دەڵێن! گەڕانەوەی حدکا بۆ ڕۆژهەڵات، بەهاندانی “پارتی” و سەرۆکی هەرێم هێژا” مسعوود بارزانی” یە! محەممەد سلێمانی

حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستانی ئێران بۆ جارێکی دیکە لە مێژووی سیاسی و نەتەوەیدا، بە ڕێگای دەستپێکردنەوەی خەباتی چەکداری و پتەوترکردنەوەی پەیوەندی ڕاستەوخۆ و بوونی کادر و پێشمەرگەکانی لە قۆڵای خاکی کوردستاندا، “پێشڕەوبوون” ی خۆی بە دۆست و دوژمن سەلمانەوە. بەهۆی سروشتی سیاسی و نەتەوەی حدکالە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا، رووداوە سیاسی و دەسکەوتە نەتەوەیەکان زۆربەیان لە سەر دەستی تێکۆشەرانی ئەو حیزبەوە بەدی هاتوون و هەر لە دەمەزراندنی “کۆماری کوردستان” ەوە بگرە هەتا گۆڕگرانی حکوومەتی شا و ئەوجار ڕاگەیاندنی تێکۆشانی ئاشکرا ونیوە نهێنی بەدژی حکوومەتی ئاخوندی ئێران لە سەرەتای شۆڕشی گەلانی وڵاتدا. هێزێکی دیار و خۆشەویستی وەك دێمۆکڕات بە سیاسەت و هەڵوێستەکانی توانیویەتی ئومێدی زۆر و یەكلاکەرەی بەرچاو لای نەسلی نوێ و تازە پێگەیشتووی کوردستان دروست بکاتەوە. سیاسەت و بەرخۆدانی نەتەوەی بە شوعار و قسەی زلو بێکردار هیچی لێ سەوزنابێت، ئەگەر بێت و قوربانیدان و فیداری و ماندووبوونی لە گەڵدا نەبێت. کاتێك دەنگی شۆڕش لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە هۆی لەبەرچاوگرتنی بارودۆخی سیاسی و ئەزموونی حوکمرانی هەرێمی کوردستان پێشووی پێدرابوو و، یان بەواتایەکی دیکە بڵێین ڕاوەستابوو، زۆر لە دۆستە دێرینەکانی حیزب لە کۆروکۆبونەوەی سیاسی و میدیایاندا، باسی لاوازی خەباتی سیاسی و چەکداری ئەو بەشەی وڵاتیان دەکرد و، بەداخەوە زۆر جار بە زیادە ڕۆیەوە تۆوی نائومێدیان لە نێو خەڵکی ڕۆژهەڵاتدا بڵاو دەکردەوە، بێ ئەوەی تۆزێك سەداقەت و ڕاستگۆی لە قسەکانیاندا بخەنەروو و ئاماژەیەك بەهۆی پشوودانی ئەو شۆڕشە بەرین و بەربڵاوە بدەن. دیارە بەلای ئەو کەس و هێزانەوە زۆر ئاسانبوو وەباڵی پێشووی شۆرش بخەنە گەردنی هێزە تێکۆشەرەکانی ڕۆژهەڵات و ئەوە بڵێن کە لەوێ واتە ڕۆژهەڵاتی کوردستان هێزێکی ئەوتۆی تێدا نیە کە ڕێبەری خەبات و تێکۆشان بگرێتەوە ئەستۆی. بەڵام” رووداوەکانی ئەو دوو سێ حەفتەی ڕابردوو، خوێندنەوە و تێڕوانینەکانی بەتەواوی گۆڕی و ئێستا زۆریەك لەو بەڕێزانە کە بۆنی دەنگی نارەزایەتیان لە گۆتاروگۆفتاریاندا بەدی دەکرێت، زۆر نارازین لە دەستپێکردنەوەی خەباتی سیاسی و چەکداری حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستانی ئێران و هێزە تێکۆشەرەکانی دیکەی ڕۆژهەڵات”. ئێستا بووژانەوەی شۆڕش و دەنگی خەباتی چەکدار بە مەترسی بۆسەر دەسکەوتەکانی باشور لێکدەدەنەوە و هەتا شەرعیەت بە سنوور بەزاندنەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر ناوچە سنووریەکانی باشوری کوردستان دەدەن و پێیانوایە لە ئێستادا کاتی