دێموکراسی له تیئۆرییه‌وه بۆ تێڕوانین! (به‌شی ٩) ئاریتما محه‌ممه‌دی
سه‌رمایه و ده‌سه‌ڵات دوو چه‌مكی هاوپێچن كه یه‌كیان به‌بێ ئه‌ویتریان سه‌ركه‌وتن مسۆگه‌ر ناكات و به‌هۆكاری سه‌ره‌كیی گه‌نده‌ڵیی سیاسیی، ئابووریی و ده‌سه‌ڵاتدارێتیی هه‌مه‌چه‌شن و هه‌مه‌ڕه‌نگ پێناسه ده‌كه‌م.
گه‌نده‌ڵیی به‌شێكه له كولتووری داگیركاریی كه ده‌یان ساڵه بووه‌ته به‌شێك له ژیانی سیاسیی و ئابووریی كۆمه‌ڵگه‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست. ئه‌م چه‌شنه له گه‌نده‌ڵیی سیاسیی و ئابووریی له پاش داگیركاریی به‌شێكی زۆر له وڵاتانی ئاسیایی و ئه‌فریقایی له‌لایه‌ن وڵاتانی ئه‌ورووپاییه‌وه وه‌ك به‌شێك له ستراتیژیی داگیركاریی له‌و وڵاتانه‌ی داگیركراو جێگیر كرا‌و و باییخی پێدرا. هه‌نووكه گه‌نده‌ڵیی په‌ره‌ی سه‌ندووه و هه‌موو ژیانی كۆمه‌ڵگاكانی داگیر كردووه، به‌ڵام براوه‌ی ڕاسته‌قینه له‌م یارییه‌دا ته‌نیا كۆمپانییه گه‌وره‌كانن كه سه‌ربه گه‌نده‌ڵكاران، ده‌سه‌ڵاتداران و سه‌رمایه‌دارنن.
وڵاتانی سه‌رمایه‌داریش له ئاره‌سته‌كردن و ڕێكخستنی ئه‌و چه‌شنه له گه‌نده‌ڵیی ڕۆڵی سه‌ره‌كییان گێراوه. چونكه وڵاتانی ڕۆژئاوایی كولتووری ئه‌م چه‌شنه له گه‌ڵنده‌ڵی سیاسیی و ئابوورییان داڕشتووه و ئه‌مه‌ش به مه‌به‌ستی ده‌ست ڕاگه‌ییشتن به سه‌رچاوه سرووشتییه‌كانی خۆراك. نه‌وت، گاز، كانگاكانی زێڕ، ئاسن و ئه‌ڵماس بووه. هه‌روه‌ها بۆ دابینكردن و دڵنیابوون له نه‌كه‌وتنه مه‌ترسیی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانیان كه‌سانی نه‌شیاو و گه‌نده‌ڵیان گه‌یاندووه‌ته ده‌سه‌ڵات كه تا كۆتایی له‌گه‌ڵ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی وڵاتانی ڕۆژئاوایی ته‌با بن و كێشه‌یان بۆ ساز نه‌كه‌ن، ده‌كرێ وڵاتانی ئێراق، ئێران، توركیه، سووریه و وڵاتانی ئه‌فریقایی ئاماژه‌گه‌لێكی ڕوون له‌و پێوه‌ندییه‌دا بن.
ئه‌و سه‌رمایه‌ش كه به شێوه‌ی گه‌نده‌ڵیی كۆ ده‌كرێته‌وه، ده‌گوازرێته‌وه بۆ نێو بانكه‌كانی ئه‌ورووپا و له بووژاندنه‌وه‌ی كه‌رتی ئابووریی ئه‌و وڵاتانه ڕۆڵی سه‌ره‌كیی ده‌گێڕێت. واتا چه‌مكی دێموکراسیی له بنه‌ڕه‌ته‌وه ته‌نیا به مه‌به‌ستی داگیركاریی هه‌نارده‌ی وڵاتانی دواكه‌وتوو كراوه، ئامانج پێشخستنی كه‌رتی ئابووریی وڵاتانی سه‌رمایه‌داریی بووه، نه‌ك گه‌شاندنه‌وه‌ی وڵاتانی دواكه‌وتوو له بوواره جیاوازه‌كان. داگیركاریی له قۆناغ بۆ قۆناغ و به پێی زه‌مه‌ن و ئاستی تێگه‌ییشتنی مرۆڤه‌كان گۆڕانكاریی به‌خۆیه‌وه ده‌بینێت. بێگومان ئازادیی و چه‌مكی دادپه‌روه‌ریی سیاسیی، كۆمه‌ڵایه‌تیی و ئابووریی له هه‌ناوی گه‌شه‌ی بیری مرۆڤه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێت و هیچ گه‌لێك ئازادی ده‌ست ناكه‌وێ ئه‌گه‌ر هاتوو و خۆی نه‌یهه‌وێ و خه‌باتی بۆ نه‌كات و قوربانی بۆ نه‌دات.
ئازادیی بۆ گه‌لێك به‌دی نایه‌ت كه له ده‌ره‌وه‌ی سنووری دابونه‌ریت، بنه‌ما و شیرازه‌ی ئه‌و كۆمه‌ڵگایه، به‌بێ ڕێكخستنی هزریی و ڕه‌قساندنی هه‌لی تێگه‌ییشتن بۆ كۆمه‌ڵ هه‌نگاو بۆ هێنانه‌دی چه‌مكه‌كانی بنرێت. ڕاسته ئازادیی و دادپه‌روه‌ریی كۆمه‌ڵایه‌تیی و ئابووریی پێویستیی هه‌نووكه‌یی هه‌ر كۆمه‌ڵ و كۆمه‌ڵگایه‌كه بۆ به‌ره‌وپێشه‌وه‌بردن و هێنانه‌دی به‌خته‌وه‌ریی، به‌ڵام جێخستن و جێگیركردنی پێویستیی به ڕای گشتیی كۆمه‌ڵ هه‌یه، چونكه هیچ پڕۆسه‌یه‌ك به‌بێ تێگه‌ییشتنی گشتیی كۆمه‌ڵ سه‌ركه‌وتن مسۆگه‌ر ناكات.
