فێر نەبین بە درۆ دڵخۆش بین. ئازاد مستۆفی
لەبیرمە هەواڵەکانی هێرشی داعش بۆ مەخموور و باسی ڕیفراندۆم بوو کە من ڕووماڵم دەکرد هاوڕێیەکی ڕۆژهەڵاتیمکە خۆی ئیش لەگەڵ دامودەزگەی پارتی دیموکرات دەکا بەڵام وەکو عەیبەیەک بە منی وت “ئەڵێن لە پارتی نزیک بوویتەوە” منیش پێم وت “کاری من ڕووماڵکردنی هەواڵەکانە و بەس هەرکەسیش دەوڵەتی کورد وەدی بێنێ بۆم گرنگە و خۆیشت دەزانی مەعاشخۆری هیچ حزب و میدیایەکی حزبیش نیم”. لە ڕووماڵکردنی هەواڵەکانی هەڵبژاردنی سەرکۆماری ئێرانیش چوار حزب لە ئاستی سەرکردایەتیدا هاتنە سەرخەت و بە زمانی زبریان لوتفیان نواند و خەڵکیشیان لێ هاندام کە گوایە من بانگەشەی هەڵبژاردنی ئێران ئەکەم ئیتر وایە زۆر جار خەڵکێک بێئەوەی بمناسێت چاوی بەستووە و دەمی بۆ سووکایەتیم کردووەتەوە.
باشە ئەوکاتەی من لە تارانەوە بەشداریی خۆپیشاندانەکانم دەکرد و لەگەڵ میدیای فارسی و دەرەوەی ئێران بەردەوام وەکو هەواڵنێرێک ئیشم دەکرد ئێوە کە هەر ئاگەتان لە دۆخی نێوخۆ و کاری پرۆفێشناڵی میدیایی نەبوو، بۆ قارەمانی ئێوە بووم و وەسفتان دەکردم؟ دیارە دوایی تاوانی ئەو وەسفەی ئێوەشم دایەوە… ئەی ئەوکاتەی لە هەولێر بووم و دژی گەندەڵی حزبەکانی دەسەڵاتدار دەمنووسی و پاڵپشتیم لە مافی پەنابەریی و سەرکردەکانی ڕۆژهەڵات لە میدیاکانی ئەوێ دەکرد و دیارە تاوانەکەیشیم دا. ڕاستی وتاری “گەندەڵەکان بۆ ئاژاوەگێڕەکان ئازاد ناکەن” کە یەک سایتیشتان نەیدەوێرا بڵاوی بکەنەوە لەیادتانە؟ بۆ من پارتی یان گۆڕان بووم؟ ئێوە لە ژیانی من چی ئەزانن کە زۆر بەئاسانی تۆمەتی نەشیاو دەدەنە پاڵم، خۆ هەتا شۆرەتی خۆم لەم ئاخرانەدا نەنووسیبوو ناوی منیشتان نەدەزانی. من ئەگەر بمەوێ لەسەر حزبەکان و سەرکردەکانیان بنووسم بەدڵی خۆم شتم پێیە بەڵام ئەخلاقی ئینسانی و ئینتیمای نەتەوەییم پێم دەڵێت وەکو ئێوە نەبم. نە ڕۆژهەڵات ئازاد بووە و نە منیش خاوەنی گۆڤاری لڤینم. پرسیارێک ئەگەر ئێوەی بەناو ئۆپۆزسیۆنی دژی داگیرکەر کە ئەمڕۆ لەسەر خاکی خۆتان نین بەمجۆرە هەڵسوکەوت بکەن لەگەڵ ڕەوتی ئاسایی زانیاریی، هەروەها بە کەسێک وا دەزانن لە خۆتانە وەها تۆمەت و قسەی ناشرین بخەنە پاڵی سبەی کە گەیشتنە دەسەڵات چی دەکەن؟
پێویستە حزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە هەموویان لە قەیراندان، بەخۆداچوونەوەیەکی بنەڕەتی لە بەرنامە و پێڕەوە بگرە هەتا وتار و کرداریان بکەن. ئێوە کولتووری سیاسی خەڵکی خۆتان ناناسن یاخود بەهەڵە و ناشارەزایانە لێتان بووەتە کوردە نامووسی و لەم چاڵ بۆ ئەو چاڵ، قووڵتر تێدەکەون.
ئێوە حەزتان لە ڕۆژنامەنووسێکە هەواڵی درۆتان بۆ بنێرێت، حەزتان لە شڕۆڤەکارێکە درۆتان بۆ بکات و وەسفی شکستەکانتان بە سەرکەوتن خەیاڵ پڵاو بکات. بە ڕەحمەت بێت کاک سەید سەلام عەزیزی هەمیشە بە منی دەفەرموو “ئەوە بڵێ کە ڕاستە نەک ئەوەی کە ئێمە پێمان خۆشە بیبیستین” بەداخەوە پاش فەوتی وادیارە زۆر بەهای مرۆیی و شۆڕشگێڕیش لەگەڵیدا لە خەباتی ئەو پارچەی کوردستان چووەتە ژێرگڵەوە.
خەڵکی ڕۆژهەڵات لە نێوماڵ و ژیان و کەسابەت و خۆشگوزەرانی خۆیدا دانیشتووە و گلەیی دەکەن “بۆ کوڕەکان شەڕ ناکەن یەعنی ئەم حزبانە نازانن ئێران بەس بە شەڕی چەکداری دەڕوات” خۆیشیان ئامادە نین لە هیچ بوارێکەوە یارمەتیدەر بن و کە پێشمەرگەش دەڕواتەوە لە هەزار کونج دەخزن. مەڕواننە هەندێ گوند و شارۆچکە کە هەتاهەتایە قەرزاری کوردایەتیی ئەو ناوچانەین. باسی من شارەکانە. ڕاستی لە شارە گەورەکانی کوردستان چەند هەزار، نا چەند سەد پێشمەرگەتان هەیە؟ من لە دوا ڕاپۆرتم سەردانی سکرتێری هەر پێنج حزبەکەم کرد و ئەژمارەکەشیانم دیت و تخوا درۆم بۆ هەڵمەڕێژن. حەتمەن دەڵێن نا ڕێکخستنمان زۆرن. کامە ڕێکخستن با ئەمساڵ لە بۆنەیەکدا وەکو سەردەمی شەهیدبوونی شوانە سەید قادر، ١٧ شاری کوردستان مان بگرن. ئەی کوا دیپلۆماسییەکەی دەرەوەی وڵاتتان؟ سێناتۆر مەککین لە ئەمریکاوە بۆ سەردانی خاتوو مریەم رەجەوی دەڕوات بۆ ئاڵبانیا و گوڵی پێشکەش دەکات و دەڵێ ئێوە ئەڵتەرناتیڤن. ئەو گشتە سەفەری ئەمریکاتان کردووە دەزانن نووسینگەی مەککین لەکوێیە؟ کارم بە گرووپەکەی یەزدانپەنا نییە کە ئەو تەکلیفی خۆی ڕوونکردووەتەوە و بووەتە پەلێکی هێزی زێرەڤانی بەڵام کۆمەڵە و دیموکرات خاوەن مێژوون، کۆڵەکەی خەباتی ڕۆژهەڵاتن ئومێدوارم لە مێژوودا ون نەبن و نەبنە بیرەوەری.