ئەو بەرخۆدانە مەزنە نەهاتووە و دەکرێ سەبربکرێت. باشە ئەو بەڕیزانە بۆچی ناچنە لای دۆستەکانیان و پێیان بڵێن بەسە و ناکرێ مافی کورد لە ئێراندا پێشێل بکرێ و ڕۆڵەکانی کورد چیتر بەداردابکرێن. ” دونیایەکی گەلێك سەیر و سەمەرەیە، بەڕێزانێك کە پۆستی بەرزو دیاری سیاسی و ڕێکخراوەیان هەیە لە نێو حیزبەکانیاندا، تادوێنی بە خەندە و پێکەنینەوە باسی لاوازی خەباتی ئەو بەشەی کوردستانیان دەکرد و تەنانەت هەنگاوێکیش نەهاتنەپێش بۆ ئەوەی هاوکاری شۆرشی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بکەن و دەستیبگرن و بیخەنەوە سەرپێی “. بەڵام ئێستا کە دەرکەوت” پشوو” ی شۆڕش لە بەر لاوازی و بێکرداری حیزبی دێمۆکڕات نەبووە. گلەیی و گازندەکانیان بۆ ئاسمان بەرزکردۆتەوە و لە جیاتی هاوکاری و دەربڕینی پشتیووانی لە خەباتی ڕەوای گەلی کورد، بە نە گونجا و زیان بەخشیدادەنێن و مەسەلەئەساسی و بنەڕەتیەکان خەریکە بە پێچەوانە بۆ خەڵکی باشوری کوردستان شیدەکەنەوە. لە ڕاستیدا هێندێك سیاسی و ڕۆشنبیر لە باشور بۆ کەمڕەنگکردنەوەی سەرهەڵدانەوەی خەباتی سیاسی و چەكدار حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستانی ئێران، ئەو تۆمەتانە بڵاو دەکەنەوە بە نافەرمی و لێرەولەوێ کە بەهاندان و دەست لەپشدانی “پارتی” و سەرۆکی هەرێمی کوردستان هێژا ” مەسعوود بارزانی” حیزبی دێمۆکڕات خەباتی خۆی بەدژی حکوومەتی ئاخوندی ئێران ڕاگەیاندوە. باشە ئەگەر بێت و ئەو چەند دێرەی ئاماژەپێدراو ڕاست بن،” بۆ چی خراپە،یان حەیبەی لە کوێدایە”! بەڵکوو شانازی و جێگای ئومێدە کە شۆڕشی بەشێکی کوردستان بۆ یەکەمجار لە مێژووی سیاسیدا، خەڵکی کوردستان و هێزێکی نەتەوەی و وڵات پارێز بۆتە شوێنی ئارام و پشتی جبهەی بزووتنەوەی بەشەکەیتری کوردستان. زۆر جار لە گەڵ ڕۆشنبیرانی باشور باسی چۆنیەتی بووژانەوەی شۆڕش لە ڕۆژهەڵات دەکرا و بەشێکی ئەو بەڕێزانە پێیانوابوو، ئیرادەی خەبات بەلای خەڵك و حیزبەکانیەوە بەرەوکزی چووە، کاتێك باس دەکرا کە هەمیشە زەمینەی تێکۆشانی سیاسی و چەکدار لە ڕۆژهەڵات ڕەخساو ئامادەیە و هەر وەختێك حیزبەکان و حدکا پێخۆش بێ، وەك ساڵانی رابردوو خەبات پەرەی پێدەدرێتەوە، قسەکانیان زۆر بەلایانەوە گرینگ و جێگای بایخنەبوون. بەڵام کاتێك بەئاشکرا حیزبی دێمۆکڕات هێزی پێشمەرگەی رەوانەی نێوخۆی وڵات کردەوە تا لە نزیکەوە پەیوەندی بەخەڵکی کوردستانی ڕۆژهەڵات بکەن و، کاری سیاسی و ڕێکخراوەی ئەنجامبدەن. روودانی شەڕ و تێكهەڵچوون لە نێوان پێشمەرگە و سوپای پاسدارانی حکوومەتی ئاخوندی و زیانپێگەیاندنیان لە کاتی ڕووبەرووبوونەوە، ڕێژیمی تاران بۆ شاردنەوەی شکەست و پاشەکشەی ‌هێزەکانیان لە بەرەکانی شەڕدا، کەوتوونەتە تۆپ بارانکردنی ناوچە سنووریەکانی حاجی ئۆمەران و سیدەکان و هەوڵدەدەن لەو ڕێگایەوە پێش بە دەستپێکردنەوەی خەبات بگرن.
محەممەد سلێمانی