پرۆژەی دامەزراندنی ( پەرلەمانی منداڵانی کوردستان ) .. رەزا شوان

لەم پێودانـگەوە کە، ( کوردیلەکــانی ئەمڕۆمـان .. نـەوەی داهاتــووی کوردســتانن ) هەر ئەم کوردیلە چـاوگەشانەی ئەمڕۆمـانن، لە سبەینـێدا دەبن بە دەسەڵاتــدار و، بە کاربەدەست، دەبن بە وەزیـر و بە پارێزگـار و بەڕێوەبـەر، دەبن بە سەرکــردە و، بە بەڕابەر، بە شاسوارانی مەیدانی کوردایەتی و مەردایەتی، بە کوردسـتان پـەروەرانی دڵسۆز، دەبن بە سیاسەتمەدار، بە پەڕلەمانتار، بە مامۆستا، بە پارێـزەر، بە نووسەر، بە هونەرمەند، بە دکتۆر، بە دایکان، بە باوکان، بە فەرمانبەر و فەرمانڕەوا … هـتد. هەموو کاروبارەکانی کوردسـتان دەگرنە دەست و، بەڕێوەیان دەبەن .. هـەر کـوردیلە خۆشەویستەکانی ئەمڕۆمانن، دەبنە تـۆوی هیـوا و ژیان و گەشەکردن و درێـژەدان بە ژیـان و مـان .. هەر ئەم کوریلـە خوێنگەرمانەی ئەمڕۆمانن، دەبنە نوێنـەر و باڵیـۆزی کوردستان و، پەیـامی ئازادیخوازی و ئاشتیخوازی کورد، بە گەلانی جیهان دەگەیەنن .

کەواتە داهاتـوویەکی گەشـتر و شیاوتـر بۆ کوردسـتان، ژیانێکی خۆشـتر و لەبـارتر بۆ گەلی کوردمان، لە ئەمڕۆی کوردیلەکانماندا بەدی دەکەین .. لە سایەی پەروەردەیـەکی راست و دروست و راهێنانێکی بەرنامەداڕێژرا و، ئاراستەکردنێکی ئامانجداردا دێنەدی تا جوانـتر پەروەردەی کوردیلەکـانی ئەمڕۆمـان بکەین .. تا زیاتـر بایەخیـان پێبـدەین و بەتەنگیانەوەبێین .. تا زیاتـر پێویسـتی و پێداویستییەکـانی گەشـەکردن و پێشـکەوتن و داهێنانیـان بۆ دابین بکەین .. تا زیاتـر و زیاتـریش مەودای ئـازادی و دیموکـراتییان بۆ بڕەخسێنین .. زیاتر گەشبین و دڵنیا دەبین، لەو داهاتووەی کە خوازیاری هێنانەدیین .. بە کورتی داهاتـووی کـورد و کوردسـتان .. بەنـدە بە ئەمـڕۆی کوردیلەکـانمانەوە .
لە ئەمڕۆدا لە زۆربەی وڵاتانی جیهاندا، پەرلەمانی تایبەت بە منداڵان هەیە .. منـداڵان بە ئەوپەڕی ئازادییەوە گوزارشت لە را و لە بۆچوونەکانی خۆیان دەکەن و، بەشداری لەو بڕیاڕانە دەکەن کە پەیوەندییان بە مافەکان و چارەنووس و داهاتوویانەوە هەیە .
منداڵان لە رێی نوێنەرە هەڵبژێراوەکانیان لە پەرلەمانی منداڵاندا، داوای جێبەجێکردنی سەرجەم مافـە دانپێنراوەکانیان دەکەن .
لە ماددەی (١٢)ی جاڕنامەی مافەکانی منداڵان، کە لە لایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە راگەیانـدراوە، جەخـتی لەسەر ئەوە کـردووە کە : مـنداڵان مـافی ئەوەیـان هەیـە کە بە ئـازادی گوزارشت لە رای خۆیان بکەن .. لە هەموو ئەو بابەتانەی، کە پەیوەندیان بە منـداڵانەوە هەیە .
پەرلەمانی منداڵان، دامەزراوەیەکی مەدەنییە، نا حکوومی و نا حیزبییە .. بە پێی یاسا و دەستوور و بنەماکـانی ئـازادی و دیموکـراتی بنیاتنراوە .. مەرجـەعییەتی پەڕلەمانی منداڵان، پشت بە رێکەوتننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مافەکانه منداڵان دەبەستێ .
