ئایا یه‌كگرتووی ئیسلامیی كوردستان دیموكراتیكترین حیزبی كوردییه؟, ئاریتما محه‌ممه‌دی
دیموكراتیكترین حیزبی كوردیی له هه‌موو به‌شه‌كانی كوردستان یه‌كگرتووی ئیسلامیی كوردستانه. ئه‌م پارته هه‌موو كات ئه‌و ڕێكه‌وته‌ی كه بۆ كونگرهگرتن دیاریی كردووه كونگره‌ی تێدا ده‌گرێت و ئه‌میندار و سهرۆكهكانیشی به به‌رده‌وام ئاڵوگۆڕی ده‌سه‌ڵات ده‌كه‌ن و پاش ئاڵوگۆڕپێكردنی ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ش جیابوونه‌وه ڕوو نادات. من پێم وایه ئه‌م حیزبه دیموكراتیكترین حیزبی كوردییه له هه‌موو به‌شه‌كانی كوردستان. یه‌كگرتووی ئیسلامیی حیزبێكی ئیسلامیی میانه‌ڕه‌وه كه له باشووری كوردستان چالاكه و چه‌ندین ئه‌ندام په‌رله‌مانی له پارله‌مانی هه‌رێمی كوردستان و ئێراقدا هه‌یه و هه‌روه‌ها خاوه‌ن پێگه‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تیی و سیاسیی له هه‌رێمی كوردستانه. یه‌كگرتووی ئیسلامیی له ساڵی ١٩٩٤ی زایینی دامه‌زراوه و ئامانجی كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی فره‌ڕه‌نگی ئیسلامییه كه تێیدا مرۆڤه‌كان خاوه‌ن كه‌سایه‌تیی و ناسنامه‌ی كولتووری خۆیان بن.
كاتێك بهدواوهچوونم بۆ كار و چالاكیی ئه‌مینداره‌كانی پێشوو و ئیستای ئه‌و حیزبه و هه‌روه‌ها به‌ربژێره‌كانی پۆستی ئه‌مینداریی گشتیی یه‌كگرتوو كرد، بۆم ده‌ركه‌وت كه كهسایهتیگهلێكی خۆشناون كه خاوه‌ن ده‌یان كتێبی ئایینی و زانستین، ئه‌و حیزبه ئه‌مه‌شیان له پارته‌كانی دیكه جیاواز بوو، چونكه سكرتێری هیچ حیزبێكی كوردیم نه‌بینوه كه نووسه‌ر بێت و خاوه‌ن چه‌ندین كتێبی گرینگ بێ. بێگومان زانست و كتێب كه‌سایه‌تیی مرۆڤه‌كان ده‌خاته‌ژێر كاریگه‌ری خۆیه‌وه و مرۆڤ ڕووناكبیر و تیژبیر بار ده‌هێنێت.
كاتێك كه ده‌ڵێم یه‌كگرتووی ئیسلامیی كوردستان دیموكراتیكترین حیزبی كوردییه ڕووبه‌ڕووی كۆمه‌ڵێك ڕه‌خنه‌ی زۆر ده‌بمه‌وه، به‌ڵام من پێداگریی له‌سه‌ر ئه‌و بۆچوونه‌ی خۆم ده‌كه‌م، چونكه ئه‌م حیزبه تاكوو هه‌نووكه توانیوێتی به شێوه‌یه‌كی سه‌ركه‌وتووانه له ئه‌زموونی كونگره‌كانی ده‌ربچێت و له كاتی ئاڵووێڵكردنی ده‌سه‌ڵاتی نێوحیزبیشدا تووشی كێشه نه‌بێ، بێگومان زۆربه‌ی حیزبه‌كانی كوردستان توشی قه‌یرانی سیاسیی و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی سیاسیی هاتوون و له‌به‌ر قوڵنه‌بوونه‌وه‌ی كێشه‌كانی نێوخۆیی كونگره ناگرن و ئه‌وانه‌شی كه كونگره ده‌گرن، زۆربه‌یان هه‌ر به هه‌مان سه‌ركردایه‌تییه‌وه درێژه به تێكۆشانی سیاسیی ده‌ده‌ن و ئه‌و به‌شه‌شیان كه ئاڵوۆگۆڕی سیاسیی له جمگه‌كانی ده‌سه‌ڵات و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی حیزبی‌دا ده‌كه‌ن توشی لێكترازان ده‌بن و له‌ت ده‌كرێن. به‌ڵام یه‌كگرتوو تاكه پارتێكی سیاسییه كه به‌بێ هیچ كێشه و ئاڵۆزییه‌ك كونگره‌كانی ده‌گرێت و سكرتێر و ئهمیندارهكانیشی ده‌گۆڕێت.
