بۆ کۆچ و ماڵئاوایی دوایی گەورە تێکۆشەری کورد کاک فەتاح کاویان یەکێک لە ئازیزترین کەسەکانم (هاوڕێ، برا، باب و مام و مامۆستا)

ساڵانێک بوو ناوی کاک فەتاح کاویانم لە ریزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان دا بەر گوێ دەکەوت و لە هەموو ئەو ماوەیەدا سیمای کاک فەتاح کاویانم لە پێش چاوان وەک مرۆڤێکی باڵابەرز و بەخۆوە، سمێل زل و پشتێند پان دەهاتە بەرچاو.

دوای ساڵانێک یەکەم جار کە لە هێزی مینەشەم ڕا بە مەئموریەت لەگەڵ چەند بریندارێک چووینە نەخۆشخانەی حیزب لە باشووری کوردستان و بە هۆی ئەوە پاییزێکی درەنگ وەخت بوو، کۆمیسیۆنی سیاسی نیزامی داوای لێکردین کە ئەو چەند کەسە لە بنکەکانی دەوری دەفتەر تا وەرزی بەهار بمێنینەوە. لەگەڵ ئەوەدا هیچ مەیلی مانەوەم لە بنکەکانی دەوری دەفتەر نەبوو، بەڵام دەبوو بڕیاری کۆمیسیۆن جێ‌بەجێ بکەین.
وەک پێشمەرگەیەک ناردمیانە بنکەی تەقەمەنی حیزب کە سەر بە سکرتاریای حیزب بوو و شەخسی نەمر شەهید دوکتور قاسملوو لە سەر ئەم بنکەیە بریاری سەرەکی و کۆتایی دەدا.
یەکم جار بوو دەچوومە دەفتەری سیاسی و هەموو کەسەکان بۆ من نەناسیاو بوون، جارجار کەسانێکم دەدیتن کە دەمناسین. بە هاتووچۆی بەردەوام توانیم بەرەبەرە کادرو پێشمەرگەکان بناسم، لە مەیدانی فوتباڵ و ساڵۆنی نان خواردن و لە ساڵۆنی پینگ‌پۆنگ زۆرێک لە کەسەکانم ناسین.
ئێوارەیەک لە ساڵۆنی پینگ‌پۆنگ کادرێکی حیزبی بە باڵاکورت و تەمەن ٥٠ ساڵان بە دەستێک لیباسی جوان و کلێتێک لەسەر هاتە ژوورەوە، هەمووان تێکرا گووتیان کاک فەتاح بەخێر بێی، وەرە ئەوەی لێدەگەرێی لێرەیە.
ئەو کات یەکێک لەو کەسانە بووم کە کەیفم بە یاریکردن دەهات و زۆربەی ئەو کاتانەی بێکار دەبووم دەچووم بۆ ساڵۆنی پینگ‌پۆنگ. لەگەڵ کاک فەتاح سەرو راکێتی پینگ‌پۆنگیان دەست دایە و هەر یەکەی لە لایەکی میزەکە راوەستاین.
کاکی خۆم ناوت چی‌یە؟ خەڵکی کوێی؟ پێشمەرگەی کام بنکەی؟
ناوم حەمەرەسووڵ کەریمی‌یە، خەڵکی سەردەشتم و لە بنکەی تەقەمەنیم!
هەی بەخێر بێی وەڵلا مادام سەردەشتی لە یاری‌یەکە ناترسم، ئاخر سەردەشتی ئەو جۆرە یارییانە نازانن.
هەموو ئەوانەی لەوێ بوون لە قاقای پێکەنینیان دا و لە یەک چاوتروکان دا گووتی: دەی وەرە بزانم چەند مەردە هەلاجی؟
منیش گووتم: کاکی خۆم پرسیار عەیب نییە دەی باشە جەنابت ناوت چییە؟ خەڵکی کوێی؟
ئەمن فەتاح کاویانم و خەڵکی سابڵاغم!
