کوڕە خوێن شیرین و لەبەر دڵانەکەی سەردەشت کاک جەعفەر نەباتی کۆچی دوایی کرد.

لە وەرزی بەهار و ژیانەوەدا ، لە وەرزی گوڵ و پەپولە دا، لە وەرزی سەوزی و جوانی‌یەکان دا، گوڵێکی بە بۆن و بەرامی نێو باخچەی ژیان بە بای نامرادی پەڕپەڕ بوو. ئەمرۆ یەک شەممە ڕێکەوتی ٠٧ ـ ٠٥ ـ ٢٠١٧ کاک جەعفەر نەباتی لە تەمەنی ٦٣ ساڵی دا دوای ماوەیەک بەربەرەکانی لەگەڵ نەخۆشی شێرپەنجە لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری تۆرکۆ لە وڵاتی فینلاند کۆچی دوایی کرد.
کاک جەعفەر ساڵی ١٣٣٣ ی هەتاوی لە بنەماڵەیەکی خۆشەویست و کوردپەروەری شاری سەردەشت لە دایکبووە و وەک زۆربەی منداڵانی هاوتەمەنی خۆی لە لایەن بنەماڵەکەیانەوە وەبەر خوێندن نراوە و دواتر بە هیممەتی خۆی توانیویەتی پلەکانی خوێندن تا دیپلۆم بە سەرکەوتوویی ببرێ و بەرەو قۆناخەکانی دیکەی ژیانی هەنگاو هەڵبێنێتەوە.
کاک جەعفەر مرۆڤێکی خۆشەویست و لەبەردڵان، کەسێکی شەرم بەخۆ و تێگەیشتوو، دڵپاک و بێ ئیدیعا، مشوورخۆر و ڕاستگۆ و هاوکات مرۆڤێکی دڵسۆز بە گەل و نیشتمانەکەی بوو، لە دۆستایەتی و هاورێیەتی دا مرۆڤێکی تەژی لە مێهرەبانی و پڕاوپڕ لە هەست و سۆز و خۆشەویستی بوو. کاک جەعفەر تا بڵێی جێی باوەر و متمانەی هەموو دۆست و ئاشنایانی بوو و ئەوانەی لە نزیکەوە لەگەڵ کاک جەعفەر پەیوەندیان هەبوو هەموویان دەزانن کە چەندە مرۆڤێکی مەند و شەرم بەخۆ و هێدی و لە سەرەخۆ بوو، کاک جەعفەر خۆشەویستی هەموو لایەک بوو، دۆستان و ئاشنایان بە چاوی ڕیزەوە مامەلەیان لەگەڵ کاک جەعفەر دەکرد و هاوکاتیش کاک جەعفەر بە چاوی ڕێزەوە دەیروانییە هەموو لایەک.
b_300_220_16777215_00_images_KOMALAYATI_jehfer_nebati2.jpgکاک جەعفەر ساڵی ١٣٦٣ ی هەتاوی دوای ئەوە کە کۆماری ئیسلامی فشاری زیاتری خستە سەر چالاکانی سیاسی نێوخۆی وڵات ڕێگای باشووری کوردستانی گرتەبەر و دوای ماوەیەک بە نیازی دەربازبوون بۆ ولاتێکی ئارام خۆی گەیاندە ئۆردووگای روومادیە و وێرای هەزاران کەس لە پەنابەرانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان چاوەرێی دەرباز بوون بۆ وڵاتی سێهەمی دەکرد، لە ماوەی مانەوەی دا لە ئۆردوگای رومادیە بە دڵەوە وەک مامۆستایەک وانەی بە قوتابیان دەگووتەوە و بەشێکی بەرچاو لە منداڵانی ئۆردوگای روومادیە لە ژێر هێژموونی مامۆستا جەعفەر دا فێری ئەلف و بێ کوردی و نووسین و خوێندنەوە بوون. لە بەهاری ساڵی ١٣٧٠ ی هەتاوی دا کاتێک لە باشووری کوردستان راپەرین دەستی پێکرد کاک جەعفەر لە روومادیە را بە تامەزرۆیەوە گەرایەوە شاری رانیە و لەوێ درێژەی بە ژیانی خۆیدا و دواتر ڕێگای هەندەرانی گرتەبەر و دوای ماوەیەک چاوەروانی لە تورکیە و لە ڕێگای یوئێنەوە ساڵی ١٣٧٣ ی هەتاوی گەیشتە فینلاند و لەوێ دەستی بە ژیانی ئاسایی و تاراوگەیی خۆی کرد.
b_300_220_16777215_00_images_KOMALAYATI_jehfer_nebati3.jpgلە ماوەی ژیانی خۆی دا چ ئەو کاتەی لە زێدی لە دایکبوونی دەژیا و چ دواتر کە لە تاراوگە و لە فینلاند دەژیا کەسێکی بێ ئازار، مرۆڤێکی بە هەڵوێست و کەسێکی دیاری نێو کۆمەڵگاکە بووە و لە کاری بە کۆمەڵ و بە یەکەوە بوون دا بێ دوو دڵی کارەکانی رادەپەراندن. کاک جەعفەر کەسێکی میواندۆست و خەمخۆر بوو، لە خۆشی و ناخۆشی‌یەکانی گشت لایەک دا بەشداری دەکرد و هەمیشە هەوڵی دەدا کە کێشە و گرفتە کۆمەڵایەتی‌یەکانی دەوروبەری خۆی بە لێزانی و مەندی و لەسەرخۆێی چارەسەر بکا.
