سوڵتانی بەختەوەریی … !!! . حەمید عەزیز

سوڵتانی بەختەوەریی پلەو پایەیەکی مەزنی ڕۆحی یە کەهەموو مرۆڤێکی جوان و خاوەن هەست هەیەتی و دەبێتە پاشای سەرگۆی زەوی لەئارامیدا ئەگەر زیاتر گرنگی بەکارە هەستیارو ڕۆحی و ژیانیەکان بدات و دوربێت لەکارە مادی و بێ هەستەکان . لەیەکەم بەشی ئەم نوسینەدا باسی میهرەبانی دەکەین کەزۆر پەیوەندی هەیە بەناونیشانی نوسینەکەمانەوە دواتریش وەکو هەوێنی دروست بوونی ئەم کارەیە بۆیە لەسەرەتاو لەکۆتاییدا باسی میهرەبانی دەکەین کەپەیوەندی ڕاستەوخۆی هەیە بەباسەکەمانەوە .
میهرەبانیی هەستێکی زۆر جوانی گیانلەبەرانەو هەمیشە لەکەس و گیانداری ڕۆح سوک و جواندا دروست دەبێت بۆیە هەوڵدانمان بۆ نزیکبونەوە لەڕەوشت و هەستە جوانەکانی ئاژەڵ و پەلەوەرو گیانداران کارێکی دروست و ڕاستە هەرچەندە ئەو وەفاو جوانی و هۆگریەی لەئاژەڵاندا هەیە هێشتا نەگەیشتۆنەتە هەندێک لەمرۆڤەکان کەپێویستە ئاشنای بن و لەگەڵیدا گەشە بکەن و بژین بۆ ئەوەی بەختەوەرتربن و بەهەستتربن بۆ پێکەوە ژیان و هاوەڵبوونی یەکتری و ڕازاندنەوەی ژیان بەو سۆزو هەستە جوانەی کەلەڕۆح و گیانی مرۆڤە هەست ناسک و دڵ جوانەکاندا هەیە … !!! .
مرۆڤێکی زۆر بەوەفاو میهرەبان ئاوا لەخۆشەویستەکەی دەدوێت کاتێک کەدڵیشی دەشکێنێت و لەکۆتاییشدا هیچ وەفایەکیشی بۆی نابێت کەچی ئەم مرۆڤە گەورەو جوانە گیان و ڕۆحی سەرتۆپکی عەشق و میهرەبانیی و وەفاداریە ئاوا لەنامەیەکدا بۆ خۆشەویستە بێ وەفاکەی دەدوێت :
— دڵشکان و نائومێدی و ژان و تاڵیی و تفتی و ناڕەحەتی ژیانی من هۆکارەکای تۆبویت بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئاواتە خوازم لەسەرەی تۆدا مردن درۆبێت … !!! .
لێرەدا دەمەوێت ئەوە فێربین کەبەشەکر دوژمنی خۆمان بشکێنین مرۆڤایەتی ئەمڕۆو ئاستی دنیای پێشکەوتو وادەڵێت مادام مرۆڤین و وشەی مرۆڤبونیمان پێویستە کەواتە دەبێت خەسڵەتەکانی مرۆڤبوونییمان لەلادروست ببێت دەنا مرۆڤ و مرۆڤایەتی برینیتی نی یە لەو قەرەباڵغی و خانوی زۆرو ئۆتۆمبیلی جوان و جادەوبان پڕکەین لەشتە مادیەکان مرۆڤایەتیمان یان مرۆڤبونییمان بریتی یە لەچەند هەستێکی جوان کەباشەو دڵخۆشی و ئارامی دروست بکات بۆ ژیانی خۆمان و دەوروبەرمان .
کەواتە چۆن خۆمان و بەرامبەرو دەوروبەر دڵخۆش دەکەین .؟.
خۆ هێمن کردن و خۆڕۆشنبیرکردن لەخۆتەوە دەست پێ بکەو کەئارام و لەسەرخۆبویت هەست دەکەیت چواردەورو خەڵکانیتر هەموو لەسەرخۆو باش و میرەبانن بۆیە هەموو هەستە جوانەکانی مرۆڤایەتیمان لەخۆمانەوە دەست پێ دەکات لەڕۆحی خۆمانەوە دەچێنرێت .
ئەمە بەشی یەکەم بوو لەنوسینی وتارێکی کۆمەڵایەتی دورو درێژ کەبۆ ئەم کاتە هەست دەکەم گونجاوبێت بۆ هاوڕێ و خوێنەرە بەڕێزەکانم بۆیە ئێستا لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەتایبەت ناوچەی خۆمانی کوردەواری ئارامی و بەخشین و مرۆڤایەتیمان کەم بۆتەوەو کاڵ بۆتەوەو بەرەو نەمان دەڕوات هەمویشی دەسەڵاتی سەقەت ئاوای لێکردوە . ئێمە پشت بە خواو خۆمان هەوڵ دەدەین هەتا ئەم بارە قورسە لەسەرشانمان دەڕوات هەوڵ دەدەین بەخوێندنەوەو هاوڕێ یەتی کتێب و مرۆڤە باشەکان بەئارامی تێیدەپەڕێنین و زاڵ دەبین بەسەر کۆسپەکاندا .
ئازیزانم دڵم بەئێوە خۆشەو سەروەتی من ئێوەی خوێنەرو هاوڕێی ئازیزمن چاوەڕێی بەشی دووەم دەبین … !!! .
حەمید عەزیز