سابڵاغەکەی لە نێوی دڵی ڕا هێنا دەرێ و گووتی جا کوا سەردەشتی بە سابڵاغیان دەوێرن؟
باوەرم نەدەکرد ئەو کەسە کاک فەتاح بێ، ئاخر کاک فەتاح لە مێشکی من دا باڵابەرز و سمێل زل و بەخۆوە بوو، پێم وانەبوو کە کاک فەتاح، ئاوا وردیلە و سەر و سیمای جوان و سپی پێست بێ.
یاریمان دەست پێکرد و دوای چەند گەیم و چەند یاری‌یەک کاک فەتاح گووتی پێم وانییە ئەتۆ سەردەشتی بی.
b_300_220_16777215_00_images_KOMALAYATI_fetah_kawian3.jpgدوای ئەو ڕۆژە لەگەڵ کاک فەتاح بووینە هاوڕێ و دواتر کاک فەتاح هەستی خۆی وەک برا و باب و مام و مامۆستا بۆ من نیشان دا و لە هەموو قۆناخەکانی ژیانی پێشمەرگایەتیم دا چ ئەو کاتانە لە ناوچە دەبووم و چ ئەو کاتانەی سەردانی دەفتەرم دەکرد پەیوەندی‌یەکی گەرم و گوڕمان هەبوو، لەو ماوەیەشدا لە من و لە بنەماڵەکەمانی کۆڵی بۆوە و تا رادەیەک بنەماڵەکەمانی دەناسی.
لەگەڵ کاک فەتاح بووینە هاوڕێ و کوڕ و باب، زۆرجار بە تایبەتی نامەی بۆ دەنووسیم و ڕێنوێنی دەکردم کە ئاگام لە خۆ بێ و حیزب پێویستی بە گەنجی وەکی تۆ و هەزارانی وەک تۆ هەیە، بە هۆی ئەوە سەردانی بەغدا و دەرەوەی وڵاتی دەکرد هەموو جارێک شتی جوانی وەک خودکار و کراس و خودنویس و شەترەنج و ئەو جۆرە شتانەی بە دیاری بۆ دەناردم و منیش وەک یادگاری هەڵم دەگرتن.
هەر کات دەچوومە ناوچە بۆ نێو خەڵک دەمزانی کاک فەتاح کەیفی بە شتی دەستچن دێ، هەر ساڵەی شتێک و یا دوو شتی وەک گۆرەوی و پوزلەخ و کراسی مەرەز و سەرکوڵاوی گوڵینگەدار و یا کلێتم بۆ بە درووست کردن دەدا و پاییزان لەگەڵ دەستی خۆم لە نێو کۆڵەپشتی دا وەک دیاری بۆم دێنایەوە و هەر کات پێشکەشم دەکرد دەیگووت: ئەگەر کوڕەکانی ڕادیۆ و هێندێک لە پێشمەرگەکان لێم گەڕێن ئەوە وەک یادگاری هەڵیان داوەسم، بەڵام مەجبوورم هەڵیان بگرم و جارجار لەبەریان بکەم، ئەگینا ئەو یادگاریانەم لێ دەستێنن.
کاک فەتاح بە ڕاستی مامۆستا بوو، پێش هاتنی بۆ پێشمەرگایەتی بە سەدان قوتابی هەبووە، وەرزشکار بوو، سیاسەتوان بوو بە مانای لیزانی لە سیاسەت دا، دیپلۆمات و مرۆڤدۆست بوو، خەتخۆش و قسە خۆش بوو، لە شێعر و دەربرینی وشەدا ڕووحی وەبەر شێعر و گوتارەکانی دەدا، هەموو کەس لە زمانی شیرینی کاک فەتاح حاڵی دەبوو، شێعری کوردی و فارسی و تورکی دەزانین، شێعر لە لای ئەو مانای خۆیان هەبوو، بۆ خۆشی چەندین شێعری جوانی کوردی و فارسی هەبوون و زۆرجار لە مەجلیس و لە کۆڕوکۆبونەوەکانیش دا کەڵکی لێ وەردەگرتن و هاوکات بۆ ئەوانەی کە خۆشی دەویستن بە دەستخەتی خۆی بۆی دەنووسینەوە و زۆرجاریش بە جیا بۆی دەخوێندنەوە، کاک فەتاح قسەخۆش و نوکتەزان و ڕووخۆش بوو و وەک دەڵێن گوڵی نێو هەموو مەجلیسەکان بوو. لە بەخشینیش دا دەست و دڵ ئاواڵە و دڵفراوان و بە سەخاوەت بوو.
