هێندێک تایبەتمەندیی کۆنگرەی شازدەی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان! هەیاس کاردۆ

حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان لە کاتێک دا بڕیاری گرتنی کۆنگرەی خۆی دا و لە کاتی خۆی دا بە ئەنجامی گەیاند کە ناوچەکە بە گشتی و کوردستان بە تایبەتی لە قەیرانێکی ئەمنییەتی و ماڵیی قووڵ دا دەژین. بە هەمان هۆش، حیزبی دێمۆکڕات بۆخۆشی لە باری ماڵییەوە تووشی گرفتە و بە پێی ئەوە بنکەی سەرەکیی لە باشووری کوردستانە لە باری ئەمنییەتیشەوە گرفتی هەیە. بەو حاڵەش ڕێبەریی حیزب وەفادار بە پڕەنسیپەکانی و بۆ ئیسپاتی درێژەدان بە فەرهەنگی دێمۆکڕاتیکی خۆی، بڕیاری گرتنی کۆنگرەی دا. ئەوە لێبڕاویی حیزبی دێمۆکڕات بە پاراستنی مافی ئەندامانی خۆی لە هەر هەلومەرجێک دا نیشان دەدا و دیارە بێگومان لە درێژخایەن دا قازانجیشی لێ دەکا.
نوێنەرانی کۆنگرە لە دەرەوەی وڵات بە هەست کردن بە وەزعی ماڵیی حیزبەکەیان و بۆ ئەوەی کۆنگرەیەکی بێ گرفتی ماڵییان هەبێ، خۆ بەخشانە بڕیاریان دا هەرکەس بە خەرجی خۆی سەفەر بکا هەتا هیچ بارگراناییەک نەکەوێتە سەر بودجەی حیزب. ئەوە نیشانەی ئەوپەڕی هەست بە بەرپرسایەتیی نوێنەرانی کۆنگرەیە و دڵنیام توانیویەتی یارمەتییەکی باش بێ بۆ پشتیوانەی ماڵیی حیزبەکەیان.
باسەکانی پێش کۆنگرە وامان پێ دەڵێن کە بە خۆشییەوە بەشداران بە چڕی و پڕی و زۆر بە مەسئوولییەتەوە هەموو مەسەلە هەستیارەکانی پێوەندیدار بە دواڕۆژی خەبات و حیزب دێننە گۆڕێ و لە فەزایەکی زۆر دێمۆکڕاتیک دا موناقشەیان لەسەر دەکەن. کۆنگرەکانی پێشووی حیزب وابوون و هیوادارم ئەومجاریش هەروا بێ کە، لە ڕەخنە و باسی گرفتەکان دا ڕەحم بە کەس ناکرێ کەچی ڕووحی ڕێز و هاوڕێیەتی لەو پەڕی خۆی دا دەپارێزرێ. زۆر باسی گرینگ بۆ کۆنگرەی ئەمجارە هەن کە دەتوانن دواڕۆژی حیزب بە چاک یان خراپ ڕوون کەنەوە. تایبەتمەندیی کۆنگرەی شازدە لەوەدایە کە دەتوانێ دوا کۆنگرەی “حدک” بێ یان بڕیاردەری حیزبێکی خاوەن کەسایەتیی خۆی و داڕێژەری بەرنامەیەکی دەوڵەمەند بۆ ئیدامەکاری.
ئەوە یەکەم کۆنگرەی حیزب دوای بوونی بە ئەندامی ڕەسمیی ئینتیرناسیۆنال سۆسیالیستە. تایبەتمەندیی ئەو کۆنگرەیە ئەوەیە بڕیار بۆ حیزبێک دەدا کە ئەندامی گەورەترین ئۆڕگانایزەشینی نێودەوڵەتییە. ئەو کۆنگرەیە دەتوانێ و دەبێ لەو مەوقعییەتەی حیزب بۆ دانی هێندێک بڕیاری گرینگ کەڵک وەرگرێ و ڕێبەریی دوای کۆنگرە مولزم بکا دەنگی ڕەوای کورد لەو تریبۆنەوە باشتر بە گوێی دەرەوە بگەیەنێ.
کۆنگرەی شازدە دەتوانێ و دەبێ بە دانی بڕیاری لەبار مەسەلەی “ڕۆژهەڵات تەوەری” بکاتە ئەمری واقیع و ڕێبەریی تازە ناچار بکا بە جیددی وەدوای بکەوێ. لەو پێوەندییەدا، زیندوو کردنەوەی خەباتی پێشمەرگە و خۆ ڕزگارکردن لە وەزعی مەوجوود دەبێ باسێکی گرینگی بۆ تەرخان بکرێ.
کۆنگرەی شازدە لەو بارەشەوە تایبەتە چونکە مەسەلەی مانەوە یان لابردنی ئەسڵی “دوو دەورەیی سکرتێر” تاوتوێ دەکا. ئەو ئەسڵە کە نیشانەیەکی بەهێزی سەردەمی بوونی حیزب و پێبەند بوون بە ئەسڵی نەگۆڕی دێمۆکڕاتیک بوونیەتی، دەتوانێ چارەنووسی حیزب بگۆڕێ.
هیوام سەرکەوتنی کۆنگرە و بیستنی هەواڵی خۆش لەو بارەوەیە.