بەڵی بۆ ڕیفراندۆم، بەسییەتی ژێردەستەی تورک و عەرەب و فارس! محەممەد سلێمانی

گەلێکی مەزن و دیاری ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و گێتی زۆر جەسوورانە و نیشتیمانیانە دوا بڕیاری سەبارەت بە داهاتووی سیاسی خۆی بە ئاشکرا بۆ بیروڕای گشتی دونیا و گەلی کورد ڕگەیاندوە کە خەونی چەندین ساڵەی هەموو شۆڕشەکانی کوردستان بووە. بڕیاری ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لە 25.09.2017 ی زاینیی لە باشووری کوردستان و هەڵوێستی سیاسی و نیشتیمانی” حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران” لەو پەیوەندیەدا، بۆ گرینگی ئەو پرسە و قووڵی رێبازی نەتەوەیی حیزب دەگەرێتەوە. حیزبی دێمۆکرات بۆیە دامەزرا هەتا بۆ شایی بزووتنەوەی سیاسی و نەتەوەی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان پڕبکاتەوە و کاتێكیش لە ٢٥ی گەلاوێژی ساڵی ١٣٢٤ی هەتاویدا موژدەی پێك هاتنی لە کوردستان دەنگیدایەوە و، ئومێد و دڵخۆشی زۆر بە نێو خەڵکی کوردستاندا بڵاو بوویەوە کە هێزێکی تێکۆشەری نیشتیمانی دروست بووە و بە شێوەی سەردەمیانە و دێمۆکراتیکانە ڕێبەری خەباتی ڕزگاریخوازی دەکا. لە ڕاگەیاندراوێکی فەرمیداحدکا پشتیوانی ئەو پرۆژە نەتەوەیەی باشوور دەکات کە لەلایەن سەرۆکی هەرێمی کوردستان ڕێزدار” مەسعوودبارزانی” رۆژی ئەنجامدانی گشتپرسیە کە ئاشکراکراوە بۆ خەڵکی کوردستان. حیزبی دێمۆکراتیش بەئەرکی سیاسی و نەتەوەی دەزانێت هەر وەك لە بەرنامەی حیزبدا بە روونی ئاماژەی پێدراوە پشتگیری و هاوکاری خەباتی بەشەکانی کوردستان بۆ ڕزگاری دەکا و ئەو دەرفەتەش کە بۆ گەلی کورد لە باشوور هاتۆتەکایەوە بە هەلێکی زێڕینی دەزانێ و داوای لە خەڵکی کوردستان و لە ئەندامان و لایەنگرانی و دڵسۆزانی جووڵانەوەی سیاسی کوردستان کردوە بەدڵو ئومێدی نەتەوەی بەرەوپیری گشتپرسی برۆن و دوا بڕیاری خۆیان سەبارەت بە داهاتووی سیاسی هەرێمی کوردستان بە ڕێگای دەنگدانەوە بدەن. ئەو دەرفەتەی ئەمرۆ لە سایەی هەوڵو خەبات و قوربانیدانی تێکۆشەرانی ئەو بەشەی کوردستان بۆ گەلی کورد، هاتۆتە ئاراوە، کەس بە گونجاوی نازانێت بە هۆکاری بێبنەما و ناکۆکیە حیزبیەکان بەلاڕێدا ببرێ و، لازمە هەموو لایەك بە بێ جیاوازی سیاسی و بیرکردنەوەیان هاوکار و یارمەتیدەری ئەو پڕۆژە گەورە و نیشتیمانیە بکەن و بەشداری ڕیفراندۆم بن کە ئەرکێکی ئەخلاقی و نەتەوەییە. ئەگەر سەیری ڕابردووی سیاسی و مێژووی جووڵانەوەکانی