هۆکارەکانی خەونە ناخۆشەکانی منداڵان … رەزا شوان

زۆر جاردایک و باوک، بە تایبەتیش دایک دەبینێ کە کۆرپە خۆشەویستەکەی بەدەم خەوەوە زەردەخەنەیەکی گەورە دەکات یا پێدەکەنێ .. لە کوردەواری و لە لای گەلانی تریشدا، هەر وا باوە، کە دەڵێن :

” کۆرپـەکەم بەدەم مەلائیکەوە پێدەکەنێ ” یا دەڵێن : ” مەلائیکەکانن ختووکەی کۆرپەکەم دەدەن و یاری لەگەڵدا دەکەن ” رەنگە ئەم قسەیە زیاتر گوزارشت بێ لە بێتاوانی و لە پاکی منداڵان .
بێگومان گەورە و بچووک خەودەبین .. تەنانەت بەشێکی زۆریش لە شاعیران و لە نووسەرانی ناسراوی جیهانی، بۆ گوزارشت کردن لە ناخیان پەنایان بۆ خەون بردووە .. وەکو دەزانین کە یەکەمین چیرۆکی نووسراوی کوردی لە نووسینی ( جەمیل سائیب) بە ناوی ( لە خەوما ) یە، کە لە ساڵی ( ١٩٢٥) دا نووسیوێتی .. یەکێکیش لە شاکارە شانۆگەرییەکانی ( ولیام شەکسپیر ) لە ژێر ناوی ( خەونی نیوەشەوێکی هاوین ) ە .
خەون چییە ؟
تا ئەمڕۆش را و لێکدانەوە و شرۆڤەکانی زانا دەرونییەکان دەربارەی سروشت و هۆکارەکان و شێوەکان و راستییەکانی خەونەکانی منداڵان هاوڕانین و بۆچوونی جیاوازیان هەیە .. تا ئێستا پێوەر و پێناسەیەکی جێگیر بۆ خەونەکانی منداڵان نییە .. بەڵام زاناکان لە هەندێ خاڵ و بۆچووندا، لێکەوە نزیک یا یەکدەگرنەوە .. زانایانی پەروەردە، سەرەڕای ئەوەی کە پێیان وایە کە خەوبینین ( خـەون ) لە ئەنجامی هەڵوێستە خۆش و ناخۆشەکاندا کە دووچاری منداڵ دەبن .. کەچی هەر ئەم زانایانە لە بەردەم پرسیارگەلێکدا راماو و داماون .. بۆ وەڵامدانەوەی راستی خەونەکانی ئەو منداڵانەی کە تەمەنیان لە سێ مانگ کەمترن .. کە لە تەمەنێکدا هێشتا بە باشی هەست بە دەوروبەری خۆیان ناکەن .. ئەم منداڵانە بۆ خـەون دەبینن ؟ ئاخۆ دەبێ خەو بە چییەوە ببینن ؟ دەبێ لە خەونەکانیاندا چ رازێک هەبن ؟ ئەی چۆن ئەو زەردەخەنەیەی منداڵێکی تەمەن چەند رۆژی کە لە شیرینی خەودا دەیکات لێکیبدەنەوە ..؟
دکتۆر (جودی مەنل ) دەڵێ : ” مادام هێشتا منداڵ زمانی نەگرتووە، خەونەکانیان خەیاڵی بێ گفتوگۆن ”
زۆر جار ئەم قسەیەمان لە دەمی دایکان و باوکانی کوردمان گۆێ لێبووە کە دەڵێن : ” منداڵ بە رۆژ چی بێتەرێی .. بۆ شەوەکەی ئەو رۆژە ئەو بەسەرهاتانە دێنەرێی .. ”
لە ئەمڕۆدا زانایانی دەروونناسی بە تەواوی لەگەڵ ئەو بۆچوونەی دایکان و باوکانی کوردان .. ئەمانیش پێیان وایە کە منداڵ بە رۆژ چی ببینێ بۆ شەوەکەی دێنە خەونی .. هۆیەکەشی بۆ ئەوە دەگەڕێننەوە، کە ئارەزووەکانی منداڵ زۆری لێدەکەن کە ئەو زیندەخەونانەی بە راستی لە رۆژدا بۆی نەهاتنەدی .. لە خەونەکانیدا بیان هێنێتەدی .. یا دەشێ لە چارەسەرکردنی کێشەکانیدا شکستی هێنابێ، دەیەوێ لە خەونەکانیاندا بە سەریاندا زاڵبێ و چارەسەریان بۆ دابنێ .. یا دەشێ لە لایەن خێزانەکەیەوە، یا لە لایەن مامۆستاکەیەوە، یا هەر کەسێکی ترەوە، لۆمە و رسوا و رووشکێن و دڵشکێن کرابێ، یا هەڕەشەیان لێکردووبێ و نەیتوانیوە بەرگری لە خۆی بکات .. خەون بەوەوە دەبینێ کە لە خەونەکەیدا، لەوان بەهێزترە و، تۆڵەی رسواکردنەکەی لەو کەسانە دەکاتەوە .. یا خەون بە بابەتێکی یارییەوە دەبینێ، بە پاسکیلێک، بە بووکەڵەیەک، بە تۆپێکی قنج، بە جلوبەرگێکی جوان، بە سەیران و گەڕان، بە چوون بۆ شاری یاری( چاڤی لاند )، بە شایی و هەڵپەڕکیوە، … هتد .. یا خەون بە یارمەتیدانی کەسێکی داماوەوە دەبینێ، بەزەیی بە زۆرلێکراوێکدا دێتەوە، دەستی یارمەتی بۆ گەدایەک درێژ دەکات …هتد .
یا چیرۆکێکی خوێندۆتەوە یا گوێ لێبووە، سەرسامی پاڵەوانی چیرۆکەکە بووە و، لە خەونیدا واهەست دەکات کە بە راستی بووە بە ئەو پاڵەوانە سەرکێشییەیی چیرۆکەکە یا داستانەکە .. ئەمانە و بە دەیان خەونی بێسنووری تری منداڵان .
زانایانی دەروونناسی جەخت لەسەر ئەوەش دەکەنەوە .. کە خەونی منداڵان هەمیشە پەنجەرەیەکە بۆ جیهانی دەروونیان .. دەتوانن لە میانەی خەونەکانیانەوە، ئەوە بزانن کە چی لە هۆشی ناوەوەی منداڵاندا هەیە .. یا لە ژیانیاندا گرفتاری چی بوونە .
شارەزایانی خەونەکانی منداڵان، ئامۆژگاری دایکان و باوکان دەکەن، کە خەونەکانی منداڵەکانیان پشتگوێ نەخەن و، بە شتی پڕوپۆچ و هەلەق و مەلەق و بێ مانا ناویان نەبەن .. چونکە ئەو خەونانە ئاوێنەن بۆ زانینی هەستە جیاوازەکانی منداڵەکانیان .. تا تووشی خەمۆکی نەبن .. خەمۆکيش نەخۆشییەکی بڵاوی نێو منداڵانە .. منداڵانیش وەکو گەورەکان دووچاری دڵەڕاوکێ دەبن و، هەست بە ئازارەکان دەکەن .
جۆرەکانی خەونەکانی منداڵان :
١ـ خەونی سادە و راسەوخۆ : وەکو ئەوەی کە منداڵ خەون بە بوونی شتێکی جوانەوە ببینێ، بە ملوانکەیەکی جوان، بابەتێکی یاری، …هتد. دەکرێ ئەم خەوانە بهێنرێنەدی .
٢ـ خەونی ترسناک : وەک ئەوی کە منداڵ لە خەونیدا، ئاژەڵێکی دڕندە پەلاماری دەدا .. یا وا هەست دەکات کە دایک و باوکی لێی دابڕاون و، بە بێکەسی ماوەتەوە .. یا شەڕانگێزێکی چەقاوەسوو شەڕی لەگەڵ دەکا .. یا دایکی ترساندووبی و پێی وتووبێت ئەگەر نە خەوي بانگی : گورگ، کەمتیار، سەگ، دێودرنج، چەقەڵ، شومقار، … هتد بۆ دەکەم، کە بێن حەپەلۆشت بکەن . ئەم ترساندن و هەڕەشانە دێنە خەونەکانی و وا هەست دەکات کە بە راستی پەلاماری دەدەن و توانای بەرگریکردنی نییە .. بەدەم زیڕان و گریانەوە لە خەو رادەپەڕێ و هەڵدەسێ .. پێویستە دایک ئاگای لەم خەونانە بێ و، هەوڵی هێورکردنەوەی منداڵەکەی بدا و دەست بە سەریدا بێنێ و سۆز و خۆشەویستی پێببەخشێ و .. دڵنیای بکاتەوە و پێی بڵێ ئەی ئەوە نییە من لێرەم .. لە راستیشدا ئەم جۆرە خەونانە تا رادەیەک ترسناکن، چونکە گوزارشت لە دۆخێکی خراپی منداڵ دەکەن کە پێیدا تێدەپەڕێ .. رەنگە کاردانەوەیەکی خراپیشیان لەسەر ئایندەی منداڵ هەبێت، یا لەوانەیە تووشی نەخۆشی دەروونی بکەن .. زۆر لەو نەخۆشییە دەروونییانەی کە تووشی گەورەکان بوونە، دەگەڕێێنەوە بۆ ترس و تۆقین و ئەو بەسەرهاتە ترسناکانەی کە لە قۆناغی منداڵییاندا دووچاری بوونە .. کەواتە دایک و باوک رۆڵێکی نەرێنییان لە ترساندنی منداڵەکانیاندا هەیە .
