یادێک لە دوو هاوڕیی دێرین، مامەقالە شۆڕش و کاک کەریم حەدداد. ن هاشم كه‌ریمی

مامە قالە شۆڕش و من ماڵمان لە گەڕەکێک بوو وهەر لە کۆنەوە یەکترمان دەناسی، هەرچەند مامە قالە دەساڵێک لە من بە تەمەنتربوو. تەنانەت هێندێک جێژن بۆ جێژنە پیروزە هاتووچوومان هەبوو، لە خۆیم بیستبوو کە لە دەورەی کۆماردا لەگەڵ چەند لاوێکی بانەیی بۆچەند مانگێک چوونەتە مەهاباد و بوونەتە پێشمەرگەی کۆمار. لە دەورەی “موسەدیق ” یشدا مامه‌ قاله‌، ئەندامی حیزب بووە . کاتێک لە ساڵانی ١٣٤٠ـەكانی هەتاوی (١٩٧٠كانی زاینی) لە تاران مامۆستای فیرگەبووم و هاوكات ده‌مخوێند، مامە قالە لە گەڵ چەند کەسی دیکەی خەڵکی بانە و جێی تری کوردستان بۆ ماوەی ساڵێک گیران و من لە زیندانی قەسر سەردانم کردن.
دوای شۆڕشی گەلانی ئێران و کردنەوە دەفتەری حیزبی دیموکڕات لە بانە ، مامە قالە یەکێک لەو چەند کەسە حیزبیە کۆنانە بوو کە خۆیان بە دەفتەری حیزب ناساند و ئامادەبوونی خۆیا ن بۆ سەرلەنوێ کاری حیزبی دەربڕی. لە تەوای ئەو ماوەی کە پێشمەرگە بنکەی لە شار و له‌ ناوچەی بانە هەبوو، مامە قالە وەکوو کادرێکی حیزبی لە چەند بواردا ئەرکی حیزبی بەجێ دێنا. کاک حەمەدەمینی برای لە شەڕی ٣٧ رۆژەی نێو شاری بانه‌دا شەهید بوو. هاوكات کاک جەمال و کاک ئازاد، کوڕەکانی مامەقالە لە ئورگانەکانی حیزبیدا تێکۆشانیان هەبوو. دوای ئەوەی کە بە ناچاری بنکەکانمان گوێزایەوە بۆ کوردستانی باشوور، مامە قالە لە بەر پیری بە ناچاری لە گوندەکانی کوردستانی باشوور دانیشت و لەبەر ئەوەی هەم خۆی و هەم دادە فاتمی هاوسەری دڵفراوان و میواندۆست بوون، ماڵیان بنکەی پێشمەرگە و لێقەوماوانی دەستی کۆماری ئیسلامی بوو. دوای ئەوەی کۆماری ئیسلامی دەستی دایە تیرۆری ئەندامانی حیزبەکانی کوردستانی رۆژهەڵات لە هەرێم و حیزبە دەسەڵاتدارەکانی هەرێم لەبەربەرژەوەندیی سیاسی و ئابووری چاوپۆشیان لێدەکرد، کە پتر لە ٣٠٠ کادر و پێشمەرگە و ئەندامی دانیشتووی حیزبەکان تیرۆر کران، حیزب بە چاکی زانی کە کەسانی وەکوو مامە قالە کە پیر و نەخۆشن و ئیتر ناتوانن ئەرکی پێشمەرگایەتی بەڕیوە بەرن، بچنە هەندەران. لە بەرئەوە مامە قالە چووە سوید و لەوێش لە هەموو رێ ورەسمەکانی کوردیدا بەشداری دەکرد و جاری واشبوو شێعریشی دەخوێندەوە. مامە قالە کەسێکی قسە خۆش و بەهیمەت و تیکۆشەری رێگەی کوردایەتی بوو.