شەش حزبەکە لە باسی هەڵبژاردندا ئێستە کە لەگەڵیان قسە بکەی هەزار و یەک شێر و ڕێوی دێننەوە کە پاساوی بەشداریکردنی خەڵک بکەن بەڵام پرسیاری سەرەکی فەرامۆش دەکەن: ئایا خەڵک بەشداریی کرد یان نا؟ بەڵێ خەڵک بەشداریی کرد چونکە “الناس علی دین ملوکهم” دەی فەرموون ئێوەش پلانێکی وەها پراگماتیکی دابڕێژن کە ئەو خەڵکە دووبەیانی بێن هەمان سەفی درێژی دەنگدان بۆ ئێوە بوەستن و دەنگتان پێ بدەن. بەڵام دۆستان لە نووسین و قسەی من تێبگەن من وتم پلان نەک پیلان. ئێوەش لێم نەبنە سەرکردە کوردینەزانەکانی باشوور هەر لە کابرام دەپرسی پلانتان چییە دەیوت پیلانی ئێمە بۆ شەڕ دژی داعش ئەوەیە ههههه… ڕەنگە ئەویش ڕاستی وتبێ من تێناگەم چونکە هەرچی دەڕوانمە مێژوومان پیلانە بەدژی یەکتر ئای چەند ئازان بۆ سووکایەتی و سەرکردە شوبهاندن بە “ئەندامی شووڕای نگەهبان” و “قسەی هەلەقوومەلەق” کردن. هەتا دوێنێ چەقۆکێشی و ئێستە کە چەک کراون جنێوفرۆشی.. ئەرێ ئەم حزبی دایکە ئەم ڕۆڵە نەفرەتاوییانەی لە کام باوک بووە؟ منیش ئەتوانم قسەی ناشرین و جنێو بدەم وانییە بەڵام باوەڕتان بێت هەر خۆمانی پێ سووک دەبین. کورد لە ئێران بەهەموو شێوەیەک بەرامبەر نەتەوەکانیتر هیچی پێ ناکرێ. نە خاوەن دەسەڵاتین، نە خاوەن ڕێژەی بەرچاوین، ڕۆشنبیرمان گەورەترین شانازییەکەی خوێندنەوە یان تەرجومەکردنی کتێبەکانی چاپی تارانە، دەی خۆ ڕۆژانە لەبەر گەورەییمان لە یەک حزبدا جێمان نابێتەوە، یان دیکتاتۆر دروست دەکەین یان پاڵ بە نەتەوەکانیترەوە دەدەین و شوناسی خۆمان لەبیر دەچێتەوە. تاکە ڕێگەمان یەکگرتووییە و یەکگرتوویی و یەکگرتوویی. ئەگەر گورگەکان لێمان گەڕێن، ڕابردوو و داهاتووی هاوبەشمان لە ناکۆکییەکانمان؛ پترن.
ڕاستی باسی نەتەوەکانیترم کرد صدا و سیمای ئێران واتە ڕادیۆ و تەلەفزیۆنی فەرمی ئایەتوڵڵاکان لە شەقامی جامی جەم، بەشێکی گەورە و جیاوازیی هەیە بەناوی بەشی “برون مرزی” سیاسەتەکانی ئێران بەپێی کولتوور و زمانەکانیتری جیهان لە ڕێی میدیایەکی پرۆفێشناڵەوە بڵاو دەکاتەوە. بۆ گوناهە کە من جار نەجارێ باسی وڵاتەکەم بە فارسی دەنووسم بۆ گوناهە خەڵکی ئێران لە کێشەی ئێمە تێبگات ئاخر هەموو ئێران کوردی نازانن یەعنی ڕاستییەکەت بوێت لە ڕۆژهەڵاتیش کوردییەکەیان وەها تێکچووە کە لەگەڵ ئامۆزاکانم لە سنە قسە دەکەم هێندە جوان بە سەرسووڕمانەوە لێم دەڕوانن دەڵێی چینیم. لە باشوور ٨٦ تیڤی کوردی هەیە ئێوەش دەتانەوێ چاو لەوان بکەن؟ ڕۆژهەڵات دۆخی لەگەڵ ئەوان زۆر جیاوازە ئەوان ئیتر بوونەتە بەشێک لە نەخشەی جیهانیی بۆ سەروەت و سامانی نەوت بەڵام ئێوە نە لەسەر خاکی خۆتانن و نە داهاتێکیشتان هەیە. چی کوڕی باشیش پەروەردە ئەکەن پاش ماوەیەک هێندە گەورە دەبێ خۆی لە حزبێکیتری پارچەیەکیتر دەبینێتەوە. هێندە بە سووک لە خۆتان و خەڵکتان مەڕوانن و دڵتان بە درۆ و جنێوی دەوروبەرتان خۆش مەکەن. ئەمریکایەک بەم گەورەییە دوو حزبی ناوداری هەیە، کوردستانی ڕۆژهەڵات بستێکە ڕۆچنەیەکی لە هیچ قوژبنێکی دنیادا نییە ئەم گشتە وێرانکردنەی یەکتر لە پێناوی چی؟ با هێندە یەکتر نەشکێنین باوەڕتان بێت کەسمان لێ زیاد نییە و کوردستانی فەرامۆشکراوی پشتگوێخراوی ڕۆژهەڵات پێویستی بە هەموومانە.