زۆر جاریش منداڵان لە میانەی هێزی هۆشیانەوە، خەونی خەیاڵی خۆش و باش بە داهێنانەوە دەبینن .. تاقیکردنەوەی سەرکەوتوو ئەنجام دەدەن .. یا پیاوەتی و چاکە دەکەن .. بەزەییان بە کەسانی بێدەرتان دێتەوە و، یارمەتی داماوان دەدەن .. یا بیر لە ئازایەتی و قارەمانێتی دەکەنەوە و بەرگری لە زۆرلێکراو دەکەن .. یا دەبن بە لە خەونەکانیاندا دەبن پێشمەرگە و پارێزگاری لە کوردستان دەکەن .. ئەم خەونانە زۆر بەسوودن و ئەرێنین .. گوزارشتن لە خۆشنوودی و لە دڵنیایی و ئاسوودەیی و متمانە بەخۆبوونی منداڵان .. لەوانەشە خەونەکان بووبن بە ئیلهام و بنەما بۆ بەرجەسەکردن.
پێویستە لەگەڵ منداڵاندا باسی خەوبینین بکرێت .. تا ببێتە بابەتێکی ئاسایی و خەیاڵیان بۆ دوور نەچێت .. کە منداڵێک خەون دەبینێ و دەیگێڕێتەوە، تەنانەت گەر خەونەکەی مایەی پێکەنینیش بێ، یا ترسناکیش بێت .. هەرگیز نابێت گاڵتەی پێبکەن .. چونکە هەستکردنی منداڵ بە دڵنیایی و ئاسوودەیی و رێزگرتن، لە نێوان خێزانەکەی لە ماڵەوەدا زامنن بۆ ئەوەی پەنا بۆ جیهانی منداڵی پاک و خۆشبڕوایی بەرێت .
خەونەکانی منداڵان بەپێی تەمەنیان :

منداڵ تا گەورەبێت، خەونەکانیشی دەگۆڕێن .. بە هۆی زیاتر شارەزایی و هەستکردنی و پێگەیشتنی سۆزداری و زیاتر تێگەیشتن و چاوکراوەیی .. ئەمانە دەبنە هۆی ئەوەی کە خەونەکانیشی قووڵتر و ئاڵۆزتربن .
١ـ خەونەکانی منداڵان لە تەمەنی دوو بۆ پێنج ساڵان : لەم تەمەنەدا ئاژەڵە ماڵی و کێوی و دڕندەکان کاریگەرییەکی زۆریان لە خەونەکانی منداڵاندا هەیە .. ئەم خەونانەش دڵخۆشکەرنین .. منداڵان دووچاری ناخۆشی و دڵتەنگی دەکەن .. چونکە ئاژەل بە لای منداڵانی ئەم تەمەنەوە هۆی ئازاردانی مرۆڤن .. بۆیە خۆشیان ناوێن .. یان لەوانەیە کەسانێک ئازاریان دابن، یا هەڕەشەیان لێکردوون، ئەو کەسانە لە شێوەی ئاژەڵێکی دڕندەدا دێنە خەونیان .. ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی کە پەیوەندیی باشیان لەگەڵ ئەم کەسانەدا نەبێت .
