پەیامی نەورۆزیی کاک مستەفا مەولوودی، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان

هاونیشتمانە بەڕیزەکان
کۆمەڵانی خەلکی کوردستان،
کادر و ئەندام و پێشمەرگە قارەمانەکانی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان
ئەوا جارێکی دیکەش جێژنی نەتەوایەتیی نەورۆز، جێژنی هاتنی بەهار، تازەبوونەوەی ساڵ و بووژانەوەی سروشت، جێژنی گەشانەوەی هیوا بەژیان و زیندوو بوونەوەی هێز و ورە بۆ دەستەبەرکردنی ئاواتەکان و ژیانێکی باشتر و شیاوتر، هاتەوە.
بەم بۆنەیەوە، لە لایەن دەفتەری سیاسیی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستانەوە، پڕ بە دڵ پیرۆزباییتان لێ‌دەکەم و ئاواتم ئەوەیە ساڵی تازەی هەتاوی بۆ ئێوە پڕ لە سەرکەوتن و شادی بێ. هەروەها هیوادارم بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی نەتەوەی ئێمە بە گشتی و خەباتی خەڵکی ئێمە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بۆ گەیشتن بە ئازادی و ئامانجە ڕەوا نەتەوایەتییەکان، بە ئاکام بگا و چیدی خەڵکی ئێمە لە ژێر ستەم و ژێردەستی دا نەمێنێتەوە.
نەورۆز هەر وەک سروشت تازە دەکاتەوە، گیان و ورەیەکی تازەش وەبەر خەباتکارانی ڕێگای ئازادی دەنێ. لە کۆنەوە نەورۆز بۆ کوردان ڕەمزی خەبات و فیداکاری بە دژی سیستیمی زوڵم و ستەم بووە. ئێمە لە ساڵی نوێ دا لێبڕاوانەتر و دڵگرمتر لە پێشوو، خەباتی خۆمان لە پێناوی دابینکردنی مافەکانمان دا، بە دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران درێژە دەدەین. ڕێکخراوەکانی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان لە نێوخۆ و دەرەوەی وڵات، دڵنیاتان دەکەنەوە، کە بە ئامادەیی تەواوەوە ڕووبەڕووی ئەو بارودۆخە سیاسییە دەبنەوە، کە ئێستا لە وڵاتی ئێمە دا لە گۆڕێ دایە و لە هەر ئاڵوگۆڕ و قۆناخێکیش بۆ گەشەپێدان و بەرەوپێشبردنی ئامانجەکانمان کەلک وەردەگرن. لەو پێناوە دا خەباتی کۆمەڵانی خەڵک یان تێکۆشانی مەدەنی، کە لەو دا خەڵکی ئێمە بتوانن هەر چەشنە دەرفەتێک بە قازانجی باشترکردنی دۆخی ژیانی خۆیان بقوازنەوە و ویست و داخوازە مەدەنی و کۆمەڵایەتییەکانی خۆیان لە بەرامبەر سیستیمی دەسەڵاتدار دا بەرز بکەنەوە، بە شێوەیەکی گرینگی خەبات و ڕێگایەکی باش بۆ کردنەوەی بەشێک لە ئاستەنگەکان بەرەو سەرکەوتن دەزانین. هەر لەو کاتەش دا پێشمەرگەکانی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان، زیاتر لە هەمیشە ئامادەیی ئەوەیان هەیە کە لە هەر شوێنێکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەرگری لە هاونیشتمانانیان بکەن و هەر کاتێک بەرژەوەندیی وڵات و خەڵکی ئێمە بخوازێ، چەکدارانە بەرەوڕووی دوژمن ببنەوە، ئەرکی پێشمەرگایەتیی خۆیان بەجێ‌بگەیەنن و نیشتمانی خۆیان بپارێزن.
لەو بەینە دا، نابێ ئەوەمان لە بەرچاو ون بێ کە هاوکاری و یەکیەتیی کردەوەی هەموو ڕێکخراوەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان مەرجی سەرەکیی دەرکەوتنی ئاسۆیەکی تەواو ڕوون بۆ خەباتی ئەو بەشەی کوردستانە و یەکیەتی و هاوهەنگاویی هەموو هێزەکان، هەم گوڕوتینێکی تەواوتر بە بزووتنەوەکەمان دەبەخشێ و هەم خەڵکەکەشمان یەکگرتووتر دەکا و بەرەو خەباتێکی شێلگیر و یەکلاکەرەوە دەیان‌بزوێنێ.
