ئەمانەتێکی بۆن خۆش بەرەو کوێستان. ئازاد عەبباسیان

کازێوە بەرەوماڵئـاوایی دەڕۆشت تا جێگەی خۆی بدا بە خۆر کە بێت و وەک ھەموو ڕۆژێک بەو پەڕی غروورەوە پەلکی تیشکی ڕاکێشێ بە سەر گەرمێن و کوێستان دا. خۆر ھەر دیار نەبوو و دەتگووت بارگەی پێکناوە و بەرەو ھەسارەیەکی دیکە بەڕێ کەوتووە. مەزانە کە خۆر ئـەو ڕۆژە پێش دەر کەوتن تێر فرمێسکی ھەڵ ڕشتووە و تیشکەکانی نە شۆقیان ماوە و نە گەرمی. ئـاخر دەڵێن ئـەو ڕۆژە خۆرێکی ئـازادی ماڵئـاوایی دەکا ئـیدی خۆر وای قەرار داوە چاوی لێک بنێ و خۆی نەڕازێنێتەوە ئـەو ڕۆژە. وەک دەڵێن زۆر بوون بە بیستنی ماڵئـاوایی خۆری ئـازادی کە خۆیان نەخشاندبوو تا بە پێشوازی مامەوە بچن. شێخی حەفید خۆی گورج دەکات و ھەر چۆنێک بێ خۆی دەگەیەنێتە لای شێرکۆ و دەڵێ ساز بە و چاویلکت لە چاو کە ئـەمانەتێکی کۆمارەکەی پێشەوامان ھەیە دەبێ بەرەو کوێستان وەڕێ کەوین و لەوێ ئـەسپەردەی خاکی کەین. بەرەو شارەکەی حاجی دەڕۆن و دڵدار و سامی و خارە سێوە لە مێژ بوو چاوەڕێ بوون.
وەڕێ کەوتن بۆ مەزاری شەھیدان کە سینگی ڕاکێشاوە بەسەر شارە خنجیلانەکەی کۆیەدا. مەزاری شەھیدان دوا مەنزڵگەی قارەمانانی ڕۆژھەڵاتم،. ھەر یەکەو لقە گوڵێکی بۆن خۆش و ڕەنگین. لە دوای سڵاوێک و ڕێزێک ، لە دووی کێلێکی تازە ئـاوپڕژێن گەڕان کە ئـاڵایەک باوەشی پێدا کردوە. ھێند بە توندی لە ئـامێزی گرتوە کە گەرمیی و سۆزی ئـامێزەکە دەڵێی دایکە بۆ کۆرپەلەکەی. چونکی مام جەلیل ساڵانێکە ئـەو ئـاڵایە دەپارێزێ و تەمەنی لە تەمەنی ئـاڵاکە پترە. مستێک لەو گڵە بۆن خۆشە و چنگێک لە سەوزایی ئـاڵاکە و دڵۆپێک لە سوورییەکەی و پڕژەیەک لە تیشکەکەی و دەستنووسێک لە قەڵەمەکەی خرانە نێو ھەمبانەیەک و بە ماڵئـاواییەک وەڕێ کەوتن بەرەو سنورێکی دەستکردی دەستی جەللاد. لەوێ ھێمن و ڕەشبەڵەکی کیژ و کوڕان ،ھەژار و قەتارەی ماملێ، سوارە و موعینی و دوانزە سوارەی مەریوان و یازدە ئـەستێرەکەی سەقز بەرەو پێشوازی ئـەمانەتەکەوە چوون تا بەرەو شارەکەی قازی وەڕێ کەون ،مەھابادی ھەمیشە قارەمان و زێدی مامی گەورە و گشت ڕۆژھەڵاتی پێ بۆن خۆش کەن.
تۆ بڵێی ڕۆژێک بێت و چیدی نەبینین ئازیزان گۆڕ غەریب بن؟ تۆ بڵەی ڕۆژێک بێت و لە گشت شارەکانی کوردستانی کوێستان ھەموو پێکەوە بڵێین: خوایە وەتەن ئـاوا کەی چەند دڵگیر و شیرینە…