کورد بکەین، هەلی هاوشێوەی زێرین هەرگیز بۆ کورد نەرەخساوە کە تێدا بتوانێت دوابڕیار لەسەر کیانی سیاسی و جۆری ئیدارەدانی وڵاتیخۆی بدات. پێویستە هەموو لایەك بە ڕێگای بەشداری و دەنگدانەوە، بڕیار لەسەر داهاتووی سیاسی هەرێمی کوردستان بدرێ و کورد شایانی ئەوەیە دەوڵەتی نەتەوەی هەبێت. حیزبی دێمۆکرات لە بەر گرینگی پرس و خەمخۆری بۆ بەرەوپێشبردنی بزووتنەوەی نەتەوایەتی لە بەشەکانی کوردستاندا، پەرۆشبوونی بۆ ئەنجامدانی ئەو گشتپرسیە دەربڕیوە و، بێ ئەوەی بیهەوێت لە بەرژەوەندی هێزێکی دیاریکراودا خۆی نیشان بدات و دەست وەربداتە کاروباری حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بەڵکوو بە چاوی ڕێز و ئەمەگناسیەوە ستایشی ئەو بڕیارە گرینگ و گەورەیە دەکا و زۆر خۆشحاڵە کە کورد ئێستا بەرەو ڕێفراندۆم هەنگاو دەنێت کە دەرهاویشتەی خەباتی ڕزگاریخوازییە. کەس بە شیاوی نازانێت ئەو پرسە بە هی حیزب و کەسێک بزانرێت و بەڵکو دەبێ بەهی هەمووان و بەرهەمی تیکۆشانی چەندین ساڵەی خەباتی ڕۆڵەکانی ئەو بەشەی کوردستان تەماشابکرێ و بەهەستی بەرزی نیشتیمانی پێشوازی لە ڕیفراندۆم بکرێت. هەرلەوپەیوەندییەشدا دەکرێ هەڵوێستی نەتەوەیی لایەنێك و دەستە و کەسێك وەك هەنگاوی بوێرانە و نەتەوەی ڕێزی لێبگیرێ و دەستخۆشی ئەو بڕیارەیان لێبکرێ.” گەلی کورد بۆ ئەوەی خوێنی نەداوە هەتا ژیانی هەیە بەژێردەستەی تورک و عەرەب و فارس بمێنێتەوە” و لەسەر خاکی خۆی و نیشتیمانی خۆیدا وەك میوان تەماشابکرێ و ڕۆژانە دایک و باوکەکان جەرگ بڕاوبن. لە مێژووساڵە کورد خەبات دەکا و خوێنی زۆر و بەنرخی لە بەرچۆڕاوە هەتا هەلومەرجێکی ئەوتۆی پێك هێناوە و لە سایەی دوابڕیاری گەلی کورددا، بتوانێت ئایندەی سیاسیخۆی دیاریبکات و دەوڵەتی سەربەخۆی ڕابگەیەنێت. کوردیش وەك نەتەوە ئەو مافەی هەیە چارەنووسی بەدەستی خۆی دیاریبکا و چیتر بە کۆیلەی نەمێنێتەوە و بەسەربەستی و ئازادی لە وڵاتی کوردستاندا درێژە بەرەوتی ژیان بدرێت. کورد و سەرکردایەتی سیاسی ناکرێ چاوەڕوانی هاوکاری و پشتیوانی ئەو چوار وڵاتە بکەن کە کوردستانیان بەبێ ڕەزامەندی و بڕیاری کورد بەسەرخۆیاندا دابەشکردوە و، ئەمڕۆ بەسانای دەست بەرداری سنووربەزاندن و داگیرکارییەکانیان بن. بە هەموو پێوەر و لێکدانەوە مێژووی و سوننەتیەکان و توێژینەوە سەردەمیەکان کورد نەتەوەیەکی گەورەی بێ وڵات و خاك و نیشتیمانەکەی لەلایەن عەرەب و تورك و فارس داگیرکراوە و ئێستایش پاش