ئه‌گه‌ر سه‌یری حیزبه‌كانی دیكه بكه‌ین و چاوێك به خه‌بات، تێكۆشان و شێوه‌ی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی سیاسیی ئه‌و حیزبانه‌دا بخشێنینه‌وه ده‌بینین كه سه‌ركرده‌كانی سیاسیی ئه‌و حیزبانه له ماوه‌ی سی ساڵی ڕابردوودا له‌سه‌ر ترۆپی ده‌سه‌ڵاتی حیزبییه‌وه ڕاوه‌ستاون و تاكوو ئیستاش كه‌س نه‌یتوانیوه له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات بیانهێنێته خواره‌وه، به‌ڵام ئیستا حیزبێكی كوردی په‌یدا بووه كه سه‌رۆك یانخود سكرتێره‌كه‌ی پێش ئه‌وه پێی بڵێنین وه‌ره خوار خۆی دێته خواره‌وه!
ئه‌مه له مێژووی ده‌سه‌ڵاتی حیزبی كوردیدا شتێكی نوێیه، چونكه تاكوو ئیستاش یه‌كێتی هه‌ر مام جه‌لال سكرتێرێتی، پارتی هه‌ر به‌ڕێز مه‌سعوود به‌رزانی سه‌رۆكێتی، حیزبی دیموكرات هه‌ركات سكرتێری گۆڕاوه له‌تبوون و جیابوونه‌وه‌ی به‌خۆیه‌وه بینیوه، په‌كه‌كه ئیستاش هه‌ر ئاپۆ سه‌رۆكێتی، كۆمه‌ڵه‌كانیش به هه‌مان چه‌شن تووشی قه‌یرانی سیاسیی و نێوخۆیی هاتوون و هه‌نووكه چه‌ند سه‌رۆك و سكرتێریان هه‌یه!
ئه‌م حیزبه كه مه‌به‌ستم یه‌كگرتووی ئیسلامیی كوردستانه وه‌ك پارتی ڕاگرتنی هێز له باشووری كوردستان له نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان سه‌یر ده‌كرێت. چونكه ئه‌گه‌ر ئه‌م پارته نه‌بێ ئاڵۆزیی له نێوان یه‌كێتی، پارتیی و گۆڕان په‌ره ده‌ستێنێت. به‌و پێیه‌ی كه ئه‌م پارته به‌شێكی زۆر له ئه‌ندامانی له سنووری ده‌سه‌ڵاتی پارتییه، بۆیه زۆرجار وه‌ك كایهكهرێكی ڕاگرتنی هێز له نێوان پارته‌كانی هه‌رێم ڕۆڵ ده‌گێڕێت.
ئه‌م پارته ته‌مه‌نی زۆر نییه و له ساڵی ١٩٩٤ی زایینییه‌وه دامه‌زراوه، به‌ڵام له جێخستنی دیموكراتییه‌ت له‌نێو بنه‌ما و چوارچێوه‌ی حیزب‌دا پێش به پارته‌كانی دیكه‌ی كوردستانی گه‌وره كه‌وتووه، چونكه پارتی كوردیی هه‌یه كه ته‌مه‌نی حه‌فتا ساڵی تێپه‌ڕاندووه و ناوه‌كه‌شی دیموكراته و شانازی به دیموكراتبوونی خۆیه‌وه ده‌كات كه‌چی به قه‌د یه‌كگرتووی ئیسلامیی كوردستان دیموكراسیی له نێو ڕێكخراوهكهیدا جێ نه‌خستووه و هه‌ركاتێ كه سكرتێر ده‌گۆڕن له‌تیش ده‌بن.
ڕێكخراوه‌كانی سیكولار و ڕووناكبیرانی كوردستانیش پێیان وایه كه ته‌نیا حیزب و پارتی سیكولار ده‌توانێت ده‌سه‌ڵاتی گه‌ل به‌سه‌ر گه‌لدا جێگیر بكات و باوه‌ڕیان به پره‌نسیبه‌كانی مافی مرۆڤ و مافی به‌رابه‌ری نێوان ژن و پیاو هه‌بێت. به‌ڵام ئه‌وه ئیستا ده‌بینین كه یه‌كگرتووی ئیسلامیی كوردستان كه حیزبێكی ئیسلامیی میانه‌ڕه‌وه له جێگیركردنی دیموكراسیی حیزبیی پێش هه‌موو پارته‌كانی كوردستانی گه‌وره كه‌وتووه، ئه‌مه به‌و واتایه دێ كه حیزبی ئیسلامیی ده‌توانێ له هه‌موو پارته‌كانی دیكه‌ی كوردستان پتر خزمه‌ت به كۆمه‌ڵ و كۆمه‌ڵگه بكات و سه‌رۆك و سكرتێرهكانیشی هێنده‌ی سه‌رۆك و سكرتێری پارته‌كانی سیكولار سه‌رمه‌ستی ده‌سه‌ڵات و پێگه، سه‌روه‌ت و سامان نه‌بن.
