کۆچی دوایی مامۆستای دێرینی قوتابخانەکانی شاری سەردەشت میرزا عەبدوڵڵا حەکیم‌زادە

بە پێی هەواڵی گەیشتوو ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ١٠ ـ ٠٤ ـ ٢٠١٧ یەکێک لە مامۆستا سەرکەوتووەکانی شاری سەردەشت بەرێز کاک میرزا عەبدوڵلا حەکیم‌زادە بە هۆی نەخۆشی کۆچی دوایی کرد.

کاک عەبدوڵڵا حەکیم زادە مەشهور بە میرزا عەبدوڵڵا لە دایک بووی ساڵی 1315ی هەتاوی لە شاری سەردەشتە. پیشەی مامۆستایی وانەبێژی قووتابخانەکانی گوند و دوایی شاری سەردەشتی هەڵبژاردووە. عەبدوڵڵا کەسایەتی‌یەکی دیار و خۆشناوی شاری سەردەشت بوو و مرۆڤێکی رووناکبیر و مامۆستایەکی بەڕێزی قوتابخانەکانی شاری سەردەشت بوو. لە پێگەیاندن و فێرکردن دا کەسێکی شارەزا و لێزان بوو، هەگبەی پڕ لە وشەی ڕەنگین و پڕ لە خۆشەویستی بوو، کەسێکی شارەزا بە سەر مێژووی گەلەکەی دا بوو، لە ئاست سرووشت و جوانی و ژینگە دا خۆی بە بەرپرسیار دەزانی و هەمیشە کەسێکی پاک و بێگەرد و سادە و ساکار دەر دەکەوت، بە هۆی خاکەڕایی و تێکەڵ بوون لەگەڵ کۆمەڵگا و دانیشتووانی دەڤەری سەردەشت ببوو بە خۆشەویست و جێگای متمانەی هەموو لایەک و خۆ ئەگەر کەسێک و یا کەسانێک لە نزیکەوە نەی ناسیبا ، بێ‌شک نەیان دەزانی کە کاک میرزا عەبدوڵلا خوێندنی باڵای تەواو کردووە و سەردەمانێک یەکێک لە مامۆستایانی نموونەی قوتابخانەکانی شاری سەردەشت بووە.
b_300_220_16777215_00_images_HAWAL_abdolla_hakimzadeh.jpgمیرزا عەبدوڵلا یەکێک بووە لە هاوکارانی تێکۆشەرانی ساڵی ٤٧ی هەتاوی و بە هۆی یارمەتی‌دان بە شەهید مەلا ئەحمەد هەمەوەندی ، شەهید مەلا ئاوارە، بۆ ماوەیەک دەکەوێتە زیندان و، بۆ ماوەی دووساڵیش کاری مامۆستای لێ دەستێننەوە.
مێرزا عەبدوڵڵا کە لەساڵی ١٣٣٦هەتاوی تا ساڵی ١٣٦٧ی هەتاوی لە قوتابخانەکانی ناوچەی سەردەشت خزمەتی کردو، لە ساڵی٦٧ی هەتاوی خانەنشین کرا.
کاک عەبدوڵلای نەمر مرۆڤێکی دەم بە خەندە و هاوکاتیش بێ ئیدیعا بوو، ژیانی لێوڕێژ لە وەفاداری بە نیشتمان و گەلەکەی بوو، یاری هەمیشەیی نەمر کاک حەمەڕەسووڵ حەسەن‌پوور بوو، لە زۆر بواردا بە یەکەوە لە قوتابخانەکانی ساری سەردەشت دا بۆ پێگەیاندنی لاوان هاوکاری یەکتریان کردووە و بە هۆی خزمایەتی و نزیک بوونیانەوە کارەکانیان زۆر لێک نزیک بوون و لە کارەکانی خۆیان دا سەرکەوتوو بوون و بە سەدان کەس لە کوڕ و کچان و لاوانی شاری سەردەشت و گوندەکانی دەوروبەری سەردەشت لە سەر دەستی کاک عەبدوڵلا حەکیم‌زادە و نەمر کاک حەمەرەسووڵ حەسەن‌پوور قۆناخەکانی خوێندنیان تێپەر کرد، هەر بۆیە مێژووی فەرهەنگی شاری سەردەشت بە ڕێزەوە کاری فەرهەنگی ئەو بەرێزانە لە مێژووی خۆیدا تۆمار دەکا.
بەداخەوە کاک عەبدوڵلا بە هۆی نەخۆشی بە جێی هێشتین و بە کۆست و کۆچەکەی هەموو لایەکی خەمبار و خەفەتبار کرد و بەم بۆنەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵەکانی حەکیم‌زادە، حەسەن‌پوور و حەدداد دەکەین.
ڕووحی شاد.