*********
ناسینی من له‌ گه‌ڵ كاك كه‌ریم حه‌داد ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ نەورۆزی ١٣٥٢ی هەتاوی( ١٩٧٣ی زاینی) كه‌ من به‌ ناچاری بانه‌م به‌ جێ هێشت و گەیشتمە كوردستانی باشوور. له‌و كاته‌دا بوو كه‌ تەشکیلاتی حیزب لە بانە بە هۆی جاسووسێکی خۆفرۆش بە ناوی سەلیمی خا شەرافەت کەوتە بەر هێرشی ساواک و مەلا قادر وێردی ئەندامی کومیتە ناوندی حیزب شەهید بوو، و شەهیدان محەمەد سدیق(ساڵحی) و عەزیز مستەفا زادە لە گەڵ چەندین کەسی دیکە گیران. محەمەد وعەزیز دوای چەندمانگ لە سنە ئیعدام کران. من و مەلا عوسمان میراوەیی (جەلال) [دواتر عوسمان دوای شەڕی داسەپاوی رژیمی کۆماری ئیسلامی بەسەر کوردستاندا لە جادەی سەردەشت پیرانشار شەهید بوو] دەربازبووین.
كاتی ده‌رباز بوونم و گه یشتنم بۆ سلێمانی یەکەمین کەسانێ لە حیزبیەکانی ئەو سەردەمە کە چاوم پێیان کەوت زیندوویادان کاك کەریم حیسامی و کاك کەریم حەداد بوون. دیارە لە ماڵی مامۆستا مەلامحەمەد شەڵماشی براگەورەی مەلائاوارە و کاک مستەفا شەڵماشی کە دیارە لەو دانیشتنەدا کاک مستەفا وەک ئەندامی حیزب ئامادە بوو. دوایی لە قەڵادزێ بەکرێگیراوانی رژیمی شا نارنجۆکیان فرێ دایە حەوشکەی ماڵی کاك کەریم کە ناچار بوو ماڵی هاتە سلێمانی و لە دوو ژووری خانووی کاك کەریم زەند دەژیان، کە خوشکە خەجیج هاوسەری کاك کەریم برازای ئامە خانی هاوسەری کاکە ریم زەند بوو. منیش دوای هەرەسهێنانی شۆڕشی کوردستانی باشوور، بە تەواوەتی لە سلێمانی جێگیر بووم ، و لە بەر ئەوە ی زینەب و بەیانم لە بانە بەجێ هێشتبوون، لە ماڵی مەلا حەمەمینی ئامۆزام و دادە خاوەری هاوسەری دەژیام و مەنزڵەکانمان لە گەڵ کاك کەریم لێک نزیک بوو و کەم رۆژ بوو یەکتر نەبینین. کا ك کەریم و خوشکە خەجیج زۆر میواندۆست و دڵفراوان بوون و بەدایم میوانیان هەبوو، بە تایبەت کاتێ مامۆستا هێمن لە بەغداوە سەردانی سلێمانی دەکرد، شاعیران و نووسەرانی سلێمانی لە ماڵی کاك کەریم سەردانیان دەکرد و بە باشی میوانداریان لێدەکرا.
کاك کەریم لە بنەماڵەیەکی شۆرشگێڕ هاتبووە دنیا کە بریتی بوو لە حەدادەکان، و حەسەنپوورەکان، و حەکیمزادەکان، و خوێشی هەر لە مێرمنداڵیەروە چووبووە نێو تێکۆشانی سیاسیەوە و لە بزووتنەوەی ساڵەکانی ٤٦-٤٧ دا هاوکاری پێشمەرگەی کردبوو وئاشکرا ببوو وبە ناچاری رووی کردبووە کوردستانی باشوور و لە کونفڕانسی سێ دا ببووە ئەندامی کومیتە ناوەندی. هەرچەند زیندوویاد کاك کەریم بە تەمەن بوو، بەڵام شەهیدبوونی کاک محەمەد حەسەنپوور و خوشکە نەسرینی کچی کاك کەریم و حاجی حسەینی برای، بۆ کۆچی دوایی زیندوویاد کاکەریم کاریگەرییی خۆی هەبوو.
یادی ئەو دووهاوڕێ خۆشەویستە پیرۆز بێ

کۆمێنتی تۆ لەسەر بابەت