پەیامی سکرتێری گشتی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە بۆنەی ١٠ ساڵەی دامەزرانی کورد کاناڵ

هاوڕێیان، بەڕێوەبەران و تێکۆشەرانی تەلەویزیۆنی کوردکاناڵ.
ڕۆژی یەکشەممە، پازدەی گەلاوێژ، بەرامبەر بە شەشی ئاوگۆستی ئەمساڵ، دە ساڵی تەواو بە سەر دەستبەکارکردنی، کوردکاناڵ دا تێ‌دەپەڕێ.

بە ڕاشکاوی دەتوانین بڵێین دە ساڵ خەبات و هەڵسووڕانی بێ‌وچان لە ڕێگای ڕاگەیاندنێکی ڕاستگۆ و خەڵکی دا، دە ساڵ دەرفەتخولقاندن بۆ بڵابوونەوەی بیرو بۆچوونی ئازاد و جیاواز، بە پێی توانا و سەرەنجام دە ساڵ خزمەتکردن لە پێناوی بەرزکردنەوەی هاواری نەتەوەیەکی ستەمەلێکراو و گەیاندنی هەواڵ و زانیاری سەبارەت بە خەباتی پیشمەرگەکانی کوردستان و تێکۆشەرانی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان، دە کارنامەی ئەو قۆناخە پڕ بەرهەمەی کار، ماندووبوون و هەڵسووڕانی ئێوە دا جێ‌دەگرن.
دە ساڵ پیش ئێستا، کوردکاناڵ لە بارودۆخێک دا پێی‌نایە دنیای ڕاگەیاندن و دەستی بەکار کرد، کە پێویستیی هەبوونی تەولەویزیۆنێکی ئاوا، بە تایبەت بۆ حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان، خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بزووتنەوە ڕەواکەمان، بە تەواوی هەست پێ‌دەکرا. ڕادیۆ دەنگی کوردستان تا ئەوکاتە وەکوو زمانحاڵی تێکۆشەرانی حیزبی دێمۆکڕات و دەنگی جێگای متمانەی خەڵکی کوردستان، دەورێکی گرینگ و گەورەی لە گەیاندنی هەواڵی چالاکیی پێشمەرگە، بیروبۆچوونی نیشتمانی و ڕزگاریخوازانە و خەبات و هەڵسووڕانی تێکۆشەرانی دێمۆکڕات، بە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان هەبوو و لە ڕاستی دا پردێکی پتەوی پێوەندیی لە نێوان بزووتنەوە و خەڵکی کوردستان دا دروست کردبوو. دیارە بە هۆی پێشکەوتنی تێکنیکی ڕاگەیاندن، ئەو جار ئیدی ڕاگەیەنێک پێویست بوو کە لە شێوە و ئاستێکی نوێتر و بەرینتر دا بێتە کایەوە، ڕەوتی گەیاندنی زانیارییەکان خێراتر بکا و دەنگ و ڕەنگ بەیەکەوە بەرێتە نێو ماڵی بینەران و هەموو خەڵکی کوردستان. بە خۆشییەوە کورد کاناڵ توانی جێگای ڕادیۆ دەنگی کوردستان پڕ بکاتەوە، ببێتە ئەو پردە پێوەندییە کە هەواڵ و زانیارییەکان بە دروستی بگەیەنێتە کۆمەڵانی خەڵک و درۆودەلەسە و پڕوپاگەندەی دەزگا تەبلیغاتییەکانی ڕێژیمیش سەبارەت بە ڕووداوەکان و باسوخواسەکانی بزووتنەوەکەمان، پووچەڵ بکاتەوە.
هاوڕییانی خۆشەویست.
بێ‌گومان کەسێک کە شارەزایی لە بواری بڵاوکردنەوە دا نەبێ، نازانێ کە کاری بەرهەمهێنان بۆ تەلەویزیۆنێکی ئاوا، ئەویش بە کەرەسە و ئیمکاناتێکی کەمەوە چەندە زەحمەتە، بەڵام ئێمە کە لە نیزیکەوە هەڵسوورانی ڕۆژانەی ئێوە دەبینین، بە چاکی دەزانین کە ئێوە لە بەشە جۆراوجۆرەکانی کورد کاناڵ دا چەندە ماندوو دەبن، شەونخوونی دەکێشن و لە کات و توانای خۆتان مایە دادەنێن، تا هەواڵ و زانیاری کۆبکەنەوە و بەرنامەکان رێک‌بخەن و بڵاویان بکەنەوە. هەربۆیە بە دڵ ڕێز بۆ خزمەت و ماندووبوونتان دادەنێین و کار و تێکۆشانی هەمووتان، لە هەموو بەشەکان دا بەرز دەنرخێنین.
دەمێنێتەوە ئەوە کە بڵێم لە ماوەی ئەو دە ساڵە دا، بێجگە لەو هاوڕێیانەی کە ئێستا لە کوردکاناڵ دا خەریکی کاروتێکۆشانن، زۆر کەسی دیکەش، کە بە هەر هۆیەک لەو ئۆرگانە دا نەماون، پێشتر دە وەگەڕخستن و بەردەوامبوونی کاری ئەم تەلەویزیۆنە دا، بە شێوەی جۆراوجۆر دەوریان هەبووە و زەحمەتیان کێشاوە، تا ئەو دەنگوڕەنگە گەشە بکا و لە دنیای ڕاگەیاندن دا جێی‌ شیاوی خۆی بگرێتەوە. ئێمە خزمەتی ئەوانیش لەبیر ناکەین و بە چاوی ڕێزەوە دەڕوانینە بەرهەمی کار و خەباتیان کە لە مان و بەردەوامبوونی ئەو تەلەویزیۆنە دا ڕەنگ دەداتەوە.
بەم بۆنەیەوە و لە یەکەم یووبیلیی دە سالەی تێکۆشانی کوردکاناڵ دا، پیرۆزبایی لە ئێوە کادر و بەڕێوەبەرانی ئەو تەلەویزیۆنە ، ئەندامان و کادر و پێشمەرگەکانی حیزبی دێمۆکراتی کوردستان و هەموو خەڵکی دڵسۆز و نیشتمانپەروەری کوردستان دەکەم و هیوادارم ئامانجی هەموومان، کە گەیشتن بە ڕزگاریی یەکجارییە، بە زوویی وەدی بێ.

مستەفا مەولوودی
سکرتێری حیزبی دیمۆکراتی کوردستان
١٥ی گەلاوێژی ١٣٩٦ی هەتاوی