پەیامی مامۆستا حەسەنزادە بۆ کۆڕیادی حەسەن قزڵجی:

دۆستانی بەڕێز!
بەشدارانی کۆڕی ڕێزگرتن لە مامۆستا “حەسەن قزڵجی”!
دەگەڵ ڕێز و سڵاوی گەرم، ئاواتم دەخواست ئەو شانسەم هەبێ وێڕای ئێوە لەو کۆڕەدا کە بەبۆنەی یادی ١٠١ ساڵەی لەدایک‌بوونی ئەو گەورە پیاوەی بواری زمان و ئەدەبیاتی کوردی‌یەوە پێک‌هاتوە بەشدار بم و وەک ئێوە بەشێک لەو قەرزە کە قزڵجی لەسەر هەموو دڵسۆزێکی کورد و بەتایبەتی ئۆگرانی پێشکەوتنی زمانی نەتەوەییمانی هەیە بدەمەوە. ئێستا کە ئەو شانازییەم پێ نەبڕاوە لە دڵەوە ڕێز بۆ بەشداریتان دادەنێم و بەتایەتییش سوپاس و دەستخۆشیم بۆ ئەو بەڕێزانە هەیە کە هەم ئەو کۆڕی ڕێزدانانەیان ڕێک خستوە و هەم لەوەش گرنگتر بە وەرگێڕانی کتێبی هەرە بەناوبانگی حەسەنی قزڵجی (پێکەنینی گەدا) بۆ سەر زمانی فارسی ئەو نووسەرە گەورەیە و ئەو کارە بەنرخەی ئەویان بە فارسیزمانان و فارسیزانان لە هەرجێیەک بن ناساندوە.
بەڕێزان با لێتان نەشارمەوە کە داوام لێ کرابوو ئەگەر هەر نەتوانم لەم کۆڕی ڕێزگرتنەدا بەشدار بم، نووسینێک یان لێکۆڵینەوەیەک یان هەر نەبێ پەیامێکی بەنێوەرۆکی بۆ بنێرم. بەڕاستی ئەوەم بە شانازییەک زانی و هەم بەڵێنم دا و هەمیش نیازم هەبوو شتێک ئامادە بکەم کە “ڕووی مەجلیسانی هەبێ” و بینێرم کە پێشکێشی ئێوەی ڕێزدار و گیانی نەمری قزڵجی بکرێ. بەڵام کاتێک بۆ نووسینی بابەتەکە گەڕامەوە سەر هەردوو نوسخەی کوردی و فارسیی پێکەنینی گەدا، هەر هات و پتر لە نیازەکەم پاشگەز بوومەوە.
هۆیەکەشی ئەوە بوو کە تێفکریم هەرچەندی خۆم بێنم و بەرم ناتوانم شتێک بنووسم کە لە پەنای سەرەتا نایابەکەی مامۆستا هێمنی نەمر بۆ چاپی کوردی و “مقدمە” جوانەکەی مامۆستا دوکتۆر کامڕان ئەمین ئاوە بۆ چاپی فارسیی ئەو کتێبە ڕابگرم. بۆیە شێعرەکەی سەعدیم کردە سەرمەشق کە دەڵێ: “بر بساط نکتەدانان خودفروشی شرط نیست یا سخن دانستە گو ای مرد عاقل یا خموش”. دەزانم کە هەم دوکتۆر کامڕان و هەم دۆستانی دیکە شتی زیاتر لەوەش پێشکێش دەکەن و مەخابن کە بەشم لە گوێ لیگرتنەکەشیاندا نیە.
دەگەڵ ڕێزی دووبارە و داوای لێبووردن
عبداللە حسن زادە
١١/١١/٢٠١٦