ناوی بکوژەکەی “ئۆلاف پاڵمە” ئاشکرا کرا

٣٤ ساڵ دوای تیرۆر و کوژرانی “ئولاف پالمە”، سەرۆک وەزیرانی سوئێد و سەرۆکی حیزبی سوسیال دێموکراتی ئەو وڵاتە، دادئەستێنی ئەو دۆسیەیە بڕیاری درکاندنی ناوی بکوژەکە و هاوکات داخستنی پرۆسەی لێکۆڵینەوە لەو تاوانەی دا.

کاتژمێر ١١ی شەوی هەینی ڕێکەوتی ٢٨ی فێوریەی ١٩٨٦ی زایینی، سەرۆک وەزیرانی سوئێد “ئولاف پالمە” و هاوسەرەکەی بە ناوی “لیسبێت پالمە” کە لە سینەماوە بەرەو ماڵەوە دەگەڕانەوە لە لایەن کەسێکەوە تەقەی لێ‌دەکرێ و پێش ئەوەی بگەیەندرێتە نەخۆشخانە بە هۆی کاری بوونی برینەکەی گیان لە دەست دەدا.

پۆلیس و پسپۆران و شارەزایانی بواری ئەمنییەتی وڵاتی سوئێد لەو ماوە دوور و درێژەدا بەردەوام بە دوای پلان و وردەکاریی پەروەندەی ئەو قەتڵەوە بوون و بە سەدان کۆبوونەوەی جۆراوجۆریان بۆ دۆزینەوەی بکەرانی ئەو پەروەندە بەڕێوە بردوە.

پۆلیس سەرەتا باس لە کەسێک بە ناوی “هاتری” تەمەن ٣٣ ساڵ دەکا، ناوبراو کاتی تەقەکردن لە ئولاف پالمە لە یەکێک لە قاوەخانەکانی نزیک ئەو شەقامە بووە، هەر بۆیە لە مانگی مارسی ئەو ساڵەدا لە لایەن پۆلیسەوە دەگیرێ و دوای مانگێک لێکۆلینەوە ئازاد دەکرێ و پەروەندەی ناوبراو دەبەسترێ.

بۆ ماوەیەکیش ڕێکخراوی پارتی کرێکارانی کوردستان ( پکک) لە لیستی ئەو لایەنانەدا بوو کە پۆلیسی ئەو کات گومانی لە سەرهەبوو، هەروەها شک و گومان لە سەر ئەفریقای باشوور هەبوو و جیا لەوان لەو کاتەوە تاکوو ئێستا ١٣٤ کەس کە زۆربەیان بۆ خۆیان چووبوون بۆ لای پۆلیس وەک قاتڵی ئولاف پالمە خۆیان ناساندوە و لە نێو ئەوانیش دا چەند کەسێک هەبوون کە پۆلیس دەسبەسەری کردبوون، بەڵام دواتر پسپۆڕانی بەشی لێکۆلینەوە هەموویانی ئازاد کردوە.

لە ماوی ٣٤ ساڵی ڕابردوودا، بە دواداچوون و لێکۆڵینەوەی تێچووی دۆسیەکەی سەرۆک وەزیرانی سوئێد ئولاف پالمە ٦٠٠ میلیۆن کرۆنی سوئێدی بووە. ئەگەر ئەو پەروەندەیە کۆبکرێتەوە لەپەنا یەک دابنرێ، ٢٥٠ میتر لەخۆ دەگرێ و خوێندنەوە و پێداچوونەوە بەو بەڵگانەدا بۆ کەسێک کە لە باری یاسایی و حقوقی‌یەوە شارەزا بێ، بە گشتی نزیک بە ٩ ساڵ دەخایەنێ.

دوای ڕووداوی کوژرانی ئولاف پالمە کەسێک بە ناوی “ستیگ ئینگسترۆم” کە لە شیرکەتی سکاندیادا کاری دەکرد، وەک شاهید بانگ دەکرێتە دادگا و دواتر ناوبراو بە ناوی “پیاوی سکاندیا” ناوبانگی دەرکرد و دەگوترێ ناوبراو لە ساڵی ٢٠٠٠ دا لە ڕێگای خۆکوژی‌یەوە کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە، لێپرسینە سەرەتاییەکان لە ناوبراو زۆر ناخایەنێ و لە لیستی لیپرسینەوەی دادگا پاک دەکرێتەوە.

ڕۆژی ١٠ ـ ٠٦ ـ ٢٠٢٠ لە ڕێگای دادئەستێنی ئەو دۆسییەیە “کریستێر پێتێشۆن”، لە پرێس کۆنفرانسێکی راستەخۆی تەلەفزیۆنی دا باسی لە هەموو لێکۆلینەوەکانی ماوەی ٣٤ ساڵی ڕابردوودا کرد و بە گشتی ئاوڕێکی زۆری لە وردەکارییەکانی کوژرانی ئولاف پالمە دایەوە و لە قسەکانی دا ئاماژەی بە ناوی چەند کەس و لایەنی نێوخۆیی و دەرەکی کرد.

دوا ئاماژەی دادئەستێنەکە ئەوە بوو کە هەموو ئەو شاهیدانەی لە کاتی کوژرانی ئولاڤ پالمە دا بانگ کرابوون باسیان لە کەسێک دەکرد کە بە باڵتۆیەکی ڕەشی درێژ و کڵاوێکی گەڕگەڕی لە سەر، بە هەڵاتن خۆی لە شوێنی ڕووداوەکە دوور خستۆتەوە و لە چاوتروکانێکدا خۆی لەبەرچاوان ون کردوە.

ئاکامی ٣٤ ساڵ دادگایی ئەوە بوو کە قاتڵی ئولاڤ پاڵمە هەمان “ستیگ ئینگسترۆم”ە کە لە شیرکەتی سکاندیا دا کاری دەکرد.

جیا لە کردنەوەی گرێ کوێرەی ئەو تیرۆرە، ئەوەی بۆ ئێمەی کورد گرینگ بوو ئەوە بوو کە ناوی کورد کە لە لیستی بکوژانی ئولاڤ پالمە دا بوو و ساڵانێکی زۆر خەڵکانێک بە چاوی گومانەوە سەیری کوردیان دەکرد، ئەمڕۆ ئیتر ئەم تۆمەتە لەسەر کورد نەماوە.