گیارەنگ و ١٥ ساڵ خزمەتی بێ‌وچان لە دونیای ڕۆژنامەگەری دا

بە بۆنەی داگیرسانی مۆمی ١٥ ساڵەی دەست پێکردنی کاری ماڵپەری گیارەنگ و کاری بەردەوام و نەپساوەی ڕۆژنامەگەری لە ڕێگای ئینترنێتەوە، پیرۆزبایی گەرمی خۆمان ئاراستەی هەموو ئەو بەرێزانە دەکەین کە بۆ وەرگرتنی زانیاری چرکەیان لە لاپەرەی ئینترنێتی گیارەنگ کردووە و هەر لەم ڕۆژەدا بە پێویستی دەزانین کە ڕێز لە کارو ماندوویی‌نەناسی ئەو بەریزانە بگرین کە بۆ دەوڵەمەندتر کردنی گیارەنگ بە ناردنی بابەت‌گەلی جۆراوجۆر لە گشت بوارەکاندا و لە هەموو قۆناخەکان دا هاوکار و یارمەتیدەری ماڵپەری گیارەنگ بوون.
پێش دەست بەکار بوون و تاقیکاری یەکەم ڕۆژی وەشانی گیارەنگ لە ئینترنێتدا دا چاومان لە مێژووی ڕۆژنامەگەری کوردی بوو، هەر بۆیە دوای چەند ڕۆژ تاقیکاری ماڵپەرەکەمان لە ڕۆژی ٢٢ ـ ٠٤ ـ ٢٠٠٣ دا و بە لەبەر چاوگرتنی ئەم ڕۆژە ماڵپەری گیارەنگ وەشانی خۆی راستەوخۆ بە ئۆگرانی ڕۆژنامەگەری راگەیاند و لە ڕۆژی ٢٤ ـ ٠٤ ـ ٢٠٠٣ دا هاوکات لەگەڵ بوردومانی قەلادزێ کە لە ٢٤ ـ ٠٤ ـ ١٩٧٤ ی زائینی لە لایەن حکوومەتی بەعسەوە ڕوویدا بوو، کارەکانی خۆی بە تەواوی بڵاو کردنەوە، هەر بۆیە لە ڕێگای ئەم نووسینەوە چەپکە گوڵی ڕیز و خۆشەویستی لە بەرۆکی هەموو نووسەران و ئەدیبان و وەرگێر و شاعیران و چیرۆکنووسان و هەموو خوێنەرانی بەرێزی گیارەنگ دەدەین و هیوای بەردەوامیان لە کارەکانیان دا بۆ بە ئاوات دەخوازین.
دیارە هەم ڕۆژی ٢٢ ـ ٠٤ ـ ١٨٩٨ ی زائینی کە ڕۆژی ڕۆژنامەگەری کوردی‌یە و هەم ڕۆژی ٢٤ ـ ٠٤ ـ ١٩٧٤ی زائینی کە ڕۆژی بۆردوومانی شاری قەڵادزێی باشووری کوردستانە، هەر کامیان بە شێوەیەک مێژووی دیاری گەلەکەمانن و بۆیە گیارەنگ بە وردبینی و تێرامانەوە ئەم رۆژەی بۆ وەشانی خۆی دیاری کردووە.
لە لایەکی دیکەشەوە ئەگەر ڕۆژی ٢٢ ـ ٠٤ ـ ١٨٩٨ ی زائینی ڕۆژنامەگەری کوردی، وەک نوورێک لە تاریکستانی ئەو سەردەم دا درەوشایەوە، ئەوە ڕۆژی ٢٤ ـ ٠٤ ـ ١٩٧٤ ی قەڵادزێش بۆتە مەشخەڵی هەڵگیرسانی خەبات و شۆرش بۆ ڕزگاری کوردستان، هەر بۆیە بە چاوی ڕێزەوە دەروانینە ئەم دوو ڕۆژە پڕ لە مێژووەیەی گەلەکەمان.
لەم ڕۆژەدا سوپاسی هەموو ئەو بەرێزانە دەکەین کە لە ڕێگای نووسین و تەلەفوون و ئێمێلەوە، بۆچوون و تێ‌بینی و پێشنیار و ڕەخنەی خۆیان بۆ باشتر کردنی گیارەنگ بۆ ڕەوانە کردووین و لە سەر یەک هاوکارمان بوون بۆ بەردەوام بوونی زیاتری وەشانی ماڵپەرەکەمان.
سوپاسی گەرمی خۆمان ئاراستەی بەرێزان کاک مەریوان نستانی و کاک ئیبراهیم عەزیزی دەکەین کە وەک هەمیشە بە دڵ ئاواڵەیەوە کەم و کوڕی و گیروگرفتە تیکنیکی‌یەکانی ماڵپەری گیارەنگیان چارەسەر کردووە.
بەرێوەبەری گیارەنگ حەمەرەسووڵ کەریمی