کۆچی دوایی هونەرمەندی نیشتمانپەروەر “فەقێ مینە” لە ناوچەی سەردەشت
هونەرمەندێکی دڵسۆزی نیشتمان و پێشمەرگەیەکی پێشووی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە ناوچەی سەردەشت کۆچی دوایی کرد.
ڕۆژی دووشەممە، ٢ی پووشپەڕی ١٣٩٩ی هەتاوی، هونەرمەند “محەممەدەمین ڕەسووڵی”، ناسراو بە “فەقێ مینە” بەهۆی نەخۆشییەوە کۆچی دوایی کرد.
“فەقێ مینە”، لە بنەماڵەیەکی هەژار لە گوندی “ئاغەڵان”ی ناوچەی سەردەشت لە دایک بووە و بە کار و زەحمەت و کوێرەوەری پێگەیشت. لەگەڵ ڕووخانی ڕێژیمی پاشایەتی فەقێ مینە یەکێک لەو کەسانە بوو کە چەکی شانازی پێشمەرگایەتی کردە شان و لە ڕیزی پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستاندا لە هێزی شەهید موعینی ئەوکاتدا سازمان درا.
فەقێ مینە لەگەڵ ئەوەی کە پێشمەرگەیەکی تێکۆشەر و دڵسۆز و ماندوویی نەناس بوو، لەهەمان کاتدا گۆرانیبێژ و حەیرانبێژێکی دەنگخۆش بوو، هەمیشە کۆڕ و جێژن و مەڕاسمەکانی بە دەنگە خۆشەکەی و هەستە پاکەکەی دەڕازاندەوە. فەقێ مینە پێشمەرگەیەکی سادق و پیاوێکی سادە و ساکار و لەبەردڵان بوو و لەنێو بەرپرسان و کادر و پێشمەرگەکانی حیزبدا ڕێزی تایبەتی لێدەگیرا. ناوبراو خۆشەویستی خەڵکی ناوچەکە بوو لە کاتی جەولە و مەئمووریەتی پێشمەرگەکاندا لە ناوچە بە گۆرانییەکانی کۆڕی هاوڕێیانی دەڕازاندەوە و خەڵک بە تامەزرۆییەوە گوێیان لێدەگرت.
فەقێ مینە بەهۆی دەسکورتی و هەژاری ژیانی بنەماڵەکەی گەڕایەوە نێوخۆی وڵات، بەڵام لەوێش وازی لە هونەرەکەی نەهێنا و بوو بە حەیرانبێژ و گۆرانیبێژێکی ناودار و بە هەستێکی کوردانەوە لە گۆرانییەکانیدا دەردی گەلەکەی و توێژی هەژار و چەوساوەی بەیان دەکرد و، نیشتمانپەروەری و خۆشەویستی پێشمەرگە و نیشتمان و دەرد و مەینەتییەکانی گەلەکەی هەمیشە ئاوێتەی حەیران و مقام و گۆرانییەکانی بوو، بەمەش هێندەی دیکە لایەنگری بۆ خۆی زیاد کردبوو و کاریگەریی زۆری لەسەر خەڵک دانابوو.
لە سەردەمی پێشمەرگایەتیدا بە حەیرانێک باسی لە شەڕی قارەمانانەی تێکۆشەرانی دێموکڕات لە گوندی “ناوە”ی ناوچەی بانە کردوە و وەسفی شەهیدی ناوداری گەلەکەمان شەهید “سەرگورد عەلیار”ی کردوە کە لەو بەرەنگارییە قارەمانانەدا شەهید بوو، ئەو حەیرانە کاریگەریی زۆری لەسەر خەڵک و پێشمەرگە هەبوو.
فەقێ مینە تا کۆتایی تەمەن هەر وەفادار بە ڕێگا و ڕێبازەکەی مایەوە و هەمیشە دڵی لای حیزب و پێشمەرگەکان بوو و زۆر جار لەنێو کۆڕی یاراندا بە تاسەوە باسی سەردەمی زێڕینی پێشمەرگایەتی دەکرد و لە ماوەی تەمەنی خۆیدا خزمەتێکی گەورەی بە حیزب و جووڵانەوەی گەلەکەمان و هونەری کوردی کردوە و جێ پەنجەی بە هونەری کوردییەوە دیارە.
لەلایەن ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە سەرەخۆشیی خۆمان ئاراستەی بنەماڵەی بەڕێزی فەقێ مینە و خزم و کەسوکاری و هونەرمەندان و هونەردۆستان و خەڵکی ناوچەی سەردەشت دەکەین و خۆمان بە شەریکی خەمیان دەزانین.
سەرچاوە: ماڵپەری کوردستان و کورد