پەرلەمانی منداڵان، بریتییە لە لە چوارچێوەیەکی پەروەردەیی .. بە پێی کۆمەڵێ مەرج و خەسڵەت و بنەما وەک زیرەکی و بلیمەتی و ناسراوی، هەل بۆ کۆمەڵێک لە منداڵان دەڕەخسێنێت، کە لە هەمـوو شوێنێـکی وڵاتەکەیـانەوە بە یەکبگەن و، پێـکەوە راوێــژ بکەن و را و بیرۆکە و بۆچوونەکانیان تاوتوێ و گەڵاڵە بکەن و، پێکەوە پلان دانانێن و، بەرنامە دابڕێـژن بۆ ئەمـڕۆ و بۆ داهاتـووی خۆیان .
پەرلەمانی منـداڵان، قوتابخـانەیەکە، بۆ پەروەردەکـردنێکی دروست و، بۆ پێـگەیانـدنی هاوڵاتی دڵسۆز و ئازادیخـواز و دیموکراتیخـواز و نیشتمان پەروەر و مرۆڤایەتیخواز . بێگومان منداڵانی کوردمان، لە رووی زیـرەکی و بلیمەتی و دانایی و توانـا و بەهـرەی داهێنانەوە، لە منداڵانی گەلانی تر کەمتر نین .. گەر هەلـی گەشەکردن و پێشکەوتنیان بۆ بڕەخسێت .. پێویستی و پیداویستییەکانیان بۆ دابین بکرێن .. وەکو منداڵانی گـەلان ئـازادییان هەبێ و، بە زمانی کوردیمان بخوێنن و بخوێننەوە و بنووسن .. مافەکانیـان  جێبەجێ بـکرێن .. بە دڵنیاییەوە دەتـوانن رۆڵی خۆیـان ببـینن و، خۆیـان بسەلمێنن ..
بەڵام لە سایەی داگیرکەرە دڕندە و رەگەزپەرستەکانی کوردستاندا .. لە سایەی بە زۆر و زۆرداری سەپاندنی زمان و کولتوورێکی نامۆ بەسەر منداڵانی کوردمان .. بە هۆی نەبوونی ماف و ئازادی و دیموکراتی و دادپەروەری و یەکسانی .. لە بەشێکی زۆری کوردستانی شیرینمان منداڵانی کوردمان، نەک هەر هێـچ مافـێک و ئـازادییان نییە ..
بەڵکو لە لایەن داگیرکەرانەوە، بە شێوەیەکی زۆر دڕنـدانە و نامـەردانە .. منـداڵانی کوردمـان سەرکوتـکراون .. بە ئاشکراش پێشـێلی هەموو مافەکـانیان کـردوون .
لە باشـووری کوردستانیشدا تا ئەمڕۆ ئاوڕێـکی جیدی لە منـداڵان نەدراوەتـەوە .. بە رادەی پێویست، گرنگی و هەستیاری ئەمڕۆ و داهاتووی کوردیلەکانمانیان لە بەرچاو نەگرتوون . گۆڕانکارییەکی پێویست لە سیستەم و پرۆگرامەکانی قۆناخەکانی خوێندن نەکراون .. ئەگەر بە هیوای داهاتوویـەکی گەشتر و باشتربین .. پێویستە لە ئەمـڕۆی
کوردیلەکانمانەوە دەست پێبکەین .. پلانێـکی تۆکمەی پـەروەردەیی نـوێ دابڕێـژین .
پێویستە مەودایەکی زیاتری ئـازادی و دیموکراتی بۆ کوردیلەکـانمان بڕەخسێنین و ..
مافەکانیان جێبەجێ بکەین و.. بوارێـکی باشتریـان بۆ گەشـەکردن بۆ بگونجـێنین .
پێشـنیاری پـرۆژەی دامەزرانـدنی ( پەرلەمـانی منـداڵان کوردسـتان ) دەکـەم .. پێویسە
هەموو لایەکمان، هەموو خەمخۆرێکی ئەمڕۆ و داهاتووی کوردیلەکانمان، حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لیژنەی کاروباری منداڵ و خێزان ـ سەر بە پەرلەمـانی کوردسـتان، ( منداڵپارێـزی کوردستان )،( فـیدراسیۆنی رێخراوەکانی منـداڵانی کوردســتان )، هەموو رێکخراوەکانی داکۆکیکەر لە مافەکانی منداڵانی کوردستان ، ( بەڕیوەبـەرێتی رۆشـبیری منـداڵان ـ وەزارەتـی رۆشـنبیری کوردسـتان )، ( وەزارەتـی پـەروەردەی کوردســتان )، هـەر لایەنێکی پەیوەندیداری تر بە مافەکـانی منـداڵانی کوردسـتان .