٢ـ خەونەکانی منداڵان لە تەمەنی پێنج ساڵیدا : خەونەکانی منداڵان لەم تەمەنەدا، پەیوەندییان بە خودی کەسێتی خۆیانەوە هەیە، لە خەونەکانیاندا خۆیان بە تەوەر و بە پاڵەوان و کاراکتەری خەونەکانیان دەزانن .. لە خەیاڵیاندا بە گەلێ شێوە خۆیان دێتە بەرچاو، خۆزگەی ئەوە دەخوازن کە بەو شێوەیە بن .. منداڵان لەم تەمەنەدا هەست بە دەوروبەریان دەکەن و بەو شتانەش کە پەیوەستن بە کەسایەتییانەوە .. دەشێ خەون بە چەند تاقیکردنەوەیەکەوە ببینن .. هەر بە تاقیکردنەوەش لەو کەسانە بگەن و بناسن کە کاریگەریان لە سەریان هەیە .
٣ـ خەونەکانی منداڵان لە دوای تەمەنی پێنج ساڵییەوە : لەم قۆناغەدا منداڵان بە زۆری پەیوەندییان بە ژینگەی دەوروبەری خۆیانەوە هەیە .. خۆیان تەوەری خەونەکانیان نین .. لەوانەیە وەک بینەر دەرکەون و، بەشداریکردنیان نەبێت .. جیاوازی ئەم قۆناغەش لەوەدایە، کە خەونەکانیان بزوێنەر نین .. بە زۆری لەو دیمەنانە دەڕوانن کە تایبەتن بە ژینگەکەیانەوە .. زۆربەی خەونەکانیشیان ترسناکن، دەربارەی ئەو شتانەن کە لە دەمی گەورەکانەوە دەیان بیستن، کە هەندێکیان بوونیشیان نییە و منداڵان بە چاوی خۆیان نەیان بینیون، لە شێوەی دڕندەی ئازاردەردا، لە خەیاڵیاندا بەرجەستە دەبن و، لێیان دەترسن : وەکو دێوودرنج ، جنۆکە ، شومقار ، ئەژدیها ، دز، و کەسانی چەقاوەسوو . یان ئاژەڵی ئازاردەری وەکو : گورگ، کەمتیار، ورچ، سەگ، پشیلەی بەرەڵا، .. هتد . کە دێنە خەونیان و پەلاماریان دەدەن .. دووچاری ترس و ناخۆشی و خەیاڵ ئاڵۆزییان دەکەن .. لە باخچەی ساوایانی وڵاتانی رۆژئاوا هەر لە منداڵییەوە .. منداڵان لە ئاژەڵەکان نزیک دەکەنەوە و دەیان چەند جارێک دەیان بەن بۆ باخچەی ئاژەڵان بۆ ئەوەی هەر لە منداڵییەوە ترسیان لەم ئاژەڵانە نەبێت .. بگرە من بە چاوی خۆم بینیم دادەکانیان سەگ و پشیلەیان دەبردە پۆلەوە و، یەک بەیەکی منداڵەکان دەستیان بە پشتی سەگەکە و، پشیلەکە دەهێنا و، بناغەی پەیوەندییان لەگەڵ ئەو ئاژەڵانەدا دادەنا.. نە سەگ بە منداڵان دەوەڕێن و .. نە منداڵانیش بەردیان تێدەگرن .
٤ـ خەونەکانی منداڵان لە تەمەنی هەشت بۆ دە ساڵان : جیاوازی ئەم قۆناغە لەگەڵ قۆناغەکانی تردا، خەونەکانی منداڵان بریتین لە مۆتەکە ( کابوس : وشەی کابوس کە عەرەب بەکاری دەهێن لە وشە رەسەنە یۆنانییەکەوە وەرگیراوە ) ترسەخەونێکن زیاتر لەوەی کە خەونی ئاسایی بن، منداڵان لە خەونەکانیاندا، وا هەست دەکەن کە لە لایەن کەسانێکی ئازاردەر، یا ئاژەڵێکی دڕندەوە راودەنرێن و .. دەیانەوێت لێیان دەربازبن .. توانای راکردن و دەربازبوونیشیان نییە .. یا هەست بە نائومێدی و شکستی دەکەن .. هەموو ئەمانە مۆتەکە و ئازاردەرن .. بە زۆریش لە دوای پێنج کاتژمێری یەکەمی نووستندا، مۆتەکەی ناخۆش دێنە خەونیان .. بە تایبەتیش ئەو منداڵانەی کە لەسەر لا دەخەون، ئەگەرچی نووستن لەسەر لا، باشترین شێوەی نووستنە .