هه‌روه‌ها پێویسته كه ئازادیی له سنوور و ده‌سه‌ڵاتی خۆی تێپه‌ڕ نه‌بێ و ڕێز له بناغه‌كانی گشتیی ویستی كۆمه‌ڵگا بگرێت و خۆی نه‌خزێنێته ئه‌و كون و قوژبنانه‌ی كه له ژێر ناوی ئازادی‌دا یاریی به بیروباوه‌ڕی ئایینیی و كۆمه‌ڵایه‌تیی كۆمه‌ڵگا بكات. (له وڵاتی دانمارك له‌ژێر ناوی ئازادیی بێڕێزیی به پێغه‌مبه‌ری ئیسلام دروودی خودای له‌سه‌ر بێ ده‌كه‌ن، كه‌چی كاناڵی ڕۆژتیڤی كه كاناڵێكی كوردییه داده‌خه‌ن و غه‌رامه‌شی ده‌كه‌ن. ناكرێ پێناسه و سنووری ئازادیی به‌و چه‌شنه و له‌و ئاسته‌دا بێ).
به‌شێكی زۆر له‌و كه‌س و كه‌سایه‌تییانه‌ی كه ئه‌مڕۆ له پێناو ئازادییدا خه‌بات ده‌كه‌ن له بنه‌ڕه‌ته‌وه باوه‌ڕییان به‌و بنه‌مانه نییه و ڕێز له ویست و ئیراده‌ی ئایینی و كۆمه‌ڵایه‌تیی كۆمه‌ڵگا ناگرن و هزریان به‌ستووه‌ته‌وه به كۆمه‌ڵێك پێوه‌ری بێبنه‌ما كه نه‌ك كۆمه‌ڵ به‌ڵكوو خۆیان باوه‌ڕیان به‌و بنه‌مانه نییه كه جاڕی بۆ ده‌كێشن و درووشمی بۆ هه‌ڵده‌واسن. بێگومان به‌شێكی زۆر له‌وانه‌ی كه جاڕی ئازادیی و دێموکراسیی ده‌كێشن، ڕۆژانه خۆیان ئه‌و بنه‌مانه ژێرپێ ده‌خه‌ن.
كۆموونیسته‌كان بۆ دیكتاتۆریی كرێكاریی خه‌باتیان ده‌كرد و ده‌یانوت كه ده‌بێ چینی كرێكار خاوه‌ندارێتیی هه‌موو كۆمه‌ڵگا بكات، چونكه تێكڕای پێداویستییه‌كانی كۆمه‌ڵگا له‌ژێر ده‌ستی ئه‌واندا و به‌هێزی ئه‌وان به‌ده‌ست دێت، كه‌چی له‌و لاوه‌شه‌وه خه‌باتیان بۆ دێموکراسیی ده‌كرد و پێیانوابوو كه باوه‌ڕیان به ئازادیی هه‌یه و له هه‌موو به‌یانییه‌كانیاندا خاڵه بنه‌ماییه‌كانی ئازادیی و دێموکراسیی و دادپه‌روه‌ریی خۆی ده‌نواند. هاوكات پێداگرییان له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كرده‌وه كه ده‌بێ كۆموونیسم له ڕێگای شۆڕشی كوموونیستییه‌وه سه‌ركه‌وێت و باییخیان به ده‌نگ و ڕه‌نگی كۆمه‌ڵگا نه‌ده‌دا و بیریشیان له‌وه نه‌ده‌كرده‌وه كه تاچه‌ند خه‌ڵك له‌گه‌ڵ بیری كوموونیستی دان.
له‌م لاشه‌وه بیری ته‌سكی خۆیان ده‌سه‌پانده سه‌ر كۆمه‌ڵگا و مزگه‌وته‌كانیان ده‌ڕۆخاند و مسوڵمانانیان به دواكه‌وتوو هه‌ژمار ده‌كرد، بیریان له‌وه نه‌ده‌كرده‌وه كه زۆربه‌ی هه‌ره زۆری كۆمه‌ڵگاكانی ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست و به‌شێك له جیهان مسوڵمانن، چۆن ده‌بێ بێڕێزیی به ئایینی پیرۆزی ئسیلام بكرێت كه باوه‌ڕی سه‌دان ملیۆن كه‌سه. یانخود وڵاتانی سه‌رمایه‌داریی و كاپیتالیستیی كه خۆیان به خاوه‌ن چه‌مكی دێموکراسیی ده‌زانن هێرشیان ده‌كرده سه‌ر وڵاتان و داگیركارییان ده‌هێنایه كایه‌وه. ده‌یان وڵات له ئه‌فریقا و ئاسیا له‌لایه‌ن وڵاتانی كاپیتالیستییه‌وه داگیركران و تاكوو ئیستاش به هۆی پاشماوه‌ی ئه‌و داگیركارییانه‌وه تووشی هه‌ژاریی بوونه و به‌ده‌ست ئاڵۆزیی بارودۆخی سیاسیی، كۆمه‌ڵایه‌تیی و ئابوورییه‌وه ده‌ناڵێنن.
درێژه‌ی هه‌یه…