ژینی سه‌گ و مه‌رگی گورگ. شێعری عه‌بدوڵڵا گولابی، ناسراو بە هونەر
گورگی ئازاده به شێوازی سه‌گان
دیاره قه‌ت نایه‌نه به‌ر ده‌رکی به‌گان
شه‌ودره‌نگانه گه‌لی سه‌گ ده‌وه‌ڕن
گورگی سه‌حرایی ده‌گه‌ڵ سه‌گ له‌شه‌ڕن
سه‌ربه‌زستانه ده‌لوورێنێ بااااااا
ڕووحی گورگانه وه‌دی‌دێنێ بااااااا
دنه‌دانی هه‌وه‌سی ده‌شت و ده‌ره
سووڕی سه‌رمایه هه‌وه‌س قه‌سته‌سه‌ره
با هه‌ڵیکرد و چرا کووژاوه
ئاگری چاوی گورگ گیرساوه
که‌وته چاڵاوی شه‌وی سێحراوی
نووری ئه‌ستێره له سیله‌ی چاوی
وێده‌چێ دواهه‌لی بۆ ڕه‌خسابێ
مه‌رگه‌ده‌م تاوی له چاوی دابێ
تۆفی تۆفانه هه‌وا ده‌شکێنێ
کفری شه‌و که‌فری چیا ده‌ردێنێ
ده‌رده‌ڕێگایه ته‌زووی پێدادێ
سه‌ری زۆر دووره‌ڕنووی پێ دادێ
گورگ و ده‌ر پێکه‌وه ژیاون به‌رزن
قه‌ت به زستان و ته‌زوو ناله‌رزن
پێ‌به‌پێی باوه گورگ غاری‌دا
ده‌شتی جێ هێشت و له ڕێی شاری دا
بیری کربۆوه له ساڵانی پێش
له ده‌می سه‌ردی هه‌واڵانی پێش
له ته‌ژی ده‌رد و ژیانی ده‌ره‌وه
له چه‌کی که‌چ‌ڕه‌و و ڕێی کۆچه‌ره‌وه
بۆ چی ڕۆڵه‌ی ده‌ر و کێو وا ده‌مرن
تا به که‌ی بۆسه له خێڵی ده‌گرن
تا به که‌ی ژینی به یه‌ک شێوه؛ به‌ڵام
به هه‌زار شێوه مه‌رگ بێ بۆ لام
دڵی پڕپڕ له گڕی هێز و بڕی
به ڕه‌مۆکی دڵی ده‌شتی ده‌بڕی
وا ده‌چوو ده‌شتی له به‌ر پێ ده‌خزی
ده‌ستی ئه‌ستێره بوو چاوی ده‌دزی
شه‌و که دوو به‌تڵی شکا بوو له قه‌رار
هاته به‌ر چاوی گورگ دیمه‌نی شار
گه‌ی به جێگایه به‌رز ڕاوه‌ستا
هه‌ندێ دانیشت و حه‌ساوه و هه‌ستا
سه‌یره ئه‌و سه‌یره هه‌بوو نه‌ی‌دیبوو
ئاسمانی به سه‌را باریبوو
گرشه‌گرشی ده‌چرا بوو ده‌ی‌دی
ئاسمانێکی چیا بوو ده‌ی‌دی
دیمه‌نێکی له خه‌وی ڕه‌نگاڕه‌نگ
شاری داگرتبوو خه‌وێکی بێ‌ده‌نگ
حاڵی ناموو بوو سه‌راسه‌ر گیانی
به کزی ده‌ور و به‌ری خۆی ڕوانی
پێی بزاوت و قه‌ده‌مێ چوو پێشێ
تۆ بڵه‌ی بێتوو که‌سێ بیکێشێ
که‌م‌که‌مه باری له‌شی لێ بوو سووک
وه‌ک ته‌واو بێ شه‌وی تاریک و تنووک
ورده ورده به سه‌ری په‌نجانی
ڕۆی به جۆرێ که زه‌وی نه‌ی‌زانی
کت‌وپڕ حورمه‌تی بێ‌ده‌نگی شکا
به حه‌په‌ی بۆره‌سه‌گی جه‌نگی شکا
حه‌به‌سا و په‌نجه و پێی لێ ون بوو
سه‌گ له سه‌رما پتریش دوژمن بوو
بۆنی گورگێکی گڕی برسی دڕ
لووتی هه‌ش‌نۆده سه‌گی کربوو پڕ
گورگه بۆ شاری مه‌ترسی زۆره
دوژمنی وه‌ک سه‌گی برسی زۆره
بێته نێو شاری زگی هه‌ڵده‌دڕن
گه‌ر نه‌یه باشه له دوور پێی ده‌وه‌ڕن
گورگه هه‌ستی به دنه‌ی ژینی کرد
به سه‌ری مه‌رگه‌وه ڕوانینی کرد
دوور له یارانی به ته‌نیا مابوو
ڕووحی ژینێکی له ته‌نی‌یا مابوو
ته‌مه‌نێکی که‌می بۆ مابۆوه
ژینی به‌ردینی ده‌دی؛ توابۆوه!
خۆی به خۆی وت ئه‌وه دوایین ڕاوه
پشته‌وه‌م مه‌رگه له پێشم داوه
گورگم و خوومه به‌ره‌و پێشه‌وه چوون
له دڵی ده‌رده‌وه تا ئێشه‌وه چوون
عاده‌تم خواردنی خوێنی جه‌رگه
تۆبه له‌و ژینه به ته‌نیا مه‌رگه
شاری ڕه‌نگی نیه‌تی یه‌کره‌نگی
ده‌نگی سه‌گ زاڵه له سه‌ر بێ‌ده‌نگی
باشه خۆ به‌و شه‌ڕه داده‌م لاده‌م
که‌وته قۆپی شه‌ڕ و خۆی پێ‌داده‌م
سه‌گی خوێڕی که غه‌یانی‌کارن
دوژمنی ده‌شتن و دۆستی شارن
با بزانن ڕه‌گه‌زی سه‌حرایی
نافرۆشن نه‌به‌زی و ئازایی
چه‌شنی تۆفانی شه‌وی زستانی
سینه لێوڕێژی دڵی تۆفانی
گه‌وره‌یی ده‌شتی له سه‌ر پشتی بوو
قه‌وه‌تی کێوی له نێو مشتی بوو
نه‌یده‌دی هیچ و نه هیچیشی ده‌بیست
مه‌رگ و ژین هه‌رچییه،کامیانی ده‌ویست؟!
چه‌ق و لووری ده‌سه‌گی پڕئازار
خه‌به‌ری دا به هه‌موو خه‌ڵکی شار
شاره‌داریش به ده‌می خه‌و هه‌ستا
هاته به‌ر په‌نجه‌ره‌که‌ی ڕاوه‌ستا
سه‌گی زۆر دڕدڕ و باش‌باشی دی
گورگی خوێناوی به ته‌نیاشی دی
په‌رده‌که‌ی گرت و بڕێکی لادا
پێکه‌نی و باقه‌سمێڵی بادا
چوو له سه‌ر تاقه تفه‌نگی هێنا
تا پڕی کرد و فشه‌نگی تێنا…..
گورگه دوایین بڕه‌که‌ی تێده‌په‌ڕی
خوێنی تێ‌زابوو نیگاهی له شه‌ڕی
پڕی چاوی قسه بوو؛ ئاوا بوو
تاوی ژینی له نیگا ئاوابوو
عه‌بدوڵڵا گولابی- هونه‌ر-
مهاباد-١٣٨٢