ئه‌مجۆره له حیزب و ڕێكخراوه‌ی سیاسیی كه سه‌ركردایه‌تییه‌كه‌ی سه‌رمه‌ستی ده‌سه‌ڵات و سه‌روه‌ت و سامان نه‌بێ و له حیزب وه‌ك كه‌ره‌سته‌ی خزمه‌ت به كۆمه‌ڵگا بڕوانێ و باییخ به قورخكردنی ده‌سه‌ڵاتی سیاسیی نه‌دات، ده‌توانێ وه‌ك پارتی جێی متمانه‌ی خه‌ڵك خۆی بناسێنێت. چونكه لانیكه‌م له چوارچێوه‌ی سیاسه‌تیی حیزبیی و له بنه‌ما و بناغه‌ی ده‌سه‌ڵاتی حیزبییدا ئه‌وه‌ی سه‌لماندووه كه پێچه‌وانه‌ی پارته‌كانی دیكه، سه‌ركرده‌كانی باییخ به ده‌سه‌ڵات ناده‌ن و ئاڵوگۆڕی سیاسیی له ئاستی سه‌ره‌وه‌ی حیزب‌دا دێننه كایه‌وه.
كولتووری سیاسیی یه‌كگرتووی ئیسلامیی كوردستان ده‌توانێ ببێته هێمای ده‌سه‌ڵاتی گه‌ل و ئاڵوگۆڕپێكردنی ده‌سه‌ڵاتی سیاسیی له‌نێو حیزبه‌كانی كوردستان و هه‌روه‌ها ئه‌م كولتووره پێویستییه‌كی حاشاهه‌ڵنه‌گری ئه‌م دۆخه‌ی هه‌رێمی كوردستانه. كورد به‌بێ ئه‌م چه‌شنه له كولتووری سیاسیی ناتوانێ پێشكه‌وتن به‌ده‌ست بهێنێت و ده‌سه‌ڵاتی گه‌ل به‌سه‌ر گه‌لیش نایه‌ته‌دی ئه‌گه‌ر كولتووری ئاڵوگۆڕپێكردنی ده‌سه‌ڵاته نه‌بێته بنه‌مای ده‌ستاوده‌ستكردنی ده‌سه‌ڵاتی حیزبیی و ده‌سه‌ڵاتی حوكوومیی له هه‌رێمی كوردستان دا.
دادپه‌روه‌ریی كۆمه‌ڵایه‌تیی كاتێك دێته‌دی كه هێزه‌كانی خاوه‌ن ده‌سه‌ڵات خۆیان به‌رامبه‌ر ده‌نگ و ڕه‌نگی كۆمه‌ڵگا به به‌رپرسیار بزانن و قورخكردنی جمگه‌كانی گرینگی ده‌سه‌ڵات نه‌كه‌نه پرسێكی ئاسایی نێو كۆمه‌ڵگا. له ڕاستیدا مه‌زنترین به‌ربه‌ستی پێشكه‌وتنی كۆمه‌ڵگاكانی ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست و هه‌رێمی كوردستان نه‌بوونی ده‌سه‌ڵاتی گه‌ل به‌سه‌ر گه‌له. واتا ئه‌وه‌یكه له‌نێو كۆمه‌ڵگه‌دا به‌ده‌سه‌ڵات ده‌گات، ئیتر ده‌سه‌ڵات بۆ خۆی و بنه‌ماڵه‌كه‌ی قورخ ده‌كات و ئه‌مه‌ش ده‌بێته ڕێگر له به‌رده‌م گه‌شه‌سه‌ندنی بیروڕای ئازادی نێو ڕێكخراوه سیاسییه‌كان.
له ئاكامدا ئه‌م چه‌شنه له كولتووری نێو پارته سیاسییه‌كان ته‌شه‌نه دهكاتهنێو بازنه‌ی ده‌سه‌ڵاتی سیاسیی حوكوومهتهكان و به‌و شێوه‌ش ده‌سه‌ڵات له‌لایه‌ن پارت یانخود بنه‌ماڵه‌یه‌كی دیاریكراوه‌وه قورخ ده‌كرێت و كۆمه‌ڵگاش ئه‌و پێشكه‌وتنه‌ی كه ده‌بوو به‌ده‌ستی بنهێنێت، به‌دستی ناهێنێت و وڵات به‌ره‌و دواوه ده‌گه‌ڕێته‌وه و چاوچنۆكی سه‌ركرده‌كانیش ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌كه گه‌نده‌ڵیی وه‌ك به‌شێك له سیسته‌می سیاسیی و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی بێته ئه‌ژمار و چاره‌سه‌ركردنیشی مه‌زنترین كێشه‌ی سیاسیی، كۆمه‌ڵایه‌تیی، ئابووریی و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی كۆمه‌ڵگا بێ.