١٧ی جۆزەردان و کوردستان و کورد. ئازاد مستۆفی

ئەگەر پێش ڕووداوی ١٧ی جۆزەردانی تاران وێنەیەک یان هەواڵێک باسی لە هەبوونی داعش لە تاران بکردایە بێگومان میدیاکانی تاران بەدرۆیان دەخستەوە و میدیاکانی جیهانیش بەگومانەوە سەیریان دەکرد، بەڵام ڕووداوی ١٧ی جۆزەردانی تاران و هێرشی داعش بۆ دوو شوێنی مەبەستدار لە ئێران، بوونی داعشی لە تاران پشتڕاست کردەوە.
لەم ماوەیەدا خوێندنەوەی جۆراوجۆر بۆ ئەم ڕووداوە کراوە و هەر کۆتلەیەکی نێو دەسەڵاتی تارانیش لە ناوەندگەلی تەناهییەوە بگرە هەتا باڵەکانی ڕێژیم هەوڵی داوە، بەسوودی خۆی دژی لایەنی بەرامبەری بەکاری بێنێ. دیارە لە هەر ئەگەر و خوێندنەوە و ململانێیەک‌دا نابێ ئەوە لەبیر بکرێ کە ئەو ڕووداوە لە ڕاستیدا زەبر و شۆک و هێرشێکی گەورە بوو بۆ سەر ئەو تارانەی کە فەخری وڵاتێکی ئارامی بەسەر خەڵک‌دا دەبەخشییەوە و لە وەڵامی هەر داخوازی‌یەکی ئابووری و سیاسی و مەدەنی‌دا دەسەڵاتدارانی تاران، ئەوەیان بەچاوی هاووڵاتییان‌دا دەدایەوە کە بێدەنگ بن، ئەوە نییە لەم گۆمە شڵەقاوەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست‌دا، ئێران بێ قڕە و بێ گرفتە و ژیانتان پڕە لە ئاسوودەیی و تەناهی و دوورن لە شەڕ و تەقینەوە و تیرۆر.
سەرکردەکانی سوپای قودسیش بۆ ئەوەی ئێران لەو ئاگرەسوورە بەدوور بگرن کوڕی خەڵکیان لە پاکستان و ئەفغانستانەوە هەڵ‌دەفریواند و لە سووریە بەکوشتیان دەدا و چاوپۆشیشیان لە چوونی لاوانی وڵاتەکەی خۆیان بۆ ڕیزی تاقمگەلی توندڕەوی ئیسلامی لە عێراق و سووریە دەکرد. واتە ئەو وزەی کە دەبوایە سەرفی ئارامی ناوچەکە و نەهێشتنی تیرۆر و شەڕی ماڵوێرانکەریی عێراق و سووریە بکرایە لەلایەن داڕێژەرانی سیاسەتی سەرەکیی ئێرانەوە سەرفی خۆشترکردنی ئاگرەکە بۆ گەیشتن بە نەخشەی دڵخواز یان واقعبینانەتر بڵێین بۆ پاوانخوازیی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەکرا و ئێستەش هەر درێژەی هەیە. عێراق و سووریە و لوبنان و یەمەن و بەحرێن، ئێران تەنیا پشتیوانی سیاسی‌یان لێ ناکا، بەڵکو حەسەن نەسروڵڵا بەڕاشکاوی ڕایدەگەیەنێ کە هەتا ئێران پارە و چەکی هەبێ ئێمەش پارە و چەکمان دەبێ.
لە درێژەی هەواڵی داعش لە تاران، ئەوەش هاتبوو کە داعشی‌یەکان ئێرانین. ئەم بەشەی هەواڵەکە پتر سەرنجی بینەران و خوێنەرانی بۆ لای خۆی ڕاکێشابوو. واتە داعشە ئێرانی‌یەکان، هێرشیان کردووەتە سەر پێتەختی وڵاتەکەی خۆیان. نێوەڕۆکی هەواڵەکە لە مانشێتەکە سەرنجڕاکێشتر بوو. چۆن دەکرێ ئاکامی نێزیک بە چڵ ساڵ دەسەڵاتدارەتیی «ویلایەتی فەقیە» ببێتە ئەوەی کە لاوی وڵاتێک بڕواتە نێو ڕیزی توندڕەوترین و تیرۆریستترین ڕێکخراوی ناوچەکە و لە پێتەختی وڵاتەکەی خۆیشی‌دا خۆی بتەقێنێتەوە؟
دەسەڵاتدارەتیی «ویلایەتی فەقیە» بە درێژایی ئەم ساڵانە هەموو جومگەکانی دەسەڵاتی بەدەستەوە بووە، لە دیاریکردنی سەرکۆمار و وەزیرەوە بگرە هەتا سوپاسالارەکانی ئەرتش و پاسداران، لە بەرپرسانی ئەمنییەوە بگرە هەتا دیاریکردنی مەلای مزگەوتەکانی شار و گوندەکانی ئێران. بۆیە نێوەڕۆکی هەواڵەکە لە میدیاکان‌دا دەنگدانەوەیەکی بەرینی لێ کەوتەوە و شرۆڤەکارانی ناچار بە خوێندنەوەیەکی قووڵتر لە دەسەڵاتدارێتیی ئەشکەنجە و ئێعدامی ئێران کرد.