هەر گلەیی لە سەرکردەکان و حزبەکانیان ناکەم، گلەییش لەهەندێ کەسی دیاریچینی بەناو ڕۆشنبیر و ئاکادیمیش دەکەم و پێتان دەڵێم ئێوە شەرمەزاری جیلی پێش خۆتان و دوای خۆتانن. ئێوە، ئەو دەنکە شقارتانەن کە دارستانێکتان سووتاند. جیلی پێشوو بە هەموو نەهامەتییەکانەوە،خەباتەکەی بە دژی داگیرکەر لە سەختترین کات و شوێندا درێژە دا و گەورەترین گیانفیدایی بۆ کرد. بەڵام ئێوە چی؟ نە شتێک لەوانەوە فێر بوون نە خۆشتان بوون بە سیمبولێک بۆ جیلی داهاتووتان. ئەرێ ئەم گشتە سووکایەتی و جنێو بە سەرکردەکانی کورد دەکەن، تێرتان نەخوارد؟ یەعنی ئەم سەرکردانە هیچیان بۆ لێوە فێربوون نییە بەس زەمکردنیان نەبێ؟ بۆ باسی ئەدیبی و سیاسەتمەداریی مامۆستا عەبدوڵڵا حەسەنزادە ناکەن، بەقەت مستەفا هیجری پاکداوێن ئەبن، بە قەت سەید برایم عەلیزادە ڕاستگۆ و سادق ئەبن، دیپلۆماتێکی وەکو خالد عەزیزی-م بۆ بدۆزنەوە کە ئەم ڕۆژانە تەنیا لەبەر وتنی بیروڕای خۆی چیتان پێ نەوت؟ باشە ئەوە کەی دیموکراسییە.. ئەی دووبەیانی خوانەخواستە لە وڵات ببنە دەسەڵاتدار هەر یەکەمجار من بەهۆی پیشەکەمەوە لە زیندان دەکەن و کەسانی جیابیریش ئەگەر وەکو ئارش زەمانی-یەکان بەر چەقۆیان نەدەن، سێدارەیان بۆ هەڵدەبەستن. باوەڕتان بێت ئەگەر بەمجۆرە بگەڕێنەوە بۆ ڕۆژهەڵات خەڵک هەزار سەڵەوات لە دیاری ئایەتوڵڵاکان لێ دەدەن. ئەوە نییە ئێستە کوڕە شەهیدی هاوڕێی خۆم لە باشوور، قەزای سەدام حوسێنی دڕندە لە سەرکردەی خۆیان دەخات. کردەوە گرنگە، درووشم ئایەتوڵڵا جەننەتیش دەڵێت “ئێران دیموکراتترین وڵاتی جیهانە”..
یەکجار بۆ هەمیشە بەخۆتاندا بێنەوە و نیشتمان با لە سەرووی هەموو بەرژەوەندییەکانەوە بێت. تکایە ئەم بابەتەی منیش وەکو ئەو پڕۆژانە نەبێت کە زۆر خەڵکی دڵسۆز بۆی دەهێنان و دەتانوت جوانە حەتمەن موتالعەی دەکەین و دوایی لە ئەرشیڤ کەڵەکە دەبوو. ئەگەر وایشتان لێکرد گەردنتان ئازا خۆ دەسەڵاتم بەسەرتاندا ناشکێ بەڵام ئیتر گلەییم لێ مەکەن و فێر بن بە درۆ مەخڵافێن و بیشزانن ئەوەی درۆ دەکات یەکەمجار خۆی فریو دەدات.