٥ـ خەونەکانی منداڵان لە دوای تەمەنی دە ساڵان تا چواردە ساڵان : خەونەکانی منداڵان لە دوای دە ساڵییەوە، بەوە زانراوە کە سەرچاوەکانیان لە دەرەوەی خودی منداڵان دان ، لە شتەکانی دەوروبەریانەوە دێن .. کاریگەرییان لەسەر بیر و شارەزاییان هەیە .
مۆتەکە چییە ؟
رەنگە ئەمە بەسەری هەمووماندا هاتووبێت، کە چەند جارێک لە خەونەکانماندا، وا هەستمان کردووە کە شتێک یا تارماییەک خۆی بەسەر سنگماندا داوە و، ترساوین و توانای جووڵەکردنمان نەبووە .. تا خەبەرمان بۆتەوە .. ئەم ترسەش مۆتەکەیە .
مۆتەکە، خەونێکی ترسێنەر و ناخۆشە، لە کاتی نووستندا تووشی مرۆڤ دەبێت، بە زۆریش لە کۆتایی خەوتندا .. لە نیشانەکانی مۆتەکە، چاوەکان بە خێرایی دەبزوێن و، هەست بە ترس و بە دڵڕاوکێیەکی بەهێز دەکرێ. لە (٥٠ ./ . ) ی گەورەکان، زیاتریش ژنان دووچاری مۆتەکە دەبن .. پزیشکە دەروونییەکان پێیان وایە یەکێک لە هۆیەکانی مۆتەکە نانخواردنێکی زۆرە لە پێش نووستندا .. مۆتەکە پێویستی بە چارەسەر نییە .
مۆتەکەش لە خەونەکانی منداڵاندا بڵاوە .. تا باڵق و گەورەتربن کەمتر دەبێتەوە .. مۆتەکەی منداڵان، کەمێک جیاوازی هەیە لەگەڵ مۆتەکەی گەورەکاندا، لە رووی هۆیەکان و ناوەڕۆک و رێگاکانی چارەسەرکردن و خۆپاراستن .
مۆتەکە لە لای منداڵان، خەونێکی ترسناکە، کە منداڵان لە کاتی نووستندا دەیبینن، دەبێتە هۆی ترس و ناڕەحەتی و ناتوانن درێژە بە خەوەکانیان بدەن، لە خەو رادەپەڕن و هەڵدەستن .. تا هێور دەکرێنەوە و ترسەکەیان دەڕەوێتەوە .. پزیشکەکان دەڵێن لە چوار منداڵدا، منداڵێک لە هەفتەیەکدا جارێک یا زیاتر، بە شێوەیەک لە شێوەکان دووچاری خەونی ترسناک و بێزارکەری شەو دەبێت، بە زۆریش لە نێوان کاتژمێری چوار بۆ شەشی بەیانی .. منداڵ بەدەم هاوار و گریانەوە، یا بەبێ گریان، لە خەو رادەپەڕێ و، هەست بە ترس و بێ ئارامی دەکات .. زۆر جاریش ژوورەکەی خۆی بەجێدەهێڵێت و، روو لە ژوورەکەی دایک و باوکی دەکات .. بۆ ئەوەی لە پاڵ ئەواندا هەست بە پاراستن و دڵنیایی و ئاسوودەیی بکات و، بەبێ ترس و بە دڵنیایی بنوێت .
ئەوەی لەم کاتەدا لەسەر دایک و باوک پێویستە و سوودی زۆری بۆ منداڵەکەیان هەیە ، ئەوەیە کە دەست بەسەر منداڵەکەیاندا بهێنن و، سۆزی خۆشەویستی پێببەخشن .. بە دڵنەرمی و شیرینی لەگەڵیدا بدوێن، نەک لێی توڕەبن و بە ترسنۆک ناوی بەرن .
لەوانەیە منداڵەکەیان خەونەکەی بۆ دایک و باوکی بگێڕێتەوە .. بۆ ئەوەی ترسی خۆی پێشان بدات و، نەیەوێت بگەڕێتەوە بۆ جێخەوەکەی خۆی .. بۆ ئەوەی دووبارە تووشی هەمان مۆتەکە و ترسەشەو نەبێت .