با هەموومان پێکەوە هاوکـاربین، لە دامەزرانـدنی ( پەرلەمـانی مـنداڵانی کوردسـتان )
بۆ راهێنانی جگەرگۆشەکانمان، هەر لە منداڵییەوە بە ئازادی و، دیموکراتی و، فرەیی .. بۆ بنیاتنانی کۆمەڵگایەکی کوردیی مەدەنی .. ئەم پەرلەمـانە بکەین بە بـەردی بنـاغەی ئازادی و دیموکراتی و دادپەروەری و پێشکەوتن .. بە چەپکەگوڵێکی رەنگاوڕەنگ ..
بۆ ئەوەی دەنگ و رەنگی منداڵانی کوردسـتان، بگات بە پەرلەمانی منداڵانی جیهان ..
با تۆوی ئازادی و دیموکراتی لەخاکی کوردیلەکانماندا بڕوێنین .. بڕوامان بە ئەم پەندە هەبێت، کە دەڵـێ : ” فێربــوون لە بچــووکیدا .. وەک نەخـشی سەر بــەرد وایــە ”
هیوادارین، ئەم هیوایەمان بێتەدی و، بە زوترین کات ( پەرلەمانی منداڵانی کوردستان ) دابمـەزرێت .. دوایی دێینە سەر باسی مەرجـە پێویستییەکـانی ئەنـدامێتی لە پەرلەمانی منداڵانی کوردستان .
گرنگترین ئامانجەکانی پەرلەمانی منداڵان :
زۆرن ئەو ئامانجانەی کە لە سایەی پەرلەمانی منداڵاندا دێنەدی، گرنگترینیان ئەمانەن:

١ـ پەرلەمانی منـداڵان، سەکـۆیـەکە بۆ ئەوەی کە منـداڵان، بە ئـازادی و بە راشـکاوی گوزارشت لە را و لە بۆچوونەکـانی خۆیان بکەن، لەمەڕ ئەو بابەتانەی کە پەیوەندیان بە مافەکان و بە داهاتـوو و بە چـارەنووسی خۆیانـەوە هەیـە .
٢ـ پەرلەمانی منـداڵان قوتابخـانەیەکی پــەروەردەییە بۆ پـەروەردەکـردن و بۆ راهێنانی منداڵان بە نیشتمانپەروەری و دیموکراتی و ئازادی و لێبووردەیی .
٣ـ بەیەکگەیشتنێکە بۆ گۆڕینەوەی را و بیـر و شـارەزایی لە نێـوان منداڵانـدا .
٤ـ پەرلەمانی منداڵان بوارێکی باشە بۆ بنیاتنانی رۆشنبیریی گڤتـوگۆ لە نێوان منداڵان
خۆیان لە لایەکـەوە و، لە نێوان منـداڵان و بەرپرسـان لە لایـەکی تـرەوە .
٥ـ هۆیەکە بۆ رەگ و ریشەکـردنی هەستی مـەدەنی و شارستانی لە لای منـداڵان .
٦ـ بە کاراکردنی رۆشنبیریی مافەکانی منداڵان و بە دواداچوون بۆ جێبەجێکردنی ماددە و، بڕگەکـانی رێکەوتننامـەی نەتـەوە یەکگرتووەکـان بۆ مافەکـانی منـداڵان .
٧ـ بەهێزبوونی بڕوابەخۆبوونی منداڵان .. هەر لە منداڵیشەوە لەسەر بەرپرسێتی رادین
و، توانای بەڕێوەبـردنی کارەکانیان دەبێت و .. بەشداریش لە ژیـانی گشـتیدا دەکەن .
٨ـ راهێنانی منـداڵان، لەسەر پێشـەنگی و بەهـرەی سەرکـردەیی .
٩ـ کرانـەوە و رێزگـرتن لە را جیاوازەکـانی کەسـانی تر و، یەکـتری قبووڵـکردن .
١٠ـ بەرزکردنەوەی پێشنیار و پرۆژە و راسپاردە دەربارەی جێبەجێکردنی مافەکانیان بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکان بە مافەکانی منداڵان، لە میانەی نووسینی راپۆرتی ساڵانەیان.
١١ـ ئەزموونێکی پـراکتیکییە .. لە بواری پێگەیاندنی کۆمەڵایـەتی و پەیوەستبوون بە مافەکـان و بە ئەرکەکـان .. بۆ هانـدانی رۆشـنبیری لێبـووردن ، بۆ لەباربردنی هـەموو
شێوازێکی تونـدوتیـژی و پەراوێـزکردن و داخسـتن .
١٢ـ پێگەیاندنی منـداڵان لەسەر بنەمـا و بەهـا بـەرز و باش و پیـرۆزەکان .
١٣ـ زیاتربوونی توانای زانستی و زانیاری منداڵان لە هەموو بوارەکاندا، گەشەکردنی بەهرە و تواناکانیان، دەتوانن خۆیان دەربخەن و، ناسنامە شارەزاییان دیاری بکەن .