١٧ی جۆزەردان لە ململانێی باڵەکانی ڕژیم‌دا
ئاستی ململانێی باڵەکانی ڕژیم لەو ڕۆژەدا بەجۆرێک بوو کە هێرشەکەی داعش بۆ تاران لەبیرکرابوو، چونکە باڵەکانی ڕژیم خەریکی هەڵڕشتنی کۆنەڕقەکانیان بوون دژی یەکتر. هەرکامەیان بەجۆرێ ئەویتریانی بەکەمتەرخەمی و هۆکاری ئەم دۆخە ناو دەبرد. کار گەیشتبووە ئاستێ کە هەندێ خەڵکی بێلایەنی دووباڵەکە بانگەشەی ئەوەیان دەکرد «ئێمە هەموومان بەیەکەوەین» و جارێ کاتی ئەم پاکانەحیسابانە نییە.
لایەنگرانی مەحموود ئەحمەدینەژاد لە کاناڵی تێلێگرامی خۆیان‌دا نووسیان «کاتێک لە سنوورەکانی ئیسرائیلەوە بێین و لە تاران دابنیشین، دیارە کە دەبێ لەگەڵ ئیسرائیل لە نێو پارلمان شەڕی دەستەویەخە بکەین». ئەحمەد تەوەکولی لە کەسانی ناسراوی ئەو باڵە لە تویتێک‌دا نووسیبووی «کاتێ هەواڵی هێرشی داعش، ئەم خوێنڕێژە کۆنەپەرستانەی پەیڕەوی ئیسلامی ئەمریکیم بیست، گوتم چاوی ئاغای کەرباسچی و هاوڕێیانی ڕوون. ڕۆحی شەهیدانی بەرگریکاری حەرەمیش شاد». گرووپێکی دیکەی ڕاستەکان لە سۆشیال‌میدیا بۆ لایەنگرانی ڕوحانی بە تانەوتەشەرەوە نووسیبوویان «ئەگەر دەستگیرتان کردن ئێعدامیان مەکەن» و کاناڵی سوپای قودس لە تێلێگرام قسەیەکی خامنەیی نووسیبوو «ئەگەر بەرگریکارانی حەرەم نەبوایەن، دەبوایە لە کرماشان و هەمەدان لەگەڵ داعش شەڕمان بکردایە».
باڵی ڕاستی نێودەسەڵاتی ئێران کە بە باڵی عەلی خامنەیی ناو دەبرێن پاش ئەو شۆکەی لە تەناهیی تاران کەوت، گورجوبڕ ناوی بکەرانی دوو هێرشەکەی تارانی کە زۆربەیان کورد بوون، بە میدیاکان ڕاگەیاند و لە سۆشیال‌میدیاوە بەتوندی هێرشیان کردە ڕۆژی دیاریکردنی ڕیفراندۆم لە باشووری کوردستان. ئەوان هەوڵێکی زۆریان دا کە کورد بەتیرۆریست پێناسە بکەن و هەزاران شەهیدی باشووری کوردستان و ڕۆژئاوای کوردستان لە شەڕی دژی داعش لە یاد و بیرەوەریی خەڵکی جیهان و بەتایبەتیش ئێران، ببەنەوە. ئەم باڵە هەوڵێکی ئەمنی و میدیایی دا کە خۆی بەرەو سەرکوتی کوردستان ئامادە بکا.
