مستەفا مولودی جێگری سکرتیری گشتی حدک،لە پیوندی بە گیرانی دوکەس و لیژنەی بە دوادا چوونی پرۆسەی لێکۆلینەوە قسە بۆ روداو دەکا

رووداو – هەولێر، دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەنجامدەری سەرەکیی تەقینەوەکانی کۆیەیان ئاشکرا کردووە و دوو تۆمەتباریشیان دەستگیرکردوون.

بەپێی راگەیەنراوێکی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان، دوای ئەوەی لیژنەیەکی باڵا بۆ لێکۆڵینەوە لە رووداوی دوو تەقینەوەکەی بەردەم بارەگای دەفتەری سیاسی حیزبی دیموکراتی کوردستان (حدک) پێکهێنرا، “لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان دوو کەس دەستگیرکران، کە لە رووداوەکە تێوەگلابوون”.

هەر بەپێی راگەیەنراوەکە “تۆمەتبارەکان ناویان (ش.ع.) و (پ.هـ.)ـە و بەپێی ماددەی 2ـی یاسای ژمارە هەشتی ساڵی 1992 دەستگیرکراون، پاشان تۆمەتباری سەرەکی لەئەنجامی لێکۆڵینەوەکان ئاشکرا بووە”.

دەزگای ئاسایشی هەرێمی كوردستان جەخت دەکاتەوە لەوەی “ناسنامە و زانیاری كەسێتی ئەنجامدەری تاوانەكەیان دۆزیوەتەوە و دەستیان گرتووە بەسەر كەلوپەلی تایبەت بە تۆمەتبارەکە، كە هەڵهاتووە و هەوڵەكان چڕكراونەوە بۆ دەستگیركردنی”.

لە کۆتاییشدا دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان دەڵێ “رای گشتی ئاگاداردەكەینەوە لێكۆڵینەوە لە رووداوەكە بەردەوامن و لەكاتی گەیشتنمان بە ئەنجامی كۆتایی، راستییەكان ئاشكرا دەكەین”.

شەوی 20-12-2016 دوو تەقینەوە لەبەردەم دەفتەری سیاسیی حیزبی دیموکراتی کوردستان لە شارۆچکەی کۆیە روویاندا و، بوونە هۆی شەهیدبوونی پێنج پێشمەرگەی دیموکرات و دوو کارمەندی ئاسایش.

رۆژی شەممە 24-12-2016 حیزبی دیموکراتی کوردستان راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە، کە تێیدا هاتبوو “نیشانەکان ‌و زانیارییەکان دەریدەخەن ئامانج لەو تەقینەوەیە کوشتنی ژمارەیەکی زیاتر لە تێکۆشەران‌ و بنەماڵەکانی دیموکرات بووە‌، بەهۆی ئەوەشی نەیانتوانیوە بۆمبەکان بهێننە نێو هۆڵی بەڕێوەچوونی رێوڕەسمەکە، نزیکترین شوێنیان لەو ئامانجەیان هەڵبژاردووە”.

لە دوای تەقینەوەکە کۆبوونەوەی پارتەکانی هەر چوار پارچەی کوردستان لەسەر بانگهێشتی حیزبی دیموکراتی کوردستان لە بارەگای دەفتەری سیاسی (حدک) لە شاری کۆیە بەڕێوەچووز خالید عەزیزی، سکرتێری حدک دووبارە کۆماری ئیسلامی ئێرانی تۆمەتبار کرد و گوتی “بەشداریی پارتەکانی هەرچوار پارچەی کوردستان لەو کۆبوونەوە رێزگرتنە لە دوایین قوربانییەکانی تیرۆری کۆماری ئیسلامی”.

داڕشتنەوە: هەڵات رێبوار