b_300_220_16777215_00_images_KOMALAYATI_Fetah_Kawian.jpgکاک فەتاح زمانزان و ئەدیب بوو، زمانەکانی کوردی، فارسی، ئینگلیزی دەزانین و تا ڕادەیەکیش تورکی دەزانی و بە راستی لەم بوارەدا زەحمەتی زۆری کێشا و وەرگێران و نووسینەکانی ئەوەندە زۆرن کە لە نووسین نایەن. کاتێک کتێب و فەرهەنگی حەوتەوانەی تەنزیم دەکرد لە تەنیشتی بووم کە چەندە لێزانانە ئەو هەموو کاغەز و ئەو هەموو کوتە کارتۆنەی لە تەنیشت یەک ڕیز کردبوون و زۆر بە شێوەیەکی ڕێک و پێک تەنزیمی دەکرد. فەرهەنگی حەوتەوانە کە دواتر لە ساڵی ٢٠٠١ دا لە چاپ درا و دانەیەکی وەک دیاری پێشکەش کردم نیشان دەدا کە کاک فەتاح چەندە کارەکانی جوان و ڕێک و پێک بوون. حەوتەوانە لە نێوەکەی ڕا دیارە کە بە حەوت شێوە دەتوانی کەڵک لەم فەرهەنگە وەر بگری بۆ نموونە:
کوردی ـ کوردی
کوردی ـ فارسی
کوردی ـ ئینگلیزی
فارسی ـ کوردی
فارسی ـ فارسی
فارسی ـ ئینگلیزی
ئینگلیزی ـ ئینگلیزی
دۆستایەتی نێوان ئێمە بە لەتبوون و لێکترازانی حیزبیش دوای کۆنگرەی ٨ کۆتایی نەهات، ئەو لەگەڵ تەشکیلاتی ڕێبەرایەتی شۆڕشگێر و منیش لەگەڵ تەشکیلاتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، زۆرجار وەڵامی لێ دەناردم کە ئاگام لە خۆم بێ و زۆرجاریش دیاری بۆ دەناردم و چەند جارێکیش لە سولێمانی لە دووکانی حاجی حەسەنی خاڵم چاومان بە یەکتر دەکەوت، گەورەیی کاک فەتاح لەوە دا بوو کە نە خوێندەواریەکەی و نە بەرپرسایەتی گەورە و نە تەمەنی هیچیان نەببوونە ڕێگر لەوە کە خۆی لە من و هاورێیانی دیکە جیا بکاتەوە و خاکی و خاکەڕایی لە سەروسیما و لە هەست و وجوودی دەباری، گورج‌وگۆڵ و بە هەڵوێست، شۆڕشگێر و خۆنەویست بوو، ئەوەی لە لای کاک فەتاح گرینگی نەبوو سەروەت و سامان بوو، هەموو کاتی خۆی بە خوێندنەوە و بە نووسینەوە تێپەر دەکرد و خەرمانەی ئەو نووسینانەی لە ڕۆژنامە و گۆڤارەکانی حیزبەوە دیارن و زۆر جاریش لە ڕادیۆ دەنگی کوردستانی ئێران دا وتاری بڵاو دەبوونەوە.
خەمی گەورەی کاک فەتاح تەنیا و تەنیا حیزبەکەی و شۆڕشەکەی بوو، هەموو لایەکی خۆش دەویستن و کادرو پێشمەرگەکانیش کاک فەتاحیان خۆش دەویست.