کۆتایی هاتنی ڕێکەوتننامەی ” سایکس– پیکۆ” ، زرۆبەی وڵاتان لە رووی مێژووی و پرۆتۆکۆڵیەوە، سەروەری سنوور و سەراوردە جوگرافییەکانیان لە دەستداوە و دەکرێ کورد خاکی خۆی بخاتەوە ژێر دەسەڵاتی . ئێران و ئێراق و توركیە و سووریە وڵاتانێکن جگە لە نەتەوەی فەرمانڕەوای خۆیان بەولاوە، نەتەوەیتریان تێدا دەژێ و لە کاتیخۆیدا بەهۆی لە دەستدانی هێز و نەبوونی بەرنامە و تاکتیکەکانی ڕووبەرووبوونەو ە وخەباتی دیپلۆماسی، کورد و زۆرنەتەوەی تر کراونەتە نەتەوەی بندەست و ستەملێکراوی گێتی. هەنگاوی ئەنجامدانی گشتپرسی لە هەرێمی کوردستاندا، بەدڵنیایەوە هەولێکی گرینگ و چارەنووس سازە و ئەگەر بێت و کورد بە کۆیدەنگ، ئەو بڕیارە سیاسی و نیشتیمانیە نەدا و کەش و هەوای سیاسی حیزبایەتی زاڵبێ بەسەربارودۆخەکەدا، ئەنجامەکانی ئەو گشتپرسیە ڕەنگە ئەو ئاکامەی نەبێ کە خۆمان بمان هەوێت. بابەتی گشتپرسی لە هەرێمی کوردستاندا نیازی بە کۆدەنگی و هاوهەڵویستی سیاسی و نیشتیمانی خەڵکی کوردستان و هێزەسیاسی و تێکۆشەرەکانیەتی و بەهەموو لایەك دەکرێ لەو پێناوی ئامانجی گەورەدا، سەرەرای جیاوازی بیرکردنەوە و هەڵوێستی سیاسی لەسەر شێوەی حوکمڕانی وڵات. بەڵام پرسی ڕیفراندۆم دەکرێ وەك ” تاقانە” فرسەت تەماشابکرێ و بە دەنگدان خەمخۆریمان بۆ شەهیدان و قوربانیەکان ئەنفال و کیمیابارانەکان دەربڕین. بە بڕوای زۆر لە سیاسی و توێژەران، گەلی کورد هەلێکی زێرینی لە بەردەمدایە و ئەگەر بە ژیری و ئاقڵانیەوە ئاڕاستەی نەبێتەوە، زیانی زۆر گەورە بە خەباتی ئێستا و داهاتووی دەگەیەنێت. هەموو لایەك ئومێد دەکەن پرسی ڕیفراندۆم بە سیاسی نەکرێ و بە هۆی ململانەی نێوخۆییەوە مەسەلەکە بە لارێدا ببرێ و بە مڵك و داهێنانی کەس و هێزێکی دیاریکراوی بزانێت لە پێناوی بە هێزترکردنی پێگەی حیزبێکی دیاریکراوی کوردستاندا. ئەگەر سەیری مێژووی ڕاپەڕین و ئامانجی نەتەوەیی هێزەکوردییەکان بکرێ، هەموویان لە سەر ئەوە هاوڕا و یەك دەنگبوونە کە ئامانجیان ڕزگاری سیاسی و نەتەوەیییە. کەوابوو ئەمڕۆش کاتی ئەوە هاتووە، بەڕابردووی سیاسی مان وەفاداربین و بەکردار ئامانجی ڕزگاری نەتەوەی لە ئێستادا بخەینە ئەولەویەتی هەموو باس و خواسەکانی شەقامی کوردی و بەکردەوە و دلسۆزی بۆ خەبات و داهاتووی سیاسی کوردستان بەشداری بەربڵاوی ڕیفراندۆمی بکەین کە مافی هەر تاکێکی کوردە ئەرکی نەتەوەی بە رێگای دەنگانەوە و پشتگیری بۆ سەربەخۆی کوردستان دەربڕێت.
محەممەد سلێمانی