١٤ـ بنیاتنانی نەوەی زرینـگ و بلیمەت و هۆشیـار و دڵسـۆز و نیشتمـان پەروەر .
١٥ـ گەشەکردنی هەستی منداڵان لە داواکردنی مافەکانیان و راپەڕاندنی ئەرکەکانیان .
چەند پێشنیارێک بۆ دامەزراندنی پەرلەمانی منداڵانی کوردستان :
١ـ ئەندامانی پەرلەمانی منداڵانی کوردستان لە(١٠٠) منداڵی کوردستانی پێک بهێنرێت بۆ هەر نیو ملیۆن کورد پەرلەمانتارێک هەبێت، ژمارەی کورد (٥٠) ملیۆنە .. پێویستە لە (٥٠) ئەنـدامی کـچ و (٥٠) ئەنـدامی کـوڕ پێکبهێنرێت. جوانتریش وایە، پەرلەمانەکە دوو هاوسەرۆکی هەبێت، سەرۆکێ ( کـچ ) و سەرۆکێ ( کـوڕ ) هەبێت .. وەکو گوزارشتێک لە یەکسـانی و لە هاومـافی لە نێوان هەردوو رەگـەزەکەدا .

٢ـ تەمەنی ئەنـدام پەرلەمـانی منـداڵانی کوردسـتان لە (١٠ ـ ١٧) ساڵان بن .

٣ـ پێویستە هەڵبژاردن، لە قوتابخانە بنەڕەتییەکانی کوردستان دەست پێبکات، ئینجا لە شارەکاندا، بە ئازادی و بە شێوەیەکی دیموکراتی منداڵانی کوردستان، نوێنەرەکانیان بۆ ( پەرلەمـانی منـداڵانی کوردسـتان ) هەڵببژێرن .
٤ـ پێویستە پەرلەمانی منداڵانی کوردستان نوێنەری هەموو لایەکی کوردستانی ( باکـوور، رۆژهـەڵات، باشـوور، رۆژئـاوا، نوێنەری منداڵانمان لە هەندەران، نوێنەری منداڵانی ئەو نەتەوانەی کە کورد نین و کوردستانین ) لەخۆبگرێت .
٥ـ کۆنگرەی دامەزراندنی ( پەرلەمـانی منـداڵانی کوردسـتان ) وا جوانـترە کە لە دیوانی پەرلەمانی باشووری کوردستان سازبکرێت .. چونکە لە داهـاتوودا
بەشێک لەو منداڵانە، دەبنە ئەندام پەرلەمانی کوردستان .
٦ـ پێویستە نوێنـەری ( رێکخـراوی یونیسـیف ـ بۆ منـداڵان ) و، نوێنـەری پەرلەمانی منداڵانی چەند وڵاتێکی ئەوروپا و ئاسیا و ئەمەریکا و ئەفریقیا و ئوسترالیا بانگهێشتی دامەزراندنی ( پەرلەمانی منداڵانی کوردستان ) بکرێن .
٧ـ پێویستە ( لیژنەیـەکی ئامادەکـاری ) بۆ دامەزرانـدنی ( پەرلەمـانی منداڵانی کوردستان) لە ( ١١) کـچ و کـوڕ، شەش ئەنـدامی لیـژنەکە لە منـداڵان بن .. بۆ دیاریکردنی رۆژ و شوێنی دامەزرانـدنی پەرلەمانی منـداڵانی کوردسـتان ..
لە گەڵ دابین کـردنی هەمـوو پێویستییەکی ماددی و هونـەری، بۆ سەرکەوتنی کۆنـگرەی راگەیـاندنی دامەزرانـدنی ( پەرلەمـانی منـداڵانی کوردسـتان ) .
٨ـ پێویستە ئەم پێشنیارە، بخرێتە بەرنامەی دانشتنێکی پەرلەمانی باشـووری کوردسـتان .. بۆ پشتگـیری و، هاوکـاری کـردن لە دامـەزراندنی ( پەرلەمانی منداڵانی کوردستان ) ی پێشـنیار کراو .
٩ـ داواش لە ( حکوومەتی هەرێمی کوردستان ) دەکەین .. ئەرک و رۆڵێکی سەرکییان لە دامەزرانـدنی ( پەرلەمـانی منـداڵانی کوردسـتان ) دا هەبێت .
١٠ـ مەرجە ئەو کوردیـلانەی کە بۆ ئەندام ( پەرلەمانی منداڵانی کوردستان ) هەڵدەبژێـرێن، پێویستە ئازا و زرنگ و هۆشیاربن و، لە قوتابییە زیرەکەکانی
قوتابخانەکان بن، ناسراو و رێزدار و خۆشـەویست بـن لە لای هاوڕێکانیان .
رەزا شوان