باڵی چەپی نێودەسەڵاتی ئێران کە ئێستە حەسەن ڕوحانی سەرۆکایەتی‌یەکەی وەئەستۆ گرتووە لە دەستێوەردانی سوپای پاسداران لە سیاسەتی دەرەوەی وڵات و پاوانکردنی جومگەکانی ئابووری و داهاتیی ئێران بەگلەییە و ڕایان وایە پاش ئەوەی باڵی ڕاست نەیتوانی ئیبراهیم ڕەئیسی بکاتە سەرکۆمار، ئەم شکستە قبووڵ ناکا و دەیانەوێ بەهەر بیانوویەک بێ دۆخی نێوخۆیی ئێران ئەمنی بکەن. لە ناردنی سوپای پاسداران بۆ قەتەرەوە بگرە هەتا هێنانەگۆڕیی ئەم دۆخەش لە تاران بۆ ئەوەیە کە نەیاران و جیابیران وەکو ساڵانی پێشوو پاکتاو بکەن و نەهێڵن ڕوحانی ئەم چوار ساڵە پلانەکانی خۆی جێبەجێ بکا. باڵی چەپ کە بەگومانەوە دەڕوانێتە ڕووداوەکەی ١٧ی جۆزەردان و ڕوحانی ڕاشکاوانە گوتی هەرکات وڵات [دیارە بەقسەی ئەو] «بەرەو دیموکراسی» دەڕوا تاقمێک ئەم ڕووداوانە دەخوڵقێنن. ئەم لێدوانە تووڕەیی خامنەیی زیاتر کرد، بەشێوەیەک ناوبراو بەئاشکرا نەیتوانی خۆی کۆنتڕۆڵ بکا و فەرمانی «آتش بە اختیار»ی بە لایەنگرانی دا.
بەپێی ڕاپرسییەکی کاناڵی تێلێگرامی «ئامەدنیوز» کە ناوەندەکەی لە فەڕانسەیە، ٦٣%ی بەشداربووانی ڕاپرسی‌یەکە ڕایان وایە هێرشەکەی تاران، داعش نەیکردووە. کەم نەبوون ئەو تارانیانەی لە ئەکاونتەکانی فەیسبووک و کاناڵەکانی تێلیگرام، زیاتر لەوەی هەواڵی ڕووداوەکەی تاران بڵاو بکەنەوە نوکتەیان لەسەر بڵاو دەکردەوە و دەنگۆی «کودتای سپای پاسداران دژی ڕوحانی» لە زۆر نووسین‌دا دەبینرا. هەندێ چاوەدێر بەکودتاکەی تورکیەیان دەشوبهاند و دەیانگوت هەر بەوجۆرەی ئۆردۆغان ئاگای لە کودتاکە بوو و دواتر بەقازانجی خۆی بۆ گەیشتن بە مەبەستەکانی بەکاری هێنا، بەشێک لە دامودەزگای ئەمنیی ئێرانیش ئاگادار بوون و بۆ مەبەستی سیاسی خۆیان بەکاری دێنن و نموونەش تەقینەوەکەی ٣٠ی جۆزەردانی ١٣٧٣ (٢٠ی ژونی ١٩٩٤)یان وەکو بەڵگە دەهێنایەوە کە پاش کوژرانی خەڵکێکی بێ‌تاوانی زۆر، لە گرتنی سەعید ئیمامی‌دا لە سەردەمی سەرکۆماریی محەمەد خاتەمی ئاشکرا بوو تەقینەوەکەی مەزاری ئیمام ڕەزا لە شاری مەشهەدی ئێران، کاری ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامیی ئێران بووە.

٣/١٢/٢٠١٤ کوردستان و کورد
میدیاکانی کۆماری ئیسلامی و سۆشیال‌میدیاکانی دەسەڵاتی تاران، هەڵمەتێکی بەرفراوانیان بۆ چاندنی تۆوی دووبەرەکی و نەفرەت دژی کورد، بەهۆی کوردبوونی داعشی‌یەکانی ڕووداوی تاران، دەست پێ‌کردبوو. ئەوان دەیانویست ئەم بیانووە بۆ هێرشی سەر ڕیفراندۆمی باشووری کوردستان و سەرکوتی دەنگی ئازادیخوازیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەکار بێنن و کەس نەبوو لێیان بپرسێ ئەم ساڵانەی داگیرکردنی کوردستان لەلایەن ڕژێمی پاشایەتی و کۆماری ئیسلامی‌یەوە کە هەزاران کوردی ئازادیخواز بەدەستی نەتەوەکانیتری ئێران شەهید بووە بۆ هەرگیز کورد ئەوەی بەوجۆرە لێک نەدایەوە و نەیکردووەتە شەڕی مەزهەبی و نەتەوەیی بە دژی مەزهەب و نەتەوەکانی دیکەی ئێران؟
بێگومان ئەوەی لە میدیاکان‌دا ئەو بیانووانەی وەدرۆ خستەوە و پیلانەکانی سوپای پاسدارانی پووچەڵ کردەوە و پاش ڕوودانی هێرشەکەی ١٧ی جۆزەردان، بووە مانشێتی سەرەکی؛ ڕاپۆرتێکی ڕێکەوتی ٣/١٢/٢٠١٤ لە ماڵپەری «کوردستان و کورد»ی حزبی دیموکراتی کوردستان بوو.