پێویستە دایکان و باوکان نە باسی مۆتەکە و، ئەو دەعبایانەی کە هاتوونەتە خەونی منداڵەکانیان نەکەن .. بەڵکو قسەی شیرین و خۆش و پێکەنینیان بۆ بکەن .. تا هەست بە ئارامی و دڵنیایی بکەن و .. بگەڕێنەوە بۆ ژوورەکانی خۆیان .
هەندێ لە زانایانی دەروونی، مۆتەکەی منداڵان بەوە دەزانن، کە جۆرێکە لە( فـۆبیا ) واتە ( نەخۆشی ترس ) کە لە میانەی ئەم خەونانەوە دەردەکەون .. لەوانەیە فۆبیا لە ئاژەڵ و لە تاريکی و لە بەرزایی بێت .. کە منداڵان لە میانەی خەونە ناخۆشەکانیاندا، لە شەودا بیان بینن .
هۆیەکانی ترسەشەو و مۆتەکەی منداڵان :
١ـ کەمی خۆشەویستی و سۆزداری و بایەخپێدان بە منداڵ .
٢ـ لۆمەکردن و شکاندنەوە و تەریقکردنەوەی منداڵ .. یا توڕەبوون و نەڕاندن بە سەریدا .. یا لێدانی بە دڵڕەقییەوە لە لایەن دایک و باوکی یا لە لایەن مامۆستاکەیەوە.
٣ـ ناکۆکی و دەمەقاڵییە زۆرەکانی نێوان دایک و باوکی .
٤ـ ململانێی دەروونی منداڵ و، رکەبەرایەتی لەگەڵ هاوڕێکانیدا .
٥ـ تووشبوونی منداڵ بە هەندێ نەخۆشی، وەکو: تا و، هەرسکردنی بەزەحمەت .
٦ـ کارتێکردنی منداڵ بە بینینی فیلمی کارتۆنی توندوتیژ، لە تەلەفزیۆنەکانداندا .. یا بینینی ئەو دراما و فیلمانەی توندوتیژی و شەڕ و کوشتن و بڕینیان تێدان .
٧ـ ترساندنی منداڵ بە شتی ترسناک یا ئاژەڵی دڕندە، وەکو : گورگ، کەمتیار، …هتد .
چەند هەنگاوێک بۆ چارەسەری ترسەشەو و مۆتەکەی منداڵان :

١ـ پێویستە هەمیشە چاودێری منداڵەکانتان بکەن .. تا بزانن لە چی دەترسن .
٢ـ دوورخستنەوەی منداڵەکانتان لە سەیرکردنی فیلمی کارتۆن ترسناک و لەو فیلم و درامایانەی، کە توندوتیژی و شەڕ و ئاژاوە و کوشتن و بڕینیان تێدایە .
٣ـ وا لە منداڵەکانتان بکەن کە لە دڵەڕاوکی و شڵەژان و مشتومڕ دوور بکەونەوە .
٤ـ لۆمە و رووشکێنی منداڵەکانتان مەکەن و، لێیان مەدەن بە تایبەتیش پێش نووستن.
٥ـ لە نزیکەوە بە نەرم و نیانی گفتوگۆ لەگەڵ منداڵەکانتاندا بکەن .. بۆ ئەوەی وایان لێبکەن کە باسی ئەوەتان بۆ بکەن کە رۆژانە لە چی ترساون و دەترسن .
٦ـ بەر لە نووستن بە شێوازێکێ خۆش چیرۆکی خۆشیان بۆ بگێڕنەوە، یا بخوێننەوە .
٧ـ هەڕەشە لە منداڵەکانتان مەکەن و .. بە ناوهێنانی ئاژەڵی دڕندە و دەعبا و شتی
ترسناک مەیان ترسێنن .
٨ ـ لە ژووری نووستنی منداڵەکانتاندا .. رووناکییەکی کز هەڵبکەن .
٩ـ زانایان بە باشیان زانیوە .. کە منداڵان بەر لە نووستن چەند چالاکییەکی هێمنانە ئەنجام بدەن و .. دووشێک بکەن .
