ئێران ناوەندی نوێی تێرۆر دروست دەکا. فۆربس- وێس مارتین. وەرگێران: کەماڵ حەسەن‌پوور

کردوویەتی بە کوردیئەوەی کە بەڕێوەبەریی ترامپ بە تەمایە بە ڕەسمی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران وەک «رێکخراوێکی تێرۆریستیی بیانی» بناسێنێ شتێکی دڵخۆشکەرە، ئەگەرچی چەند ساڵێکە کە سپای قودس، لقێکی سوپای پاسداران ئەو نازناوەی دراوەتێ.

ئەوەی کە تا ئێستا رێکخراوی دایک [واتە سوپای پاسداران] لەلای وەزارەتی کاروباری دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکان بە ریکخراوی تیرۆریستی نەناسراوە لە عەقڵدا ناگونجێ، بەتایبەتیی بە لەبەرچاوگرتنی ئەو راستی‌یە کە دەوڵەتی ئێران دەمێکە لە لایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانەوە بە سەرەکیترین دەوڵەتی پشتیوانی تێرۆریزم دەناسرێ. ئێستا کاتی ئەوە هاتووە کە ئەو ڕاستی‌یە لە سیاسەتیش‌دا رەنگدانەوەی هەبێ، هەر رۆژەی کە ئامریکا بە تێرۆریست ناساندنەکە وەدوا بخا دەستەیەکی پێشکەتووی راهێنەر لە نێو سوپای پاسداران تاقمێکی نوێی شەڕکەری لێهاتوو بۆ شێواندنی ناوچە و چاندنی تۆوی تێرۆر لە سەرانسەری جیهان‌دا بەرهەم دەهێنێ.
رێکخراوی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانیی موجاهیدینی خەڵک لە مانگی رابردوودا چاردە کەمپی را‌هێنانی تێرۆریستانی ئاشکرا کرد کە لە لایەن سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامیی ئێرانەوە بەڕێوە دەچن. بە بەراورد لەگەڵ بەرنامەکانی راهێنانی رێکخراوی رزگاریدەری فەلەستین لە شەستەکان و حەفتاکانی زایینی، ئەو کەمپە تایبەتانەی سوپای پاسداران دەکرێ وەک «نایابترین راهێنانی تێرۆریستان» دەستنیشان بکرێن.
بۆ وەدیهێنانی ئەو ئامانجە، سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران نیشانی دەدا کە هەوڵەکانی بۆ راهێنانی تێرۆریستی هەمە لایەنە چڕ دەکاتەوە. پلانی را‌هێنانەکە ئەو لایەنانە دەگرێتە خۆ: مێشک شۆردنەوەی ئایینی، دروستکردن و دانانی بۆمب، بۆمبی خۆکوژی، کوشتن، بەبارمتە گرتن، کۆکردنەوەی یارمەتیی دارایی، دەرفەتەکانی بازاڕی رەش، بناغەکانی ئەندازیاریی بیناسازیی، خۆ بواردن لە دۆزرانەوە لە لایەن پۆلیس، بنەماکانی خانەی نوستوو و هەموو شتی دیکە کە بۆ لەنێو بردنی شارستانییەتی رۆژئاوا پێویستن. سوپای پاسداران هەر ئێستا خاوەنی ئەزمونیكی ١٥ ساڵەی هەڵسەنگاندنی زیانەکانی شەڕ و هێرش بۆ سەر هێزەکانی ئامریکایە لە عێراق. جگە لەوە سوپای عێراق هەموو ئەزموونی راهێنانی کە لە لایەن سوپای ئامریکاوە پێی گەیشتووە بۆ سوپای پاسدارانی گواستۆتەوە.
بە پێچەوانەی ئاکادێمیای ئاسایی، دەرچووانی قوتابخانەی تێرۆریزمی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران پاش وەرگرتنی بڕوانامەکەیان ناچن بۆخۆیان وەدوای دیتنەوەی پێشەیەک لە جیهان بکەون. خاوەنکاری تاهەتایی ئەوان دەوڵەتی ئێران دەبێ. جا چ بنێردرێنە شەڕ بۆ وەدەستهێنانی لێهاتوویی پتر یا خود ببنە ئەندامی خانەی نوستوو تا کاتی کاراکردنیان، تەنیا مەرگ دەتوانێ لە ئەرک و گرێبەستەکەیان داماڵێ.
هەر وەک چۆن رێکخراوی رزگاریدەری فەلەستین تێرۆریستی سەر بە نەتەوەکانی دیکەی رادەهێنا، شێوەکاری سوپای پاسدارانیش هەر بەو جۆرەیە. گۆڕەپانی کۆتایی شەڕ دژی تێرۆریزم، خۆراوای ئورووپا و باکووری ئامریکایە. سەرەتاکانی ئەو سێناریۆیە هەر ئێستا بە هۆی سنوورە بێژنگییەکان و نەخشە شاراوەکانی تووندئاژۆکان دەستی پێ کردووە. هێرشەکان ئاڵۆزتر و کوشەندەتر دەبن و چەند تیم هاوکات هێرش دەکەنە سەر چەند ئامانج.