لە هەموو دیدارەکانی نێوانمان دا تەنیا باسی لە خۆشەویستی گەل و نیشتمان دەکرد و بە تاسەوە باسی ئازادی گەلەکەی دەکرد و هەمیشە بە چاوی ئۆمێدەوە دەیروانییە شۆڕش و شۆڕشگێران و ڕێزی لە خەبات و تێکۆشانی هەموو ئەو کەسانە دەگرت کە وەک مرۆڤی سیاسی و دژبەری کۆماری ئیسلامی خەباتیان بۆ ڕزگاری گەلەکەیان دەکرد و بە حەسرەتەوە گوێی لە دەرد و ئازارەکانی زیندانیانی سیاسی، زامدارانی شیمیایی سەردەشت و هەڵەبجە و بیرەوری‌یەکانی ڕۆژانی سەختی خەباتی پێشمەرگایەتی دەگرت و جارجاریش بە پرسیارێک باسەکانی گەرمتر دەکرد و خەمی لە ئازارەکانی گەلەکەی دەخوارد.
b_300_220_16777215_00_images_KOMALAYATI_jehfer_nebati4.jpgکاک جەعفەر ئەوەندەی ژیا زۆر سەربەرزانە ژیانی تێپەر کرد و هیچ کات خۆی بە سەر هیچ کەس دا فەرز نەکرد و یارو یاوەری هەژار و نەدار و دۆست و ئاشنایانی بوو. مەرگی نابەوەخت و کۆچ و ماڵئاوایی کاک جەعفەر هەموو لایەک و بە تایبەت ئەوانەی لە نزیکەوە ساڵانێکی زۆرە دەیناسن خەفەتبار کرد و بە گشتی خەمی گەورەی خستە دڵی ئەندامانی بنەماڵەکەی خوشک و برا و هاوسەر و نزیکانی خۆی و لەوانیش زیاتر دۆست و ئاشنایانی دوور و نزیکی وەک خزمە نزیکەکانی خەفەتبار کرد.
هاورێ و برای ئازیزم کاک جەعفەر ئۆغرت خێر بێ و یاد و ناوت لە دڵمان دا بۆ هەمیشە بە زیندوویی دەمێنێتەوە، کاتێک بیستم کە لە بەشێک لە وەسییەت و قسەکانت دا ئارەزووت کردووە کە دوای مردنت ، ئاڵای کوردستان لە دەوری تابووت و تەرمت بپێچن و لە ژێر سێبەری ئالای کوردستان دا بە خاکت بسپێرن، بە دڵ ئارەزووەکەتم پێ گەورەترین ئارەزوو بوو، هەر بۆیە دەڵێم: هاورێم جەعفەر گیان! خۆ ئەگەر وەسیەتیشت نەکردبایە ئەوە هاورێ و هاوسێ و دۆست و ئەندامانی بنەماڵەکەت هەر لە ژێر سێبەری ئاڵای کوردستان بەرەو دوا مەنزڵگەی خۆتیان دەبردی، چوونکە لە ماوەی ٣٣ ساڵ دووری لە زێدەکەت دا دووری ئازیزان و خۆشەویستانت لەبەر گەورەیی کوردستان و ئازادی کوردستان تەحەموول کرد و بە پشوو درێژەی‌یەوە کۆچی ئازیزانت تەحەموول کرد. ئەمرۆش بە هۆی باری سیاسی تۆی خۆشەویست نەمان توانی لە زێدی لە دایکبوونی خۆت لە تەنیشت گۆری دایکت بە خاکت بسپێرین، هیوادارم کە ڕووحی پەپولەئاست لە تەنیشیت کۆچکردوانی دیکەت ئۆقر بگرێ و ئەگەر لەم دونیایە لە تەنیشت یەک نەبوون ئەوە ئەمجار ڕووحتان لە تەنیشت یەک بێ.
لە ڕێگای ئەم کورتە نووسینەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵەی گەورەی نەباتی لە خوشک و براکانی و بە تایبەت دادە زیبا و کاک عەلی و کاک هیوا و کاک سولێمان و لە هاوسەری بەوەفا و مێهرەبانی لە منداڵە چاوگەشەکانی و بە گشتی لە هەموو دۆست و ئاشنایانی لە نێوخۆی وڵات و لە دەرەوەی وڵات دەکەم و خۆم بە شەریکی خەمی لە دەستدانی کاک جەعفەر دەزانم و رووحی شاد و جێگای بەهەشتی بەرین بێ.
حەمەرەسووڵ کەریمی