١٠ـ ترسی منداڵەکانتان مەشارنەوە و پێیان مەڵێن : ” ئەمان خەونن و هیچی تر نین ” بەڵکو پێیان بڵێن : ” ئێمە دەزانین مۆتەکە واتان لێدەکات کە هەست بە ترس بکەن .. بەڵام لە راستیدا ئەمە روونادات .. بەڵگەش ئەوەیە لە خۆتان بڕوانن .. تووشی هیچ ئازار و شتێک نەبوونە .. ئێمەش وەکو ئێوە منداڵ بووین و مۆتەکە دەهاتە خەونمان .. ئەوەتاین ئێمەش هیچمان لێنەهاتووە ” بەم قسانە دڵنیایی بە منداڵەکانتان دەبەخشن .
١١ـ هەندێ جار مۆتەکە رەنگدانەوەی ترس و ململانییەکانی ژیانن .. لە منداڵەکانتان بگەڕێن با چییان لە خەونەکانیاندا بینیون بۆتانی بگێڕنەوە .. ئەمە واتان لێدەکات کە چیبکەن و، چۆن یارمەتی منداڵەکانتان بدەن و، بیر لە چارەسەرکردنیان بکەنەوە .. بۆ ئەوەی بەسەر ئەم ترسەشەو و مۆتەکانەدا زاڵبن .
١٢ـ کە منداڵەکانتان لە خەونەکانیاندا لە ترسان خەبەریان دەبێتەوە .. بە زۆر مەیان خەوێنن .. بۆ ماوەیەک لەگەڵیاندا بمێننەوە و بە زمانێکی شیرین و نەرم و نیان قسەی خۆشیان بۆ بکەن .. تا هەست بە دڵنیایی و ئارامی و ئاسوودەیی بکەن .
١٣ـ کە منداڵەکانتان دەترسن .. مەیان بەن بۆ ئەوەی لە لای خۆتان بیان خەوێنن .. ئەمە وایان لێدەکات، وا بزانن کە جێی خەوەکانیان ترسناکە .
١٤ـ کە منداڵەکانتان دووچاری ترسەشەو و مۆتەکە دەبن .. ژوورەکانیان رووناک مەکەنەوە .. چونکە ئەمە وایان لێدەکات کە لە تاریکی بترسن .. با ئەو رووناکییە گزە لە ژوورەکانیاندا وەکو خۆیان بمێننەوە .
١٥ـ کە منداڵەکانتان لە ترسان خەبەریان بۆوە، خواردنیان پێمەدەن .. بۆ ئەوەی ئێوە تێربن و زووتر بگەڕێنەوە بۆ ژوورەکانیان .. ئەگینا منداڵەکانتان لەسەری رادێن و، هەموو شەوێک هەست بە برسێتی دەکەن .. بەڵام قەیناکە کەمێک ئاویان بدەنێ .
١٦ـ گەر منداڵەکانتان چەندین جار دووچاری ترسەشەو و مۆتەکە بوون .. پشتگوێیان مەخەن، پێویستە بیان بەن بۆ لای پزیشکی پسپۆری دەروونی .. بۆ ئەوەی چارەسەری پێویستان بۆ دەستنیشان بکات و، کۆنترۆڵی ترسەکانی منداڵەکانتان بکەن. لەم بارەیەوە پرۆفیسۆر ( دیتەر ۆوک ) دەڵێ : ” مۆتەکە و ترسەشەو لە ناو منداڵاندا بڵاوە .. بەڵام دووبارەبوونەوەی لە قۆناغی منداڵیدا، ئاگادارییەکە بۆ شتێکی زیاتر ترسناک ”
١٧ـ لە بیریشتان نەچێت، کە منداڵەکانتان دەچن بۆ نووستن .. بە روویەکی گەشەوە ماچیان بکەن و.. شەو شادیان لێبکەن و .. هیوای خەوێکی خۆشیان بۆ بخوازن .