هەر لەو پێوەندییە دا پێمان‌خۆشە جارێکی دیکەش ئاماژە بکەین کە درێژەدان بە دابڕان و دوولەتی دە حیزبی دێمۆکڕات دا، نە لە بەرژەوەندیی بزووتنەوەی کورد بە گشتی دایە و نە حدک و حدکاش سوودی لێ‌دەبینن. بە پێچەوانەوە وەسەریەککەوتنەوەی بنەماڵەی دێمۆکڕات دەبێتە هۆی ئەوەی گرفتێکی گەورەی سەر ڕێگای خەباتمان بڕەوێ و دێمۆکڕاتێکی بەهێزتر لە مەیدانی خەبات دا هەبێ. ئێمە وەک حیزبی دیمۆکڕاتی کوردستان هەر وەک پێشتریش ڕامان‌گەیاندوە ئامادەین ئەو مەسەلەیە بە وەبەرچاوگرتنی ڕێزدانان بۆ مافی یەکتر، مەنتیق و ڕاستییەکانی نێو بزووتنەوەی کوردستان، چارەسەر بکەین.
بزووتنەوەی کورد بە گشتی لە هەر چوار پارچەی کوردستان، سەرەڕای هەوراز و نشێو و ئەو بارودۆخە ئاڵۆزەی بە هۆی دسستتێوەردانی زلهێزەکان، وڵاتە دراوسێکان، شەڕی داعش و هتد، لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست دا، پێک‌هاتوە، ئێستاش بە قۆناخێکی هیوابەخش دا تێ‌دەپەڕێ. هەرێمی کوردستان “باشوور” ، کە تەنیا بەشێکی کوردستانە کە حکوومەتێکی فیدراڵیی تێ‌دا پێک‌هاتوە و جێگای هیوای هەموو کوردانە، بە داخەوە لەم چەند ساڵەی دوایی دا تووشی ناکۆکی و ناسازی لە نێوان حیزب و ڕێکخراوەکانی دا بووە، ئەوەش لە کاتێک دا، کە بێجگە لە شەڕی داعیش، کە زیانی گیانی و ماڵیی یەکجار زۆری لێ‌کەوتۆتەوە، قەیرانی ئابوورییش کەندوکۆسپی زۆری بۆ ئەو هەرێمە دروست کردوە، بەڵام بەو حاڵەش دەردەکەوێ هەرێمی کوردستان ئایندەیەکی سیاسیی ڕوونی لە پێشە و ڕەوتە دیپلۆماسی و پێوەندە نێودەوڵەتی و سیاسییەکان، نیشاندەری ئەوەن کە گەیشتنی کورد لەو پارچەیە، بە لووتکەی داخوازی خۆی، واتە سەربەخۆیی، لە دادێیەکی نەک زۆر دوور دا، دوورەدەست نیە.
لە باکوری کوردستان”کوردستانی تورکیە” ، لە گەڵ ئەوەی کە پڕۆسەی ئاشتی لە ژێر شوێنەواری ئاڵۆزی و کێبەركی نێوخۆیی و دەرەکییەکان دا لەبارچووە، جموجۆڵ و هەوڵەکان هەر وا گەرمن و مەسەلەی کورد هەر وا سەرباسی ڕۆژەڤی سیاسییە و ڕەوتی گەشەکردنی خۆی دەپێوێ.
لە رۆژاوا “کوردستانی سووریە”، کە تا پێش ئاڵوگۆڕەکانی نێو سووریە، خەڵکی ئەو بەشەی کوردستان مافی هاونیشتمانەتیشیان پێ ڕەوا نەدەبینرا، ئێستا کورد گەیشتۆتە جێگایەک کە کەوتۆتە بەر سەرنجی زلهێزەکان و لە هاوسەنگییەکان دا شوێنی دیارە. ئەو دەرفەتە نوێیانەی بە دوای ئاڵوگۆڕەکانی سووریە دا ڕەخساون، بەرهەمی گرینگ و مێژوویییان بۆ کوردی ئەو بەشە پێوە دیارە، کە هیوادارین بتوانن بە وریایی و هاودەنگی لە پێناو گەیشتن بە مافی ڕەوای نەتەوایەتیی خۆیان دا کەلکی لێ‌وەرگرن.
هاونیشتمانە بەڕێزەکان
ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست کە کوردستانی تێ‌دا هەڵکەوتوە، بە خێرایی گۆرانی بە سەر دادێ و حیزبی ئێمەش هەوڵ دەدا لە هەر ئاڵوگۆرێک کە لە وڵات و ناوچەکەمان دا ڕوو بدا، بە قازانجی ئامانجی ڕەوامان کەلک وەرگرێ. دیارە لە هەر بارودۆخێک و هەر بەراوەرد و هاوسەنگییەک دا، نەتەوەی ئێمە پشت بە هێزی خۆی و بایەخە مێژویی و نەتەوایەتییەکانی خۆی دەبەستێ، هەر وەک ئەسڵی سەربەخۆیی سیاسی بناخەیەکی جێگیر و نەگۆڕی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستانە.
جارێکی دیکەش نەورۆزتان پیرۆز بێ و ساڵی نوێ، ساڵی سەرکەوتن و بەختیاریمان بێ.
مستەفا مەولوودی
سکرتێری گشتیی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان
نەورۆزی ١٣٩٦ی هەتاوی