b_300_220_16777215_00_images_KOMALAYATI_fetah_kawian2.jpgلەگەڵ هەر ڕووداوێک لە حیزبدا جەرگی ژانی دەکرد و لە شادی و خۆشی و خەمی هەموو لایەک دا بەشداری دەکرد. ئەوە هەر تەنیا بۆ کادر و پێشمەرگەی حیزب نەبوو بەڵکوو زۆرێک لە کادر و پێشمەرگەی هێزەکانی دیکەی لە ڕێکخراوەکانی دیکەش دەناسی، پەیوەندی لەگەڵ سەرکردەکانی حیزبەکانی باشووری کوردستان و لایەنەکانی دیکە هەبوو. یەکێک لەو دەگمەنە شۆڕشگێرانە بوو کە لە قسەکردن دا ورد و لە دانی زانیاری دا ئەو پەری سەداقەتی لە خۆی نیشان دەدا و مرۆڤێکی بە تەدبیر و جێگای متمانە و سەرکردەیەکی سیاسی و لێزان و وریا و خۆشناو بوو، ئەوەندەی تەمەنی مەجالی پێدا لە ریزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان دا خزمەتی بە گەل و نیشتمان کرد و تا توانی لە سەر ڕێبازی پێشەوا قازی و هەموو شەهیدانی گەل پێداگری کرد و لە سەر ئەم ڕیگایەش هەروا تا کاتی کۆچی دوایی و ماڵئاوایی یەکجارەکی درێژەی بە خەبات و تێکۆشان دا.
کۆچی دوایی کاک فەتاح بۆ من وەک حەمەرەسووڵ یەکجار بە ژان و قورسە و هیچ کات ناتوانم قسە و ڕێنوێنی و هەست و سۆز و وەفای کاک فەتاح ، تەنز و ڕوانینەکانی، زەردەخەنە و پیاسە کردنی بەیانی و ئێوارانی لە یاد بکەم، چوونکە کاک فەتاح لەگەڵ ئەوەدا تووشی نەخۆشی لە یادکردن و لە یادچوونەوە (ئالزایمێر) ببوو، بەڵام لەو حاڵەتەش دا هیچ کات سیمای منی لە یاد نەکرد و لەو ماوەیەدا بەردەوام هەم بەدیدار و هەم بە تەلەفوون لە یادی دابووم و منیش وەک کەسێک دەبوو ئەو هەستە جوانەی کاک فەتاح پاراو بکەم و هەمو جارێک زۆربەی کاتەکانم لە قەڵای دێموکرات لەگەڵ ئەو تێکۆشەرە ماندوویینەناسەی دێموکرات لە ژوورە با سەفاکەی و یا لە ژوورەکەی شوێنی مانەوەم و یا لە حەساری قەڵا بە قەدەم لێدان تەرخان دەکرد و لە قسە و لە گێرانەوەی بەسەرهاتی ژیانی هەم ئەزموونم وەردەگرت و هەمیش زۆرجار تووشی خەمێکی قوڵ دەبووم کە بۆچی کاک فەتاح لە دوایین ساڵەکانی تەمەنیشی دا هەروا بە تەنیایە.
لەو نێوەدا کەسێک کە هەموو کات لە تەنیشت کاک فەتاح بوو کاک قاسم سوڵتانی بوو، کە بە ڕاستی جێگای هەموو لایەکی بۆ کاک فەتاح پڕ کرد بۆوە، وەک کەسێکی بە ئەمەگ لێرەوە سەری ڕێز بۆ کاک قاسم دادەنوێنم و سەرەخۆشی لە کاک قاسم وەک تاقە کەسێک کە ژیانی خۆی بۆ خزمەتی حیزبەکەی و کاک فەتاح تەرخان کردووە دادەنوێنم و لە ئامیزی برایانە و پێشمەرگانەی دەگرم.
لە کۆتایی دا سەرەخۆشی لە حیزبی دێموکراتی کوردستان بە گشتی و ئەندامانی بنەماڵەکەی و خاتوو سەرگوڵ کاویان و بە تایبەت کاک قاسم سوڵتانی دەکەم کە لە هەموو ماوەی ژیانی شۆڕشگێری دا لە تەنیشت کاک فەتاح ژیا و هەموو داواکاری و پێوسیتی‌یەکانی ڕۆژانەی وەک دڵسۆزێک بۆ ڕادەپەراندن و کەل و پەلی پێوسیتی بۆ دابین دەکردن.
رووحت شاد مامۆستا و خۆشەویستی هەموومان کاک فەتاح کاویان.
حەمەرەسووڵ کەریمی