١٨ـ هەردەمییش ئەوە دەوترێت : ” خۆپـاراستن .. باشترە لە چارەسەرکردن ”
ترس دەرکردن لە کۆندا لە ناو کوردەواریدا :

لە کۆندا لە کوردەواریدا، رەنگە لە هەر ناوچەیەکی کوردستاندا، بە شێوەیەک لە شێوەکان دایکان ترسی منداڵەکانیان دەردەکردن : من دوو نموونەی ترس دەرکردنی کوردەواریتان بۆ دەگێڕمەوە .. کە بە منداڵی بە چاوی خۆم بینیومن .. منداڵ بووم ماڵمان لە دێی ” گۆگجە ” لە ناوچەی ” شوان ” ی سەر بە کەرکوک بوو .. لە دایکانی دێیەکەمان .. چەند جارێک بینیم بەم دوو شێوەیە، دایک ترسی منداڵەکەی دەردەکرد :

١ـ توانەوەی قوڕقۆشم : جاران قوڕقۆشمی ( رەساس) ی خڕ هەبوو کە بە قەی دەنکە نۆكێك دەبوو .. دایکی منداڵە ترساوەکە، دەنکێ قوڕقۆشمی دەهێنا و، دەیخستە ناو تاوەیەکەوە و، دەیخستە سەر پەرەمێسێکی داگیرساو .. تا بە تەوای ئەو قوڕقۆشمەکە دەتوایەوە و دەبوو بە ( شلە ) .. ئینجا جامێک ئاوی ساردی دەهێنا و .. لە بان سەری کۆرپەکەی ـ ئەو ساوایە لە هیچ شتێک ناگەیشت ـ ( بسم اللە ) ی دەکرد و قوڕقۆشمەی دەکردە ناو ئاوە ساردەکەوە .. چزەیەکی قایمی لێوە دەهات .. قوڕقۆشمەکە یەکسەر دەبووەوە بە قەوارەیەکی رەق .. بەڵام وەکو پێشتر خڕ نابوو .. شێوەیەک دەردەچوو .. ئیتر دایکی منداڵەکە دەیوت .. ئەوە شێوەی سەگە بۆرەیە ، کۆرپەکەم لە حەپە حەپی سەگە بۆرە ترساوە .. یا پشیلەکەیە .. یا مانگا زەردە .. ئەگەرچی لە راستیدا لە شێوەی هیچیانی نەدەکرد .. ئینجا دایکەکە سێ جار لەسەر یەکتری دەیوت : ” ترسی کورپە جوانەکەم دەرچێ .. ” ئەم کارە سێ ئێواران لەسەر یەکتری بە هەمان شێوە، دووبارە دەکرایەوە .. ئەو دایکە بڕوای وابوو کە بە دڵنیاییەوە، ترسی کۆرپەکەی دەرکردووە .
٢ـ بازدانی دایک بە منداڵەکەیەوە بەسەر جۆگەلە ئاو یا ئاگردا : دایک دەمەو ئێوارە کۆرپەی ترساوی لە باوەش دەکرد و .. سێ جار لەسەر یەکتری بەسەر ئەو جۆگەلە ئاوەی ناو حەوشەکەیاندا.. لەگەڵ وتنی ” بسم اللە ” دا، بازی دەدا .. لە کۆتاییدا لە گەڵ ئەوانەی لە دەوروبەری بوون ” حەلەلالااا .. حەلەلالا اا .. حەلەلالا ااا .. ” یان دەکرد .. ئەم کارەش سێ ئێواران لەسەر یەکتری دووبارە دەکرایەوە .. دایکەکە بڕوای وابوو کە ترسی منداڵەکەی، کەوتە ناو جۆگەلە ئاوەکە و .. ئاوەکەش ترسەکەی لەگەڵ خۆیدا برد .. یان لە جیاتی جۆگەلە ئاو .. بە هەمان شێوە بەسەر ئاگرێکی بچووکدا سێ جار بازی دەدا .. بڕوای وابوو کە ترسەکە کەوتە ناو ئاگرەکەوە و سووتا .
تا ئەمڕۆش لە زۆر شوێنی کوردسـتاندا، بە تایبەتیش لە باکـووری کوردستاندا .. لە ئێوارەی جەژنی نەورۆزدا .. کە ئاگری نەورۆز دەگرێتەوە .. بە تایبەتیش پیاوان چەند جارێک بەسەر ئاگری نەورۆزدا بازدەدەن .. بڕوایان وایە کە هەموو گوناهەکانیان دەکەوێتە نێو ئاگرەکەوە و، لە گوناهەکانیان پاک دەبنەوە .. یا گەنجان بۆ هێنانەدی نیاز و مەرازیان باز بەسەر ئاگری نەورۆزدا دەدەن .
لە هاوشێوەی ئەم جۆرە نەریتانەی کوردەواری .. لە ناو گەلانی تریشداهەیە .. بۆ نموونە هێندییەکان لە ئاوێ رووبارێکدا خۆیان دەشۆرن و چەند جارێکێکیش خۆیان نوقم دەکەن .. بڕوایان وایایە کە رووبارەکە لە هەموو گوناهەکانیان پاکی کردونەتەوە.
رەزا شوان