مەهابادی بە هەستی هەستان. حەسەن ئەهوەن

مەهابادی بە هەستی هەستان، دیسان هەستاوە بە جوامێری و مرۆڤ دۆستی لە وەتی مەهاباد هەیە، مرۆڤدۆستی و نیشتیمان پەروەری لە هەموو بوارێکی بە تایبەت کۆمەڵایەتیی دا ئاوێتەی خۆ و خدەی خەڵکی ئەو شارە و دەوروبەری بووە.
بە هانا هاتن و گەلەکۆمەگی و کردەوەی کوردانە و جوامێرانە و هاودەنگی و هاوخەمی بۆتە فەرهەنگێک کە مرۆڤایەتیی شانازی پێوە دەکا… هەر چەند لە رۆژگاری نەخوازراو و داسەپاوی نیزیک چل ساڵە دا، زۆر حەول دراوە مێشک و روح و رەوان و هەستی ئینسانیی خەڵک، ئەوەندە بەرتەسک کەنەوە و گرفت و دژوارێکانی ژیانی تاک و کۆمەڵ هەتا دەکرێ پڕ کەلێن و گەورە کرێتەوە کە کەس هۆشی بە سەر کەسەوە نەمێنێ و هەستی مرۆڤدۆستی و عاتیفە و خۆشەویستی لە نێوان خوشک و برا و تەنانەت نەتەوەیی بوونیش لە ناخ دا بخنکێنن.
بە هەمووی ئەو بەربەستانەوە خەڵکی شاری سابڵاغ لە کاتەکانی پێویست دا هەڵوێستی ئەرێنی خۆیان بە کردەوە نیشان داوە. ماوەی دە ساڵ لەمەوبەر کچێکی تەمەن دە ساڵانە بە نێوی فاتم لە کاتی گاڵتە کردن دەگەڵ منداڵێکی ساوای دراوسێی خۆیان، بە هەڵاویشتنی منداڵە ساواکە، دەبێتە هۆکاری رووداوێکی نەخوازراو بۆ منداڵە ساواکە و لە ئاکام دا لە کار کەوتنی لایەکی لەشی منداڵەکە. ئێستا کە ئەو کچە گەیشتۆتە تەمەنی حەفدە ساڵی و بە پێی سکاڵای بنەماڵەی کورە و بڕیاری دادگا، یا دەبێ مەبلەغی 75،5 میلیون تمەن بۆ خەسارەت و رەزایەت بدرێ یان ئەوەی کە دەیان ساڵ حوکمی زیندان بڕینەوەی بدرێتێ…
ئەوە لە حالێکدایە کە بنەماڵەی فاتمە دەست تەنگن و بە کاری کرێکاری بە هیچ جۆر ناتوانن کچەکەیان لەو گرفتە و چوونە زیندان لەو تەمەنە کەمە دا رزگار بکەن. کۆمەڵێک مرۆڤی خێرخوازی مەهابادی کە وەزعەکە بەو شێوە دەبینن، قوڵی هیمەت هەڵدەماڵن و کەمپەینێکی یارمەتی ماڵی بۆ نەجاتی کچی ئەو بنەماڵە کرێکارەی دادەمەزرێنن و بانگەوازی بۆ دەکەن.
لە ئاکامی ئەو بانگەوازە خێرخوازانەیە دا لە ماوەی کەمتر لە حەوتوویەک سەرەوەی ئەو رادەیەی کە بڕیاری لە سەر دراوە، لە لایەن خەڵکی سابڵاغەوە بە هەموو چین و توێژەکانەوە کۆ دەبێتەوە و بەو کردەوە مرۆڤدۆستانەیان هەم بنەماڵەی دەست تەنگ و کرێکاری فاتمە و هەم فاتمەی جەوان و بە دونیایەک ئارەزووی داهاتووی و هەم بنەماڵەی نە زۆر دەست رۆیشتووی کوڕە خەسارەت وێکەوتووی لەشیان لەو تەنگەژە و ئەستەمە رزگار و دڵشاد کرد.
شایانی باسە دوکتورە بە ویژدان و دڵسۆزەکانی مەهاباد، نەخشێکی زۆر گرینگ و سەهمی زۆریان لە یارمەتیدانی ماڵی دا بووە. هەروەها بەشێکی بەرچاو لە کوردەکانی دانیشتووی تاران کە خەڵکی مەهابادن، بە بانگەوازی ئەو کەمپەینە خێرخوازی‌یەوە هاتوون. ئێمە کوردەکانی دەرەوەی وڵات، بە تایبەتیی سوپاسی هەستی مرۆڤدۆستانەی خەڵکی شاری پێشەوا بە گشتی و بە تایبەت بەرێوەبەرانی دڵسۆزی ئەو کەمپەینە خێرخوازی‌یە دەکەین کە رۆڵە و تێکۆشەری رۆژی تەنگانەن و هەر وەک هەمیشە سەلماندیان کە پێشرەو و سەرمەشقن بۆ هەموو ئەرکێکی ئەرێنی…
وێنەتان زۆر و هیممەتتان هەر عالی و هەیبەتتان بە هەیبەت تر و کردەوە و دڵسۆزیتان وێڕای سڵامەتی تان بەردەوام تر.
حەسەن ئەهوەن