کۆچیدوایی شیمیایی لێدراوێک لە سەردەشت. سەرچاوە کوردستان و کورد
قادر مهولانپوور کۆنه پێشمهرگهی دێمۆکرات که له شیمیاییبارانی سهردهشت ٣ منداڵ و هاوسهرهکهی ببوونه قوربانی، به هۆی جێماوی مهوادی شیمیایی لە جەستەیدا کۆچیدوایی کرد.
قادر مەولانپوور خەڵکی گوندی ڕەشەهەرمێ، خاوەنی ٥ شەهیدی شیماییبارانی سەردەشت، دوای ماوەیەک ژیان بەسەر بردن بە خەم و ئازاری گیاندانی منداڵانی لە باوەشی خۆی و هەروەها ئازاری بەجێماوی گازی خەردەل لە ناخ و هەناوی، شەوی ١١ی بەفرانبار بە چاوی فرمێسکاوییەوە ماڵاوایی لە ژیان کرد.
قادر مەولانپوور تاقانە بەڵگەی کارەساتی شیمیاییبارانی شاری سەردەشت لە دادگای “لاهە” بوو کە لە گەڵ ئەنجومەنی مافی زیان وەبەرکەوتووانی شیمیایی لە دادگای لاهە، کارەساتی دڵتەزێنی خۆی و سەرجەم شیمیایی لێدراوی شاری سەردەشتی بە گوێی جیهانیان گەیاند و بەڕێزیان بە عومەر خاوەری رۆژهەڵاتی کوردستان ناسرابوو.
ناوبراو دوای ململانێی کردن لە گەڵ دەرد و ئازاری چەندین ساڵەی ماددەی شیمیایی لە تەمەنی ٧٠ساڵەیی ماڵاوایی لە ژیان کرد.
شایانی باسە قادر مەولانپوور دوای شەهیدبوونی براکەی بەناوی عەزیز مەولانپوور کە پێشمەرگەی حیزبی دێموکرات دەبێ، لە ساڵی ١٣٦١ی هەتاویی بۆ خۆشی چەکی پێشمەرگانە لە شان دەکاو ماوەی چەند ساڵ ئازایانە بەرگریی لە خاکی نیشتمان دەکا؛ تا ساڵی ١٣٦٥ی هەتاویی کە بە هۆی گرفتی بنەماڵەییەوە، لەسەر ئیجازەی حیزب دەگەرێتەوە نێوخۆی وڵات و، هەتا دوایین چرکەی ژیانی بە بیر و باوەڕەوە لەسەر رێبازی پێشەوا وەفادار مایەوە.
جێی وەبیرهێنانەوەیە کە وەستا قادر دوایین کەسی بنەماڵەیەکی شیمیایی لێدراو بوو کە کۆچیدوایی کرد.
شایانی باسە شاری سەردەشت لە ٧ پووشپەڕی ساڵی ١٣٦٦ی هەتاوی لە لایەن دەوڵەتی بەعسەوە کیمیاییباران کراو، لەو هێرشەدا زیاتر لە ١١٠ کەسی بێتاوان شەهید و پتر لە ٨٠٠٠ هەزار کەسیش برینداری لێکەوتەوە.
ئەگەرچی شاری سەردەشت و چەند شوێنێکی دیکە لە رۆژهەڵاتی کوردستان کەوتنەبەر پەلاماری کیمیاباران و زیانیان وەبەرکەوت، بەڵام تاکوو ئێستا گرینگی پێنەدراوەو بریندارانی ئەو کارەساتە بە ئازاری ماددەی شیماییەوە دەناڵێنن.
بە بۆنەی کۆچی دوایی کەسایەتی دیار و خۆشناوی سەردەشت مام قادر مەولانپوور لە ناخی دڵەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵەی بەرێزیان و خەڵکی گوندی ڕەشەهەرمێ و خەڵکی شاری سەردەشت بە گشتی و هەموو ئەو کەسانە دەکەم کە لە ماوەی نزیک ٣٠ ساڵی ڕابردوودا هاوخەم و پشتیوانی مام قادر بوون.