا بۆ ھەشتا ھەزار کۆلبەر لە رۆژھەڵات بونیان ھەیە کە لە روی نەداری و نەبوونی کارێکی باشتر روویان لەو کارە مەترسیدارە کردوە و زۆربەیان نازانن کە ئایا بە ساغی دەگەرێنەوە ناو ئامێزی بنەمالەکەیان یان نا.
ترس لە نەمانیان بە دەست ھێزەکانی کۆماری سێدارە، یان بەربوونەوە لە شاخە دلرفێنەکانی کوردستان، مین و نەمانی تەندروستیێکی باش لە داھاتویان دا ڕۆژ بە ڕۆژ وەکو مێرولەیەکی گۆشتخۆر لە ناو گیانیاندا ھاتوچۆ دەکا بەڵام ھیچ چارەیەک نابینن و ڕێگایەکی کەیان لە بەردەمدا نیە بۆ دابین کردنی رۆژانەی بنەمالەکەیان.
سیاسەتە قیزەوەن و چڵێسی کۆماری ئیسلامی لە بەرامبەر کورد دا وای کردوە کە کەسانی ھەلگری بروانامەی زانکۆ، ھونەرمەند و کەسانی بروا بە خۆ، بۆ دوا رۆژێکی روونیش رو لە کۆلبەری بکەن و زۆربەی چین و توێژەکانی رۆژھەلاتی گرتۆتەوە و بەو کارە رۆژ بە رۆژ لە ھەمو ئاواتەکەیان دور دەکەونەوە و لێرەدا تەنیا سیاسەتی پیسی کۆمار بە باشی ئەرواتە پێشێ.
کوشتنی کۆلبەران ھەر بەردەوامە، ھەرچەند دنگدانەوەیەکی زۆری لە ناو ئێران دا داوەتەوە، بەڵام کەسانی سیاسەتمەداری سەر بە رژیم داکۆکی لەو کارەیان دەکەن و بە بیانوی جیاواز و بە کارھێنانی چەند ناوێک وەکو قاچاغچی و زەربە لێدەر لە دارایی وەڵات تا ئێستا توانیویانە پاساو بۆ ئەو کارەیان بێننەوە.
ھێزێک یان رێکخراوەیەکی باش لە ناو رۆژھەڵات بوونی نیە کە دیفاع لە مافی کۆلبەران بکا، ھەر چەند تا ئێستا چەند نوێنەری خەلک لە پارلەمان، وەرزشوان، ھونەرمەند و نوسەران ویستویانە ئەو کارەیان زەق بکەنەوە بەڵام تا ئێستا نەیانتوانیوە پێش بەو کارە بگرن.
بێدەنگی حیزب و ئوپۆزۆسیۆنەکانی رۆژھەڵات لە کوشتنی کۆلبەران جێگای قەبول کردن نیە و دەبێ ئەوانیش ھەرچی زوتر بە دانانی پلان ھەلوێستێکی جدی بگرن تا چیتر خوێنی رۆلەکانی نیشتیمان بە بێ ھۆ نەرژێتە سەر عەرز.
بێ ئەوەیکە بە خۆمان بزانین کردویانینە کۆلبەر و ھەمو ویست و خواست و ئاواتەکانمان بۆتە پارانەوە کە ھەشتەگ لێدەین #کولبەرنکشید بەڵام ئەوەی راستیە لە ھەمو رۆژھەڵات ئەوەی دەکوژرێ ھەر کوردە و بە شانازیەوە لە میدیاکان دەلێن چەند کەسی قاچاقچی و شەرخواز کوژران. مەخابن نەبینە کۆلبەر و ویستەکانمان تا ئاستی ھەشتەگێک نزم ببێتەوە! ئێمە نەتەوەین و ئەوان شەرافت و کەرامەتی کوردیان کردۆتە ئامانج.
لە گەرمەی پاکتاو کردنی رەگەزی کورد بە ناو کۆلبەروە لە لایان رژیمی ئێرانەوە بێدەنگ مەبن و داوا لە ھەموو ھونەرمەند، نوسەر، وەرزشوان و نۆێنەرانی خەڵک لە پارلەمان دەکەین کە ھەرچی لە توانایان دایە بە کاری بێنن و کۆتایی بەو پیشەو کوشتنی نابەحەقی کۆلبەران بێنن.
بە ھیوای نەمانی کۆماری ئیسلامی
ڕەحمەت مەحموودپور