ئەم ڕاپۆرتە کە ئەسقەزا بەزمانی فارسیش بوو، باسی دۆخی گشتیی و تەناهیی شاری پاوە و هەوراماناتی دەکرد و لە بەشێکی ڕاپۆرتەکەدا باسی چالاکیی ئەندامانی داعش دەکا و هەروەها بۆ بەڵگەمەندبوونی ڕاپۆرتەکە ناوی چەند کەسێکیش هاتووە کە یەکیان «سریاس سادقی» هەمان سەرپەرەستی تیمەکەی داعشە لە هێرشەکەی سەر پارلمانی ئێران لە تاران.
ئەم ڕاپۆرتە سەلماندی کە خەباتی ئازادیخوازانەی کورد لە ڕۆژهەڵات بەهەمان شێوە کە ساڵانێکە دژی کۆماری ئیسلامی لە شەڕ دایە، لە هاتنی داعشیشەوە بۆ ناوچەکە لە خەبات دژی ئەوانیش غافڵ نەبووە. چونکە ئەو دەست‌ئاوەلاییەی ئەندامگیریی داعش لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ناکرێ لە چاوی سیخوڕەکانی ئیتلاعات و سوپای پاسداران بەدوور بێ. کاتێ ناوەندەکانی سەرکوتگەری ئیتلاعات و سوپای پاسداران، وێبلاگنووسێ کە ڕستەیەکی دژی ئایەتوڵاکان نووسیوە، دەگرن و ئەشکەنجە و زیندانی دەکەن یان کەسێک هەر لە شاری پاوە بەهۆی نووسینی کۆمێنتێک لە فەیسبووک دوو ساڵ و نیو زیندانی دەکرێ؛ ئەم چالاکییە ئاشکرایەی داعش کە هەتا نووسینی ئەم دێڕانە هێشتا درێژەی هەیە بێگومان ناکرێ هەروا بەئاسانی و بێڕامان و تێفکرین سەیر بکرێ.
کاتێک کۆماری ئیسلامی ئێران سەرکردەیەکی دیپلۆمات وەکو د.قاسملوو لەسەر مێزی دانوستان و سەرکردە ئایینی‌یەکانی وەکو ناسر سوبحانی و ئەحمەد موفتیزادە شەهید دەکا و، ڕێگە لە هەر جۆرە جموجۆڵێکی مەدەنیانە لە نێوخۆی وڵات دەگرێ؛ لێکۆڵەرانی سیاسی و شرۆڤەکارانی دۆخی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و لە سەرووی هەموویانەوە خودی خەڵکی کوردستان ناهەقیان نییە هەم بە گومانەوە بڕواننە هەواڵە پڕپارادۆکسەکانی ١٧ی جۆزەردان و هەمیش بەگومانێکی زیاترەوە بڕواننە ئەو لایەنانەی بەئاشکرا و بێ گرفت بە بەرچاوی ئیتلاعات و سوپاوە ئەندامگیریی بەناوی کوردایەتی یاخود مەزهەبیگەرییەوە دەکەن.
رەوتە ئیسلامی‌یە بناژۆخوازەکان و هەروەها سەلەفییە جیهادی‌یەکان ئێستاکە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کاران و هەندێ ناوەندی دەسەڵاتیشیان لەسەر ئیزنی ئایەتوڵڵاکان بەدەستەوەیە و بەناوی کاری خێرخوازییەوە پارە کۆدەکەنەوە کە پێویستە خەڵک بە وشیاری‌یەوە لەو چالاکی‌یانە بڕوانێ کە خروجییەکەی چوونەڕیزی داعشە لە عێراق و سووریە.
پاش پووچەڵکردنەوەی پیلانی کۆماری ئیسلامی ئێران لەلایەن «کوردستان و کورد»ەوە، ئەرکی ڕاگەیاندنی ئەم میدیایە قورستر بووە. میدیای کوردی و هەروەها میدیاکانی بی بی سی، دەنگی ئەمریکا، بەشی عەرەبی ماڵپەڕی ئەلعەرەبیە، گویا نیوز و زۆر سایتی تری فارسی و بیانی ڕاپۆرتەکەی ٢٠١٤ی «کوردستان و کورد»یان وەکوو بەڵگەیەک بۆ بێبەرییبوونی کورد لە بیرۆکە و حەرەکەی داعش باس کرد. بۆیە پێویستە میدیاکانی حزبی دیموکراتی کوردستان بەشێک لەو ڕاپۆرتانەی کە بەدەست ڕێکخستنەکانی ئەم حزبە دەگات بڵاوی بکەنەوە و خەڵک لە زانینی ڕاستییەکان بێبەش نەبن و بێگومان لەم شەڕی میدیاییەدا ئەو کەسە دەیباتەوە کە ڕاستی و دروستی لەکاتی گونجاوی خۆیدا بە خەڵک ڕادەگەیەنێ.
سەرچاوە: ڕۆژنامەی کوردستان ژمارە ٧٠٤.