وەک ئەفسەری خاوەن ئەزمونی دژە تێرۆری هێزە هاوپەیمانەکان لە عێراق، ئەمن شاهیدی بەکار‌هێنانی تەکنۆلۆژیای پێشکەتوو لە لایەن هێزی قودس و سوپای پاسداران بووم کە پێشکەشی چەکدارانی شیعە و سوننی‌یان دەکرد. چونکە ئێران بە تەواوی باوەڕی بەوە هەیە کە «دوژمنی دوژمنی من دۆستی منە»، ئێمە ئاکامی لێکۆڵینەوە و بەرهەمهێنانی تاقیگاکانی چەکوچۆڵی ئێرانمان پێ دەگەیشت.
لە ژێر رووناکایی ئەو هەڕەشە لە رادەبەدەرە، زۆر کەس سەریان سوڕ ماوە کە بۆ وەزارەتی کاروباری دەرەوە بەڕەسمی ناساندنی تێرۆریست‌بوونی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامیی ئێرانیان راگرتووە. بەداخەوە، رابردووی وەزارەتخانەکە ئەوە نێشان دەدا کە لیستی رێکخراوی تێرۆریستیی بیانی لە جیاتی وێناکردنی راستەقینەی هەڕەشەکان بۆ سەر ویلایەتە یەکگرتووەکان و هاووڵاتیان زۆرتر وەک ئامرازێکی سیاسی دەچێ. نمونەکەی پرۆسەی بە ئانقەست شکست پێ‌هێناوی بە تێرۆریست ناساندنی سوپای مەهدی سەر بە مەلا موقتەدا سەدرە کە سەرەڕای بەڵگەی حشاهەڵنەگری ئەوە کە ئەو رێکخراوە سەدان ئەندامی سوپای ئامریکای لە عێراق کوشتووە و بەڵێنی داوە کە زۆرتریش بکوژێ.
وەزارەتی کاروباری دەرەوە لە کۆتایی دا ددانی بەوە داهێنا کە ئێران بەرنامەی بەرهەمهێنانی چەکی ئەتۆمیی بەرەوەپێش بردووە کاتێک کە موجاهیدینی خەلق، رێکخراوی سەرەکیی دژی بنئاژۆخوازانی تاران، بەرنامە نەهێنییەکەیانی ئەوانی بۆ جیهان ئاشکرا کرد. لەجیاتی مەحکومکردنی رێژیم، رێگاچارەی وەزارەتی دەرەوە وتووێژ کردن بوو. لە بەرامبەر بەڵێنی ئێران بۆ دەست هەڵگرتن لە بەرنامەی بەرهەمهێنانی چەکی ئەتۆمیی، بەڕێوەبەریی ئۆباما قبووڵی کرد کە ئابلۆقەکان شل بکاتەوە و ١٥٠ میلیارد دۆلار کە دەستی بەسەر دا گیرابوو ئازاد کرا.
هەڵگرتنی ئابلۆقەکان سەرکەوتنێکی سیاسیی بوو بۆ ئێران. زەختی خەڵکی ئێران [بۆ سەر رێژیم] کەم بۆوە و تاران لێهاتوویی خۆی لە سەرکەوتن بەسەر ئامریکا لە دانووستان‌دا سەلماند. ١٥٠ میلیاردەکەی کە لە ئاسمانەوە بۆیان باری زۆر زوو کەوتە گەڕ. ئێران توانیویەتی یارمەتی ئابووریی و چەکوچۆڵ بۆ شەڕی نێوخۆ لە سورییە و یەمەن بنێرێ. لێکۆڵینەوە لە بارەی چەکی ئەتۆمی چەندە لە کۆریای باکوور پاش دانوستان لەگەڵ بەڕێوەبەریی کلینتۆن وەستا هەر ئەوەندەش لە ئێران وەستاوە.
رێکخراوە تێرۆریستییەکان بۆخۆیان بڕیار دەدەن کەنگێ و لە کوێ هێرش بکەن. ئەوان تەنیا پێویستە لە هەندێک لە جارەکان سەرکەوتن وەدەست بهێنن. وەک ئەمانجی هێرشەکان ئێمە دەبێ لێبڕاوانە توانایی بەرگریی خۆمان بپارێزین. هەر وەک شکستی بەڕێوەبەرییەکانی پێشووتر لە پێشبینی کردنی سەرهەڵدانی داعش سەلماندوویەتی، حاشا کردن لە گرنگیی موشکیلەیەک رێگا بۆ گەشەکردنی خۆش دەکا. کاتی ئەوە هاتووە کە سەرکۆمار ترامپ وەزارەتی کاروباری دەرەوە راسپێرێ کە سوپای پاسدارانی شؤڕشی ئیسلامیی ئێران وەک رێکخراوێکی تێرۆریستیی بیانیی بناسێنێ و بەو پێناسەیە هەڵسوکەوتی لەگەڵدا بکا‌.
سەرچاوە: ڕۆژنامەی کوردستان ژمارە ٧٠٤.